Duaa-dunya

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : کاتێک نێێوگەڵی ئافرەت دەبێتە جێی ئابڕوومەندی پیاو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نووزەیەک بۆ ” دووعا و دنیا ” کان

لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا ئەرکی سەرەکی ئافرەت دامرکاندنەوەی ئاڵۆشی جنسیی پیاوە . هەر ئەو راستییەشە کە بوونیان لەنێو خێزاندا دەکاتە مەترسی ، کەلەبەرێکی ماڵ کە پیاوانی دیکە لێوەی بێنە ژوورێ و دەستدرێژی بکەنە سەر ئابڕووی نێرینەی ماڵەکە ” ئافرەتەکانیان ”. ئافرەت وەک پارچە گۆشتێکە کە بۆنەکەی هەموو سەگ و پشیلەی دەڤەرەکە بانگ دەکات ، وەک ماسییەکی بریندارە لە ئاوێکی پڕ سەگەماسیدا. لەهەمان کاتیشدا ئەوەی دەیکات بەبەهاترین شت لای پیاوەکەی دەشیکاتە دانەی داو بۆ پیاوانی دیکە ، لەبەر ئەوەش پیاو خۆی بە لاواز و شەرمەزار و بێ ئابڕوو دەزانێت ئەگەر ئەو شتەی کە زیاتر لەهەموو شتێکی دیکەی دەوێت ، لێی بدزرێت . Does God heat women? p 83
لەسەردەمی ژیانی ناو ئەشکەوتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠ هەزارساڵ لەمەوبەر ، مەیلی پێکەوەژیان سەری هەڵداوە، سەردەمێکی زۆر دواتریش ، هزری پێکەوەنانی خێزان لە ئاوەزی مرۆڤدا چلوورەی بەستووە . وەلێ هەتا سەردەمی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ کە هەتا ئێستا زانستی ئاڕکیۆلۆجی و مرۆڤناسی دەیگێڕنەوە بۆ نزیکەی حەوت هەزارساڵان لەمەوبەر ، پیاو بێ ئاگابووە لەوەی کە بەشێوەیەکی فیزیکی هاوبەشی بەرهەمهێنانی منداڵە ، هەر کە لەوە تێگەیشت خۆی کردە خاوەنی مندالەکە، لەو کاتەشەوە لەهزری پیاودا ئەوە چەسپاوە کە ئەگەری ئەوە هەیە پیاوی دیکەش چاوببڕنە ئافرەتی ناوماڵەکەی و سێکسی لەگەڵدا بکەن . لە راستیدا ئەوە ئەگەرێکە ، بەڵام بووەتە کێشەیەکی سایکۆلۆجی و سۆشیالی کە گوایە ئافرەت دەرگایەکی شەرمەزارییە بۆ پیاوە خاوەنەکەی – باوک و براکانیان پێش بەشودانیان و مێردەکەی دوای بەشوودانی . ئەوجا بۆ ئەوەی پیاو ” مێرد ” دڵنیابێت کە منداڵەکان نەوەی خۆینی و لە پیاوێکی دیکە نین ، دەستێکی تەواوی بەسەر سێکسوالیێتی ئافرەتدا گرتووە . لەکاتێکیشدا کە رێگەی ئەوپەڕی داوێنپیسی بەخۆی داوە ، هەمیشە چاوێکی لەسەر هەڵسوکەوتی هاوسەرەکەی بووە ، نەوەکا داوێنپیسییەک بکات و منداڵی زۆڵ بەخێو بکات . بۆیە هەرکاتیک مێرد سوسەیەکی کردبێت دەربارەی داوێنپیسی هاوسەرەکەی ، لەناوی بردووە . یاساو ریسای هەموو دەوڵەتانی کۆنیش بەتایبەتیش رێژیمی فیوداڵ پشتگیری ئەو نەریتەیان کردووە .
راستییەکی بێ مێشکی سۆشیالی و فیزیکیش ئەوە دەگەیەنێت کە باوک و برا دەشێ زۆر بە ئاسانی لە لایەن پیاوانی دەرەکییەوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر ئەگەرکچی بەشوونەدراویان لەناو ماڵادابێت . ئەمەش وایکردووە کە باوک و برا هەموو رێگەیەک بگرنەبەر و بەهەر شێوەیەک بێت بەربەست بن لەسەر دەستدرێژکردنی سێکسی بۆ سەر مێیینەی ماڵەکەیان ، کاتێکیش بەشوودەدرێت ، ئەو بەرپرسییە دەکەوێتە ئەستۆی مێردکەی کە بەلایەنی کەمەوە پاداشتی جووتبوونی بێ نرخ و بەهای پێدراوە . بەڵام دیسانەوە ئەو ترسە دەگوازێتەوە بۆ هزری مێردەکەی ، نەخوازا کچێکی هەبێت و کەسانی دەرەکی دەستی بۆ درێژ بکەن .
بەلای زۆرینەی پیاوانەوە ، خوا ئافرەتی بۆ ئەوە درووستکردووە کە ژنی پیاو و دایکی منداڵەکانی بێت و هیچی دی. هەر بیر و باوەڕێکیش لەوە تێپەڕێ ، دەسندەی شەیتانە . کەچی سەیر ئەوەیە کە ئەو پیاوانەی ئابڕووی خۆیان بە ناوگەڵی مێیینەی ناوماڵەکانیان بەستۆتەوە رۆژانە و لە هەموو کاژێڕێکدا و لە پێشکەوتووترین وڵاتی ئەم سەرزەمینەدا ، بێ شەرمانە دەستدرێژی دەکەنە سەر ئافرەتان . هەڵبەت ئەو دەستدرێژییە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و یاسا سەروەردا زۆر کەمە و بە زۆریش کرداری پیاوی نەخۆشە . بەڵام لە رێژیمە پیاوسالارەکاندا بەهۆی سەرکپکردنی ئازادی جنسییەوە ، بووەتە نەریت و نێچیرەکەش لە هەموو حاڵەتێکدا ، ئافرەتە بێ مافە داماوەکەیە .
لەژێر دەسەڵاتی فیوداڵدا ، منداڵ بە ئازادی و بێ پەروا لە دایکە کۆیلەکەی دەزێ ، بەلام ئەگەر کچ بێت ، هەر لە تەمەنی شیرەخۆرییەوە تووشی تابووی نەریتی کۆمەڵگەی باوکسالار دبێت، نەریتێک کە باوکسالاری دایهێناوە و هەموو ئاینەکانیش پشتگیری دەکەن . بەموسا گوترا پێستی سەری چووکی نێرینەکانی ببڕێت وەک پێناسەیەک بۆ نەتەوەی پەسەندی خودا . کەچی سەیر ئەوەیە لە هەموو دانیشتوانی باکووری ئافریکا و دنیای ئیسلامیدا ، زێی ئافرەت دەشێوێنن. ئەگەر بڕینی پێستی چووکی نێرینەی جوو ئاماژەبێت بۆ نەتەوەی پەسەندکراوی خودا ، دەبوو هەموو تابووەکان لەئەستۆی نێرینە بئاڵانایە و بۆ سەلماندنی جوولەکاێتی خەڵک دەبوو بیسەلمێنن کە باوکی جوولەکەیە و خەتەنە کراوە ، کەچی بە پێچەوانەوەیە، بۆ جوولەکەبوون ، کەسەکان دەبێ بیسەلمێنن کە دایکیان جوولەکەیە . …….. دیارە خودا بەهەڵەدا چووە و کاکی رابای / مالووم ، هەڵەکەی بۆ راستکردۆتەوە .
زووزوو گوێبیستی ئەوە دەبین کە لە هیندستان دەستدریژی جنسیی دەکریتە سەر ئافرەتان و دەشیان کوژن ، هەر لەم رۆژانەدا دەنگگۆی هەڵواسینی دوو ئافرەتی هیندستانیمان بەدارەوە دوای دەستدرێژی کردنە سەریان بەکۆمەڵ بیست . هاوتەریب دەنگۆی کوشتنی کیژێکی پازدەساڵانی کورد بەشێەوەیەکی مرۆڤ ئاسا ” دەڵێم مرۆڤ ئاسا، چونکە لە راستیدا هیچ ئاژەڵێک لە مرۆڤ دڕندەتر و بێ بەزەییتر نییە ، دڕندەی کێوی تەنها بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی ئاژەڵ دەکوژێ ، وەلێ ئێمەی مرۆڤ ، بۆ هەر بیانوویەک دڵمان نەیگرێت ئامادەین بکوژین ” بۆیەکەم جار بەزۆر بەشوودراو و دوهەمجار فرۆشراو، بڵاو بووەوە .
هەتا ئێستا هەر گوێبیستی کوشتنی ئافرەتان بووم لەسەر ئابڕوومەندی لە کوردستاندا ، ئێستا گوێبیستی فرۆشتنیشیان دەبین . دیارە لە سایەی دەسەڵاتەکەی کوردستانەوە لەجیاتی بەرەوپێشچوون و کرانەوە بەڕووی ئازادکردن و هاوتاکردنی ئافرەتدا ، لە هەردووک بواری ئەرک و مافدا ، وەک میزی وشتر بەرەودوا دەگەڕێنەوە ، وا دەسەڵاتی کورد خەریکە بەخێرهاتنی نەریتی ئەفگانی بکات و بەرەوپیری کڕین و فرۆشتنی ئافرەت بچێت .
پێرێ دووعا بە بلۆک کوژرا ، دوێنێ ، دنیا فرۆشرا و کوژرا و لەوەشدەچێت دنیا شامی شەریف بێت . ……. بەڵام وا نییە ، با دەسەڵاتی کوردی زۆر باش بزانێت ، ئەگەر مێردە بکوژەکەی دنیا نەکاتە نموونە و مەخسەرەیەک بۆ هەموو پیاوێکی کورد ، ئەوا نووزەی من و ئەم و ئەوی دی ، دەبێتە گەردەلول .