کارزان کۆیی : پف لەم میدیایانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرواری 1/6/2014 کات ژمێر دوانزەی نیوەڕۆ لەیەکێ لەکەناڵی تەلەفزیونەکان ئەم مانشێتەم خوێندوە ( ئاگر لە مۆبیلیاتی مەلیک لەشاری سلێمانی کەوتەوە ) . بەپێی هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کارەساتەکە ئەو ساتە ڕوی داوە . لەبەر دۆستایەتیم لەگەڵ خاوەنەکەیدا بەپەلە بەرەو شوێنی ڕوداوەکە ڕۆیشتم . نەئاگرم بینی نە دوکەڵ و نە هیچ ئاسەوارێک کە گوزارش لەئاگر کەوتنەوە بکات . دوای پرسیارکردن بۆم ڕون بوەوە . کات ژمێر حەوتی بەیانی ئەو ڕۆژە شوقەیەک لە سەر باڵەخانەی ئەو مۆبیلیاتە گڕی گرتوەو لەلایەن بەرگری شارستانیەوە هەمان کات کۆنتڕۆڵ کراوە . بەبێ ئەوەی مۆبیلیاتی ناو براو هیچ زیانی پێ کەوتبێ یاخود سوتابێ ،تەنانەت دوکەڵیشی پێ نەگەیشتبو .
لەهەمان کاتدا لەوێ لەبارو دۆخێکی ئارامدا دانیشتبوم سات بەسات هەر هەمان هەواڵ بڵاو دەکرایەوە . سەیر تر لەهەموی ماڵپەرەکانیش وەک چاولێکەری هەمان هەواڵی بێ بنەمایان بڵاو دەکردەوە . تەنانەت وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ ( pukmedia) دەڵێت : بەهۆکارێکی نادیار ئاگر بەربۆتە مۆبیلیاتی مەلیک لەشەقامی مەلیک مەحمود وە ئێستاش تیمەکانمان سەر قاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن .
کاکی وتەبێژی بەرگری شارستانی هیوادارم بۆمان ڕون بکەیتەوە ، ئێوە ناڕستتان وتوە یابەناوی ئێوەوە ناڕستیان پێ وتوین . ئەوەی سود مەند بو لەم هەواڵە بێ بنەمایە تەنها مۆبیلیاتی ناوبراو بو ، کەبوە ڕیکلامێکی گەورەو ناوی مۆبیلیاتی ناوبراوی بەهەموان ئاشناکرد بێ بەرامبەر.
بەپێی دوا ئامار لەهەرێمی کوردستان 748 میدیای نوسراو وە 180 کەناڵی تەلەفزیونی لۆکاڵی و 35 کەناڵی ئاسمانی و نزیکەی 250 رادیۆ لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسان تۆمار کراون . بەڵام لەگەڵ بونی ئەم هەمو میدیایانەدا پەیامنێرەکانمان نەیان توانیوە رەچاوی پرنسیبەکانی کاری ڕۆژنامەگەریی بکەن ، وە ئاگایان لە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی نەبێ . هەرئەو هۆکارانەیە بونەتە فاکتەرێ کە ڕاگەیاندنەکان نەبونەتە سەرچاوەی باوەڕپێکراو لای هاوڵاتیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت