Shehid

کونجرینی : پێشمەرگە وەک ڕەمزی بەرخۆدان و پاڕێزەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوو پڕە لە داستان و گیانبازی و قوربانیدانی چینێکی جیانەبوو ، ئاڵاو بەباڵای کوردستان و خەڵک . لەوەتەی هەستی نیشتمان و نەتەوەبوون بڕاوە بەجەستەی تاکی کورد ، ئەو کاتەی شێخی نەمر بڕیاری دا دەبێت کوردستانێکی ئازاد و دوور لە باڵادەستی داگیرکەر ، بوونی هەبێت . ئیتر قوتابخانەی کوردایەتی سەری هەڵداو ناوچەیەک تا ناوچەیەک ، کەم تازۆر ئالودەی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بوو .
شەڕ بەردەرگای هەموومانی گرت ، داخوازییە ڕەواکان بە فیشەک و بۆمبا وەڵامیان درایەوە . دابەشبوونی کوردستان لەسەر زەویی ڕیالیتێت چەسپا ، ئیتر کوردو کوردایەتی بووە ئامانج . ئامانج لای تاکی کورد پەرەپێدان و لای دوژمنەکانی کۆتایی پێهێنان .
شۆڕشی ئەیلول بێ ئامانج بوو ، سەرئەنجام کۆتایی هات . بەڵام ڕۆحیانەتی کوردایەتی لەناخی کوردا کڵپەی سەند . شۆڕشی نوێ دەستکەوتی هەستانەوەی پاش نسکۆ و گڵاندن بوو ، بەدەستکەوترین شۆڕشی کورد بوو ، نەکەوت و هەوڵدانی خودو هەلومەرجەکانی جیهان و ناوچەکە ، ئەمڕۆی بۆهاتە دیی .
ئێستا کورد لەبەردەم ڕابردوودا نییە ، لەبەردەم داهاتودایە . هەموو ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتووە ، بەرهەمی کەوتن و هەستانەوەن . قسەکردن لەسەر ڕابردوو بۆجوانکردنی داهاتوو ، ژیرانەیە . بەپێچەوانەوە تێنەگەیشتنە لەوەی چیکراوە . ڕابردوو بە تێپەڕەی تراژیدیاو سەرکەوتن و کەوتنەکانەوە ، واتەکەی لە بەگەڕبوونی هەموو ئەو بیرکردنەوە نیشتمانیانەدایە ، پێمان دەڵێت : جێبکەین بۆ ئێستاو داهاتوو .
پێشمەرگەی قوربانی دەستی دوژمن و هەڵەی سەرکردەکانی کورد بووە لەڕابردوودا . لەشەڕی ناوخۆدا فێریانکردن چۆن سەنگەر لەبرای خوێنی خۆی بگرێت و بەچ تراژیدیایەک بکوژرێت . لە دوای ڕاپەڕین هەمان سینارۆی تۆڵەو ئینجا بەکارخستنیان لەشوێنە هەستیارەکانی وەک گومرک و دامودەزگاکانی حکومی ، کە هەموو ساتێکیان ، بەدەروازەی قسەوباسی سەرشەقام و ورتە ورتی نێو کۆرو کۆبونەوەکانی توێژەکانی کۆمەڵگا تێ دەپەڕیی . ئامانجێکی جوان و پاک ، بەڵام بەتێنەگەیشتن لەوەی کێ هۆکاریی ناشرین کردنیانە ، دەدرێنە بەر قسەوباسی ناجۆر .
پێشمەرگە ئەو مرۆڤەی هەست و خەمە پەنگخواردووکانی ناخی بۆ کوردستان و نیشتمان ، جیایدەکاتەوە لەمرۆڤی نۆڕماڵ و هەڵی دەفڕێنێت بۆ سەنگەرێک ، لەوێ هەرچی بەرژەوەندی خود هەیە دەیکاتە قەڵخانی پاراستنی بەرژەوەندی گەل و ئینجا جەستەو ژیان . ئامانج تێڕوانە بۆمان و بەردەوامی ژیان ، دواتر لەکۆی هەموو بەرەنگارییەکاندا ، سەرکەوتن و ڕزگارکردنی کۆی مرۆڤەکانی نیشتمان لەکۆتوبەندی ژێردەستەیی و جەوساندنەوەی نەتەوەیی ، بەئاراستەیەک من دەمرم لەپێناو گشتدا ڕەچاو دەکات . ئەمە ئەو دۆکتۆرایەیە مرۆڤە خۆنەویستەکانی هاوشێوەی پێشمەرگە بەخودی خۆی دەبەخشێت .
ئەمڕۆ هەمان ڕۆژانی سەختە بۆگیانی بەرەنگاریی ، ئەوەی جودای دەکاتەوە لەگەڵ دوێنێ ئەو ڕتمە ناشرینەیە ، کەهۆکاری پشت سارکردنەوەی خەباتی شۆڕشگێرانەی لێکەوتەوە . دزی و تاڵانی و ناڕێکی لەدابەشکردنی پۆست و پشتگوێخستن و وەلاخستنی ئەوەی دەبوو بکرایە .. بەڵام شەڕ و چارەنوس بەردەمی ماڵی هەمومانی گرتووە ، هەمومان لەبەردەم لێپرسراوییەکی مێژووییداین . هەرئەوەشە ناو و ناونیشان و سەروەریی بۆ ئەوانەی بەمێژووی کوردایەتی قوربانی سەنگەریی پێشەوەی بەرەنگاریی و پاراستنی ناو و بوون و کلتور و نەریت و ئینجا زەوی و سەروەری نیشتمان بوون ، کەپێشمەگەیە ..
پێشمەرگە لەمڕۆدا گیانێکی پیرۆز و ناو و نیشانێکی ناوازەو سمبولی بەرەنگاری و پاراستنی کوردستانە ، هەمان جوانی و هەمان بەرگی پیرۆزی بۆ گەڕایەوە ، ئیتر لەمەودووا دەکرێت خودی پێشمەرگە خاوەن بڕیاریی سەربەخۆ و ئازاد بێت و ، نەکرێتەوە بەهەمان ئالەی دەستی حیزب و شەڕی کورد بەکوشتدان پەسند نەکات و ئەرەکە گرنگ و نیشتمانییەکانی خۆی لە پاراستنی وڵات لە ناڕێکی ماڵی کورد و پاراستنی نیشتمان جێبەجێ بکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت