ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی : ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی ، لە چەند سەرنجێکدا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەیرە ( فام دەکەم و خۆڵیش دەخۆم ) !!
دەزانم بە نووسینەکانم تا دۆستێکی تاسەر دەگرم ، هەزاران دوژمن بۆ خۆم دروست دەکەم ، چونکە هەرکاتێ ناڕەواییەک ببینم یان ببیستم خۆم بۆ ناگیرێ و ناتوانم بێ وەڵام بم ، یان زمانم ببەستم و ڕاستییەکان نەدرکێنم ، بۆیە ئەگەر هەزاران جار بڕیار بدەم کە واز لە نووسین بهێنم ، ئەوە بەدڵنیایی لەکاتێکی ئاوادا لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەکان دووبارە پەنا بۆ پێنووسەکەم دەبەمەوەو دەست دەکەم بە یاداشت کردنی ڕاستییەکان .
ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر ڕامگەیاند ئیتر واز لە نووسین دێنم و بە یەکجاری لێی دووردەکەومەوە ، وەلێ بەداوای لێبووردنەوە کە نەمتوانی ئەو بەڵێنەم بگەیەنمە سەر وا دووبارە بەم نووسینەم هاتمەوە کۆڕی نووسین ، چونکە نووسین بۆ من وەک نیکۆتین بۆ جگەرەکێش وایە و دوورکەوتنەوە لێی زۆر سەختە . هەروەها پێم وایە تەنانەت هیچ مرۆڤێکی دڵفراوانیش ناتوانێ لە ئاست نووسینێکی وەکو ئەم نووسینەی دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ، چاوەکانی خۆی بنوقێنێ و گوێکانی دابخات و بێدەنگی هەڵبژێرێ ، بەتایبەت کە سیخوڕ و خۆفرۆشێکی سەر بە ئەمنی هەولێری بە شەهید ناوبردووە ، کە زیاتر ئەوەیان بوو هانی دام و بووە هۆکاری ئەوەی نەتوانم گفتی دوورکەوتنەوەم لە نووسین ببەمە سەر !

ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی – تۆمارێکی ڕۆژانەی مێژووییە ، کە مێژوونووس دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سەبارەت بە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)ی هەولێر نووسیوێتی و لەلایەن مەسعودی مەلا هەمزە پێداچوونەوەی بۆ کراوەو لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کەڤاڵ و لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە ساڵی (٢٠١٤)دا لە هەولێر لە چاپ دراوە . سەرەتا دەستخۆشی لە دکتۆر عەلیاوەیی دەکەم بۆ یاداشتکردن و نووسینەوەی ئەم مێژووە گرنگە ، بەڵام چەندین و تیبینی سەرنجم لەسەر نووسینەکەی هەیە ، کە لە خوارەوەدا یەکە یەکە هەڵوەستەیان لەسەر دەکەم و سەرنجەکانی خۆم دەخەمەڕوو ، بەبێ ئەوەی دەستکاری هەڵەی ڕێنووسی ئەو بکەم .

ل ٥ / لەم نووسینەم مەبەستم خستنەڕووی ڕاستییەکانە ، کە بە چاوی خۆم بینیومن و شایەدعەیان بووم .
نووسەر نەدەبوایە ( شایەدعەیان بووم ) بنووسێت ، چونکە هەر مانای (کە بە چاوی خۆم بینیومن ) دەگەیەنێت ، کەواتە دووبارە کردنەوەی ئەم چەند وشەیە بە عارەبی زیادەیە .

ل٩/ بەعسییەکان وانەیان لە حوکمڕانی ساڵی ١٩٦٣ وەرگرتبوو ، لەبەرئەوە هەوڵیاندا لەگەڵ کورد بگەنە ڕێکەوتنێک ، ئەوەبوو بەیانی ١١ی ئازاری ساڵی (١٩٧٠) یان لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولدا مۆرکرد ، بەڵام لە هەمان کاتدا سوودی لەم دەرفەتە بینی و خۆی بەهێزکرد و ڕێکخستەوە ، ڕێکەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ سۆڤیەت مۆرکرد ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە وڵاتە عەرەبییەکان نزیک دەبۆوە .
دەبوایە دکتۆر عەلیاوەیی باسی خۆمالیکردنی نەوتی ئێراق لە ڕێکەوتی (١/٦/١٩٧٢) و ڕێکەتننامەی (١٧/٧/١٩٧٣)ی نێوان بەعس و حزبی شیوعی ئێراقی بەناوی ( میثاق الجبهة الوطنیة والقومیة التقدمیة / پەیماننامەی بەرەی نیشتمانی و نەتەوەیی پێشکەوتووخواز ) ی بکردایە ، کە ئەو دوو هەنگاوەشیان لەپێناوی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی حکومەتە دیکتاتۆرییەکەیان و بەپلەی یەکەم مەبەستیان لاوازکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان و بەپلەی دووەم نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێراقی بوو .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ـــ ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی