naboko

بەختیار شارەزورى : هێڵى ( نابۆکۆ ) و غازى کوردستان و شەڕى بۆریەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئابورى یەکێکە لە بناغە گرنگەکانى نەتەوە و کاریگەریى لەسەر بڕیارى سیاسى بە پلەى یەکەم هەیە ، لەم نێوەندەدا غازو نەوت ئەو دوو کاڵایەن کە کاریگەرى گەورەیان هەیە لەسەر برَیارى سیاسى و گۆڕینى پەیوەندیە ناوچەیى و جیهانیەکان ، خۆ ئەگەر هەندێ وڵاتى خاوەن غاز و نەوت بیانەوێ ئەم نەوت و غازە وەک کارتێکى گۆشار بەکار بهێنن ، بۆ چارەسەرى پرسەکانى تر ، ئەوا ئەمڕۆ جگە لە نەوت ، غاز بوەتە پێداویستیەکى سەرەکى وڵاتانى ئەورپا و ئەو وڵاتانەى کە بەرە و گەشە سەندن دەڕون ، چونکە بەدەر لە خەڵوز و نەوت .. غاز دەتوانێت وەک وەزەیەکى ئاسان و بێ کێشە ( واتا هاوڕێ ى سروشت ) بە تواناى گەرمیەکى زۆرەوە جێگەى زۆرێک لە سەرچاوەى وەزەکانى تر بگرێتەوە ، بە جۆرێک هەموو کڕیارەکانى دنیا ڕوویان کردوەتە ئەم کاڵا و پێداویستە بناغییەى بەرهەم هێنان ، هەر لە گەرم کەرەوەى ماڵەکانەوە تا دەگاتە کارگە گەورەکان و بەرەو ئەوێ دەچێت کە ئۆتۆمۆبیلیش بکرێتە غاز ، وە گواستنەوەشى ئاسانە و دەتوانرێت بە شلى و بە گازى بەکار بهێنرێت و بگواسترێتەوە ، ئا لێرەوە وڵاتانى ئەوروپا زۆر پێویستیان بەم غازە هەیە ، کە لە زۆربەى وڵاتانى جیهانەوە هەوڵ دەدرا ئەم غازە هاوردە بکرێت بە تایبەت لە ڕوسیا و وڵاتانى دەریاى قەزوین ، ئەمەش لە چواچێوەى پڕۆژەى هێڵى بۆرى ( نابۆکۆ ) دا بووە ، کە لە وڵاتانى ئیتاڵیا و مەجرو ڕۆمانیا و نەمساوە دێتە بەندەرى جیهان لە تورکیا و پاشان دەچێتە جورجیا و باکۆ و ئازر باینجان و تورکمانستان ، بە شێوەیەک کە ئەم هێڵە تێچونى دروستکردنى 7.9 ملیار یۆرۆیە و درێژییەکەى 3.300 کم لە 20011 کراوەتەوە ، وە دەتوانێت 31 ملیار سێجا غاز ڕەوانە بکات ، خۆ ئەگەر مەبەست لەم بۆریە هەناردە کردنى غازى وڵاتانى خاوەن غاز بێت ، بۆ ئەوروپا ئەوا کۆمەڵێک یارى و سیناریۆ لە پشتى شەڕى بۆیەکانەوە هەیە ، کە هەمووى لەسەر بناغەى بەرژەوەندى و پەیدا کردنى ئەو کاڵایانەیە کە زۆرترین خواستى لەسەرە ، بە دیوێکى تردا دەچێتە چوارچێوەى مایکورۆ ئیکۆنۆمییەوە ، لێرەوە کاتێک ئەوروپا کە پێداویستى غازى %25 لە ڕوسیاوە وەردەگرێت و ڕوسیا دەیەوێت وەک کارتێکى سیاسى بەکارى بهێنێت ، ئەو کات ئەورپا و ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل وە هێزە گەورەکانى ناتۆ ، بە دواى ئەلتەرناتیڤى بەهێزدا دەگەڕێن ، خۆ ئەگەر ئۆکرانیا و ڕوسیا لەسەر دورگەى کریم کێشەیان هەبێت ئەم کێشەیە کاریگەرى نەرێنى لەسەر بۆرى ( نابۆکۆ ) هەبێت ئەوا کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە شۆینى غازاوى تر بدۆزنەوە و بیخەنە سەر بۆرى ( نابۆکۆ ) هەر لە وڵاتانى وەک ( ئازەرباینجان و باکۆ و تورکمانستان و ئەرمینایا و کازاخستان ) وڵاتانى دەریاى قەزوین ، خۆ ئەگەر ڕوسیا ببێتە کێشە لە ڕێى کراواتیا و ناوخۆى خۆیەوە بۆ سەر بۆرى ( نابۆکۆ ) ئەوا لە پەناى ناردنى نەوتى هەرێمى کوردستاندا دەتوانرێت هەرێمى کوردستان وەک شۆینگەیەکى غاز ببێتە ئەلتەرناتیڤى ئەو کەمکردنەوەیەى کە ڕوسیا لەسەر پێداویستیە غازیەکانى ئەوروپا دایناوە ، بۆیە کوردستان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە باشترین فرۆشیارى غازى سروشتى لە ڕێگەى بۆرى ( نابۆکۆ )وە ، بە شێوەیەک بتوانێت ئەوروپا وا لێبکات پێویستى بە غازى ڕوسیا نەمێنێت ، لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا قازانج دەکات بەوەى کە هاوپەیمانێکى سەرەکى و لە ناتۆ ناکەوێتە ژێر فشارى کارتى غازى ڕوسیا و وەک لایەنى سیاسى سود مەند دەبێت ، تورکیا دەبێتە کۆگایەکى گەورە ، هەم لە ڕوى باج و هەم بۆ پێداویستى ناوخۆى خۆى دەتوانێت سود لە غازى هەرێمى کوردستان ببینێت چونکە ڕێڕەوێکیشە بۆ غازى وڵاتانى قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست ، دەتوانێت ببێتە کارتێک بۆ وەرگرتنى لە یەکێتى ئەوروپا ، بە شێوەیەک ئێستە دەوترێت هەرێمى کوردستان بە شێکى گەورەیە لە سەر نەخشەى وزەى تورکیا ، ئیسرائیل دەتوانێت هێڵیکى غاز بباتە لاى خۆى سودى لێوەربگرێت، ئێرانیش بەوەى گەرەترین وڵاتى غازى یەدەکە دەبێتە کارتێک بۆى تا ئەوروپا بیپارێزێت لە هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل ، سوریا و مسریش بە هۆى تورکیا و ئەوروپاوە سود مەند دەبن لێ ى وەک لایەنى ئابورى ، هەموو ئەمانە وا دەکەن چەندێ کێشەکانى نێوان ڕوسیا و کرواتیا و ئەوروپا زیاد بکات و چەندێ پێداویستى و خواست لەسەر غاز زیاد بکات ، هێندە زوتر کورد دەگەیەنێتە کەنارەکانى سەربەخۆیى ، بە شێوەیەک ئەمە ڕەگێکى تاکتیکى مێژووى هەیە کاتێک لە 2003 دا عێراق ڕزگار دەکرێت ناتۆ لەسەر بناغەى بەرژەوەندیەکانى ئێستەى چاو بە هەڵەکانى مێژوودا بخشێنێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ ( سیڤەر و لۆزان ) و عێراق بکاتە سێ هەرێم و لە دەستورى عێراقى فیدراڵدا هەرێمەکان بتوانن سامانى خۆیان بفرۆشن ، واتا نەخشەیەک لە دۆێنێدا تا ئەمڕۆ بتوانن کارى لەسەر بکەن ، ئەوەتا بەسرە دەیەوێت وەک هەرێمێکى جیا نەوت و غازى خۆى بفرۆشێ کە لە ڕابردودا ئەویش واى لێدێت .
هەموو ئەمانە و چەندین هۆکارى تر وەک جیوپۆلەتیکا و جیۆسیاسى و ئاوى شرین و غاز و نەوت و سەرچاوەکانى وەک پێداویستى سەرەکى یۆرانیۆم و ئاسن و زەوى کشت و کاڵى هۆکار و پاڵنەرى گرنگن کە کورد لەم هەرێمە بەرە و ئاراستەى سەربەخۆ بوون بڕوات ، بە تایبەت دواى ئەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان چوە ناو بەندەرى جیهان و بوە بەشێک لە ئاسایشى وزەى تورکى و پاڵپشتى ئەوروپا و ئەمریکاو ئیسرائیلى لە پشتەوە بوو ، کورد دەتوانێت بچێتە سەر نەخشەى وزەى جیهانى و ئەمەش هۆکارى سەرەکیە بۆ گەشتن بە ئامانجە سیاسى و نەتەوەییمان ، ئیتر هەموو ئەوانەى کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەوترێت تەنها ماکیاجێک و دەمامکێکن کە ئەمریکا نەهێڵێت نەوتى کوردستان بفرۆشرێت ، جگە لە تاکتیکێکى سیاسى هیچى تر نیە .
بە شێوەیەکى سەرەکى هێڵى بۆرى غازى ( نابۆکۆ) یارییەکى جیۆسیاسى گەورەیە سەبارەت بە وزە و بڕیارە ئابورى و سیاسیەکان ، خۆ ئەگەر شەریکەى نەمساوى (m.o ) و بۆتاشى تورکى و (m.o.l ) مەجەرى و ترانس غازى ڕۆمانى و بلغار غزى بلغارى ، پڕۆژەیەک بێت بۆ بەستنەوەى غازى قەزوین بە ئەوروپاوە وە پەڕینەوەى لە ئازەرباینجانەوە بۆ ئەوروپا بە بێ ئەوەى بە خاکى ڕوسیادا تێپەڕێت ، ئەوا (نابۆکۆ) لە سەرەتاوە ویستى غازى تورکمانستان بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا کە چوارەم وڵاتى جیهانە لە غازى یەدەگدا ، پاشان بۆ ئەوەى بتوانێت غازى پێویست بنێرێت بۆ ئەوروپا ئەوا لە ڕێ ى تورکیاوە دەیەوێت هەرێمى کوردستان ببێتە یەکێک لە بەشدارە هەرە گرنگەکانى هێڵى بۆرى غازى ( نابۆکۆ ) ئەو کات دەتوانرێت وەک بنەمایەکى ئابورى گرنگ و ژێر خانى ئابورى هەرێم بەرەو کەنارەکانى سەربەخۆى ببات ……. پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات .. ئایا ئەگەر کورد هۆکارەکانى نەتەوەیى بوونى ئامادە بێت .. ئایا لەسەر چى سستمێک ئەم نەتەوەیە و ئەم دەوڵەتە دروست دەبێت …؟
ئێستە لە کوردستاندا ئاراستەیەک هەیە کە کوردستان بکاتە هەرێمێک کە مۆدێلى خلیجى و وەلى عهد ببێتە سستم بۆ ئەم هەرێمە ، هەموشمان ئەو ڕاستیە دەزانین کە ڕاکان لەم هەرێمەدا بەش بووە بەسەر دوو بۆچوندا ( مۆدێلى ئەوروپى و مۆدێلى خلیجى ) خۆ ئەگەر لە ئێستادا کە سەرەتایە بۆ دەوڵەتدارى و سەربەخۆى بوون کار نەکرێت بە ئاراستەى ئەوروپاییانە ، ئەوا بۆ 100 ساڵى تر ئەم هەرێمە دەبێتە هەرێمى وەلى عەهدەکان و دەبنە خاوەن بنەمایەکى ئابورى بەهێز و هەموو ئەوروپا و ئەمریکا دەبستنەوە بە خۆیانەوە … ئەو کات زۆر زەحمەتە بتوانرێت شۆڕشێک بکرێت تا بگۆڕدرێت بە مۆدێلى ئەوروپى … بە داخەوە ئەوەى دەبینرێت ئەمڕۆ مۆدیلى وەلى عەهد و خلیجیەکە چانسى زیاترى هەیە لە مۆدێلى ئەوروپى … ئەوەى دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بتوانرێت هەوڵ بدرێت لە سایەى سستمێکى دیموکرات و تەندروستدا ئەم بنەما ئابوریانە بەهێز ببێت .. تا بتوانرێت دەوڵەتى هاوڵاتى دروست ببێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت