Abubakir-Caf-5

ئەبوبەکر جاف : کوردبوون لە هەڵهاتندا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە بارەی ناسیۆنالیزمی ئیرتیکاسییەوە
ئاستە بریندارو فشۆڵیەکەی کورد بون تەنیا لە ڕوتەختێکی ئۆنتۆلۆژیانەدا ، تەنیا لە ڕەهەندێکی کەینونەیی و وجودیدا نەوەستاوە ، ئەم ئاستەی برین و ئیرتیکاسی و پاسیڤەی کوردبون دەرکەوتەی زۆری هەیە ، دەرکەوتەی سیاسی ، دەرکەوتەی مێژویی ، دەرکەوتەی ئەنترۆپۆلۆژی ،َ زمانی ، دەرکەوتە لە ئاستی ئاماژەیی زماندا ، دەرکەوتەی سۆسیۆلۆژی ، دەرکەوتەی جوگرافی .
مادام پێش هەمویپێش هەرشتێک بوننێکی ” بریندارو فشۆڵ و ئیرتیکاسی لە سەر ئاستی ” ئینسانی ” بونی هەبێت ، لۆژیکی و ناچارییشە دەرکەوتەکانی ئەم بیماریی و برینداییە دەرکەوتەو مانێڤستبونی لە (کردردا)، لە ئەکت و کردەدا هەبێت . چۆن ئەمە ورد بکەینەوە . بە کوردکردنی ئینسانێکی کوردی ، بە ئیرادەییکردنی بونێکی ئەنترۆپۆلۆژی کوردی ، بێتێگەیشتن لە مێژوی کوردبون و کورد لەناو ” کردەی مێژویدا ) ناتوانین لێ تێبگەین .
بونێکی پاسیڤ و ئیرتیکاسی چییە ؟، بونێک چییە لە ناو پەرچەکرداردا؟ بونێک لە کوێداو بۆچی لە “بونی خۆی ” هەمیشە هەڵدێت ؟’ئەترسێت ، ڕاناوەستێت؟ بەدەویانە ئەیگوزەرینێت (مەبەست لە چەنکی بەدەویی و کۆچەریانە لێرەدا زیاتر دەلالەتە ئیبن خەلدونییەکەیمان مەبەستە نەک دەلالەتە ئۆنتۆلۆژیاییەکەی لای دولوز، بیرکردنەوەو ژیانکردنی کۆچەریانە!). بونێک هەمیشە لە ترسدایە ، لە ڕاکردندایەئەم کردەی ڕاکردن و هەڵهاتنە لە” ئەویتر”، لە شتێک لە دەرەوەی کوردبون ، تەنیا شتێک بووە کوردی خستۆتە بەردەم پرسی شوناس و هەویەتەوە ، هەڵهاتن لەوێتر، یان سڵکردنەوە لەوی تر، بە مانایەکی تر،کورد تەنیاو تەنیا ” لە هەڕەشەدا ) لەمسی خۆی دەکات.
کورد ئەو کاتە دەرگیردەبێت لە گەڵ کوردبوندا کە ” ئەویتر” ی ناکورد وەک هەڕەشەیەک ، وەک هێزێکی بەربەری و وەحشیگەری ببینێت ، ئەو کاتە کورد دەچیتە ئاستێکی ئیحساسی و هەستییەوە بەرانبەر کوردبونی خۆی . بەڵام ئەم ئاستەی کوردبون ڕەسەن نییە لەو جێگەو شوێنەدا کە ناتوانێت بێئەویتر و بێ هەڕەشەو بێ چاو سورکردنەوەی ئەویتری غەیرەکورد ببێت بە کوردێک بۆ خۆی .
کورد تا ئەم لەحزەش نەیتوانیوە کورد بێت بۆ خۆی ، بۆ خودی خۆی ، واتە کوردبونێک بێ وێناکردنی ئەویتری نەیارو دوژمن ، هەویەتێک بە خۆی بدات . دەرکەوتەی سیاسیانەی کوردی ، تەنیا دەرکەتەیەک بووە لەو پنتەی ئەویتر مایەی هەڕەشە بووە بۆ سەرئەم .” بونی ئەویتری نەیار و دوژمن ) بە و تێگیشتنەی کارل شمیت بونێکی ناچاری و تەنانەت ئۆنتۆلۆژیشە . واتە ئەویتر تەنانەت ئەگەر لە سەر ئاستێکی وێناکردن و خەیاڵیش بێت ، بەڵام ئەویتری کوردی تەنیا لە زەمەنی بەریەککەوتنی فیزیکیدا کوردی ڕاگرتووە . چۆن؟
خراپترین و نزمترین ئاستی دەرکەتن بۆ کورد،دەرکەوتنێکە لە (ئاستێکی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشدا )، واتە ئەو دۆخەی کە هێمنییەک ، ئاسودەییەکی سیاسی ، جێگیریی و سەقامگیری بونی هەبێت، ئەو کاتە کورد بون زیاتر لە هەر دۆخێکی تر کاَڵدەبێتەوە ، ئەم ڕستەی کە دەڵێت : (ئەوەی کورد بە شەڕ بە دەستی دینێت ، لە سەر مێزی دانوستان دایدەنێت و دەدۆڕێنیت ) ڕێک ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە ، کورد تەنیا لە ناو کردەی جەنگ و شەڕ و بەرەنگاریدا لەمسی خۆی دەکات ، دەست لە خۆیدەدات ، غرورێکی ناسیۆنالیستانە و ڕۆمانسیانەی بۆ دروستدەبێت (ئەمەش بونێکی ئەقڵانی و دراوێکی ئەقڵی نییە )بەڵام بون لە سەر مێزی گفتگۆ ، بونێکە لە ئارامی و ئاشتی و هێمنی ، ئیتر کورد بە کردەیەکی پێچەوانەی کوردبونی خۆی دەرکەوتەی دەبێت .
بۆ کورد هەمیشە باوەش بە و ئیدۆلۆژیانەدا دەکات کە بە تێۆر و ئیدۆلۆژیای شۆڕگێڕی و بەرەنگاری جەنگ و ململانێ ناسراون ؟ بۆ نمونە ئیدۆلۆژیای مارکسیست ، ئیدۆلۆژیایەکە بڕوای بە ململانێ و بە ریەککەوتن و جەنگ و یاخیبونە ، ئیدۆلۆژیای مەزهەبی کە لە سەر بنەمایەکی جەنگ و بەرەنگاری بونیاد نرابێت،واتە هەمیشە کورد لە ناو ” گوتارێکدا “خۆی دەبنێتەوە ، خۆی مانێڤست دەکات کە ، لە جەنگ و شەڕدا بێت ؟! . بە تەواوی پێچەوانەی ئەو دیدگا ئیدۆلۆژیانەوە ، ئێمە لەو بڕوایەداین : ئەوەندەی ئاشتی و هێمنی و پێکەبون و گونجان و پرۆسە مەدەنی و سیڤیلییەکان هێڵەکانی کاڵکردنەوەی کوردبون و بونی سیاسیانەی کوردن ، ئەوەندە جەنگ و هەڕەشەو کوشتارو بڕینەکان مایەی هەڕەشە و تواندنەوەو کاڵبونەوەی کوردبون نەبون . ئێمە ناَڵێن دۆخێکی ئارام و پڕ سەقامگیری بۆ لە خۆیدا دۆخێکی خراپە ، بەڵکو ئێمە دەڵێین دۆخێکی مەترسیدارە بۆ کوردبون!
ناسیۆنالیزمی ئیرتیکاسی .
کورد بون لە پەرچەکرداردا
نەتەوەبون ، یان دەرکەوتن و مانێڤستبونیێکی سیاسیانە ، برَێکی زۆریش ئۆنتۆلۆژیانەی ئینسانی نەتەوەییە ، واتە ئەوەی لە ئاستێکی دەستەجەمعی و گوپبەندی ناسیۆنالیانەدا دەردەکەوێت گوزارشتە لە لە ڕۆحێکی هاوبەشی ئینسانەکانی ناو ئەو پێکەوە بون و دوور لە یەک هەڵنەکردنەی کۆمەڵێک ئینسان . بە مانایەکی تر دەرکەوتنە کەینونەیی 0 سیاسیەکانی جڤاکێک ڕوی ئەو دیوی ئاستە ڕۆحی و سۆسیۆلۆژییەکەی ئینسانێکە بە تاک و تەرایی ، تەنانەت لە ئاستێکی ناوەکیشدا . بۆ تێگەیشتن لە ناسۆنالزمێک ، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە ئینسانێکی ناو ئەو گروپە ، ئەم جڤاکە سیاسییەی ناوی ناسیۆنالیزمە . ئینسانی ئیرتیکاسی و ئیرتیکاسبون چییەو دەرکەوتەو بەها ئیرتکاسیەکانی ئەم ئینسانە چین؟ بۆ تێگەیشتن لەم ئینسانەو لەو بون و کەینونە ئیرتیکاسییەی تێدایەو بووە بە شوناسی ئێمە ناچارین لەمسی پەوەیوەندی ئەم ئینسانە بکەین بە ژیانەوە ، پەیوەندی ئەم ئینسانە بە خۆییەوە . واتە ئینسانێک چۆن لە ژیان دەڕوانێت،ژیان بۆ ئەم چییەو ئەم بۆ ژیان چییە؟ واتە چۆن لە ژیان و بەها/ بێبەهایی ژیان دەڕوانێت . با نمونەی ئینسانی کوردی وەرگرین : ئینسانێکی کوردی ، مێژوی نوێی ئیسنانی کوردی ، یان مێژویی دەرکەوتنی سیاسیانەی ئینسانی کوردی ، بونی کوردی لە ناو جوڵەو بزاوتی مێژویی نوێدا چ فۆرمیولە بونێکی دەرکەوتنی هەیە؟ چۆن بکەرێک بووە لە ناو مێژودا ، یان وردتر لە ناو زەمەندا ؟ مێژوی ئینسان و جڤاک ، جڤاتی کوردی ، مێژوییەکی دروستکراوە ، واتە مێژوویەکە کورد خۆی دروستی نەکردوە،بۆی دروستکراوە ، تەنانەت ئەوەی ئێستا عادەت و خولقی پێوە گرتووەو لە سەری ڕاهاتووەو،لە سەری دەژی،بونێکی ساختەیە،جوگرافیای ڕۆحی و جیو- پۆلەتیک و نەخشەی ڕۆحی ئینسانی کوردی دروستکراوە ، واتە بکەر نادیار/بکەر دیاریک ، بونی هەیە ، کە ئەویترە ، ئەویتری دەرەوەی کوردو کوردبونە ، کورد کارتێکراوێکی ناو زەمەنە ، کارتێکراوێکی ناو جوگرافیایە ، کارتێکراوێکی ناو پرۆسە ژیارییەکانە ، کارتێکرا ێکی ناو ڕوداوەکانە ، چۆن؟، ئینسان/جڤاکی کوردی هەڵگری وێنەیەکە ، وێنەی خۆی نییە ، وێنەیەکی ئەویتری دەرەوەی کوردبونە ، واتە بە دیدگاو فەلسەفییە نوێیەکە بڵێن :سوژەیەک نییە ، ئۆبژێیەکی بە سوژەبوی ئەویترە ، واتە ، لە میانەی بە ناوەوەکردنی ئۆبژێدا ، بە خۆکردنی ئۆبژێدا ، سوژەیەک خوڵقاوە کە تەنیاو تەنیا ،نەک لە ئاستە قوڵ و ئۆنتۆلۆژییەکەیدا،بەڵکو لە ئاستی ڕوتەختی و بە دیاردەبونیشیدا،هەر ئۆبژێیەکی دەرەکییە،واتە،سوژەی کودی وەهمێکە،ئۆبژێیەکی مەترسیدارو نوستو و کارکەر تێدایە و هەمیشە بە ساختەیی ختوکەی ئەم (کوردبونە)ساختەیە دەدات و پێی دەڵێت :”تۆ کوردیت!و ئەم شێوازو فۆرمەی تۆ تەواوە!”.بە ئیستاشەوە کە جۆرێک لە مانێڤستبونی کوردبون هەیە،دەرکەوتن و خۆ دەرخستنی سیاسی-ئیداری لۆکاڵی هەیە،بەڵام ئینسانی کوردی هەر لە بەر ڕۆشنایی وێنەو ئیماجی ئەویتری (بە خودبودا) دەیەوێت خۆی دەربخات. ئەمانەی باسمانکرد،ڕێک مۆراڵی کۆیلەیە،چۆن؟ کۆیلە بێ بونی سەردارو “مێتر” هیچ نییە؟،کۆیلە تەنیا بە بونی سەرداریشەوە ئیکتیفا ناکات،بەڵکو لە میانەی پەیوەندی سەردار/کۆیلەدا لەمسی خۆیی و ” بونی” خۆی دەکات.بەڵام،وەک نیتشە دەڵێت:سەردار ئینسانی باڵا پێویستی بە بونی کۆیلە نییە.تەنانەت کۆیلەو ئەخلاق و ڕوئیای کۆیلە بارە بۆ ژیان،مۆراڵی کۆیلە،مۆراڵی کەوتن و لێژوبونەوەو سەرەوخواربونەوەیە،سەردار تەنیا پێویستی بە ئیرادەی هێزو ئیرادەی خولقاندن و ئیرادەی فەردی و ئیرادەی ژیانی خۆیەتی،بونی کۆیلە لێدانە لەم ئاستە ئەرستۆکراتییەی ژیان و بون.سەردا سەرچاوەی یەکەم و کۆتایی بۆ ژیان و بۆ بەهادان بە ژیان هەرخۆیەتی.ئیسنانی کوردی، دەرکەتە سیاسیەکەی ئینسانی کوردی،دەرکەوتنە لە ناو گوتارو ڕوئیای کۆیلەو لاوازەکاندا! کۆیلەو لاواز هەمیشە چاوەڕوانی خێر پێکردن و خێر وەرگرتن و دەستگرتن و بەرزکردنەوەو هەڵکێشان و یارمەتیدانە،کوردیش لەم دۆخانەدا تەماهی بووە.واتە ئەویتری ناکورد،ئەویتری دەرەوەی کورد،بووە بە ناچارییەکی ئۆنتۆلۆژی و کەینونی مەئسات و کڵۆڵیەکە لێرەدایە:کورد هەمیشە بە بەراوردکردن بەویتری عەرەبی،فارسی،تورکی…ناکوردێک لەمسی خۆی دەکات،دەست لە خۆی دەدات،خۆی مانێڤست دەکات،بەڵام ئەم وێنەیەی کورد و کوردبون،لە قوڵایدا،ئەویتری عەرەب و فارس و تورکە.واتە ئینسانی کوردی، تۆزێک بە سەلیقەوە بیدوێنیت،ئۆبژێیەکی بە سوژەبووە.بیدوێنیت،وێنەیەکی فشۆڵ و ساختەو لەرزۆکی کوردبونمان دەستدەکەوێت.ئەوەی ئێستاکەش،بە فۆرمی کەینونەیی،سیاسی،ئیداری…دەرکەوتووە تەنیا کوردبون نییە،لە باشترین دۆخدا وێنەو تەێەور و وێناکراوێکی ساختەو فشۆڵە ناونراوە کوردبون.