عەتا قەرەداخی : لایەنگریی ئیسرائیل بۆ کورد بۆ ؟ .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

ناسیونالیستە شۆڤێنیەکانی عەرەب بە درێژایی مێژووی درووستبوونیان دژی مافە رەواکانی کوردبوون و نەک هەر دانیان نەناوە بە مافەکانی ئەم نەتەوەیەدا ، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک هەوڵیانداوە شووناسی کوردبوونی ئەم پێکهاتەیە بسڕنەوەو تەنانەت پاکتاوی رەگەزیشی بکەن . کە ئەوەشیان بۆ فەراهەم نەکراوە ، کەوتوونەتە تاوانبارکردنی کورد . دەمێک بە پیاوی مەجووسی و دەمێک بە بەکرێگیراوی بێگانەو ئیمپریالیزم و دەمێک بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و دوژمنەکانی نەتەوەی عەرەب و ئیسلام و دەمێکیش بە تێکدەری یەکێتی خاکی عێراق تاوانباریان کردوەو دەیکەن . دیارە ئەوەش ئاشکرایە لە کاتێکدا عەرەبە شۆڤێنیەکان بەم جۆرە کورد تاوانیار دەکەن ، زۆرێک لە دەوڵەتانی عەرەب خۆیان پەیوەندی ئاشکرا ، یان ژێر بەژێریان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە .
بەهەرحاڵ رەنگە ئەوەى کە ئیسرائیل ئێستا بە جۆرێک داکۆکی لە کورد دەکات بگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک . یەکێک لەوانە ئەوە بێت کە جولەکە لە مێژوودا ئازاری زۆریان چەشتبێت ، هەر لە قۆناغە کۆنەکانی مێژووەوە تا دەگاتەجینۆسایدی جولەکەو هۆلۆکۆست ، کە ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەى جولەکە باشتر لەوانی تر ، لە ئازارەکانی کورد تێبگەن . هەروەک هەندێ بۆچوونی مێژوویش هەیە کە باس لەوە دەکەن لەسەردەمی دەوڵەتی میددا ، جولەکەکان بەسەختی لەلایەن کلدو ئاشوورو بابلیەکانەوە چەوسێندراونەتەوەو ئەوەى پاراستووتنی دەوڵەتی مید بووە . جولەکەکانیش مید وەکو دەوڵەتێکی کوردی سەیر دەکەن ، دەشێ ئەمەش لای ئەوان وەها لێکبدرێتەوە کە ئەوان قەرزاری ئەو چاکەیەی کوردن .
هۆکارێکی تر دەشێ ئەوە بێت کە ئیسرائیل خۆی وەکو دەوڵەت بە عەرەب و ئیسلام دەورە دراوەو بەردەوامیش عەرەبەکان و دەوڵەتانی تری ئیسلامی وەکو ئێران هەڕەشەى لێدەکەن . هاوشێوەى جولەکە کورد رەگەزێکی جیاوازە لە عەرەب و تورک و فارس کە ئەوان نەتەوە بەهێزو بە ژمارە زۆرەکانی ناوچەکەن . واتە جولەکەو کورد لەوان جیاوازن ، ئەگەرچی کورد لە رووی ئایینەوە هاوئایینی عەرەب و تورک و فەرسەکانە ، بەڵام دەشێ ئیسرائیل وەها سەیری کورد بکات کە ئەمیش وەکو جولەکە جیاوازەو دەشێ بۆ داهاتوو ببێـە دۆستی ئیسرائیل و رەنگە ئیسرائیلیش لە ئێستادا بەرەو ئەو ئاسۆیە بڕوانێت کە بۆ داهاتوو تەنیا نەبێتـ بەڵکو هێزو دەوڵەتی تر هەبن لە ناوچەکەدا کە دۆست و هاوکاری ئەوبن ، بە تایبەتیش کورد. بە مانایەکی تر دەشێ ئیسرائیل بە دوای هاوپەیمانێکی ستراتیژیدا بگەڕێـت لە ناوچەکەداو بۆ ئەو مەبەستەش لە کورد باشتر نەدۆزێتەوە .
دەشێ هۆکارێکی تری لایەنگری ئیسرائیل بۆ کورد ئەوە بێت کە سەرباری ژێردەستەیی دوورو درێژی کورد ، کاتێ بوارێکی کەمی بۆ رەخساوە سیستێمێکی ئیداری سیاسی درووستکردووە بە هەموو کەموکورتیەکانییەوە زۆر جیاوازە لە سەرجەمی سیستێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرو شمولیەکانی ناوچەکە بە عەرەب و فارسەوە . ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیفە کە دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو باشترین نموونەى سیستێمی دیموکراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بە ئومێدەوە سەیری ئەو ئەزموونەی کورد بکات لە باشووری کوردستانداو پێی وابێت پێویستە پشتگیری ئەو ئەزموونە بکرێت بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەت بەو هیوایەی ببێـتە قەڵایەکی دیموکراسی و ئازادی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، کە ئەوەش بێگومان کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێـت و ئاشکراشە هەڵهێنانی هەر هەنگاوێک بە ئاراستەى دیموکراتی لە ناوچەکەدا لە زیانی سیستێمە تۆتالیتارو دیکتاتۆرەکانی عەرەبە و لە قازانجی سیستێمێکی دیموکراسی وەکو ئیسرائیلە .
هەروەک ئەوەش ئاشکرایە کە یەکێک لەو سیستێمە شمولیانەى ناوچەکە کە بەردەوام هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات کۆماری ئیسلامی ئێرانە . بوونی دەسەڵاتێکی شیعە مەزهەبی پاشکۆی ئێران لە عێراقدا دەشێ رێگاخۆشکەر بێت بۆ ئەوەى کە ئێران ناو بەناو بتوانێت لەوێوە هەرەشە لە ئیسرائیل بکات ، هەرچۆن لە رێگای حیزبوڵای لوبنانیەوە لە باشووری لوبنانەوە ئێران دوژمنیەتی خۆی بە کردەوە بەرامبەر بە ئیسرائیل دەکات .
درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستاندا ئەگەر ئەو دەوڵەتە درووست ببێـت و سەروەری خۆیی هەبێت ، ئەوا لەو ئاراستەوە مەسافەى نێوان ئێران و ئیسرائیل دوورتر دەکەوێتەوەو هەروەها رووبەری دەسەڵاتی دەوڵەتی شیعەی عێراقیش زیاتر تەسک دەبێـەوەو ئەگەری دەستگەیشتنی ئێران بە ئیسرائیل کەمتر دەبێتەوە ، ئەمە بێجگە لەوەى کە پشتگیری ئیسرائیل بۆ کورد دەشێ نەخشەیەکی دووربینانەى ئیسرائیل بێت بۆ ئەوەى کورد لە مەدارو فەلەکی ئێران بهێنێـە دەرەوە بە تایبەتی کە تاکو ئێستاش بەشێکی لە هێزەکانی باشووری کوردستان لەژێر هەژموونی ئێرانی دەرنەچوون و زیاتر لە تەوەری ئێران و شیعەدان .
هەروەک دەشێ کاریگەرییەکی کەمی ئەو کوردە جولەکانەش لەسەر حکومەتی ئیسرائیل هەبێت کە تاکو ساڵی 1948 لە باشووری کوردستان ژیاون و ئەو کاتە حکومەتی عێراقی ناچاری کردن ماڵ و مڵک و سامانیان بەجێبهێڵن و رووبکەنە ئیسرائیل . دەشێ ئەو کوردە جولەکانەش جۆرێک لە سۆزدارییان بۆ کورد مابێت بە تایبەتی کە پێشتر ئەوان بە شێوەى برا لەگەڵ کوردە مسوڵمانەکاندا پێکەوە ژیاون و لەو رووەشەوە دەنگی ئەوان ئەگەر دەنگێکی بەهێزیش نەبێت بەڵام بە جۆرێک بگاتە ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل.
هەروەک دەشێ سیاسەتی ئەمەریکاو عەقڵی جولەکەش کە لۆبی جولەکە لە جیهاندا بەرێوەی دەبات ، کە زۆرێک لە جومگە گرنگەکانی بڕیاری دنیای بەدەستەوەیە لەپشتی ئەم لێدوانانەى ئیسرائیلەوە بن بۆ پشتگیری کردنی درووستکردنی دەوڵەتی کوردی ، کە بێگومان ئەگەر ئەم بۆچوونە راست بێت ئەوا مانای ئەوەیە کە دەوڵەتی کوردی دەبێـە ئەمری واقیع و نە ناسیونالیستی عەرەبی و فارسی و تورکی و نە هیچ هێزێکی تر ناتوانێت رێگای لێبگرێت . بێگومان ئەوەى کە لە پشتی پەردەوەیە ئێمە نازانین چییە , بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە کەوتنە ناوباسی دەوڵەتی کوردی لە لای ئیسرائیل و دەوڵەتانی ترو لە لای راگەیاندنە جیهانیەکان و لەلای سیاسی و لێکۆڵەرو دەزگا ستراتیژییەکانی جیهان بێبنەما نییە .
ئایا وەڵامدانەوەى کورد چی بێت بەرامبەر بەو پشتگیریەى ئیسرائیل؟ ئایا کورد لە ئێستادا بۆخۆی کاربکات و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بجوڵێت یان دیسان وەکو زۆربەى کات بیەوێت عەرەب و دەوڵەتانی بە ناو مسوڵمان و ئیسلامیە تووندڕەوەکان رازیبکات و پاکانەیان بۆ بکات کە ئەو بە تەمای سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت نییەو پێیشی خۆش نییە ئسرائیل پشتگیری بکات ؟ یان بە جۆرێکی تر کورد بە دەوڵەتانی عەرەب و مسوڵمان بڵێت ، دەبوو ئێوە یارمەتی کوردتتان بدایە بۆ ئەوەى لە غەدری مێژوویی چەندین ساڵەى رزگاری ببێـت و دەوڵەتی سەربەخۆی دابمەزرێنێت و ئەو سنوورانەى کە هەموو دەیزانن لە دوای هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی عوسمانی بە ناو کوردستانی ژێر دەسەڵاتی پێشتری عوسمانییەکاندا کێشران لاببرێن و ئەم نیشتیمانە بەزۆر دابەشکراوە بکرێـتەوە بە یەک نیشتیمان . پێویستە کورد بە ئاشکرا بڵێت ئەگەر عەرەب و مسوڵمانان لە تورک و فارسەکان لەو رووەوە پشتگیری کورد نەکەن و دژیشی بووەستنەوە ، ئەوا دەوڵەتان و لایەنی تر پەیدا دەبن کە ئەو پشتگیرییە لە کورد بکەن کە بەدەنگهاتنی ئیسرائیل سەرەتایەکە بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئەو دەنگی لایەنگیرییە بۆ کورد.
بەهەرحاڵ من پێموایە دەبێت کورد لەم بارودۆخەدا زۆر حەکیمانە کاربکات و خۆی لە هەر هەڵچوونێکی ژێر کاریگەری سۆزو عاتیفە بپارێزێت . هەروەک پێویستە لە دڵەوە سوپاسگوزاری ئیسرائیل و هەردەولەت و کەسێتیەکی جیهانی بێت کە لایەنگری سەربەخۆیی کوردستان و درووستبوونی دەوڵەتی کوردی بێت . لەلایەکی تریشەوە دەبێت لەوەش تێبگات سۆزو عاتیفەى مسوڵمانان و ناسیونالیستی عەرەبی بە دژی خۆی نەوروژێنێـت، ئەویش بەوە دەبێت کە ئەو هەڵوێستەى ئیسرائیل بە سرووشتی وەربگرێت و لەپاڵ ئەوەشدا کاربکات کە بۆ هەمان مەبەست لە ناو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیدا لایەنگری و پشتگیری بۆ سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان و درووستکردنی دەوڵەت تیایدا بەدەستبهێنێـت . دیارە پێویست بەوەش ناکات کورد لە ئێستادا پاکانە بۆ نەبوونی پەیوەندی خۆی لەگەڵ هیچ لایەکدا بکات چونکە هەر پاکانەکردنێک لە ناوەرۆکدا نیشاندەری جۆرێک لە لاوازییە . من پێموایە ئەگەر عەرەبە شۆڤێنیەکان لە عێراق و نیشتمانی عەرەبیداو ، فارسە شیعەکانیش دڵنیابن لەوەى کە کورد پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیەو دڵنیاش بن لەوەى کە ئیسرائیل بە جیدی لایەنگری کورد دەکات ، ئەوا پێگەى کورد لەوەى ئێستای بەهێزتر دەبینن و دەشێ بوێری ئەوە ناکەن فشاری زۆر لەسەر کورد دابنێن ، بەڵکو رەنگە لە ترسی داهاتووی خۆیان هەوڵبدەن پەیوەندییەکی بەهێزترو هاوسەنگتر لەگەڵ کورددا درووست بکەن.
هەڵبەت ئەوەى ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی دەبینرێت، پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێ کە جارێکیتر فایلی کوردی بخرێـتەوە سەر مێزی گفتوگۆ ، بە تایبەتی دوای ئەوەى کە شیعەی عێراقی و ئەمەریکاش شکستیان هێنا لەوەدا کە سیستێمێکی دیموکراتی لە عێراقدا درووستبکەن کە هەموو لە سایەیدا مافەکانیان پارێزراو بێت . شکستی پێکهێنانی عێراقێک بۆ هەمووان ، دەشێ ببێتە دەستپێک بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردان . بۆ ئەو مەبەستەش کورد پێویستی بە پشتگیری دەوڵەتانی جیهان هەیە ، هەر دەوڵەتێکیش زووتر ئەو پشتگیریەى بۆ کورد نیشاندا بێگومان کورد چاکەو دۆستایەتی ئەوی بیر ناچێـەوە بە تایبەتی کە کوردستان وڵاتێکە ئەگەر سەرەبەخۆ بێ ، دەتوانێت زۆر بەباشی چاکەى دۆستەکانی بداتەوە .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
عەتا قەرەداخی

About عەتا قەرەداخی