عەتا قەرەداخی : رێکخستنەوەى سوپای عێراق لە کوردستان چی دەگەیەنێت ؟ .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

سوبای عێراق له‌ درووستبوونیه‌وه‌ له‌ سه‌ه‌رتای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا ، به‌رده‌وام سوپایه‌کی داگیرکه‌ر بووه‌ به‌ گوێره‌ی گه‌لی کورد و ته‌نانه‌ت سه‌رجه‌می ئه‌و ئه‌فسه‌ کوردانه‌شی که‌ له‌و سوپایه‌دا به‌شدار بوون که‌ دیاره‌ گومان له‌ کوردایه‌تی و نیشتیمان په‌روه‌ری زۆربه‌یان ناکرێت ، هه‌رگیز نه‌یانتوانیووه‌ رۆڵێکی ئه‌وتۆ ببینن که‌ تا که‌مترین ئاست رووی ئه‌و سوپایه‌ له‌ ئاستی گه‌لی کوردو کوردستاندا سپی بکه‌ن و کورد هه‌ست به‌وه‌ بکات ئه‌و سوپایه‌ دوژمنی نیه‌و ، ئه‌وه‌ سووپای نیشتیمانێکه‌ ئه‌میش وه‌کو نه‌ته‌وه‌ به‌ زۆری زۆرداری کراوه‌ته‌ به‌شێک له‌و نیشتیمانه‌ ساخته‌و دروزنه‌ که‌ ناوی عێراقه‌ ، به‌ واتا هه‌رچۆن عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ ماوه‌ی نه‌وه‌د ساڵی رابردوودا هی کورد نه‌بووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ سوپای عێراقیش سووپای کورد نه‌بووه‌ ، به‌ڵکو داگیرکه‌رو وێرانکه‌ری کوردستان بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ دوای روخاندنی رژێمی سه‌دام حسه‌ێنیش هێشتا ئه‌و سوپایه‌ هه‌ر به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌تی پێشتر کاری کردووه‌و جوڵاوه‌ .

هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه‌کانی دیجله‌و فه‌رمانده‌ سمێل بۆیاخکراوه‌که‌ی به‌ چاویلکه‌ ره‌شه‌ هه‌رزه‌کارییه‌که‌یه‌وه‌ زۆری به‌سه‌ردا تێنه‌په‌رێوه‌ ، بۆیه‌ هه‌قه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئێستادا ئاهه‌نگ بگێڕێت که‌ ئه‌و سووپا داگیرکه‌ره‌ نوێیه‌ی عێراق به‌وجۆره‌ وره‌ی روخاو له‌ کورتترین ماوه‌دا به‌شه‌ داگیرکراوه‌که‌ی کوردستانی باشووری چۆڵکردو له‌به‌رامبه‌ردا وره‌ی پێشمه‌رگه‌ی کوزردستان به‌رزبووه‌وه‌و ئێستا له‌سه‌ر سنووره‌کانی باشووری کوردستان ئاماده‌ی فیداکاری و به‌رگرییه‌ . زۆر بۆچوونی له‌وجۆره‌ هه‌بوون که‌ ده‌یانگووت ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی کۆتایی هاتووه‌و زه‌حمه‌ته‌ جارێکیتر پێشمه‌رگه‌ بتوانێت به‌رگری بکات به‌ڵام واقیع له‌م ماوه‌ کورته‌دا دوو شتی سه‌لماند یه‌که‌میان وره‌ی سوپای عێراق نزمه‌و ئه‌و هه‌موو هێزه‌ی مالیکی کۆی کردوونه‌ته‌وه‌ مورته‌زیقه‌یه‌و ته‌نیا له‌ پێناوی ژیان و له‌برساندا چه‌کی کردۆته‌ شان و ئاماده‌ نییه‌ خۆی به‌ کوشت بدات ، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رچه‌نده‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌لایه‌ن حکومه‌تی داگیرکه‌ری عێراقه‌وه‌ غه‌دری لێکراوه‌ له‌ رووی موچه‌و پێداویستیه‌کانییه‌وه‌و ، له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و یه‌کێتی و پارتیشه‌وه‌ غه‌دری لێکراوه‌ به‌وه‌ی که‌ وه‌کو پێویست له‌ رووی ژیان و موچه‌و پێداویستیه‌کانه‌وه‌ خزمه‌ت نه‌کراوه‌ ، به‌ڵام هێشتا گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی لای پێشمه‌رگه‌ به‌رزو به‌هێزه‌و پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵگری راسته‌قینه‌ی ناوی خۆیه‌تی و رۆڵه‌ی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌ و به‌رگریکه‌ری راسته‌قینه‌یه‌ له‌ کوردستان بۆیه‌ عه‌یبێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆی نه‌خاته‌ کار بۆ دابینکردنی باشترین ژیان بۆ پێشمه‌رگه‌و ماڵ و منداڵیان و بۆ جیاکردنه‌وه‌شیان له‌و هه‌موو کۆنه‌جاش و خۆفرۆش و ناپاکانه‌ی که‌ ئێستا به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ خانه‌نشین کراون و موچه‌کانیان له‌ پێشمه‌رگه‌ خه‌باتگێره‌کانزیاترە .
هه‌روه‌ک ئێستا که‌ سوپای عێراق هه‌ڵوه‌شاوه‌ حه‌قه‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان و حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌و راستیه‌ تێبگه‌ن که‌ ئه‌وه‌ سوپای داگیرکه‌ری عێراقه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌و پێویسته‌ خۆیان به‌دوور بگرن له‌ هه‌ر هاریکارییه‌کی ئه‌و سوپایه‌و حکومه‌تی به‌غداو خۆیشیان به‌ دووربگرن له‌هه‌ر هه‌وڵێک بۆ رێکخستنه‌وه‌ی سوپای داگیرکه‌ری عێراق له‌ ژێر هه‌رناونیشانێکدا بێـت و له‌ هه‌ر شوێنێک بێت. ئێستا باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ له‌ قه‌ڵاچوالان به‌شێک له‌ هێزه‌کانی سوپای عێراق رێکده‌خرێته‌وه‌، من نازانم ئه‌وه‌ تاچه‌ندێک راسته‌ ، که‌ ئومێده‌وارم هیچ لایه‌نێکی کوردی هه‌ڵه‌ی ستراتیژی له‌وجۆره‌ نه‌کات چونکه‌ ئه‌وه‌ نه‌ک خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد ناکات به‌ڵکو یارمه‌تیدانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراقییه‌ تا نه‌مرێت که‌ ئێستا له‌سه‌رکه‌ناری مه‌رگه‌ که‌ ته‌نیا مه‌رگی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌و هه‌لوه‌شانده‌نه‌وه‌ی و دابه‌شبوونی عێراق زه‌مانه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ی باشووری کوردستان له‌ ده‌ستی داگیرکه‌ری عه‌ره‌بی عێراقی رزگاری بێت .

 

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
عەتا قەرەداخی

About عەتا قەرەداخی