Enshtayn

 حامد سید رمضان : ئایا ئەلبیرت ئەنشتاین شێت بوو؟ یان نێوانی شێتی‌و بلیمەتی تاڵە موویەكە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تیوری رێژەیی

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

بەشی سێیەم

ئەنشتاین ، بە شوێن‌و زەمان‌ وەك دوو پاشخانی رەهاو لەیەك جیایی بوون‌ ـ‌ ی نیوتن سەرسام نەبوو ، بەڵكو مەیلدار بوو بە لای بۆچوونەكانی ماخ دا .  لە راستیش دا , وەك دەوترێت ئەنشتاین سودی لە ماتماتیكی ماخ وەرگرتوە بۆ داڕشتنی تیوری رێژەیی. 
لە سەدەی حەڤدەدا ئەزموونێكی زیرەكانەی فیزیایی هەبوو ، كە تەباو هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ جیهانی جوتیاریی دا ، ئەو ئەزموونە بە ئەزموونی سەتڵ ، یان كوپەڵەی پڕ لە ئاو ناودەبرێت ، لە كاتی خولانەوەی سەتڵەكەدا ئاوی ناو سەتڵەكەش خول دەخوات بە دەوری خۆی دا ، كاتێك سەتڵەكە لە خولانەوە راگیرا ئاوی ناو سەتڵەكە بەردەوام لە خولانەوەدایەو رووی ئاوەكەش لە حاڵەتی قوڵیی دا دەردەكەوێت ، واتە رووی ئاوەكە تەخت‌و یەكسان نییە بەڵكو بە قوڵی دەبینرێت ، كاتێكیش سەتڵەكە بە پێچەوانەی جاری یەكەمەوە بخولێنرێتەوە رووی ئاوەكە دەگەڕێتەوە سەر حاڵەتی یەكەمی ، واتە چیتر بە قوڵی نابینرێت.  ئەم ئەزموونە زاناكانی ئەو سەردەمەی تووشی سەرسوڕمان كردبوو ، چۆن ئەم دوو حاڵەتە ناكۆك بەیەكە دروستدەبێت .  بە گوێرەی عەقڵی خۆیان وا بیریان دەكردەوە كاتێك سەتڵەكە لە سوڕانەوە رادەگیرێت پیویستە ئاوەكەش رابگیرێت‌و رووی سەرەوەی ئاوەكە وەك خۆی دەركەوێت نەك بە قوڵی.  ئەم ئەزموونە زاناكانی سەرقاڵكردبوو بە چەمكی شوێن‌ ـ‌ وە ، بەو مانایەی : سەرچاوەكە چییە ( واتە پشت بە كام شوێن ببەسترێت ) تا بتوانرێت لە سەر ئەو بنەمایە بریاربدرێت جوڵەی شتەكانی ناو گەردوون چۆنەو چۆن هەڵدەسورێت؟. 
وەڵامی نیوتن بۆ ئەم حاڵەتە زۆر بە سانایی‌و راستەوخۆ دەیوت ، ” شوێن رەهایە ” ئەویش یەكسانە بە( بۆشایی) ، بەڵام لیبنتز پێی وابوو ، كە شتێك نییە ناوی شوێنی رەها بێت ، بەڵكو سەرچاوەكە رێژەییە ، واتە رێژەیی هەر شتێك ( سەتڵەكە بۆ نموونە ) بۆ شتێكی دیكە ( ئاوی ناو سەتڵەكە بۆ نموونە) ، ئەم بۆچوونەی لیبنتزو ماخ‌و ئەنشتاین پێیان لەسەر داگرت .  ئەنشتاین توانی تیوری رێژەیی سەبارەت بە شوێن‌و زەمەن دارێژێت‌و بڵێت هەردووكیان جیاناكرێنەوە لە یەكتری ، بەڵكو پێكەوە لكاون‌و ناوی بردن بە خەسڵەتی ” پێكەوە لكانی شوێنكات ” (المتصل الزمكانی) ، بەو مانایەی بوون چوار رەهەندی پێكەوە لكاوی هەیە : ” درێژی ، پانی ، بەرزی‌ و كات “.  جیاوازی نێوان ” شوێنكات / زمكان ” یی ئەنشتاین‌و ” شوێن‌و كاتی ” نیوتن چییە ؟ وەڵامەكەی لای جوتیارە میسریەكان دەدۆزینەوە كە دەڵێن: ” جوڵە بەرەكەتە ” ( الحركة بركة ) .

لە ” شوێنكاتی ” ئەنشتاین دا ، كە سیستمێكی پێكەوە لكاوە ، شوێن دەگۆڕدرێت بۆ زەمان ‌و هەروەها زەمان دەگۆڕدرێت بۆ شوێن ! ئایا ئەنشتاین شێت بوو ؟ بە تەواویی نازانرێت ، وەك دەڵێن نێوانی شێتی‌و بلیمەتی تاڵە موویەكە .. لێگەڕێن با ئەم نموونەیەش بهێنینەوە بۆ ئەوەی لە چەمكەكە زیاتر نزیك بكەوینەوە . 
من ئێستا لە سەر كورسیەك دانیشتوم ، خێراییەكەم یەكسانە بە سفر ، واتە من لە شوێنی خۆم هیچ جوڵەیەك ناكەم ، لەبەرئەوە ” سودگیریی ” م  لە شوێن دا یەكسانە بە سفر ، بەڵام “سودگیریی” م لە زەمەن دا لە توانادا هەیە گەورەبكرێت (٥) ( لێرەدا پێوەندی پێكەوەلكان دەردەكەوێت ) , كە شوێنەكەم دەگوڕدرێت بۆ كاتەكەم (٦)، بە تەواوەتی وەك ئەوەی وزەی شاردراوە بگۆردرێت بۆ وزەی جوڵە ( ئایا كەسی دانیشتوو لە سەر كورسیەكە هەست ناكات بە قورسیی تێپەڕبوونی كات ؟!).  ئێستا با جوڵە بكەم ، واتە لە حاڵەتی جێگیریەوە بكەوەمە حاڵەتی جوڵە: جوڵە بكەم بە خێرایی دەنگ( ٣٤٠ مەتر لە چركەیەك دا ) ، واتە من رەتدانەوەم هەیە لە زەمەن دا چۆن رەتدانەوەم هەبوو لە شوێن دا ، كەواتە چی روودەدات؟ بەهای زەمەن كەمدەكات( جوڵە بەرەكەتە ، ئێستا ئێمە هەست بە قورسیی تێپەڕبوونی  كات ناكەین ، چونكە دەجوڵێین ). ئێستا ئەگەر خێرایی جوڵەكەم بگاتە ئەوپەڕی خێرایی فیزیایی(٣٠٠ هەزار كیلۆمەتر لە چركەیەك دا یان ١٨٦ هەزار میل لە چركەیەك دا) ، لەم حاڵەتەدا چی روو دەدات؟ كات دەوەستێت‌و دەبیت بە سفر ، بەو مانایەی من هەموو سەرمایەیی خۆم دەخەمە گەڕ ( واتە شوێنكات) م لە شوێن دا. ( وای نابینن ، كە من خێراییەكی گەورەم لە شوێن دا بەرپاكردوە ؟) ئەمەش لە سەر حسابی زەمەن ، كە ئێستا راوەستاوە.  چۆن زەمەن راوەستاوە ؟ بەڵێ زەمەن راوەستاوەو گۆردراوە بۆ شوێن .  بەم شێوەیە ئەنشتاین گەیشتە ئەو ئەنجامەی ، كە خێرایی تیشك رەهایەو گۆڕانكاریی تیا ناكرێت ، هیچ خێراییەك نییە لە خێرایی تیشك زیاتر بێت ، بۆچی؟ چونكە ئەگەر خێراییەكی وا هەبێت‌و من بتوانم بەو خێراییە برۆم ، زەمەنی من دەبێت بە” نەرێ / سالب ” كەواتە من دەگەڕێمەوە بۆ رابردوو . بە دڵنیاییەوە تۆ شێتییت! بە یارمەتی خۆت ، تۆ خاڵێكی گرنگت بیر چوو ، ئەویش ئەوەیە ، كە كات دەبێت بە سفر ( واتە دەوەستێت) نەك بۆ من ، كە بەخێرایی تیشك دەرۆم ، بەڵكو بۆ ئێوە ، كە چاودێرن ( لێرەدا رێژەیی دەردەكەوێت ). بەڵام شوێنەكەم ( یان ئەو ماشێنە فەزاییە گریمانەیەیی ، كە سەفەرم پێكرد) درێژێكەی بۆ ئێوە وەك چاودێر یەكسان دەبێت بە سفر ! .. ” شوێنكات ”  بۆ كوێ رۆییشت ؟!

لە تیوری رێژەیی تایبەت دا ، ئەنشتاین پێنج هاوكێشە بەكاردەهێنێت ، یەكێك بۆ زەمەن ، یەكێك بۆ شوێن. سێیەم بۆ قەوارە(كتلة). وەك هاوكێشەكە روونیدەكاتەوە ، هەرچەندە خێرایی هەرچ تەنێك بەرزبێتەوە قەوارەكەی گەورەتر دەبێت ، هەر ئەمەش بوو لە ماشێنە فەزاییەكەی من دا روویداو كات‌و شوێن‌ ـ م گۆردرا( هەردووكیان بوون بە سفر) بۆ قەوارەیەكی گەورەتر ، كێشی ماشێنەكەشم زیادیكرد لەچاو ئەو كاتەی ، كە دەستی بە جوڵەكرد.
لە كوێوە ئەم قەوارە زیادەیە هاتووە ؟ لە وزەوە هاتووە .. وزە؟ بەڵێ ، لەگەڵ زیادبوونی خێراییەكەدا وزەش زیادیكردوە .  بەڵام چۆن گۆردرا بۆ قەوارە ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پیویستە بەردەوام هاوكێشە جوان‌و ساكارەكانی ئەنشتاینمان لەبیر بێت ، ئەویش ئەوەیە: كە “وزە = قەوارە X لێكدراو بەچوارگۆشەی خێرایی تیشك ” دا. واتە كاتێك ماشێنە فەزاییەكەم بە خێرایی تیشك دەڕوات لە ناو خۆی دا وزەیەكی بەرزی هەڵگرتووە ، ئەم وزەیە دەگۆردریت بۆ قەوارە بەپێی ئەو هاوكێشەیەیی ئاماژەمان پێ دا . ئایا ئەم تیورە تەنیا كۆمەڵێك بیرەو هیچی تر ؟ نا ، ئەزموونەكان راستیی ئەم هاوكێشەو بیرەیان سەلمانداوە .
جوانی لە تیوری ڕێژەیی ئەنشتاین دا یەكگرتنی زەمان‌و شوێنە لە پێكهێنانی شوێنكات دا ، بە جۆرێك ، كە شوێن دەگوێزرێتەوە بۆ ناو كات ، هەروەها زەمەن دەگوێزرێتەوە بۆ ناو كات .  هەروەها وزەو قەوارە یەكدەگرن لە بە یەكگەیشتنێك دا ، بە جۆرێك وزە دەبێت بە قەوارە ، قەوارەش دەبێت بە وزە. ئەم پێكەوە لكاندنانە سنوری دانا بۆ یاریكردن‌و ئازوگوێكردنە فێڵاویەكانی نیوتن ، جوڵە ” گواستنەوە ” ی تەنەكان نییە لە شوێنەوە بۆ زەمەن ، بەڵكو بریتیە لە رووداوێكی كاتیی شوێنكات ، كە بە خێرایی دەگۆردرێت بۆ ” رووداوەێك ” ی تر ، بەم جۆرە گۆرانكارییەكان بەدوای یەكدی دا بەردەوام دەبن .

لەگەڵ ئەم هەموو ” شێتێتییە ” ئەنشتاینییەدا ، بەڵام خودی خۆی بە تەواوی رازی نەبوو لە ئەنجامەكانی ، لە بەرەئەوەی تیوری رێژەیی رێگەی تەنە زۆرانبازەكانی نەگرتەبەر ، واتە گۆرینی خێرایی لەگەڵ تێپەرانددنی زەمەن دا.  بە مانایەكی دیكە ، هێزی راكێشان‌و خێرایی تەنەكانی دراسە نەكرد ، دوای دە ساڵ هەوڵی دا تیورییەكەی تەوا بكات ( واتە تیوری رێژەیی گشتی) .
دەبێت شێتێتیی ئەو تیوریە كامە بێت ؟ بە دڵنیاییەوە جیاوزبوو لەگەڵ چەمكی ڕاكیشان لە فیزیای نەریتیی نیوتن دا ، كە نا روون‌و شێواو بوو ، من بۆ خۆم كاتێك قوتابی بووم تێنەدەگەیشتم ، زۆرم دەكرد لە مامۆستاكانم روونكردنەوەی زیاترمان لە سەری بدەنێ ، بەڵام وەك دەردەكەوت ئەوانیش نەیادەزانی لە كوێوە ئەم ڕاكێشانە هاتووە ، هەموو ئەوەی دەیانوت ئەوە بوو گوایە زەوی وەك موگناتیسێكی گەورە وایە ، ئەمەش بۆ ئەوەی مەسەلەكە ئاسان بكەن! با لەسەر خۆ بیربكەینەوە ..
لێگەرێن با وای دابنێین شوێنكات بەهەر چوار رەهەندەكەیەوە بریتیە لە تۆرێكی هەڵواسراو وەك ئەوەی لە سێرك دا دەیبینین .  ئێستا با تۆپێكی گەورەو قورسی لە سەر دابنێین ، چیی روودەدات ؟ رووی تۆڕەكە دەئاڵۆسكێ ، یان چاڵ دەبێت‌و خۆی دەئاڵێنێت لە تۆپە قورس‌و گەورەكەوە .  ئێستا با تۆپێكی سوكتر لە سەر تۆڕەكە دابنێین ، بێگومان دیسان تۆڕەكە چاڵ دەبێت‌و خۆی دەئاڵێنێت لە تۆپەكەوە ، بەڵام بڕی چاڵی ئەم تۆڕەی دواییان كەمتر دەبێت لە بڕی چاڵی تۆڕەكەی یەكەم جار ، بۆیە دەبینین وردە وردە تۆپە بچوك‌و سوكەكە بەرەو تۆپە گەورەو قورسەكە خل دەبێتەوە ، واتا راكێشان دروستدەبیت .
ئێستا با وایدابنێین گەردوون وەك تۆڕێكی گەورەی سێرك وایە( تۆڕەكە شوێنكاتە) هەموو ئەستێرەكان لەم گەردوونەدا شوێنی خۆیان لەسەر گەردوون چاڵدەكەن ئەویش بەگوێرەی گەورەیی‌‌و قورسیی قەوارەكەیان ، بۆیە راكێشان لە نێوان ئەستێرەكان دا دروست دەبێت ( هەروەها لە نێوان شمەكەكانی سەر زەویش) دا بە ئاراستەگرتنی هەندێكیان بۆ هەندێكی دیەكەیان ، بەم جۆرە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوەو مانگ بەدەوری زەوی دا دەسورێتەوە .
ئەگەر بچینە دەرەوەی ئەم گەردوونە ” ماددەیەكی جەلاتینی ” دەبینین( ئەوەش شوێنكاتە ) ، ئەستێرەكان لە ناو كەندڕەكانی ئەو ماددە جەلاتینیە دا لە جوڵەدان ، ئەو كەندرانە یان ئەو ئاراستانە ئەستێرەكان دروستیان كردوە بەهۆكاری راكێشانی هەندێكینا بەرەو هەندێكی دیكەیان ، ئەم جوڵەو كەندڕ دروستكردنەش لە ئەنجامی شێواندنی ئەو ماددە جەلاتینیەوە دێت ، ئەو شێواندنەش لە ئەنجامی قورسایی هەموو ئەستێرەكانەوە دێت ، هەر وەك چۆن تۆڕی سێركەكەمان بینی بەهۆی قورسایی تۆپەكەوە چاڵ دەبوو ، واتە شێوەكەی دەگۆردراو دەشەوێنرا.

سەرچاوە: حوار موتەمەدن .

لە ئەنشتاینەوە بۆ تەقینەوەیەكی گەورە .    

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=418426

(٥) مەبەست ئەوەیە لە حاڵەتی جێگیریی‌و وەستان دا ، كە هیچ جوڵەیەك ناكرێت ، واتە هیچ سودێك نابینرێت‌و بەرهەمێك بەدەستناهێنرێت … وەرگێری كوردی

(٦) مەبەست ئەوەیە لە حاڵەتی جوڵان دا ، خێراییەك دێتە بەرهەم ، ئەو خێراییە كاتە ، یان زەمەنە ، زەمەن لە حاڵەتی یەكەم دا وەستابوو ، چوونكە شوێن وەستاوبوو ، واتە سودگیریی سفر بوو ، بەڵام لە حاڵەتی دووەم دا شوێن‌و زەمەن دەكەونە جوڵە ، دەكەونە خێرایەكی رێژەیی .
بەمەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە زەمەن‌و شوێن پێكەوە لكاون، بە جوڵەی شوێن زەمەنیش دەجوڵێت ، هەروەها بە جوڵەی شوێنیش زەمەنیش دەجوڵێت ، واتە هەردووكیان رێژەیین، وەستاو نیین. ئەگەر شوێن رەها بوایە ، لە هەردوو حاڵەتی سورانی سەتڵەكەو وەستانییدا رووی ئاوەكە وەك خۆی دەبینرا، بەمەدا دەركەوت ، كە گۆرینی زەمەن لە حاڵەتی راوەستانەوە بۆ حاڵەتی سوڕانەوە كارییگەری دەبێت لەسەر شوێن، واتە لە سەر شوێنی ئاوەكە، كە لە حاڵەتی یەكەم دا وەستاوبوو، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا نەك هەر وەستاو نەبوو، بەڵكو بە قوڵیش دەبینرا، بۆیە لە هەردوو حاڵەتەكەدا ناتوانرێت بوترێت وەستانی ئاوەكە رەهایە یان جوڵەی ئاوەكە رەهایە، هەروەها ناشتوانرێت بوترێت “شوێن” لە حاڵەتی یەكسانیی‌ و تەختی رووی ئاوەكەدا، یان لە حاڵەتی جوڵەو قوڵیی رووی ئاوەكەدا سەرچاوەیەكی رەهایە، چوونكە لە هەردوو حاڵەتەكەدا رێژەیین، لە توانادایە، كە گۆڕانكاریی لە شوێنەكەدا بكرێت… وەرگێڕی كوردی.