پەشێو حەمەئەمین : ئایا مامی بچووك هەر بەبچووکی دەمێنێتەوە یا گەورە دەبێت ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە زۆبەی ئەو ووڵاتانەی کە تێیدا دیمۆکراسیەت لە ژێر گوماندایەو بە تایبەت لە ووڵاتە دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کاتێك سەرکردەیەك یاخوود سەرۆکێك کە لە سیاسەت دادەبڕێ و دووردەکەوێتەوە . جا بە‌هۆی ئاکامەکانی پیریەوە بێت یاخوود مردن وەیان نەخۆشیەوە بێت ، ئەوا شوێنگرتنەوەی لەلایەن کەسی پلەیەك و نزیك لێوەی پێشبینیەکی چاوەڕوانکراوە ، ئەمەش بەرەنجامی نەبوونی دیموکراسی و زیندوو هێشتنەوەی سیستەمی پادشا گەردانی و دەسەڵاتی بنەماڵەییە .
( دەوڵەت ، میرنشین ، حیزب ، هۆز ، عەشیرەت ) ئەمانە ئەو چەمکانەن کە من باسی لێوە دەکەم ، لێرەدا باس لەو حیزبە بەناو سۆشیال دیموکراتە دەکەم ، کە دەسەڵاتی بنەماڵە بەشێوەیەکی زۆر ڕوون بەسەریەوە دیارە ، لە ڕووی جێنشین و ئاڕاستەو بڕیارەوە ، تا ئێرە ئاساییە ، بەڵام ئەوەی کە مەترسی لەسەر کۆی پڕۆسەکە درووست دەکات ئەوەیە کە قەڵەم بەدەست وڕۆشنبیروو ڕوناکبیرەکانی نێو ئەو هێزە نەك هەر بەو حاڵە خۆشنوودن بەڵکو کار بۆزیاتر چەسپاندنی ئەو کلتوورە دەکەن .
جلال طاڵەبانی کە یەکێکە لە سیاسیە دیارەکانی گەلی کوردوو بەدرێژایی ٣٩ساڵە وا سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو دواجار لەسەر پشکی کورد پۆستی سەرۆك کۆماری ئیراقی وەرگرت و ، وە لە ئیستادا لەباری تەندروستیەکی ناجێگیردایەو بەشێوەیەك لەشێوەکان بێ ئاگایە لەڕووداوو پێشهاتە سیاسیەکان کە بەسەر ناوخۆی حیزب و ووڵاتدا دێن ، وە لە پاش تێکچونی باری تەندروستی بەڕێزیانەوە بنەماڵەکەی تەواوی جومگە کاریگەرەکانی حیزب و حکومەتیان لەسەر پشکی یەکێتی وەرگرتووە لەدواین جارا قوباد طاڵەبانی کە بە مامی بچووك ناسراوە لە لایەن دید ڕۆشن و پیاوە دیموکراتخوازو نوێ گەرەکانی نێو حیزبەوە پشتیوانی لێکراو ، سەرەنجامیش بە کاریگەری ئەوەی کە کوڕی طاڵەبانیە ، کرا بە جێگری سەرۆکی حکومەت ، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە بوو کە نابێ هیچ کەسێك گەر لە ئاستی مەکتەبی سیاسی دا نەبێ ئەو پۆستە وەربگرێت .
لێرەدا دێمە سەر باسی ئەوەی کە ئایا مامی بچووك لە پۆستەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت یاخوود نا ؟
ئایا ئەو دەتوانێت ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکانی نێچیروان بارزانی هەبێت و وەڕێگە لەکارتۆنی بوونی خۆی بگرێت لە لایەن سەرۆکەوە ؟ ئایا ئەویش وەك و جێگرەکانی تربێ ئاگاو خەوتوو دەبێت سەبارەت بەپرسی شیرینی و گرێ بەستیە نەوتیەکان ؟ ئایا لە هەموو هەنگاوەکانی سەرۆك بەژدار دەبێت بۆ زانین وئاشکراکردنی نهێنیە نەزانراوەکان ؟
لە زانستی پزیشکیدا ئەوە سەلمێنراوە کە جیناتەکان لە باوانەوە بۆ مناڵ دەگوازرێتەوە ، گەر ئەمە تەنها لە چوارچێوەی بنیادی بەشەریدا بێت ئاساییە ، بەڵام گەر ڕەنگدانەوەکان لە سیاسەت و هەڵسوکەوتیشدا لە باوانەوە بگوازرێنەوە ئەوا قوباد طاڵەبانی سەر کەوتوو نابێت ، چونکە گەر سەرنج بدەین لە تەواوی ممارەسەکانی باوکی لەگەڵ پارتیدا شکستی هێناوەو نەیتوانیوە هەیمەنەی خۆی و حیزبەکەی بەسەر پارتیدا زاڵ بکات .
ئیتر ئەوە چۆن ڕووی داوە گرنگ نیە و لە زۆر شوێن و لە مێژووشدا باسی لێوە کراوە ، گرنگ ئەوەیە سەرەنجام دابەزینی ئاستی جەماوەری و ناڕەزایی حیزبەکەی بە دووای خۆیدا هێناوە .
بۆیە من پێم وایە ئەو کارانەی کە قووباد طاڵەبانی دەیکات جگە لە کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی بچووك و جارجارە پێشوازی لە وەفدەکان و دەرکەوتن و قسەکردن لەسەر هەندێك پرسی ناکاریگەر لە (tv) و چوونی ڕۆژانەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران و گەڕانەوە بەبێ ئەنجام هیچی تر نیە . چونکە وەك ئاشکرایە دکتۆر بەرهەم کە یەکێکە لە هەرە سیاسیە دیبلۆماسی و کاریگەرەکان لەسەر ئاستی ئێراق و ناوچەکە لە کابینەکانی پێشوودا نەك جێگر بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەن بوو ، بە ڕای چاودێران تەواوی تواناکانی سنووردار کرابوون ، وە دواتریش عیماد ئەحمەد کە لە سەرەتادا جەماوەری یەکێتی زۆر پێی گەشبین بوون ، کەچی دوواجار ئەویش بە سەبەتەی بەتاڵەوە گەڕایەوە . بۆیە تەواوی پێشبینیەکان گوزارشت لەوە دەکەن کە مامی بچووکیش لەو بازنەیەی کە بۆی کێشراوە ناتوانێت دەرچێت و ببێت بەو کارەکتەرە گەورەیەی کە لە لایەن یەکێتیەکانەوە لە ئایندەیا بۆی چاوەڕوانکراوە . وە بە بۆچوونی من ئەمە نەخشە ڕێگایەکی دوورنمای پارتیە کە بە بەردێك دوو چۆلەگە دەکوژێت . ئەویش سەرقاڵکردنی تاڵەبانیە بە کاری حکومەتەوەو ئامانج لێی دابڕاندنیەتی لە کارو چالاکیە حیزبیەکان بۆ ئەوەی لە ئایندەدا نەبێت بەو کارەکتەرە گەورەیەی کە باوکی هەیبوو لەنێو حیزب دا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت