عەتا قەرەداخی : باشووری کوردستان لە سایکس ـ بیکۆوە بۆ مالیکی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە ساڵی 1931 دا یاداشتێکی پڕ بایەخی نووسیووە لە بارەى پێکهاتەى گەلی ئەو وڵاتەوە کە ئەو مەلیکی بووەو تیایدا دەڵێت : وڵاتی عێراق بریتیە لە چەند وڵاتێک کە کەموکورتی هەیە لە گرنگترین بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتیدا ، واتە لە رووی فیکری و نەتەوەیی و ئایینیەوە ، ئەم بارەش هێزە دابەشبووەکانی لە یەکتر پەرت کردووە . بە کورتی دەڵێم : لە کاتێکدا دڵم ژان دەکات ، کە بە بڕوای من لە عێراقدا گەلی عێراقی بوونی نیە ، بەڵکو چەند پێکهاتەى مرۆیی هەن کە داماڵراون لە هەر جۆرە بیرێکی نیشتیمانی ( بڕوانە : عەبداکریم الازری . مشکلە الحکم فی العراق ، لندن ، 1991 ).
ئەم قسەیە نووسراوی پیاوێکە کە ئەرکی فەرمانڕەوایی عێراقی خراوەتە ئەستۆ . کەواتە لێرەوە ئاشکرایە کە نە لەو کاتەداو نە دواترو نە ئێستاش شتێک درووست نەبووە ناوی گەلی عێراق بێت . رەنگە لەسەردەمی زەبرو زەنگ و سەرکوتکردنی بەعسدا دیواری نێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەى کە ناوی لێنراوە عێراق تەنکتر بووبێت ، بەڵام هەرگیز شتێک پێکنەهاتووە کە ناوی گەلی عێراق بووبێت . دیارە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش ئەو دیوارە زیاتر ئەستوور بووە . لە لایەک مێژووى خوێنینی نێوان شیعەو سوونە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ساتەی کە حسێن بە دەستی سوونەکان شەهید کرا . لەو رووەشەوە شیعەکان نەیانتوانیووە لەوە تێبگەن ئەوانەى کە حسێنیان شەهید کرد نەک هەر ئەم سوونانەى ئێستای عێراق نەبوون بەڵکو بە ئەستەم پەیوەندی لە نێوان ئەمان و ئەواندا دەدۆزرێتەوە . رەنگە تاکە شتێک پێکیانەوە ببەستێـت تەنیا هاومەزهەبی بێت . هەروەک سوونەکانیش ناتوانن بەوچاوە سەیر بکەن کە سوونەو شیعە هەردووکیان دوو ئایینزای ئیسلامن و ئەوەى لە رابردوودا روویداوە بووەتە مێژوویان ، ئێستا سەردەم و قۆناغێکی ترە.
دیارە ئەم دوو پێکهاتەیەش هەردووکیان بە چاوی نەیار سەیری کورد دەکەن . شیعە لە روانگەى جیاوازی مەزهەب و نەتەوەییەوە سەیری کورد دەکات . سوونەش لە روانگەى جیاوازی نەتەوەییەوە سەیری کورد دەکات . کوردیش ئەگەر خۆی فریو نەدات ئەوا لە ئاستی یەکەمدا دەبێ بزانێت ئەو دووانە هەردووکیان بەشێکن لەو نەتەوە سەردەستەى کە دەسەڵاتە جۆراو جۆرەکانی ئەوان بەردەوام دەستی بە خوێنی کورد سووربووەو هەردووکیشیان وەکو دەسەڵاتی نەتەوەی عەرەب داگیرکەری کوردستانن .
هەرچەندە قسەیەکی بۆش و پووچ هەیە کە سیاسیە ساویلکەکان بەکاری دەهێنن کە گوایە گەلان هەموو برای یەکن و ئەوە دەسەڵاتەکانن دوژمنایەتی درووست دەکەن . ئەگەر ئەم قسەیە بۆ هەر شوێن و جێگایەکی تر راست بێـت ئەوا هەرگیز بۆ عێراق راست نییە چونکە عەرەبی عێراق نە بە دەسەڵات و نەبەگەلیشەوە وەها رەفتاریان نەکردووە کە برای نیشتیمانی یان برای ئایینی کورد بن .
بێگومان لە قسەکەى مەلیک فەیسەڵەوە دەردەکەوێت کە هیچ بنەمایەکی گەل لە عێراقدا درووست نەبووە . هەر بۆیە تاکە رێگاچارە ئەوەیە کە ئەم سێ پێکهاتەیە بە تەواوی لێکتر دوور بخرێنەوەو ئەم وڵاتە بگێڕدرێتەوە بۆ سێ ولایەتەکەی سەردەمی عوسمانی کە ولایەتی موسڵ و بەغداو بەسرە بوون . بەڵام لە دوای هەلوەشاندنەوەى دەولەتی عوسمانی هەردوو ولایەتی بەغداو بەسرە پێکەوە لکێندران و پاشان ئینگلیزەکان بینیان کە هاوسەنگی مەزهەبی نیە لەو عێراقە نوێیەى کە درووستیان کردووە ، بۆیە بیریان لە شتێکی تر کردەوە کە ئەویش لکاندنی باشووری کوردستان یان ولایەتی موسڵ بوو بەو عێراقە نوێیەوە ، کە ئەویش زیاتر بۆ هاوسنگی درووستکردن بوو لە نێوان مەزهەبی شیعەو سوونەدا چونکە ژمارە شیعەی عەرەب زۆرتر بوون لە سوونەى عەرەب ،. ئینگلیزەکان بیریان لەوە کردەوە کە کوردەکانیش سوونەن مەزهەبن و بە لکاندنی ولایەتی موسڵ بە عێراقە نوێیەکەوە دەشێ ئەو هاوسەنگیە درووست بکەن ، بەڵام ئەوان شتێکی زۆر گرنگیان لە بیرکرد ئەویش جیاوازی نەتەوەیی کوردو عەرەب بوو . بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین بەریتانیەکان جیاوازی مەزهەبیان لەپێش جیاوازی نەتەوەییەوە دانا ، ئەگەر چاو لە کاریگەری بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانی ئەو دەوڵەتە داگیرکارەى ئەو سەردەمە بپۆشین.
ئەوە ئاشکرایە کە بە پێی بەندەکانی 61 تا 63 ی رێکەوتننامەى سیڤەر دەبوو کورد ببوایەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی ، بەڵام لەو کۆنگرەیەی کە لە 12ی ئازاری 1921 دا لە قاهیرە بەسترا ، کێشەى کورد رووبەرێکی فراوانی داگیر کردو سیاسیە بەریتانییەکان بوونە دوو ئاراستەوە سەبارەت بەو بابەتە . ئاراستەی یەکەمیان لەگەڵ ئەوە بوون کە باشووری کوردستان بلکێنرێت بەو دەولەتە نوێیەى کە تازە لە عێراق لە هەردوو ولایەتی بەغداو بەسرە درووستیان کردبوو کە بێرسی کۆکس و بێڵ و مێجەر سۆن لە رابەرانی ئەم ئاراستەیە بوون. ئاراستەى دووەم لایەنگری درووستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوون لە باشووری کوردستان کە هێربێرت یۆنگی جێگری سکرتێر لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی کۆلۆنیەکان و نوئێل و لۆرانسی عەرەب و چەرچڵ لە رابەرانی ئەم ئاراستیەیان بوون . سەرئەنجام ئاراستەى یەکەم سەرکەوتنیان بەدەست هێناو حکومەتی یەکەمی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدوڕەحان نەقیب بڕیاری لکاندنی باشووری کوردستانی بە دەولەتی عێراقیەوە داو خستیە بواری جێبەجێکردنەوە بەبێ ئەوەى راوبۆچوونی خەڵکی باشووری کوردستان وەربگیرێت ، هەرچەندە چەرچڵ خۆی وەکو وەزیری کۆلۆنیەکان دوو دڵ بوو بەرامبەر بەو بڕیارەو دەترسا لەوەى کە ئەتاتورک بتوانێت تووڕەیی کوردی باشوور بەکاربهێنێت و هەوڵی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ سەر کۆماری نوێی تورکیا بدات . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کرداری پێکەوە لکاندنەکە سەری گرت و بەوەش کوردی باشووری کوردستان کرایە پارسەنگی سوونەی عەرەب بۆ ئەوەى جۆرێک لە هاوسەنگی مەزهەبی لە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتە نوێیەدا درووست بکات . بەڵام وەکو لە قسەکانی مەلیک فەیسەڵی یەکەمدا دەردەکەوێت کە پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر درووستکردنی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان پێیەوە هێشتا شتێک درووست نەبووە بە ناوی گەلی عێراق ، ئەوەش نەک لە نێوان کوردو عەرەبدا بەڵکو لە نێوان عەرەبی سوونەو شیعەشدا.
لە راستیدا ئەو دەوڵەتە نوێیەى کە بەریتانییەکان بە ناوی دەوڵەتی عێراقیەوە درووستیان کرد ، سەرباری ئەوەی کە کوردیشی پێوە لکێندرا ، بەڵام هێشتا رێژەى شیعە زیاتر بوو لە سوونە . سەرباری ئەوەش لە دانانی یەکەم مەلیکەوە کە لە بنەماڵەی شەریف خواسترا تاوەکو 14ی تەموزی 1958 کە عەبدولکەریم قاسم کودەتای کردو سیستێمی پاشایەتی گۆڕی بۆ سیستێکی کۆماری یان سەربازی ، سەرۆکایەتی دەوڵەتی عێراقی لە دەستی تایەفەى سوونەدا بوو . دوای ئەوەش تا رووخاندنی سیستێمی بەعس لە سەردەستی ئەمەریکیەکان لە ساڵی 2003 دا دیسان دەسەڵاتی عێراق هەر لە دەستی سوونەى عەرەبیدا بوو کە سوونەى عەرەب بە بێ کورد لە چاو شیعەدا کەمینە بوون . ئەمەش نیشانی دەدات کە سادەترین بنەمای دیموکراسی لە عێراقدا بوونی نەبووە ، ئەگینا لەسەر بنەمای دەنگدان کە لەم وڵاتەدا تاکو ئێستاش دەنگدانە لەسەر بنەمای ئینتیمای مەزهەبی و تایەفی شیعە بە کاریگەری ئەوەى زۆرینەن ئەوان دەبوونە فەرمانڕەوای عێراق ، وەکو ئەوەى لە ماوەى دە ساڵی رابردووی دوای روخاندنی رژێمی سەدامدا دەیبینین کە لەو هەڵبژدنانەى کە لەم ماوەیەدا کراون دەنگی تایەفی شیعە زۆرینەیەو بەو پێیەش لەسەر بنەمای ئەوەى لە دەستووری عێراقیدا هاتووە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە مافی شیعە دانراوەو لەراستیشدا لە ماوەى ئەم دەیەیەدا ئەم بڕگەیە جێبەجێکراوەو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا تاکو ئێستا سێ حکومەتی شیعە پێکهاتووە کە جەعفەری و مالیکی سەرۆکایەتیان کردووە کە هەردووکیان شیعەن .
دیارە ئەو سێ حکومەتەى کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا لە عێراقدا پێکهاتوون لەژێر ئەو ناونیشانەدا بوون کە پێی دەڵێن حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی ، ئەگەرچی لەگەوهەردا حکومەوتی تاکە کەسی شیعە بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەو حکومەتانەی شیعە باسی ئەوە دەکەن کە کۆکردنەوەى زۆرینەى لایەنەکانی عێراق لەو حکومەتانەدا رۆڵی نێگەتیفی بینیووە لەسەر ئیش و کارەکانی حکومەت چونکە ئەوە کۆکردنەوەى کۆمەڵێ هێزی ناکۆک و دژ بەیەکە کە ناتوانن وەکو گروپێک پێکەوە کاربکەن . ئێستا گوێمان لەوە دەبێت کە مالیکی و لیست و هاوپەیمانەکانی باسی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەى سیاسی دەکەن. دیارە بۆ ئەو مەبەستەش مالیکی پێویستی بە 165 کورسی پەرلەمان هەیە کە ئەمەش رەنگە کارێکی ئاسان نەبێـت ، لە کاتێکدا سوونەو کوردو بەشێک لە شیعەکان وای نیشان دەدەن کە نایانەوێت جارێکی تر مالیکی ببێتە سەرۆکی حکومەت . بەڵام ئێستا ئەگەر کورد لە یارییەکە دوور بکەوێتەوە ئەوا مالیکی دەتوانێت بە نزیکەی 130 کورسی حکومەت پێکبهێنێت کە ئەمەش ئەرکی ئەو بۆ ئەو مەبەستە زۆر سووک دەکات و لە بارێکی وەهاشدا دەتوانێت سوونەو یەشێکیش لە هێزە شیعەکانی کە دژی ئەو هەڵوێست وەردەگرن بخاتە دەرەوەى حکومەت و بەوەش زەمینە بۆ دەسەڵاتی رەهای خۆی خۆش دەکات و دەشێ وای بۆبچێت کە بتوانێت سوونەکان و نەیارە شیعەکانیشی سەرکووت بکات و لە پێناوی ماوەو درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی ئەوان فڕێ بداتە پەراوێزەوە. هەرچۆن سەدام حسێن لە پێناوی مانەوەى خۆیدا هەموو عێراقیەکانی فڕێدابووە پەراوێزەوە .
هەر لێرەوە بە پشت بەستن بەو هەنگاوانەى لە ماوەى رابردوودا مالیکی دژی کورد ناویەتی ، دوو بۆچوون ئاشکرا دەبن ، کە یەکەمیان ئەوەیە ریزی کورد تێکبدات کە پێناچێت زۆر ئومێدی بەم خاڵەیان هەبێت .
دووەم دەشێ بیەوێت کورد ئاراستەى جیابوونەوە لە عێراق بگرێتەبەر بۆ ئەوەى بەربەستی کوردی لەبەردەمدا نەمێنێت و بەوەش دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت . ئێستا لە ئاگایی و بەبەرنامە بێت یان بە گەمژەیی و لەخۆوەو بێ بیرکردنەوە بێت ، رەفتارو هەڵس و کەوتەکانی مالیکی کورد بە ئاراستەى دوورکەوتنەوەى زیاتر لە عێراق پاڵ دەنێت. بۆیە دەشێ بگووترێت پێ دەچێت مالیکی ئەو بەرپرسە عەرەبە شیعە عێراقیە بێت کە بەرنامەکەى بەریتانیاو سایکس بیکۆ بۆ لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە هەڵبووەشێنێـەوە ، بێگومان بەوەش مالیکی خزمەتێکی باشی کورد دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت