بەهرۆز جەعفەر : دەمامکەکان کەوتنە خوارەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێنج ساڵى ڕێک ، دارو بەردى ئەم کوردوستانە هاتە لەرزین ، کۆمەڵێک وەزیرو پەرلەمانتارو ئەفسەرى خانەنشین و … تاد . بەپارەى (ی، ن، ک) دایان بەگردێکا ، شتێک نەما لەم نیشتمانە ئەوان بەناوى شەفافییەت و هاوارى ئازادییەوە ، نەیشکێنن و سووکى نەکەن ، کەسێک نەما لێمانى نەکەن بە تۆماس جێفرسۆن و ئەبراهام لینکۆڵن . هەرکەسێک (2) ژمارەى بۆئەنوسراو ئەیخوێندەوە ، ئەیانکرد بە ساحیرو بە ئادەم سمس .
دەیان کەس لەپێش ئەوانیشەوە هەیە و ناڕازییە ، چونکە لەدەرەوەى بازنەکەیان بوو ، هەموو کاتێک تا پێیان ئەکرا، زاراوەى ناشرین یان دەرهەق بەکار ئەهێنا .. گەنج ، هەرزەکار، بێکار، خوێندکارى دونیایان فریودا ، هەرکاتێک ئەمانوت : خەڵکینە بەدواى مافەکانى خۆتان بکەون ، با خواستەکانتان موزایەدەى پێوە نەکرێت . هەرخودى ئەم چین و توێژە جیاوازانە خەریکبو ، چاویان دەرئەهێناین !. دەیان میدیا ناوى خۆیان نابوو سەربەخۆ . میدیاکارو بنەماڵەى میدیایی قۆرخکراو ، شەو دەوروپشتى ئەم گردەیان چۆڵ نەئەکرد . ئەیانگوت : ئەمە شەرەفێکى گەورەیە !. چەندین نوسەریان بەکرێگرتبوو ، لە ئەوروپا لەڕێگەى دەنگ و سایت و فەیسبوکەوە ، تائێستاش بەناوى یاخیبون و دژایەتى و سوکایەتى کردن بە بنەماڵەگەرێتییەوە ، پەلامارى هەموو شت بدات خۆیان نەبێت . هەرچى گۆڕان و ڕێکخەر وتى : باش ، باشە . خراو ، خراوە .قفڵى هەموو شتێکیان دا لەدەرەوەى خۆیان . ئەمە کۆتایی مێژووە . فایدەى نەبوو ، هەر دەبوو تاڵاوو ئەزمونى ژیان خەڵکانى خاڵى لە وشیارى حاڵى بکات .. قەناعەتمە زەمەن ئاوهایە ” فێر ئەبیت باش ، فێر نابیت بەشەق فێرت ئەکەم !”. ئەوانەى چانسى فێربونیان هەیەو ، ساویلکە نین . باش ، دەنا ئەزمون و ئایندە ، تاڵاوى ژیان دەچێژن تافێر ئەبن ، شەقى ژیان باجى نەزانی و خۆیه هه موو شت زانین یانه .
وێڕاى پۆخڵەواتەکانى ڕابردوو ، ئێستا لەهەر زەمەنێک زیاتر بەندە حەز ئەکا هەموو سەرکردەکانى کورد پێکەوە تەکبیرى هاوبەش بکەن ، بەرپرسیارێتى هاوبەش هەڵبگرن ، نەک یەکێک ئیش بکاو ئەوى تر دوایی بیکات بە بۆڵە بۆڵ و نوسین و ئاشکراکردنى نهێنى . ئەوە بۆچى لەرابردوودا سەرکردە کوردییەکان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب و ئینگلیزو مالکى و نوجێفى و هەموو شوێنێکى تر دانیشتون ، زۆر ئاساییە ، کە (2) سەرکردەى کورد پێکەوە دانیشن نامۆیەو زۆرجار بەخیانەت وەسف ئەکرێت ؟. ئێمە بۆ سڕینەوەى ئەم بینینە پێویستمان بە نەهێشتنى ئەو بۆشاییەیە لەنێوان دەنگدەرو نوێنەرەکاندا ، لەنێوان حاکم و مەحکومەکاندا دروست بووە ، هەموو جارێک لەسەر حیسابى خەڵک کۆمەڵێک کەس لەبەر بێ ئیشى و تەواونەکردنى خوێندن ، بون بە چاودێریی سیاسیی و ڕۆژنامەنووس ، یان گروپێ ، ڕێکخراوێکیان خاڵى لەفکرو مەنتق ، بۆکراوەتەوە ، دواتر پەڕێنراونەتە ناو حزب و ئۆپۆزسیۆن ، کراون بەشێرو فریادڕەس لەپێش چاوى خەڵک ، خەڵکیش خۆش باوەڕەو ، پێی وایە ئەمە مەلایەکى چاکە ، یان ئەمە قسەزانە زۆر چاکە !!!. هەموو ژمارەکانى لەبەرە !!. لەوسەریشەوە بەدوو دەستى خاڵى ئەزمونەکەو تاکەکانیش هاتونەتە دەرێ .
ئێستا ئۆپۆزسیۆن نەماوە ، ماشێنەکانى ڕاگەیاندنیشیان وەک جاران بوارنادەن هەموو قسەیەک بکەین ، لەهەموو شت گرنگتر ئەوەیە هاوڵاتى چاودێریی داواو مافەکانى خۆى بکات ، هیچ عەیب نییە لەناوەڕاستى شەقامەکە پشتەمل یان ڕیباتەکەى کاکە ڕاکێشە : تۆ دوێنێ وتت بچمە پەرلەمان ئاوهات بۆ ئەکەم ، کوا ؟؟؟. هەموو کاتێک ، لەهەر شوێنێک ، بەرنامە و بانگەشەو هاتوهاوارەکانى پێشویان بخەنەوە پێش چاو ، بیرى خۆتان و ئەوانیشى بخەنەوە ، لێتان بزر نەبن ، لەخۆتان بپرسن باشە ئەمانە لەڕابردوودا قازانجیان چى بووەو ئێستا چى ئەکەن ؟. ئاخۆ لەمەولا باسى 17ى شوبات ئەکەن ؟ باسى کاوەو سەردەشت و سۆران ئەکەن ؟. ئایا کۆمەڵگە بێ خاوەنە ، هەرکەسێک بێت بیگەوجێنێ ، بیلەوتێنێ و بڕوات .. ئەددى کۆمەڵ لەناودەچێ ، کێ زمانەکەى ، مێژووەکەى ، جوگرافیاو هونەرەکەى ، پێش بخا .!!.
تا توانیویانە بەشدارى شەڕى ناوخۆ و گەندەڵییان کردووە ، ئەوسا خەڵکیان فریوداوە ، کەناڵەکانیان لەدەنگە ئازادەکان مەنعکردووە ، تا ڕاستییەکان نەچرپێنن بەگوێی خەلکدا . ئەوساش لەسەر سکى خەڵک هەمان نەمەتى دەسەڵات دوبارە ئەکەنەوە . دوێنێ ئەیانگوت : نەوت تاڵان ئەکرێت ، ئەمرۆِ هەناردە ئەکرێت . دوینێ کەناڵەکانیان تۆبخانە بو ، ئەمڕۆ دەسەلاتیش لێیان ناکڕێت . دوێنێ هەموو شەڕێکیان لەپارێزگاى سولەیمانى بەهەمو کەس ئەفرۆشت ، ئەمڕۆ نەلەناو پەرلەمان نەلەدەرەوە متەق ناکەن تەنانەت لەسەرحکومەتە خۆجێیەکانى هەولێرو دهۆکیش قسەیەک ناکەن ،دوێنێ لەسەر حیسابى ئەوەى وەزیرى سامانە سروشتییەکان نەزان و گەندەڵە ، سەدان و دەیان هەزار دەنگى هێناوە ، ئەمڕۆ لەپەرلەمان دەنگى پێ ئەداتەوە .!. …پێم مەڵێ ئەوەندە کتێبى هەیەو ، ئەوەندە ساڵ خەبات و سەرکردەى سادەو ساکارەو خۆى لەکافتریاکە چاى بۆخۆى هێناوە ، پێم بڵێ تۆ دوێنێ چیت ووت و ئەمڕۆ چیمان بۆ ئەکەى ؟. لەواقیعدا هەمان نوسین بۆ 2 حزبە ئیسلامییەکەش تەواوە ، کە ئیمڕۆکە بەتەواوى لەدەسەڵاتدان ، دوێنێکەش نیوەیان لەدەسەڵاتا بوو … ئاخۆ له مەولاش جاودیریی فاوله کانیان بکەین و ره خنه بکرین ، هەروەک جاران بەتوندى تەخوینمان ئەکەن !.
” ئەوەش بابەتى کورت و سادە ، بۆ ئەو خوێنەرانەى ئەڵین باوى شتى درێژو فکرو فەلسەفە نەماوە “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت