عیماد عەلی : گۆڕانکاری لەعەقڵیەت پێش سیاسەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ئەوەی باس لە جەوهەری کۆڕانکاریی سیاسی بکەین ، پێویستە بیر لە بونی زەمینەیەکی رەخساو بۆ بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئەو ئامانجە ، لە دابینکردنی پێشوەختی پێویستیە مادی و مەعنەویەکانیەوە ، بکرێتەوە ، لە رێگەی بەرزبیرکردنەوە و فراوانبونی عەقڵیەت و رەفتاری خەڵک لە ژیاندا .
گۆڕانکاری هەمەچەشن زەرورەتێکی حاشاهەڵنەگرە و ، پێویستیەکی سەردەمە، دەبێت لە ناو گەلانی ئێمەدا روبدات ، بەڵام ئەمەش تەنها بە سندوقەکانی دەنگدان نایەتەدی .. چونکە پێش هەر شتێکی تر پێویستمان بەبونی عەقلێەت و زیهنی گۆڕینە … واتە گۆڕان لە تایبەتمەندی و چونێتی پێشکەوتن و زاڵبون بە سەر رێگە و شێوەکانی بیرکردنەوە ، لە ئاست سەرجەم بوارەکانی ژیاندا .
جا میلەت چۆن گۆڕانکاری لە لۆجیک و بیرکردنەوە و عەقڵیەتی خۆیدا دەکات ، لەکاتێکدا ، لە روانگەی دوانەیەکی جیاواز و زاڵ بەسەر یەکتردا تەماشای هەموو رەهەندەکانی ژیان بکات و بەسەر دوو دوراییدا دابەشیان بکات ، کە ئەمانەن:
1- دورایی بەرەها و گرنگ بینینی ئەویتر بەشێوەیەکی باڵا و زاڵ و بە حاکمی خاوەن هەموو موڵک و توانا هەمەچەشنەکان ، بەهەڵگرتنی حەقیقەتیشەوە .
2- دورایی بە نزم و بێنرخ و سوک بینینی رەهای ئەویتر ، واتە کۆیلە و حوکمکراو و پاشکۆی موڵکداری باڵا و خاوەن فەرمان و راستیەکان بە بەردەوامی .
واتە ، دابەشکردنی بیرکردنەوە لە ژیان بەسەر دوو ئاستی جیاوازدا ، بینینی ئەویتر بە باڵایەکی زاڵ لەبەرامبەر نزمێکی ملکەچ ، بە شێوەیەکی رەها .
دونیابینیی ئێمەی رۆژهەڵاتی ، بەم دوو رێرەوی بیرکردنەوە ئاسۆییەدا و ، ئەم بۆچونەیە کە زاڵە بەسەر عەقڵیەتی هەموماندا و راستەوخۆ لە سەرجەم بوارەکانی ژیانماندا رەنگیداوەتەوە .. هەر ئەم روانینە جیاواەزەیە بۆ ژیان و سەر زەوی ، کۆیلایەتی و جیاوازی چینایەتی و توندوتیژی و ناکۆکی و ململانێ و شەر و رق و کینەی دروست کردووە …
لەسەر ئاستی ئەفسانە وئاییندا ، پەیوەندی خوا و خەڵک… لەسەرجەم ئاینەکاندا بە ئاسمانی و غەیرە ئاسمانیشیەوە ، سیفەت و ویستی خوا هەمیشە لەسەروی سیفەت و ویست و بیرکردنەوە و عەقڵیەتی خەڵکدایە … هەر ئەم هۆکارەشە وای کردوە کە خوا لەخەڵک جیادەکاتەوە و لەیەکتر دوریان دەخاتەوە .. واتە خوای گەورەی بێ هاوتا کە بە توندوتیژ و ئەشکەنجەدەر و توندرەو و هەمیشە حەقانی و بێ هەڵە و کەموکورتی لە لایەک و بەرەحم و بەزەیی و خەڵاتبەخش لەلایەکی ترەوە، وێنا دەکرێت ، لەبەرامبەردا ، مرۆڤایەتی ئینسان لە کۆیلەبونیدا بۆ ئەو بۆچون و سیفەتانە کورت دەکرێتەوە تا رادەی کۆیلایەتیەکی بێ ئیرادە و پشت بەستو بە چەمکێک بەناوی قەزا و قەدەرەوە ، کە وای لێدەکات دەستەوەستان و چاوەرێی ئەویتری خالق و رێکخەر ، کاری بەردەوامی رۆژانەی ئەمیش لە ئەستۆ بگرێت ، ئەمەیە دوو دورایی و رەهەند و بینین، تەنانەت دژ بەیەک کە بۆشاییەکی قوڵی خستۆتە نێوانیانەوە .
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی .. ویستی نێرلە ویستی مێ هەمیشە باڵاتر و بەهێزتر و فەرزترە و سیفەتی نێرینە لە سیفەتی مێینە باڵاتر دەبینرێت و هەمیشە مێینە جێگەی بەزەییە نەک هاوتا و یەکسانی لەگەڵ ئەویتری باڵادا . ئەگەر نێرەکە هەر نەقس و کەموکورتیەکیشی هەبێت بەنەبونی پیاوەتیشەوە ، بە چاوی باڵابونیەوە تەماشا دەکرێت . ئەم بیرکردنەوە و بۆچونە ، تەنانەت لە حاڵەتی قوربانیە ئاینیەکانیشدا رەنگیداوەتەوە ، بەران دەکرێت بە قوربانی نەک مێ .. گا نەک مانگا .. کەڵەشێر نەک مریشک …
هەروەها لەسەر ئاستی سیاسییش ، رۆڵ و جێگەی حاکم لەبەرامبەر حوکمکراو .. ویستی حاکم هەمیشە زاڵە ، ئەمەش وا دەکات کە حاکمی دەسەڵاتدار توندوتیژ و زاڵ، بە شێوەیەک دەسترۆیشتوبێت کە مەحوکمکراو لە بۆتەقەکەیدا دەتوێنێتەوە ..
لەسەر ئاستی ئابوری ، واتە پەیوەندی کاری بەرێوەبردنی ئیداری لە بەرامبەر کاری جەستەیی ، زۆر باڵاتر و رێزلێگیراوترە …. واتە ، بۆ نمونە ئەندازیارێک کە لە ئۆفیسەکەی دادەنیشێت حوکم بەسەر ئەو کرێکارەدا دەکات کە کاری جەستەیی مەیدانی دەکات و سەرەرای ئەوەی کە بەبێ ئەو هیچ بەرهەمێک لەسەر ئەرزی واقیعدا نابینرێت .. لەو نێوەندەدا ، رۆژانە باش دەبینین کە حوکمی ئیداری چەند زاڵ و رێزلێگراوترە ، بۆ نمونە ، هەر بەرێوەبەرە : کە هەمیشە زاڵە و لەسەر حەق دادەنرێت لە بەرامبەر خەڵکە ژێردەستەکەی خۆیدا ، ئەوە لە ئاست خەڵکیتری وەک کرێکاری پاککەرەوە و حەماڵ و خزمەتکار و خزمەتگوزار و بارهەڵگردا ، تەنانەت بە چاوێکی زۆر نزم و سوکیشەوە تەماشایان دەکرێت .
بۆیە، پێش ئەوەی چاوەرێی ئەوە بین لە رێگەی دیموکراسی و ئالیەتێکی وەک هەڵبژاردن گۆرانکاریەکی ریشەیی راستەقینە لە بوارەکانی ژیانماندا روبدات ، دەبێت بیر لە گۆڕینی بیکردنەوەمان بکەینەوە ، بە خۆمان جیاوازیەکان کەم بکەینەوە و رەوشەکە بەرەو حاڵەتێک بەرین کە هەست بە بەرزیی بیرکردنەوە و بۆچونی خەڵک بکەین . لەم بارەشەوە، پێویستە توانا رۆشنبیریەکانی بژاردە و دامودەزگاکان بخرێتە ئامادەباشیەکی درێژخایەنەوە ، بە پلانێکی تۆکمەی زانستیانە و پەروەردەییانە هەوڵی گۆرانکاریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قۆناغ بە قۆناغ لە کۆمەڵگەدا بدرێت ، دوور لە عەقڵی سیاسی زۆرێک لە سەرکردایەتی سیاسی کورد ، کە جکە لە بواری ژیانی قەتیسکراوی نێو بارەگا و دامودەزگاکان بیر لە هیچ لایەکی تری پەیوەست بەعەقڵیەت و بیرکردنەوە و پێشکەوتنی میلەت ناکەنەوە ، تەنانەت هەر هەموو دەسەڵاتەکان چونەتە نێو ئەو قاوغەوە و لە بازنەیەکدا خول دەخۆنەوە . لەم بوارەدا ، دەبێت خودی خەڵک دەستپێشخەر بن و بەرەو قۆناغێکی جیاواز هەنگاو بنێین .
لەکاتێکدا کە مەودای بینینە جیاوازەکان لەمەر بەرەی باڵا و بەرێز وخاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی لەبەرامبەر بەرەی نزم و ملکەچ و حوکمکراو کەم بکرێتەوە ، ژیانی ئاساییمان وای لێدێت کە لە شەر و ناکۆکی و جیاوازیەکان دوربکەوینەوە و بە هیلاکیەکی کەمەوە لەسەرجەم بوارەکاندا توانای گۆرانکاریی ریشەییمان دەبێت . واتە هەنگاوی سەرەتایی بەدیهێنان و هەست پێکردنی گۆڕانکاری لە گۆڕینی بیروبۆچونی خەڵکدا خۆی دەبینێتەوە بەرامبەر ئەویتر بە بێ جیاوازی لە پێگە و پلە و پایە و بەیەک دوورایی کە خۆی لە یەکسانیدا دەبنێتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت