بەهرۆز جەعفەر : گەڕانەوەى قاعیدە بۆ ناوەڕاستى عێراق و کاریگەرییەکانى لەسەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینى : ئەم توێژینەوە باسەى نوسەر لە 12/1/2014، بڵاوکراوەتەوە ، دواى پێنج مانگ تێپەڕین بەسەر یدا ، لەبەر گرنگیەکەى پێمان باش بوو بڵاوی بکەینەوە .

پێشەکیەک :

گۆڕانکارییەکان لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، دوو سیفەتیان هەیە :

یەکەم : هەموویان پێکەوە گرێدراون ، دەشێت هۆکارەکەى تەکنیکى کارتێکردنى خۆرئاواو زلهێزەکان بن،یان بەرژەوەندییە ئابوریی یەکان ، ئەمە سەربارى گرفتى مەزهەب و ئاین و شەڕە ئیتنیەکانى ناوچەکە .

دووەم : وەکو زنجیرەیەک ئەڵقە هەموویان بەدواى یەکدا دێن ، دەستکاریی یەک شت بکەیت هەموو شتەکان دەگۆڕێت . ئیسرائیل دەیەوێت هەژمونى خۆى پتر بکات ، ئەمەش لەڕێگەى لەقاڵبدانى سیاسەتە ئەتۆمیەکەى ئێران و ، پتر گوێ بۆگرتنى لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە . ئێران گەرەکیەتى تا هەتایە دەست لەناوچەى کەنداوو ، عێراق و سوریاو حزبوڵڵا هەڵنەگرێت و ، دەروازەیەکیش بۆ بازاڕى شمەک و پارەکانى خۆى بدۆزێتەوە ، هیچ نەبێت ستراتیژیی ئابوریی خۆڕاگرانەى خۆى قولانجێک بەرەو پێش ببا ..

تورکیا ، نزیکەى یەک سەدەیە خوازیارە ببێتە ئەندام لەیەکێتى ئەوروپاو ، دەیان موجامەلەى گەورەى کردووەو ، هێشتا زەردەخەنەیەکیشى لەلایەن ئەو یەکێتییەوە وەرنەگرتووە .لەماوەى (8) ساڵى ڕابردوودا لەسەردەستى پارتى دادو گەشەپێدان ، توانییان گەشەیەکى ئابوریی گەورە لەوڵاتەکەیان بخوڵقێنن ، تاڕادەیەکیش سەرکەتوو بن،لەوەدەرنانى قەیرانە نێوخۆییەکانى خۆیان بۆ دەرەوە ، بەڵکو ڕاى گشتى لەنێوخۆدا ، بەشتى دیکەوە سەرقاڵ بکەن .

ئەگەرچى بەهۆى ئەوەى (ئێران و سعودییەو ئیسرائیل و میسر) بەردەوام سەرقاڵى گرفتەکانى خۆیان بونەو لە دیارنەبونیاندا،”ئەردۆغان” بەتەنها ئەسپى خۆى لەگۆڕەپانەکە غارداوە.ئێستا تورکیا لەلێوارى گۆڕانکارییدایە. بۆخۆى گرفتى کەڵەگەبوى هەیە. بەهۆى قۆناغى ئاشتى نێوان کوردو تورک . تەوژمێکى نوێی گویلەنیەکان، کە نفوسێکى باشیان لەناو کایەکانى دەوڵەت و دامەزراوە حکومییەکاندا هەیە، سەربارى ئەمەش دەستلەکارکێشانەوەى نزیکەى (8) وەزیرو پەرلەمانتار ، دەرکەوتنى گەندەڵییەکى زۆر لەحکومەتەکەى ئەردۆغانەوە و گەلێکى فاکتەرى تر…

بەهەموو شێوەیەک هەر گۆڕانێک لەتورکیا ، گۆڕانە لەسوریا،لەعێراق و سوننى یەکانى ناوچەکە ، هەڵوێستى نوێی ڕوسیایە ، هاوکات ئەو ڕاستییەش دەردەخات کە : ئەگەرى ئەوە هەیە ( ئەمریکاو ئیسرائیل بەهاوبەشی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکى عەرەبى سیاسەتى نوێی هەموو ناوچەکە دابڕێژنەوە ) .

ئالەم کاتانەدا، ڕۆڵى ڕێکخراوى قاعیدە و داعش، گەڕانەوەیان بۆ ناوەڕاستى عێراق و دەست پێکردنى شەڕ لە فەللوجەو بەغدادو ناوچەکانى ناوەڕاست ، مەترسی و ماناى ئیقلیمی و هەواڵگریی و سیاسیی خۆى هەیە.

لەم توێژینەوەیەدا ، دەمانەوێت کلیک لەسەرخودى ” قاعیدە و ئامانجەکانیان بکەین”. سۆراخى پرسی کورد لەناوچە داگیرکراوەکان ئەکەین .

یەکەم : ڕێکخراوى قاعیدە کێن و چییان ئەوێت ؟.

قاعیدە یاخود ڕێکخستنەکانى قاعیدە : بریتین لە ڕێکخراو یان بزوتنەوەیەکى فرە ڕەگەزی سوننى ئیسلامیی ئوێوڵى . مێژووى سەرهەڵدان و دروستبونیان بۆ نێوان ساڵانى (1988-1990) ئەگەڕێتەوە.کە بۆ یەکەمجار جیهادى جیهانى و نێودەوڵەتی یان ڕاگەیاند. بە دیاریکراویش ئەم کارەیان لەناوچەکانى باشورى یەمەن و شوێنە خێڵەکیەکانەوە دەستپێکرد ، تا لە جەزیرەى عەرەبیدا ناوبانگیان دەرکرد ، دواتریش توانییان لە (11ى سێپتەمبەرى 2001) تاوەرەکان و بورجى بازرگانى جیهانى لە نیۆرکى ئەمریکا بتەقێننەوەو ، زیانێگى گیانى و ئابوریی گەورە بگەیەنن بەئەمریکاو جیهان .

ئیدى لێرەوە،ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە جیهانى لەخەوێکى قووڵ و بێئاگایی بەخەبەرهێنا. جەنگى دژە تیرۆر لەلایەن ئەمریکاو خۆرئاواوە دەستى پێکرد . داگیرکردنى ئەفغانستان و عێراق و ، چاودێریی ووردى ئێران و پاکستان و چەندین وڵاتى تر، لەلایەن هێزەکانى هاوپەیمانانەوە، گۆڕانکارییەکى ڕیشەیی دروست کرد .

لەبەرامبەردا ، لەژێر چاودێریی و سەرکردایەتى ( ئوسامە بن لادن) کەسی یەکەمى ڕێکخراوەکە ، جۆرەها شێوازى گورز وەشاندن و هێرشکردن داڕێژرا. ئەندامانى ڕێخراوەکە شێوازى تەقینەوە،خۆتەقاندنەوە ، ڕاهینانى دى لە چادرگەکانى ئەفغانستان و سودان ، وڵاتانى دیکەى ئیسلامیی فێردەبون . لەگەڵ ئەوەى لە (2/3/2011) لەلایەن دەستەیەکى هاوبەش لە هەواڵگریی و هێزەکانى ئەمریکاوە لە دوورى (120کم) لەئیسلام ئابادەوە ، ئەمیرو کەسی یەکەمى ڕێکخراوەکە دەکوژرێت . بەڵام چالاکییە تۆقێنەرەکانیان هەر بەردەوامە .

دوو خاڵى سەرەکییان کردۆتە داواو دروشمى خۆیان :

یەکەم : کۆتایی هاتن بە نفوس و دەستى خۆرئاوا لە وڵاتانى ئیسلامیی و عەرەبیدا.

دووەم: هەوڵدان بۆ دامەزراندنى خەلافەتێکى نوێی ئیسلامی .

ڕێکخراوى قاعیدە ، بۆگەیشتن بەئامانجەکانیان هەموو شێوازێکى توندوتیژیی و کۆمەڵکوژیی و خەمهێنەر بەکاردەهێنن ، لەسەرئاستى جیهان ڕێکخراوەکە بەتیرۆریست ناسێنراوە لەلایەن: ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان ، پەیمانى باکورى ئەتڵەسی (ناتۆ) ، یەکیەتى ئەوروپا ، ئوستورالیا ، کۆریاى باشور ، بەریتانیا ، هۆڵەندا ، ڕوسیا ، سوید ، تورکیا ، سویسرا ، کەنەدا، هند ، یابان .

هەیکەلى ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنیان:

هەتا ئێستاش بەشێوەیەکى تەواو زانراو،پەیکەرى ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییە ، دیار نییە ، بەڵام ” جمال فڤل” (جمال احمد محمد الفچل) کە لەدایکبوى (1963) یەو کەسێکى سەربازیی گەورەى سودانیە ، جێگرى پێشوترى ” بن لادن” بووە ،. بەمشێوەیە ڕیزبەندیی کارى ڕێکخراوەکەى داوە بەئەمریکییەکان :

* ئوسامە بن لادن: ئەمیرو کەسی یەکەمى قاعیدە. ( کوژراوە). کەدەستەیەک لە ئەنجومەنى شوراو گەورە ئەندامەکانى قاعیدەى لەگەڵە. بەرپرسی یەکەمى دەستەى کردەوەکانى قاعیدەن.

* ئەیمەن زەواهیرى: کەسی دووەمى قاعیدە بووە ، ئێستاش بەرپرسیارێتى یەکەمى ڕێکخراوەکەى لەئەستۆیە ، دواى کوژرانى ” بن لادن”

* لیژنەى عەسکەریی: بەرپرسە لە چالاکییە کردەییەکان ، هێرشەکان ، مەشق و ڕاهێنان و پلان دانان .

* لیژنەى پارەو ماڵ: بەپێی ڕاپۆرتى ئەم لیژنەیە ، ساڵانە قاعیدە پێویستى بە (30) ملیۆن دۆلارە، کە تێچووى کارەکانیەتى لە جیهاندا. وەک دابین کردنى فڕۆکەو جەوازى تەزویرو .. هتد. ئەگەرچى لەڕابردوودا چەندین وڵاتى وەک عێراقى (سەردەمى سەدام) و سعودییەو تورکیاو چەندین شوێنى تر ، بەوە ناوهێنراون کە یارمەتى ماددیان پێشکەش بە قاعیدە کردووە .

* هەروەها لیژنەکانى شەریعە و دیراساتى ئیسلامى و فتوا.وە لیژنەى ڕاگەیاندن .

دووەم : دەرکەوتنى بەرەى نوسرە

بەرەى نوسرە بۆ خەڵکى شام ( سوریا) : دیسان ڕێکخراوێکە بایەخ ئەدات بە هزرێکى سەلەفى جیهادى ، لەکۆتایی ساڵى (2011) ەداو ، تەریب بە دەرکەوتنى قەیران و شۆڕش لەسوریا دروست بووە .بەپێی ڕاپۆرتەکانى دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا لەسەر ئەم بەرە نوێیە هاتووە کە: پەیوەندییان بە ڕێکخراویی قاعیدەوە هەیە لە عێراق .

لەیەکەم بەیاننامەیاندا لە (کانونى دووەمى 2012) بانگەشەى جیهادو هەڵگرتنى چەک دەکەن دژى سیستەمەکەى ( بەشار ئەسەد) . ئەمانە ڕەگەزو (جنسیات) یان ، بەگشتى بریتى یە لە : ” سوری ، عێراقى ، چیچانى ، ئەفغانى ، ئۆزبەکستانى ، تورکى ، کەمێکیش ئەوروپى”. بەمزوانەش بەریتانیا ڕاى گەیاند: هەرکەسێک بچێت بۆ داعش و بەرەى نوسرە ، گەڕانەوەى نییە بۆ ووڵات .. ئەم بڕیارە ئەوە دەرئەخات کە ئەوروپاش هەستى بەلێکەوتەکانى ئەم مەترسییە هەنوکەییە کردووە .

بەرەى نوسرە ، پەیام و بەیاننامەکانى خۆیان بەشێوەیەکى نادیار لەڕێگەى ” مۆسسە البیڤاء للڕنتاج الڕعلامی” بڵاودەکەنەوە ، گرتە ڤیدیۆیی و چالاکى و تەقینەوەکانیش لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى ( فەیسبوک و یوتیوب) بڵاوئەکەنەوە . کەناودارترینیان ڕاگەیاندنى (کتائب احرار الشام).سەر بە (بەرەى نوسرە) یە.

دیارترین چالاکى گورز وەشاندنیان لەسوریا ، تەقاندنەوەى بیناى سەرۆکایەتى ئەرکانى سوپاى سوریابوو لە دیمەشقى پایتەخت لەساڵى (2013) دا، تەقاندنەوەى بیناى هەواڵگریی ئاسمانى سوریا لە (حرستا) .هەروەها یەکگرتنیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانى سوپاى ئازاد بۆ کارو چالاکى هاوبەش .وەکو شەڕەکانى حەلەب . 

سێهەم: دەرکەوتنى داعش .

داعش : کورتکراوەى دەوڵەتى ئیسلامییە لە عێراق و شام (دولە اسلامیە فی العراق والشام). بەپێچەوانەى بەرەى نوسرە کە زۆربەى سەرکردەو پیاوکوژەکانى سورین ، داعش هەمەڕەنگە لەوڵاتانى عەرەبى و،ئامانجەکەشی لەو ماوەکورتەى کە دروستبووە ، دروستکردنى ئەمارەتێکى ئیسلامییە لە عێراق و شام . دواى ئەوەى هێرشێکى توندییان کردە، سەر زیندانى ئەبوغرێب و زیاتر لە (100) کەسیان کوشت و ، زیندانیەکانیشیان ئازادکرد .

لەکۆتا ڕۆژەکانى (2013) و سەرەتاى سەرى ساڵى (2014) شدا، هاتنى خۆیان بە فەرمى بۆ عێراق ڕاگەیاند ، کە لەپارێزگاى (ئەنبار) دا خۆیان بینییەوە . شەڕێکى زۆریش لەقەزاى فەللوجە( کە سەر بە پارێزگاى ئەنبارە) ڕوویداو ، داعش توانى دەست بەسەر شارەکەدا بگرێت .ئەوەى جێی تێبینى زیاتر بوو،بە دەیان ئۆتۆمبیلەوە بەئاشکرا دایان بەسەر شارەکەداو گرتیان !. مرۆڤ هەستى ئەکرد لە عێراق و ئەم ناوچانە بەتایبەتى چەندین کارگە هەن ،هەمیشە ڕۆحیەتى بەرهەمهێنانى تیرۆریستیان هەیە.

ئەنبار: یەکێکە لەگەورەترین پارێزگاکانى عێراق ،ئەکەوێتە بەشی ڕۆژئاواى وڵاتەوە ،ڕووبەرەکەى (138،500 کم) چوارگۆشەیە. بەپێی ئامارى (2013) ژمارەى دانیشتوانەکەى دەگاتە (1،9000000) ملیۆنێک و نۆسەد هەزار کەس .پارێزگایەکى سووننى یە. لەمێژوودا بە (لیواى دلێم) ناسراوە .گرنگترین شارو قەزاکانى سەر بەم پارێزگایە : (ڕوومادى:کەمەرکەزی پارێزگاکەیە) دواتریش :

فەللوجە. . هیت .. قائم.. حەدیسە.. عوکاشات .. حەببانییە.. سەرسار.. نوعەیمە.. خالدییە.. عەباسییە و چەندین شوێنى دیکە.

عێراق و سوریا ، دوو وڵاتى دراوسێن و نزیکەى (600 کم) سنورى هاوبەشیان هەیە.پێدەچێت داعش سەرەتاى ڕزگارکردنى دووبەرەى گەورەى لەعێراق و سوریا بۆ ژێر دەستى خۆى ، کردبێتە ئەجێندەیەکى پیرۆز، دەست بەسەراگرتنى فەللوجەو پارێزگاى ئەنبار بەگشتى ، هەر لەو هێرشەدا کوشتنى دەیان جەنەراڵى سوپاى عێراقى لەلایەن داعشەوە ، کە: دیارترینیان ” قائیدى فیرقەى 7 ” (عمید محەمەد الکروی و جیگرەکەیەتى) . هەروەها بەپێی ووتەى وەزارەتى بەرگرى عێراق کوژرانى (55) کەس لەچەکدارەکانى داعش بەهاوکارى چەکدارى هۆزەکانى ئەنبار ، هاتنە ەرهێڵى گەرمى ئەمریکا بۆ پشتیوانى شەڕ دژى تیرۆر ، کت و مت تواناوئیرادەى هێرشکردن و ڕایەڵەکانى ئەوان لەعێراق ئەسەلمێنێ بەهاوبەشی لەگەڵ قاعیدە.

پێدەچێت، زۆرجار حکومەتى عێراقى، وەک مەسجێک کارئاسانى بۆئەم گروپە تیرۆریستیانە بکات لەبەرژەوەندی خۆى وەبەرهێنانى لەسەر بکات، ئەوەتا وەزیرى دادى عێراقى (حەسەن شەمەرى) دەڵێت: ئامانج لەئازادکردنى بەندکراوەکان و دەستگیرکراوەکانى گرتوخانەکانى عێراق ، کارئاسانى کردن بۆ گروپە تیرۆریستیەکانى وەک قاعیدە ئەوەبوو،کە ئەمریکا بترسێت و گورز لەبەشار ئەسەد نەوەشێنێت .!.

بەشێوەیەکى گشتى ،هۆکارى دەرکەوتن و خاڵى بەهێزى ” داعش” لە (3) خاڵدا خۆى مانیفەیست ئەکات :

یەکەم: پیشتگیریی و ئاڕاستەکردنیان لەلایەن وڵاتانى ئیقلیمییەوە .

دووەم: ژینگەو زەمینەى عێراق هەرخۆى لەبارە بۆئەوەى ئەم هێزە توندڕەوە تیایدا گەشەبکات و ،باڵى بەسەردابکێشێت.

سێهەم: تەکتیک و مەشق و شێوازى پەلاماردان و جۆرى چەکەکانیان و ئەندامەکانیان، هەروەها لینکەکانى پەیوەندییان جیاوازترو بەهێزترە،لەهەموو گروپەکانى تر.

چوارەم : گەڕانەوەى قاعیدە بۆ عێراق

عێراق بۆ قاعیدە،وەک خانەخوێ و ماڵى خۆیەتى ،هەرکاتێک بیەوێ ،تیا ئەخەوێت، تەقینەوەى تیا ئەکات، وێرانى ئەکات .گەڕانەوەى قاعیدە بۆ عێراق ،ماناى وانییە کەپێشوتر قاعیدە عێراقى چۆڵ کردبێت .بەڵکو قورسایی قاعیدە لەشوێنى دیکە بووە ،ئەو کارانەى قاعیدە لەناوچەکانى خوارو ناوەڕاست ویستویەتى بیکات،لەدواى کوژرانى کەسی یەکەمیان (ئەبو موسعەب زەرقاوى) لەساڵى (2006) ،لەڕێگەى پاشماوەکانى خۆى، یاخود کۆنە بەعسیەکان ،نەقشبەند ییەکانى خوارووى کەرکوک (نەقشبەندى لەشوێنى دیکەش هەیەو خەڵکى موسڵمان و ئاشتیخوازن) ئەنسارولسوننە و…هتد. ئێستاش وێڕاى هەموو ئەمانە،بە ڕێگەى (داعش) و کەتائیبەکانى ترى خۆیەوە دێتەوە بۆ عێراق . بۆ ئەمە چەند ئاماژەیەکى گرنگ هەیە:

یەکەم: جیاوازی هەیە لەنێوان پاڵپشتى کردنى تیرۆر لەعێراق، لەگەڵ هاوردەکردنى تیرۆر بۆ عێرق .لەئێستادا ڕەنگە خستنەوە گۆڕەپانى ئەندامانى قاعیدە،گەورەکردن و قەبەکردنى ڕۆڵى ئەو ڕێکخراوە بێت لەسوریا،هەروەها بۆ ترساندنى ویلایەتەیەکگرتوەکانى ئەمریکاو کۆنگرێسى وڵاتەکەى بێت،تابڕیارى وەشاندنى گورزى سەربازى دژى سوریا دەرنەکات و بزانێت دواى بەشار ئەسەد کێ لەسوریا دەسەڵات ئەگرێتە دەست .

 

دووەم: خوێندنەوەیەکى سۆسیۆ-پۆڵەتیکیانە بۆ ئێستاى عێراق.

عێراق: وڵاتى شۆڕش و کوتاوئاژاوەو یاخیبونەکانە،جەگرافیایەکە مێژووەکەى تراژیدى و تۆقَنەرو خەمهێنەرە،لێرە هەمیشە تاکى عێراقى حەزێکى دکتاتۆریانەو خۆسەپێنى هەیە بەسەر ئەوانى تردا،تەنانەت لەسەر گومان خەڵک دەکوژن بۆ تەمێکردنى ئەوانەى دژى گروپگەرایین لەعێراقدا.ڕەنگە فەلسەفە لەعێراقدا لەو پەندەوە دەست پێبکات کە دەڵێت:” لەبرى ئەوەى کشى لێبکەیت،قاچى بشکێنە”.واتا پێویست ناکات چەند جارێک کش لەمریشکێک بکەیت و قاوى بدەیت،بەڵکو چارەسەرى بنجبڕ ئەوەیە قاچى بشکێنیت،تاجارێکى تر توخنت نەکەوێتەوە.

ڕوونتریش، لەهەناو یاخود بونیادى خانەپێکهێنەرەکانى عێراقدا،بەدرێژایی مێژوو قاعیدەیەک هەبووە بۆ توندڕەوى . واتا هەربۆخۆى زەمینەو ئەدمۆسفێرەکە کارگەى بەرهەمهێنانى سڕینەوەو داهێنانە لەشێوازو تەکنیکى نوێی تۆقاندن و کوشتندا.

لەمێژووییەکى کۆندا،ئەو خەواریجیانەى ئێمام عەلی یان کوشت،پێشوتر لەهەرە توندترین هەوادارو لایەنگرو پێڕەوانى بوون.لە سەردەمى نوێشدا زیندوترین نمونە: هەڵوێستى عەبدولسەلام عارفە،کە یەکەمین کەس بوو دروشمى (ماکو زعیم الا کریم) ى هێنایە گۆڕێ و داواى کرد.پێدەچێت زۆرێک لەعێراقیەکان تائێستا ئەوە نەزانن کە عەبدولسەلام زۆر شلگیرو سەرگەرم بوو،زێدەڕۆیی دەکرد لەمتمانەو پشتگیرى بۆ ” عەبدولکەریم قاسم” لەماوەى کارى لیژنەى باڵاى ئەفسەرە ئازادیخوازەکاندا.بەڵام لەکۆتاییدا عەبدولکەریم قاسم دەڕوخێنن،قاسم داوا لەسەلام دەکات کە لەفەرمانى لەداردان ئاوارتەى بکاو دەڵێت:” لەدارم مەدە،چونکە من لەدارم نەدایت.”.کەچى عەبدولسەلام گوێى بەم تکا برایانەیە نەدا،بەڵکو زێدە ڕۆیی کردو گوللە بارانیان کرد،قاسم ئەوەندە مەردانە لەپێناو دۆزو بۆچونەکانى خۆیدا جەنگا تەنانەت بەچاوى خۆى تەماشاى ئەو گوللانەى دەکرد،کەپێوەى دەنران.

لەبارەى زێدەڕۆیی عێراقیەکان بۆ تۆڵەکردنەوە، لەساڵى (2004) تەرمى سەربازە ئەمریکیەکان دواى کوشتنیان لەفەللوجە،دەسوتێراو بەدواى ئۆتومبیلدا ڕادەکێشرا.هەموو ئەمانە سەرەنجامێکى ترسناکى سیاسى ئەدەن بەدەستەوە،ئەویش قەیرانى متمانەى هێزە ئایدۆلۆجیاکانە بۆ پێکەوە هەڵکردن،مەگەر ئەوە حەسەن نەبوو وەسیەتى کرد،کەباوکیشى پێی وتووە:” متمانەتان بەخەڵکى کوفە نەبێت،چونکە هەم باوکیان کوشت و هەم سوپاکەیان هەڵوەشاندو،کەرەستەکانیشیان بەتاڵانبرد.”.

لە مێژووى شیعرو ئەدەبی عێراقیدا یەک شاعیرو روناکبیر نییە دووفاقى نەکردبێت و دواى چەپلەلێدان، تفى لەڕێبازەکەى پێشووى خۆى نەکردبێت.بەزەحمەت نەبێت ئەرێ ئەو چەند ملیۆن کەسەى پێشبڕکێیان دەکرد لەچەپڵلێدان و هوتاف کێشان و قوون بادان بۆ بەرزڕاگرتنى سەرۆک چییان لێهات..؟.

“باقر یاسین” سەرکردەى رۆشنبیرى بەعس، ئەلێت : بەدرێژایی حوکمى بەعس عێراقم بەجێ نەهێشتووە،تەنیا پەروەردگار لەعێراقدا چەپڵەى بۆ ێەدام لێنەداوە.”ئەرێ هەر ئەمانە نەبوون لەپەرلەمان دەنگیان بە فیدراڵیەت داو،دواییش لەدەرەوە دەستى یان کرد بەوتار نوسین دژى و لێدوانى توندیان ئەدا،تەنانەت بەشێکى ئەم پەرلەمانتارانەى ئێستا پشتگیرى لەمالیکى دەکەن ،پێشووتر لەسەر بنەماى دژایەتى کردنى مالیکى هاتوونەتە ناو پەرلەمان و دەنگیان هێناوە.بەڵێ..ئیمامى عەلى ووتى: خەفەت بۆ ئەوکەسەش ئەخۆم کە هەوڵى ئاشتەوایی لەگەڵ ئەمانە ئەدات.بۆ..؟.ئەو یەکەم کەس بوو کە باسی لێبوردەیی و ئاشتى و برایەتى و شوراى دەکرد،بەڵام شکستى گەورەى خوارد،ئەگەرچى ئەم چەمکانە ئەخلاقین و پێویستن،بەڵام تا دێنەدى ڕەنگە عەیامێکى دوورو درێژى گەرەک بێت.بۆیە عێراق ئەو شوێنەیە کەهیچ تاک و سیاسیەک متمانەى بەئایندە نییە،وەکو چۆن شاعیرەکە ووتى:” هیچ ساغێک بەمزووانە،بەساغى نامێنێتەوە.”.هەر ئەوەندە هەستى کرد سەرکەوتووە،ئیتر حوکمى ئاگرو ئاسنى حەجاجیانەى خۆى دەست پێدەکا.

لەسەردەمى خەلافەتى ڕاشیدینەوە،تا حوکمى دەولەتى عوسمانى (1538-1918) سووننەکان حوکمیان کرد، لەداگیرکردنەوەى عێراق بەهاوکارى سووننەکان لەلایەن ئینگلیزەکانەوە ،وە دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق (1921) هەتا ساڵى (2003) سووننەکان حوکمى ئاگرو ئاسنی خۆیان کرد.

ئێستا،داهات و نەوتى عێراق زۆر بووە،شیعەکان زۆرینەن ،یەکەم جارە حوکمى وا دەگرنە دەست.خوازیارى پتر کردنى هەیمەنەو هەژموونى خۆیانن ،بێگومان چەک ناکڕن تا ژێنگە بپارێزن،بەڵکو ئەوەندە بەسە بوترێت : مرۆڤایەتى بەردەوام لەجەنگدایە.تامرۆڤ بمێنێت ، جەنگ بەردەوامە. چ جاى ئەو مرۆڤە عێراقیش بێت .

سێهەم : پێدەچێت بۆچون و بەرنامەى (دەوڵەتى ئیسلامى لەعێراق و شام-داعش) لە دواى کوشتنى (زەرقاوى) لەعێراق گەڵاڵە بوبێت .بەو پێیەى لادانێک هەیە لە فەرمانەکانى قاعیدە .بەگشتى لەسیفەتە جیاوازەکانى “داعش” ئەوەیە: مەکەزیەتێکى بەهێزو ڕێکخستنێکى بەرفراوانیان لەمەرکەزیەتدا هەیە. توندڕەوتریشن .هەروەها لە ژێر فەرمان و زەعامەتى (زەواهیرى) دەرچوونەو ،” ئەبوبەکرى بەغدادى” سەرکردەیانە .

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سەرکردەى ڕێکخستنەکانى قاعیدە لەمیسر ” عاێى بن ابى بکر” ەوە،بۆ بەرپرسی ڕێکخستنەکانى داعش “ئەبوبەکرى بەغدادى” نێرراواوە،دەردەکەوێت هەواڵگریی عەسکەریی داعش لە عێراقەو،تیایدا داواى هاوکارییان لێ دەکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هێزە ئەمنییەکانى میسر !.

پێنجەم : کارێگەرییە نوێیەکانى قاعیدە لەسەر کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان .

کەرکوک،خاڵى بەهێزى هەموو لایەنەکان و جێگەو پێگەى ئابوریی و موخابەراتى چەندین یەکەى ئیقلیمى و نێوخۆیی یە.لەکەرکوک و ناوچەداگیرکراوەکان زیاد لەچەندین پرۆژە کارئەکەن :

یەکەم: “خەمیس خەنجەر” بازرگانێکى گەورەی عەرەبى سووننى یە،بەپارەى “رەغەدەى کچى سەدام حوسەین” مامەڵە ئەکات.لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوێکى بەناوى مافى مرۆڤەوە کردۆتەوە. لەئەستەمبوڵ ئەژى . دوو مانگ پێش ئەوەى (2013) کۆتایی پێ بێت.هەموو کوتلە عەرەبیە سووننیەکانى بانگهێشت کردووەتە تورکیا، لەوێ ڕێکى خستون، وە بڕیارى یەکڕیزی عەرەبى سوننە لەکەرکوک لەوێوە دەدرێت .هاوکات هەر لەساڵى (2013) لەمەڕ تەقینەوە زۆرەکانى قەزاى دووز،وەزیرى دەرەوەى تورکیا ” د:ئەحمەد داود ئۆغلۆ” ئامادەیی نیشاندا،کە سەردانى دووز بکات.. کەواتە تورکیا نەک هەر بێ ئاگا نییە لەڕووداوەکانى ناوەڕاستى عێراق و دەورو بەرى کەرکوک،بەڵکو بەشداریشە لەخوڵقاندنى ڕووداوەکاندا .

دووەم: جەنگێکى سارد لە نێوان (داعش) و (ئەنسارولسوننە) لەدەوروبەرى کەرکوک هەیە،سەرى کێشاوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى چەکداریی .بەپێی ئامارەکانیش لەماوەى (5) مانگى کۆتایی (2013) دا،(21) ڕووبەڕووبونەوەى چەکداریی لە نێوان ئەم دوو هێزە توندڕەوە ئیسلامیەدا ڕوویداوە. هاوکات ئەو بەیاننامەیەى دەست هێزەکانى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک کەوتووە،(ئەنسارولئیسلام) دەرى کردووەو،داواى هەوڵى یەکگرتن و یەکڕیزى (داعش) و (ئەنسارولسوننە) دەکات .لەکاتێکدا هەموو ئەندامە باڵاو گەورەکانى ناو گروپى (ئەنسار سووننە) لەخواروو ڕۆژئاواى کەرکوک،بریتین لەئەفسەرو بەرپرسە باڵاکانى حزبى بەعسى پێشوو .

سێهەم : داعش،لە (15/12/2013) بە (6) کەسی چەکدارەوە،هێرشێکى بە بەرنامە بۆداڕێژراوەوە،پەلامارى (دەزگاى هەواڵگریی عێراق) یان داو،بۆ کاتژمێرێکیش دەستى یان بەسەرداگرت .دواى نزیکەى (15) کاتژمێر شەڕ،سوتانى بینای (جەواهیر مۆڵ) .کۆتایی پێهات .ئەم هێرشە بۆ سەر ئەو دەزگایە ئاماژە بوو،بەوەى هەرکات بیانەوێ لەمێشکى کەرکوک،وە لەمێشکى حکومەتى عێراقى ئەدەن .

چوارەم : سیاسەتى کورد لەکەرکوک و ناوچەکە،سیاسەتێکى ئەمنى و مرۆیی لاوازە، هەر هەڵوێستێک کە دیراسە نەکرابێت،هەموو ڕەهەندەکانى لێک نەدرابێتەوە،لەلایەن هەر بەرپرسێکى کوردەوە، دوور نییە نەک لەکەرکوک بەڵکو لە دهۆک و هەولێرو سلێمانى ،ئەم هێزە توندڕەوانە چالاکى گەورە ئەنجام بدەن .هەر یەک لەم هێزانە (داعش، ئەنسار ئیسلام، ئەنسار سوننە،نەقشبەندییەکان وپاشماوەکانى ترى بەعس) چەندین ئامانج کۆیان دەکاتەوە،لەسیفاتیشدا دژە مرۆڤ و توندەڕەوییەکى بێ ئەندازەیان هەیە. مەشق پێکراون .بە باکگراوەندێکى ئایدۆلۆژیی و ئیتنى خەستەوە،دەردەکەون .شارەزان لە ئیختراق و درز خستنە نێو ناوچە ئارامەکان .

بە توێژینەوەو بێ توێژینەوە،گومان لەوە نییە،کە لەناوچە داگیرکراوەکان و کەرکوک بەتایبەتى کۆنەبەعسى و شانەکانى داعش بونیان هەیە. ئەمانە لەسەر شێوازى ڕایەڵەیەکى ئاڵۆز بەڕێوە دەچن، ئاسان نییە سەرى هەموو پەتەکانیان بدۆزیتەوە،دوور نییە تووشی سەرلێشوانت نەکات .لەسەرێکەوە (عەزە دوورى و ڕەغەدەى سەدام هەیە کە لە ئەردەنەوە لەناو بارەگاى سەرەکى حزبى بەعسەوە کەیسەکان و کەسەکان ئاڕاستە دەکەن). لەسەرێکى دییەوە (ناکۆکى نێوان داعش و قاعیدە لەسوریاو عێراق، داعش و ئەنسارو سووننە هەیە) سەرێکى دیکەى ئەم پەتە بەدەست بەرژەوەندییەکانى تورکیاو بەرەى تورکمانى کەرکوکەوەیە،ئەوسا ئیسرائیل و ئەمریکاش لەودیو پەردەکەوە بەردەوام یان پێدەکەنن،یان وا ئاڕاستەکە دەبەن کەخۆیان گەرەکیانە..بێجگە لەئێران کە ڕەنگە بەرپرسە باڵاکانى عێراق شەو بخەون،بەڵام ئێران بەشەویش لەعێراق و سوریا ناخەوێت .

دەرەنجامەکانى ئەم باسە

یەکەم: بەگشتى و بۆ گشتى : خۆ سەرقاڵکردن بەدیموکراسیەتەوە لەعێراق،خۆ کوشتن و خۆ خەڵەتاندنە،یاخود خۆگێلکردنە تا ماوەیەکى درێژ کە زەمەن چاکى بکات .

دووەم: بەکورتى و بەپوختى: یەک داشێک بجوڵێنى لەم گەمە ترسناکەدا،هەموو داشەکانى دى دەجوڵێن و کارەسات دروست ئەبێت .ڕوونتریش بەبێ بەکار نەهێنانى ئەقڵ و ئەزمون و ژیریی تەواو،یەک شتێک دنە بدەین،هەموو شتەکانمان لەدەست ئەچێت .

سێهەم : بەنیسبەت کوردەوە: تا ئێستا کوردو سەرکردایەتى سیاسییەکەى،نازانن ڕێژەى کورد لەهەریەکە لەکەرکوک و قەزاو ناحیەکانى دەروبەرى بە ووردى و بەزبرى چەندن ؟ کە ئاماریش نەبوو،پلان نابێت .تەنها بڕێک پارەى زۆرى پترۆ-دۆلار و بودجەى شارەکانە،هەندێکى خەرج کراوەو،جارجاریش گەڕێنراوەتەوە بەغدا. بۆیە هەرچى زووە دەبێت دوو جۆر توانا لەناوچە داگیرکراوەکان بەهێز بکرێت،تاوەکو بەتەواوى دزە نەکەنە ناو هەرێمى کوردستانەوە :

ئەلف : توانا مرۆییەکان ،چونکە بەعس و هێزە توندڕەوەکان هەر بیناو شەقام و نەخۆشخانەیان وێران نەکردووە، زهنیەتى مرۆڤ و کەسێتى تاکى کوردیان شێواندووە .

با : سەرکردایەتى سیاسی کورد،ڕەهەندو ئاستەکانى ئاسایشى نیشتمانى لەکەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکان بەهێزبکات ، بۆنمونە : ئاسایشى تاک چى یە؟ . ئاسایشى کۆمەڵ چیە ؟. ئاسایشى ئیقلیمی و نێودەوڵەتى چین ؟. هەروەها دیسان (ئاسایشى ئابوریی بە هەموو لقەکانییەوە، ئاسایشى سیاسی کە لەیەک ڕیزیی یان هەر نەبێت هەماهەنگى ئەمنیی و نەتەوەییەوە دەست پێدەکا،ئاسایشى کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیریی ).

چوارەم : ژوورێکى هەواڵگریی هاوبەش و توندو تۆڵ، کە گڵۆپى سەوزیان لەناوەندیی بڕیارەوە بۆ هەڵکرابێت، دابنرێت لەکەرکوک و موسڵ و خانەقین ،تاسەرپەرشتى ئەم سێ ڕێڕەوە بکات.بەمەرجێک دوور بن لەکارى حزبایەتى و گوێڕایەڵى کەسانێک کە بۆ مەرامى شەخسى بەکاریان بهێنێت . هەم پشتێنەیەکى توند بن بۆ خودى ناوچە داگیرکراوەکان،هەم بۆ هەرێمى باشورى کوردستان .

پێنجەم : دەبێت هێزە کوردییەکان دەوروبەرى کەرکوک و دووز و خانەقین و موسڵ،چۆڵ نەکەن، چونکە:

ئەلف : ڕێژەى کورد لەناو سوپاى عێراقدا بۆ (3%) دابەزیووەو کەمبۆتەوە .

باْ : ئەگەر لەحەویجەو ڕیازو یایچى و ڕەشادو زاب و .. تا شوێنەکانى دى لەدەوروبەرى کەرکوک ئەم هێزانە بەریان نەگیرێت،وە لەناوخۆیاندا لێ نەدرێن .ئەواتە تەشەنەدەکەن و مەداى کاریان بەرینتر دەبێتەوە .

چەند سەرچاوەیەک لەنوسینى ئەم باسەدا سودیان لێوەرگیراوە .

1- باقر یاسین : کەسێتى تاکى عێراقى ،چ 2 ،سلێمانى – 2012.

2- حرب باردە بین “داعش” و ” ڕنێار السنە” فى کرکوک تتحول الى مواجهە مسلحە ، بغداد- العالم . العالم

3- عشائر الڕنبار متخوفە من عودە تنڤیم القاعدە للمحافڤە ، بغداد-موسوعە العراق . http://www.iraqipedia.net/?page_id=2635

4- محافڤەالانبار : ویکیبیدیا .  ویکیپێدیا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت