Bextiar-Sharezuri

  بەختیار شارەزورى :  (GDP) و نێچیرەڤان بارزانى و تەماتە و خەیار و خۆماڵى کردنى نەوت و غاز .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر بنەماى دەوڵەتدارى هەر نەتەوەیەک بریتى بێت لە ژێر خان و سەرخان ، ئەوا دەکرێت ڕەهەندى خۆژێنى و پرۆسەى سیاسى ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەى نەتەوەیەک مافى نەتەوەیى بوونى خۆى بسەلمێنێ و دەوڵەتدارى وەک بنەماى بەهێزى چمکى نەتەوە وێنا بکرێت ، خۆ ئەگەر لە هەرێمى کوردستاندا ئاسایشى نەتەوەیى تا ئێستا وەک پێویستى بونى خۆى دەرنەکەوتبێت ، ئەوا لە دواى قسەکانى نێچیرەڤان بارزانیەوە دەکرێت باس لەوە سەرەتاییانە بکرێت ، ئەمەش خۆى لە چوارچێوەى گوتارێکى یەکگرتوى نیشتمانیدا دەبینێتەوە ، خۆ ئەگەر پرَۆژەکە بریتى بێت لە ڕاى هەموو هێزە نیشتمانیەکان و لە پرۆسەیەکى دیموکراتیەوە نێچیرەڤان بارزانى کاندید بێت بۆ سەرۆکى حکومەت بۆ دەرکردنى ئەم جۆرە لە بڕیاردان ، ئەوا دەتوانین بڵێن ئەم هەنگاوە یەکێکە لە هەر هەنگاوە سەرەتاییەکانى بەهێزکردنى بنەماکانى ئابورى و خۆژێنى و سەرەتایەک بێت بۆ سەربەخۆیى بوون و دەرچون لە پاشکۆیەتى ئابورى ، بە جۆرێکى تر ئەگەر یەکێک لە فاکتەرە دەوڵەمەند و بەهێزەکانى (GDP) بریتى بێت لە نەوت و غاز ، ئەوا دەبێت بتوانرێت لە ناو هاوکێشەى پەیوەندیە ناوچەییەکاندا ئەو متمانەیە وەدەست بهێنى کە بتوانیت ئەم نەوت و غازە بفرۆشرێت ، کە ئەمەش لە چوارچێوەى دەستورى عێراق و دەستورى هەرێمى کوردستان و ڕازى کردنى وڵاتانى ناوچە و ڕاى دوەلى خۆى دەبینێتەوە ، خۆ ئەگەر توانرا بێت ئەم هەنگاوە بنرێت ئەوا دەتوانین بڵێن وێنەیەکى تر دەدەینە دەرەوەى خۆمان ، بەوەى ئێمە تەنها بەقاڵى تەماتە و خەیار نین و باکگراوندمان پڕە لە ئەو ئەقڵەى کە دەتوانین دەوڵەت لەسەر بنەماى حکومەتێکى بە پلان بەڕێوە بەرین ، واتا توانیومانە قوناغى تەماتە و خەیار ببڕین و بچینە ژێر زەوى و پاشان بزانین چۆن دەتوانین بە بێ ناوەند دەوڵەتدارى بکەین و نەوتى خۆمان بفرۆشین بچێتە سەر حساباتى داهاتى ناوخۆ و (GDP) ەوە .
تا ئێرا باس لە ئاسایشى ئابورى کرا ،،، کە بەشێکە لە ئاسایشى نەتەوەیى ، بەوەى کە توانراوە پرۆسەى بەداوادا گەڕان و دەرهێنان و ناردنى نەوت و غاز بکرێت وەک یەکێک لەسەرەکى ترین داهاتى هەرێم ، کە ئەکرێت بۆ ئەمەش تەوافقێکى نیشتمانى بەهێزى پێ بێت ، هەم لە ناوخۆ و هەم لە ناوچەکەدا ، دەبێت ئەم نەوت و غاز فرۆشتنە ، ڕاى وڵاتانى وەک ئێران و تورکیاى لەسەر بێت و پاشان وڵاتانى وەک ئیسرائیل و ئەمریکاو ئەوروپا و ڕوسیاش.. ئەوا بۆ سەرجەمى وڵاتان قازانجى باشى دەبێت ، بە تایبەت کە جێ ى غازى ئۆکرانیا دەگرێتەوە ئەتوانێت پێداویستیەکانى تورکیا و ئێران و ئەوروپا پڕ بکاتەوە ، تا ئیرا دەتوانین بڵێن یەکێکە لەو هەنگاوانەى کە کورد پێویستە لەم هەرێمەدا بینێت .
کەواتە کورد دەتوانێت ئەو پەیامە بداتە دەروەى خۆى کە دەتوانێت بەدەر لە تەماتە و خەیار دەتوانێت مامەڵە بە سامانى ناو زەوى خۆیەوە بکات وەک سەرەکیترین پێداویستیەکانى ئەمڕۆى جیهان ، وە هەڵگرى ئەو نامەیەیە کە تەنها تەماتە و خەیار فرۆش نین و هاوڵاتى ژمارە دووى ناو خاکى خۆمان نین… بەڵکو ئێمە نەتەوەیەکى زیندوین و دەتوانین دەوڵەتدارى وەک کایەیەکى زیندوى جیا نەکراوە لە جەستەى ئەم نەتەوەیە کارا بکەین ، ئەوەى دەمێنێتەوە سەرخانە ، کە لە پەناى دەوڵەمەند بوونى ژێر خانى ئابورى و بەرز بونەوەى (GDP) دا پەرە بە پرۆسەى دیموکراتى و حکومەتى هاوڵاتى بدەین ، ئەوەى دەمێنێتەوە ئەو پرسیارەیە کە بۆشاییەکى خستوەتە نێوان هاوڵاتى و حکومەتەوە ، ئەوەیە کە تا ئێستا حکومەتى دوو حیزبى و قۆرخ کارى و گەندەڵى بەشێکى گەورەى ئەم هاوکێشانەیە ، ئەمەش وا دەکات کە ئەگەر سەرخان و ژێرخان تەواو کەرى یەکتر بن و ئەگەر لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا کار نەکرێت بۆ چارەسەرەکانى ئەم گرفتانە ، ئەوا هەر دەبینەوە بە تەماتە و خەیار فرۆش و ناتوانین وێنەى دەوڵەتدارى و سەربەخۆى خۆمان بدەینە جیهان ، بۆیە پێویستە لە ڕووى ئابوریەوە قۆناغى تەماتە و خەیار ببڕین ، ئەو کات پێویستە لە ڕووەکانى ( سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و … هتد ) ئەو قۆناغە ببڕین ، ئەو کات دەتوانین بڵێن ئێمە دەتوانین بە هاوسەنگى پەرە بە نەش و نماى کۆمەڵگاى خۆمان بدەین لە قۆناغى پابەند بوون بە ناوەندەوە بۆ قۆناغى نەتەوەیى بوون .