Bextiar-Sharezwri

بەختیار شارەزورى : داعش و گۆڕان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو جوڵەیەکى سەربازى .. سیناریۆیەکى سیاسى لە پشتەوەیە ، هەر گۆڕانکاریەک لە هەر شوێنێکى جوگرافى ڕویدا ، ئەوا بێگومان تاکتیکێک و سیناریۆیەک دەیجوڵێنێ ، خۆ ئەگەر کارتى داعش لەلایەن بلۆکى ( ئەمریکا + تورکیا + ئەوروپا + قەتەر + سعودیە + ئیسرائیل ) ەوە بەکار بهێنرێت بۆ گەڕانەوە بۆ پڕۆژەکەى ( جوبایدن ) ئەوا لەبەرامبەردا ( ئێران + ڕوسیا + ێین + سوریا + مالیکى) بونى هەیە و هەر وا بە ئاسانى لێ ناگەڕێن ئەم تاکتیک و سیناریۆیانە جێبەجێ ببێت ، ئەوەش دەزانین کە زۆر کات بلۆکى ئێران مامەڵە بە تاکتیکەکانى بلۆکى تورکیاوە دەکات ، بە مانایەکى تر ئەم کارت و شەڕانە دەفرۆشێت ، لە ئێستادا عێراق دەبێت بە سێ هەرێمەوە و هەرێمى بەغدادیش دەبێتە سەنتەر بۆ ئەم دابشبونە وەک کۆنفیدراڵى ، بەڵام هەر جوڵەیەک لە جوگرافیایەکى دیارى کرودا ڕوو بدات ئەوا بیگۆمان لە جوگرافیایەکى تردا کارتە نوستوەکان دەکەونە گەڕ ، واتا ئەگەر لە عێراق کارتى ناتۆ و تورکیا بەهێز بێت ، ئەوا لە گۆڕەپانەکانى تر جوڵە دەست پێ دەکات ، بە نمونە لە بەرامبەر کارتى داعشدا کارتى فەلەستین و حزب اللەى لوبناى دەجوڵێنرێت ، یان کارتى پەکەکە ، خۆ ئەگەر بە جۆرێ لە جۆرەکان سیناریۆ سەرەکیەکە دروست کردنى شەڕێک بێت لە ڕۆژهەڵاتى ناویندا لە نێوان شیعە و سونە ، ئەوا دورخستنەوەى شەڕە لە وڵاتانى دیموکرات بە تایبەت ئەوروپا و ئەمریکا ، واتا شەڕى ئیسلام و کافر دەگۆڕن بە شەڕى سونە و شیعە ئەم تحویل کردنە بۆ خۆى سیناریۆ گەورەکەیە .
ئێستا کورد لەگەڵ دراوسێیەک مامەڵە دەکات ، کە تا ئێستا جوگرافیایەکى دیارى کراوى نەبوە و دەوڵەت دارى نەکردوە ، تا جۆرى مامەڵەى گشتیان بزانرێت ، لە ناو ئەم سیناریۆ و تاکتیکانەدا کورد بەشێکە لە سیناریۆى بلۆکى ناتۆ ، لەگەڵ سەرکەوتنى داعشدا کورد توانى بگاتە داواکارییەکانى خۆى و ببێتە بەشێکى گرنگ لە ئابورى ئەوروپا و تورکیا و ئیسرائیل لە ڕێى غاز و نەوتەوە ، بەڵام ئێستە دراوسێ ى حکومى داعشە ، دەبێت بزانێت چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکات ، بە پلەى یەکەم پێویستى بە یەکگرتنى ڕاى کوردى و گوتارێکى یەکگرتوى کوردى هەیە سەبارەت بە کەرکوک و نەوت فرۆشتن و مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان ، خۆ ئەگەر پارتى لەسەر خەتى داعش تورکیا بێت و بیەوێت هەرێم وەک پێویستیەکى ئابورى بخاتە سەر ناتۆ ، ئەوا لەبەرامبەردا یەکێتى لەسەر خەتى ئێرانە و ناتوانێت هەر وا بە ئاسانى لێى دەربچێت ، هەر چەندە باجى ئەو هەرێمە جیاوازە وەک باجى شەڕ و فرۆشتنى شەڕ بە ئێران و ڕوسیاش دراوە ، کاتێک نیچیرەڤان دەچێتە ئێران و بارزانى دەچێتە ڕوسیا ، تا ئەوانیش سودمەند ببن و نەبنە کێشە ، بەڵام کاتێک یەکێتى دەچێتە سەر خەتى مالیکى + ئیران ، ئەو کات ئەوەى پێى دەوترێت یەک گوتارى کوردى تێک دەچێت ، خۆ ئەگەر کورد خۆى هێندە بە هێز بێت لە تاکتیک و سیناریۆ و لە ژێرەوە خۆیان بەرنامەیان بۆ داڕشتبێ کە بۆ ئەوەى ئێران کێشە نەنێتەوە بەم شێوەیە بکرێت ، ئەوا کورد گەیشتوەتە ئەوەى کە لە سیاسەت تێبگات ، خۆ ئەگەر وا نەبێت ئەوا کوردى زۆنى سەوز دەکەوێتە شەڕێکى سەخت لەگەڵ بەرەى سونە و داعش ، کە ئەمەش دورە لە مەنتقى سیاسیەوە ، چونکە تۆ خۆت سونیت و داعش سونیە و سنورت لەگەڵ داعش هەیە ، ناکرێت باز بدەى و لەگەڵ سنورى شیعە هاوپەیمان بیت ، ئەمەش دەکاتە گێلێەتى سیاسى یان قەرزارى سیاسى ، ئێران دەیەوێت بۆ پاڵپشتى مالیکى یەکێتى ئەم شەڕەى بۆ بکات چونکە قەرزارى بردنەوەى هەڵبژاردنەکانە و پەکەکەش لە نێوان ئیمراڵى و قەندیلدا ، کار بۆ ئەوە دەکات کە پرۆسەى ئاشتى کوردى تورکى لە زیندانەوە بە سەرپەشتى ئەوروپا و ئەمریکا بگەیەنێتە ئەنجام ، ئەو کات پەکەکەش دەچێتە سەر خەتى تورکیا و ناتۆ ، بە مانایەکى تر پەکەکە دەیەوێت پرۆسەى ئاشتى ڕێگایەک بێت تا کوردى ڕۆژئاوا و باکور ببەسێتەوە بە کوردى باشورەوە و بیخاتە سەر هێڵى ناتۆ ، ئەمەش لە نامەکانى ئاپۆدا بە ڕوونى دیارە … ئەو کات تاکە کارتى بە هێزى ئێران یەکێتى دەبێت بۆ دژایەتى ناتۆ ، خۆ ئەگەر یەکێتى بەم شێوەیە سیاسەت بکات ئەوا کورد ناتوانێت سود لەم هەلە مێژووییە ببینێت .
هەموو ئەمانە ئە و ئەنجامەمان دەدەنێ کە بەرپرسیاریەتى بەرامبەر ئەم دۆخە ئاڵۆزە زۆر سەختە و دەبێت کورد بزانێت ئەم دۆسیەیە دەداتە دەست کێ .
گۆڕان و داعش لەم نێوەندەدا دەبنە خاڵى یەکلاکەرەوەى کێشەکان ، چونکە نەوشیروان مستەفا دەبێتە بەرپرسى دۆسیەى مەلەفى ناوچە کێشە لەسەرەکان و بەغداد و کۆى ئەو یارییانەى کە هەیە ، بە مانایەکى تر نەوشیروان دەبێتە داڕێژەرى تاکتیک و سیناریۆ کوردیەکان بە پاڵپشت و ڕاوێژى سەرۆکى هەرێم و هەموو حیزبەکان و لە پشتى پەردەوە کارئەکتەرە زەبەلاحەکە هەیە کە ناتۆ یە ، ئەمەش لە لایەن ناتۆوە دیارى کراوە ( هاتنى داود ئۆغڵو بۆ لاى نەوشیروان مستەفا و دەعوەت کردنى بۆ تورکیا ، دانیشتنى نهێنى نێوان مسعود بارزانى و تورکەکان و نەوشیروان مسەتەفا لە پیرمام ) واتا کاتێک ئەم دۆسیەیە دەدرێتە نەوشیروان مسەتەفا و وەزارەتى پێشمەرگە و دارایى بازرگانى دەدرێتە گۆڕان ، بە شێوەیەک لە شێوەکان تەواکارى بۆ سیناریۆکەى ناتۆ دەکرێت ، ئەگەر یەکێتى بزانێت سیاسەت بکات ئەوا ئەویش دەبێتە بەشێکى بەهێز لەم سیناریۆیانە ، کە بە تایبەت قوباد تاڵەبانى خۆى بە نزیک لە ئەمریکاوە دەبینێت .
کەواتە گۆڕان کە دەبێتە یاریکەرێکى سەرەکى ناو ئەم گۆڕانکارییانە ، لە چوارچێوەى گۆڕان بوون دەردەچێت و دەچێتە ناو چوارچێوەى مامەڵەى نەتەوەیەکەوە …وە دەبێتە بەشێکى گەورەى ناو ئەم یارییانە و دەبێتە بونێکى هەقیقى لەسەر نەخشەى جیۆسیاسى و سیاسى و ئابورى وڵاتانى ناتۆ ، ئەو کات دەبێت هەموو هێزەکان یەکبخات و ئاراستەیان بکات بەرەو ئەو پلانەى کە کورد هەڵگریەتى و لە دیدى پیاوە سپییەکەدایە ، بە تایبەت لەگەڵ یەکێتى ، دەبێت هەموو ناکۆکیەکان بسڕێتەوە ، لەگەڵ پارتى هێزەکانى تر کۆکن لەسەر ئەم دۆسیەیە .
کەواتە داعش و گۆڕان خاڵى بەریەککەوتنى دوو هەرێمە دەبن ، ئەم ناوە دەگۆڕێت بۆ کورد و سونە ، ئەو کات دەبێت نەوشیروان مستەفا و دۆسییەکەى هەموو ئەم هاوسەنگیانە ڕابگرێت :
1. مەسەلەى فیدراڵى و سەنتەر بونى بەغداد .
2. مەسەلەى داعش و چۆنیەتى لێک گەیشتن وەک دوو هەرێمى دراوسێ لە عێراقێکى کونفیدڕاڵدا .
3. دۆسەیى نەوت و غاز و فرۆشتنى .
4. دۆسەیى دەستورى عێراق .
5. دۆسەیى ئەو ناوچانەى کە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمى کوردستان .
6. چۆنیەتى مامەڵەکردن لە گەڵ پەیوەنیدەکانى نێوان ( کوردستان + ئێران … کوردستان + هەرێمى شیعە .. کوردستان + تورکیا … کوردستان +هەرێمى سونە … کوردستان + وڵاتانى ناتۆ … هتد . )
هەموو ئەمانە دەبنە هۆى زیاتر کردنى سیناریۆ و تاکتیکەکان و پاشان ئەو یارییانەى کە کورد دەتوانێت لە بەرژەوەندى خۆیدا بیکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت