عیماد عەلی : کێ راستگۆیە ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەبەر ئەوەی وتم، پێش ئەوەی بە هەڵبژاردن و ئاکامەکانی دڵخۆشبین ، پێویستمان بە شۆرشێکی رۆشنبیری هەمەلایەن هەیە لە کوردستاندا ، رەخنەیەکی توندیان لێ گرتم ، وتیان دەکرێت دیموکراسی لەم زەمینەشدا پیادە بکرێت .
بۆ شیکردنەوەی باوەربونم بەو بۆچونە،لەوەڵامدا دەڵێم : کات و چونێتی مومارەسەکردن و پاڵپشتی و ویستی راستگۆیانە و پێداگری لە سەر بنەما و بناغە و ئالیەتی دیموکراسی، فاکتەرگەلێکن کە بە بێ راهێنانێکی سەخت و قورس، مومکین نیە بمانگەیەننە قۆناغی دیموکراسی راستەقینە . هەڵبژاردنی نوێنەری گەل ئەوە ناگەیەنێت کە پێگەکانی دیموکراسی تەواو بون و پێویستمان بە هیچ نەماوە، بەڵکو،ئەوەی راست بێت هەڵبژاردن تاکە ئالیەتێکی بچوکە لە نێو چەمکی فراوانی دیموکراسی راستەقینەدا، تەنها لە پێناو دیاریکردنی شێوازی سیستمی حوکمداری جێبەجێ دەکرێت . بەڵگەش لەوەدا روندەبێتەوە کە ئەمە چەندین جارە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستان جێبەجێ دەکرێت و هیچ هەنگاوێک پێش نەکەوتوین، تەنانەت دەستاودەستکردنی دەسەلاتێکمان نەبینیوە کەسەرەتای جێبەجێکردنی چەمکی دیموکراسی راستەقینەیە لە هەمو دونیادا، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارە لە کوردستاندا بە هەر شێوەیەک بێت بەردەوامە لە حوکمرانیدا و، زۆرینەیەکی درۆزنانە دەستەبەر دەکات بە هەر رێگەیەک بۆی بلوێت . بۆیە واراستترە، لەم بوارەدا، خۆمان لەسەر رێگەیەک رابێنین کە بۆ هەموان روون بێت .
هەمومان دەزانین بە بێ کۆمەڵگەیەکی رۆشنبیر کە مومارەسەی ژیانی کۆمەلایەتی و ، رەوتی سیاسی و فکری و تەنانەت ئەخلاقی تاکیش فەراهەم بکات ،  نابێت بە ئالیەتێکی تەسکی دیموکراسی لە نمونمەی پرۆسەی هەڵبژاردن دلخۆشبین، کە لایەنەکان وەک مۆدێلێک و بە روکەشی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا جێبەجێی بکەن و، تەنها بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە لە دەسەلات بمێننەوە ، نەک وەک ئامرازێک لە پێناو جەوهەری دیموکراسی راستەقینەدا کە خۆی لە بەرجەستەکردنی ئازادی و عەدالەت و یەکسانی هەلی باشی ژیان و خوشگوزەرانی بۆ هەموان و ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە و رێز لە ماڵ و موڵکی گشتی و فەراهەمکردنی بەهای راستگۆیی لەگەڵ خەڵک و ئەمانەت و پێکەوەژیان و ئاشتەواییدا دەبینێتەوە، لێی بروانن، کە دەتوانین ئەمانەش لە ئەرک و مافەکانی تاک و دامودەزگاکاندا کورتی بکەینەوە .
بەبێ دابینکردنی ئەو فاکتەرانە و بەرقەراربونی زەمینەیەکی دروستی رۆشنبیری لەهەمو لایەکەوە، دەکرێت لایەنە سیاسیەکان یاری بە دیموکراسیەوە بکەن ، نەک باوەریان بە پیادەکردنی دیموکراسی راستەقینە بێـت .
ئایا دیموکراسی تەنها لە هەڵبژاردندا قەتیس بکەین بێ ئەوەی ئالیەتی کاری دامودەزگاکان هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ حوکمی دیکتاتۆریەتدا هەبێت ولە بنەرەتدا یاسای حوکمی دامودەزگەییمان نەبێت ،لەوێدا تاک و کۆمەڵگە چ قازانجێک لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات .
بۆیە، پێش ئەوەی لە دەرئەنجامی پیادەکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن وەک ئالیەتێکی دیموکراسی ، لە خۆشیدا گەشکە بکەین ، پێویستە لەم قۆناغەدا و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ هەوڵی دیموکراسیبونی کۆمەڵگە بدەین لەهەموو رویەکەوە و ، لە سەرجەم بوارەکاندا پەنجەرەیەکی کراوە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی رۆشنبیری دیموکراسی هەر لە تەمەنی منداڵیەوە فێری نەوەی نوێ بکەین، ئەوجا دەشێت بە هەڵبژاردنەکان دڵخۆش بین ، ئەم ئامانجە گەورە و پیرۆزە بە راهێنان وهەوڵ و تەقەلای هەمو لایەک دەبێت کە دەکرێت بە شۆرشێکی رۆشنبیری هەمەچەشن بێتەدی و،سەرەتاش دەبێت لە رێگەی چەندین مومارەسەی راستەقینە و فێربون و دیموکراسیەتی کۆمەلایەتیەوە دەست پێبکەین ، کە بەدیهێنانی ئاواتە هەمەجۆرەکان و ئەم ئامانجەش پێویستی بە قۆڵهەڵماڵینی سەرجەم بژاردەکان هەیە ، لە هەمو لایەکەوە . ئەوسا بە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادی گشتیدا دەگەینە بەشێک لە ئامانجە راستەقینەکەی دیموکراسی . بۆ گەیشتن بەو قۆناغە پێویستمان بە چەندین تاقیکردنەوە و راهێنان و کاری سەخت و بەردەوامی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم چەمکەوە دەبێت، ئەمەش لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتەوە بگرە تا رێکخراوە مەدەنیەکان و رۆشنبیران و ئەدیب و شاعیر و هونەرمەند و نوسەران بەگشتی و، لە ماڵەوە بۆ جادە و قوتابخانە و شوێنە گشتیەکانیشدا .