پارتی‌‌و یەكێتی‌ كەركوك چەك دەكەن چەكەكانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ چوونە قورگی‌ شێرەوە

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.

راپۆرتی‌ : شاڵاو محەمەد

هەر ئەوەندەی‌ داعش دەستیگرت بەسەر موسڵداو بەرەو تكریت كشا ، هەرچی‌ سەربازی‌ عێراقی‌ هەبوو هەر فریای‌ ئەوە كەوتن خێرا جلە سەربازییەكانیان دابكەن‌و جلێكی‌ مەدەنی‌ بپۆشن، باشێكیان پێناسە سەربازییەكانیان سوتاندو بەشێكی‌ تر خستیانە ژێر گڵەوە، ئەوەی‌ لەلای‌ سەربازەكان رەواجی‌ نەبوو ئەو چەكانەبوو كە گوایە بۆ پاراستنی‌ ناوچەكە كردویانەتە شانیان، بەمەش چەك‌و چۆڵێكی‌ زۆر لەوناوچانەی‌ دەوروبەری‌ كەركوك جێما كە بەدەست سوپای‌ عێراقییەوە بوون .

لەگەڵ‌ كشانەوەی‌ سوپا ، بۆ ئەوەی‌ داعش شوێنەكانیان نەگرنە دەست، دەست‌و برد هێزی‌ پێشمەرگە سەرجەم سەربازگەكانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كەوتە دەست بەدنیایەك چەكی‌ سووك‌و قورسەوە .

دەستكەوتەكانی‌ جەنگ بووە یەكەم خاڵی‌ ناكۆكی‌ قۆناغە نوێیەكە لەنێوان پارتی‌‌و یەكێتیدا هەریەك لەو دوو حیزبە پەلەیان بووە كە زوو چەكە قورسەكان‌و ئۆتۆمبێلە هەمارەكان بۆ شارەكانی‌ هەولێرو سلێمانی‌ مایەوە ، ژمارەیەك لەچەكە سوكەكانیش كەوتە دەست هاوڵاتیان‌و كڕین‌و فرۆشی‌ پێوە دەكرا.

كێبەركێ‌و ململانێی‌ حكومەتی‌ هەرێم‌و ئیدارەی‌ كەركوك لەسەر چەك‌‌و پێداویستی‌ بەجێماوەی‌ سوپای‌ عێراق دەستی‌ پێكردووە ، ئەوەش دوای‌ كشانەوەی فیرقەی‌ 12ی‌ سوپا لەسەنگەرەكان بەهۆی‌ مەترسی‌ داعشەوە كە لە ئێستادا هێزی‌ پێشمەرگە جێگەی‌ گرتوونەتەوە‌و زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ خوارووی‌ كەركوكیشیان كۆنتڕۆڵ كردووە .

لەو چەند رۆژەی‌ یەكەمی‌ هەڵاتنی‌ سوپا دیاردەی‌ مامەڵەكردن بەچەكەوە ئەوەندە تەشەنەی‌ كرد تا ئەو رادەیەی‌ كۆسرەت رەسوڵ‌ جێگری‌ سكرتێری‌ یەكێتی‌‌و جێگری‌ فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزی‌ پێشمەرگە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند هیچ كەس‌‌و لایەنێك بۆی نییە مامەڵە بەئۆتۆمبێل‌و كەلوپەلە سەربازییە جێماوەكانی سوپاوە بكات بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت .

هەر لەو دەمەدا نەجمەدین كەریم پارێزگاری‌ كەركوك‌و سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ ئەو پارێزگایە رایگەیاند « ئەو چەك‌و تەقەمەنیەی‌ سوپای‌ عێراق كەوتووەتە دەست هێزی‌ پێشمەرگە پێویست بوو نەگواسترایەوە بۆ شارەكانی‌ تری‌ كوردستان‌و لەبنكەكان بهێڵدرایەتەوە بۆ ئەوەی‌ ببوایە بە شوێنی‌ هەمیشەیی‌ پێشمەرگە » . 

بەگوێرەی‌ زانیارییەكانی‌ « شار » كە لەسەرچاوەیەكی‌ باڵای‌ ئەمنی‌ كەركوكەوە دەستی‌ كەوتووە ، فیرقەی‌ 12ی‌ سوپای‌ عێراقی‌ سەر بەئۆپەراسیۆنی‌ دیجلە كە لەسەربازگەی كەیوان جێگیركرابوون ، یەكێك لەگەورەترین سەربازگەكانی‌ سوپای‌ عێراقیان بەدەستەوە بوو لەخۆرئاوای‌ كەركوك كە پڕبووە لەچەك‌و كەرەستەی‌ سەربازی‌ پێشكەوتوو ، دوای‌ ئاشبەتاڵی‌ ئەو فیرقەیە سەربازگەكە كەوتە ژێر دەسەڵاتی‌ لیوای‌ یەكی‌ پێشمەرگە كە فەرماندەكەی‌ یەكێتییە ، بەڵام لەلایەن چەند فەرماندەیەكی‌ سەربازیی كوردەوە هەوڵ دراوە 400 پارچە چەكی‌ فیرقەی‌ 12ی‌ سوپای‌ عێراق لەكەیوان‌و 25 مۆلیدەی‌ كارەبای‌ پۆلیسی‌ كەركوك كە لەنێو فڕۆكەخانەی‌ شارەكەدابووە لەگەڵ 13 ئامێری‌ گرانبەهای‌ كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكوور ببەن ، بەڵام هەوڵەكانیان شكست پێهێنراوە .

هەروەها لیوای دووی‌ پێشمەرگە كە فەرماندەكەی‌ پارتییە توانیان سەربازگەی‌ تەلوەرد كە دووەم گەورەترین سەربازگەی‌ سوپای‌ عێراقییە لەكەركوك بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی‌ خۆیانەوە ، بەڵام هەوڵدراوە زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلی‌ جۆری‌ هەمەرو 1200 كلاشینكۆف‌و 10 هەزار فیشەك‌و چوار هەزار دەمانچەی‌ كڵۆك بگوزارێتەوە بۆ پارێزگای‌ دهۆك‌و هەولێر بەڵام رێگری‌ لێكراوە .

لەگەڵ‌ ئەمەشدا سەرچاوەیەكی‌ باڵا لەوەزارەتی‌ پێشمەرگە بە «شار»ی‌ وت « دوای‌ پاشەكشەی‌ لیوای‌ 49 و لیوای‌ 46 سەر بە فیرقەی‌ 12ی‌ سوپا سەرجەم كەرەستە سەربازییەكانیان گواستراوەتەوە بۆ پارێزگاكانی‌ كوردستان .

ئەحمەد عەسكەری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌‌و ئاسایش لەئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك بە « شار»ی‌ راگەیاند « پێویستە سەرجەم ئەو چەك‌و پێداویستییە سەربازیانەی‌ كە بەهۆی‌ شكستی‌ سوپای‌ عێراقی‌ بەجێماوە لەلای‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بمێنێتەوە تاكو بتوانین درێژە بەو بەرگرییە سەربازییە بدەن كە ئەمڕۆ كەركوكی‌ لە هاتنی‌ داعش پاراستووە ».

عەسكەری‌ وتیشی‌ « بردنی‌ پێداویستیە سەربازییەكان بۆ كوردستان هەڵەیە ، چونكە دەبێت هێزی‌ زیاتر بنرێن بۆ كەركوك نەوەكو لێی‌ كەمبكرێتەوە » .

رۆژی‌ 24ی‌ حوزەیرانی‌ رابردوو، نوێنەرانی‌ حیزبە كوردستانییەكان لەكەركوك ، لەبارەگای‌ مەڵبەندی‌ دووی‌ رێكخستنی‌ یەكێتی‌ كۆبوونەوەو رایانگەیاند دەبێت بەهەموو شێویەك رێگری‌ بكرێت لەگواستنەوەی‌ چەك‌و كەرەستە سەربازییەكانی‌ كەركوك، بەڵام پێناچێت تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ كرابێت‌و هەندێ‌ سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە ئێستاش ناوە ناوە چەك دەبرێت . 

ئاسۆ مامەند ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ ئەو حیزبە بە « شار » ی‌ وت «پشتگیری‌ ئیدارەی‌ كەركوك دەكەین بۆ ئەو داوایەی‌ كە ئاماژە بەمانەوەی‌ چەك‌و پێداویستە بەجێماوەكانی‌ سوپا دەكات ، چونكە لەدوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ فیرقەی‌ 12ی‌ سوپا بۆشایی‌ ئەمنی‌ دروست بووە ، بەڵام بەهەوڵەكانی‌ پێشمەرگە ئەو بۆشاییە پڕكراوەتەوە ، بۆیە دەبێت پێشمەرگە پڕچەك تر بكەین نەوەكو چەكیان لێكەم بكەینەوە ».

هەرچەندە ئێستا لەسەر چەند ئاستێكی‌ جیاواز هەوڵی‌ زۆر هەیە بۆ ئەوەی‌ چەك‌و ئۆتۆمبێل‌و كەرەستە سەربازییەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ كەركوك، بەڵام پێدەچێت تازە ئەوە لەقورگی‌ شێردا بێت‌و چارەنووسیان وەكو چارەنووسی‌ ئەو دەیان تانك‌و زرێپۆش‌و چەكە قورسەبێت كە ساڵی‌ 2003 كەوتنە دەست دوو حیزبە سەرەكییەكەی‌ كوردستان .

سەرچاوە / شار

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە لەسەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە بۆ ئەوەی بگات بە هاوڕێکانت.
وتاریکورد

About وتاریکورد