بەهرۆز جەعفەر : کوردایەتى و کفتە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگێڕنەوە ، جاخى جاران کە شایی و زەماوەند ئەکرا ، کفتەیان ئەدا بەخەڵکى ، ئەو ڕۆژانە کفتە بەر چنگ و قوتى کەم کەس ئەکەوت ، مەگەر لەشاییا مسکێنەکان دەمیان لێ بدایە . وەختێک بوکەخان ئەهێنن لە بن دارێ دایئەنەن ، خەڵکى هەموو ئەپەڕنەوە ئەو بەر چەم بۆ کفتە خواردن ، لەبەر کفتە ئاگایان لەستراتیژە ڕاستەقینەکە نامێنێ ، کە بوکە خانە . بڕیارە شەوێ ببێتە یەکەم میوانى ئەبەدى ماڵ ، دەمەو ئێوارە کەدونیا تاریک ئەکات ، بوکیان وەبیردێتەوە ، کە تاقو تەنها لەبن دار بە برسێتى بەجێیان هێشتووە ، پێی ئەڵێن : ئامادە بە بۆ ژوورى زاوا .
بوکەخانیش لەجوانترین ، وەڵاما : من کفتەم نەخواردووە ، کێ کفتەى خواردووە با ئەوە بچێت بۆ ژوورى زاوا .
لە چەند ساڵى ڕابردوودا ، چەندین جار لەڕۆژنامەو سایتەکان ، ئەم مەسەلەم بۆ مەبەستى جیاجیا گێڕاوەتەوە . هەرچەندە ئەزانم دەرفەتێکى گەورە لەبەردەم قەزیەى کورددا کراوەتەوە ، وەک یانسیبێک بۆمان دەرچووە ، ئەگەرچى لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لەهاوڕێیان بڕیارماندابو، ئەم ماوەیە کەمتر لەسەر ئەو سیستەمە بۆگەنەى کوردوستان بدوێین . بەڵام لێرەو لەوێ ئازارى ڕۆحمان ئەدرێت .
– شەهید بونى ئامۆزامان ” ئەسعەد سەى بەهجەت ” ئازارێکى گەورەو خەمێکى دیکەى ئێمەو کوردەوارییە . بۆ؟ لەو بەرەبابە ئەسعەدێکى تاقانە مابۆوە ، یەک قەبرسان شەهید ، دایکێکى بێوەژن ، دواى ئەوەى عەمیلەکانى ئێران ، مافیا هەرزەکارەکانى یەکێتى ، ئەوانەى هەرچى تۆ بیڵێی و نەیڵێی لەدەستیان دێ ، هەموو گیانى سەید ئەسعەد ئەشکێنن ، ئەیهێننە سەرشاشەى تیڤیە سەقەتەکانیان ، ئەوساش سەید ئەسعەد خۆى بەخشى بەکوردایەتى . ئەسعەدێک کە لەخۆى عەجولتر نەبوو ، پەنجا جار لەسەر بیروباوەڕ سزادراوە ، من بام لەجێی ئەم ئەسعەدە داعش بهاتبایە گەڕەکەکەشمان یەک تەقەم نەئەکرد . ئەها خۆزگە ئێستا دێن تەماشاى لادێکەمان ئەکەن بەعس ژێروبانى کردووە ، ئەم دەسەڵاتە یەکى تیانەکردووە بە دوو ..
– بەنزین : هەر بەئەنقەست بەرپرسە بازرگانەکانى هەرێم ، نرخى بەنزینیان گرانکرد ، چونکە لەخەڵکى ڕائەبینن ، خەڵکێک کەدواى ساڵێک پێکهێنانى حکومەتیشى بە سەروەرى پێ ئەفرۆشنەوە . خەڵکێک کەبەچاوى خۆم لەکەرکوک جگە لەوەستانى هەزاران ئۆتۆمبیل ، دەیان هاولاتیم بینى ، بەدەبەیەکى بیبسی یەوە وەستابوون بۆ یەک دوو لیتر بەنزین .!!..
لەم هەرێمە کە بەدرۆ باسى پاڵاوگەى بێجى دەکرێت ، (66) پاڵاوگەى ناقانونى و نادەستورى بەرپرسەکان هەیە ، بێجگە لە (3) پاڵاوگەى فەرمى (بازیان- خەبات – زاخۆ) ئەدى چى لێدەکەن ؟.
زۆرجار تاکى کوردیی وەها ، نائومێد ئەکەن ، کە داعشێک ، تورکێک ، فورسێک بە شەریفتر بزانێت لەم شۆڕشگێڕانەى کە تا دوێنێ دەستى یان سوور سوور بووە بەخوێنى کوردو ، گەندەڵى و بەعسایەتى و میتایەتى و ئیتڵاعایەتى یەکەشیان لەبانى بێت . ئینتیما لەکوێیە کە باڵەخانەیەک ، بەنزینخانەیەک ، کۆمپانیایەکى چاوچنۆکى نیشتەجێبون ، تانکەرە نەوتێک ، پارچە زەوییەکى بەنرخ ، نەماوە هى بەرپرسانى دەسەڵات نەبن .
ئا .. من ویستم ئەوەش بڵێم : ساڵەح موسلیم کوڕێکى خۆى بەکوشتداوەو، (3) دانەى دیکەشیان لەبەرەى پێشەوەى جەنگ وەک گەریلایەکى ئاسایی دەجەنگن ، تۆ کوڕە هەرزەکارەکەى خۆت کردووە بەوەزیرو ، کوڕە هەژارەکانى ئێمەش بەکوشت ئەدەى ؟. ئاخر هەر بەجدیی قەزیەى کورد دونیابینییەکى قووڵى ئەوێ ، ئیشى مناڵ و مەزم نییە .
من دڵنیام داعش نامکوژێت ، ئەشتوانم بیانخوێنمەوە ، بەرهەڵستى یان بکەم ، بەڵام دڵنیا نیم بەرپرسانى ئەم هەرێمە ، کەچەندین جار سانسۆر و ئینزاریان کردوم ، دەمکوژن یان نا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت