عـــەتـــا قەرەداخی : لە نێوان پرۆژەو عاتیفەدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا چی پەیوەندییەک لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە ؟ ئایا پەیوەندی نێوان ئەم دوو چەمکە لە کۆمەڵکە پەراوێزییەکانی وەکو کۆمەڵگەى کوردیدا چۆنە ؟ ئایا لە کۆمەڵگەى کوردیدا شتێک هەیە بەناوی پرۆژەى سەربەخۆیی؟ ئایا بەبێ بوونی ناسیوونالیزمێکی خاوەن شووناس دەشێ پرۆژەى نەتەوەیی بوونی هەبێت ؟ ئایا لە بارێکی وەهادا ئەگەری درووستبوونی دەوڵەتی کوردی هەیە ؟ ئایا ئەو شێوازی کارکردنی حیزبی کوردی لە ئێستادا چیمان لە بارەى پرۆژەى ناسیونالیزمی خاوەن شووناسەوە پێدەڵێت ؟ ئایا چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ناسیونالیزمی خاوەن شووناسی کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو و ناسیونالیزمی دەوڵەتی سەردەستەدا لە رووی پرۆژەى جیابوونەوەوە ؟ ئایا ناسیونالیزمی کوردی وەکو ناسیونالیزمی دژە داگیرکەر تا چ ئاستێک توانیوێتی ببێتە خاوەنی پرۆژەى نەتەوەیی بەو مانایەی کە درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت؟ ئایا لەسەرووی هەموو ئەمانەوە عاتیفە چ هەژموونێکی هەیە بەسەر ناسیونالیزمی کوردییەوە؟ ئەى داخۆ ناسیونالیزمی کوردی توانیوێتی دامەزراوە لۆکاڵیەکانی وەکو خێڵ و عەشیرەت و حیزب و مەزهەب و ئایین لە بزووتنەوەیەکی جەماوەریدا رێکبخات و یەکەیەکی یەکگرتوویان لێدرووست بکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک کە پرۆژەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتە ؟
دیارە ئەوە ئاشکرایە ناسیونالیزم بەرهەمی پەرەسەندنی قۆناغێکی دیاریکراوە لە ژیانی کۆمەڵگەدا کە لە لێکدانەوەى کلاسیکدا پێی دەوترێت شۆرشی پیشەسازی و درووستبوونی چینی ناوەند کە بە بۆرژوای نیشتیمانی ناودەبرێت. دیارە ئەم چینەش بەرهەمی شۆڕشی بۆرژوایە کە خاوەنی پرۆژەى دەوڵەتی نەتەوەیی و بیناکردنی دیموکراسیە ، واتە ئەرکی ئەم چینە کۆمەڵایەتیە درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیە . ئەمەش زیاتر لەسەر مێژووى ئەو کۆمەڵگەیانە لێکدراوەتەوە کە پەرەسەندنێکی سرووشتییان هەبووەو قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیان بە شێوەیەکی ئاسایی بڕیووەو لەهەر قۆناغەدا ئەو کۆمەڵگەیە ئەو دامەزراوانەى درووستکردووە کە خاسێتی ئەو قۆناغەن بە کۆی ئەو سیستێمە ئابووری و عەقڵی و ئیدارییەوە کە لەو قۆناغەدا پێویستە بەرهەم بێن. بە چەمکی نوێ ناسیوونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەیە کە مەبەست لەمەش دەرکەوتنی ناسیونالیزمە وەکو بەرهەمی کۆمەڵگەی پیشەسازی و بەرهەمی تەکنۆلۆجیا بە کۆی کەلتووری ئەو قۆناغەوە بە هەموو توخم و رەگەزەکانییەوە. خۆئەگەر وەهاش سەیری دەوڵەت بکەین کە بەرهەمی مۆدێرنێتەیە، ئەوا لەبەرامبەردا دەبێ بزانین کە ئەرکی دەوڵەت لەم روانگەیەوە لە ئاستی یەکەمدا بریتیە لە درووستکردنی نەتەوە . کەواتە ئێستا ئێمە بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین کۆی ئەو بۆچوونانەى کە پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەیی کوردو پەرەسەندن و شووناسی نەتەوەیی ئەم پێکهاتە ئیتنیکیە دەکەن لە روانگەى بێ دەوڵەتیەوە دەکەونە بەردەم گومانەوە. رەنگە هەر لێرەشەوە بێت بە جۆرێک لە جۆرەکان عاتیفەو هەڵچوون ببێتە رەگەزێکی زیندوو کاریگەری جوڵێنەر لە بوونی ناسیوونالیزمی نەتەوە ژێردەست و بێ دەوڵەتەکاندا، هەرچەندە لە بنەڕەتەوە عاتیفەو هەڵچوون خاسێتی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانە ، واتە خاسێتی کۆمەڵگەى دەرەوەى عەقڵ یان کۆمەڵگەى نێو سرووشتە . هەڵبەت جیاکردنەوەی کۆمەڵگەى پێگەیشتوو لە کۆمەڵگەى سەرەتایی یان کۆمەڵگەى نێو سرووشت، دەبێ لە روانگەى لاوازی دەسەڵات و هەژموونی سۆزو عاتیفەو هەڵچوونەوە بێت ، لەبەردەم چەمکی عەقڵ و لێکدانەوەدا . ئەوەش ئاشکرایە کە ناسیونالیزمی کۆمەڵگەى پێگەیشتوو زیاتر لەوەى کە ملکەچی سۆزو عاتیفەو هەڵچوون بێت ملکەچی لۆجیکی عەقڵ و لێکدانەوەیەو ئەوەش بنەمایەکە بۆ ئەوەى بیکاتە خاوەنی پرۆژەى دەوڵەت. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری ناسیونالیزمی کوردی بکەین ئەوا بە ئاشکرا دەبینین سەرباری ئەوەى کە بزووتنەوەى ناسیوونالیزمی کوردی لە بارێکی زۆر لاوازدایە دیسان لەژێر هەژموونی سۆزو عاتیفەو هەڵچووندایەو کەمتر خاسێـەکانی عەقڵ و لێکدانەوەی پێوە دیارە، هۆکاری ئەمەش زیاتر دەگەڕێتـەوە بۆ سەرەتاییبوونی ئەم ناسیونالیزمەو نەگەیشتنی بە ئاستی بەدەستهێنانی شووناس کە دیارە شووناسی ناسیوونالیزمیش تەنیا لە بوونی پرۆژەى دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت. هەرئەوەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خودی ئەم ناسیونالیزمەو لەبری ئەوەى وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو نەتەوە دەربخات و ئاراستەی بکات ، چەندین ئاراستەی پەرش و بڵاوی هەیەو نە لە رووکەشداو نە لە گەوهەرو ماهیەتدا خاسێـتەکانی یەکێتی و یەکبوونی هەڵنەگرتووە. لە کاتێکدا مەرجی سەرەکی بۆ ئەوەى ناسیونالیزمی کوردی ببێتە خاوەنی شووناس ئەوەیە کە ببێتـە ئایدیۆلۆجیای بزووتنەوەیەکی جەماوەریی کە هەموو نەتەوە بکاتە یەکەیەکی یەکگرتوو، کۆی دیوارو سنوورە ناوخۆییەکانی نێوان یەکەو دامەزراوە لۆکاڵیەکانی لە جۆری دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت و ئایین و مەزهەب و تەسەوف و حیزب و دەستەو گروپ و شارو ناوچەو دیالکتیک بڕوخێنێـت و کۆی نەتەوە لە یەکەیەکدا کۆبکاتەوەو وەکو تاکە هێزیک رێکیبخات و بەیەک ئاراستە بیجوڵێنێت کە ئەویش ئاراستە بەرەو پێکهێنانی دەوڵەتە .
بێگومان ئەوەى ئێستا لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دەبینرێت بێجگە لە پەرت و بڵاوی و فرە ئاراستەیی هیچی تر نییە، بە جۆرێک کە سادەترین بنەمای گوتاری نەتەوەیی لەسەر ئاستی گشتی کوردستان نابینرێت و ئەگەر بڵێین تەنانەت پەیوەندی کوردی بەشێکی کوردستان لەگەڵ بەشێکی تردا ئەسڵەن لە پەیوەندی یەک پێکهاتەى ئیتنیکی ناچێت ، پێموایە بەهەڵەدا نەچووین. کەواتە لەم روەوە باسکردن لە ناسیونالیزمی کوردی وەکو بزووتنەوەى جەماوەریی یەک نەتەوە یان یەک پێکهاتەى ئیتنیکی هیچ مانایەکی نییە، کە ئەمەش لاوازی ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی نیشان دەدات. ئێستا بە ئاشکرا گوێمان لە دەنگی بزووتنەوەى کوردی باکوورو رۆژئاوا دەبێت سەبارەت بە باشوور، هەروەک کە گوێمان لە دەنگی باشووریش دەبێت سەبارەت بەوانی تر ئەوکات بە ئاشکرا هەست دەکەین کە بنەماکانی یەکێتی نەتەوەیی چەند لاوازن . رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر پێمان وابێت یەکێک لەو هۆکارانەى کە هەمیشە رۆڵی هەبووبێت لە شکستهێنانی کورددا لاوازی یەکێتی نەتەوەیی کورد خۆی بووە کە رەنگە هەر ئەوەش هۆکار بووبێت بۆ ئەوەى کە بەردەوام چاوی لەوە بووبێت ئەوانی تر بڕیاری بۆ بدەن کە ئەم حاڵەتە تاکو ئێستاش بەردەوامەو ئەوەتا لە بارودۆخێکی وەکو ئەوەى ئێستاشدا هێشتا کورد لە باشووری کوردستان لە نێوان دوو ئاراستەدا دابەشبووە کە یەکەمیان ئاراستەى هەڵچووى سۆزو عاتیفەى ناسیونالیزمە کە ئەوەى پێوە دیارە کەمتر بەرهەم و دەرهاوێشتەى مەنتیقی عەقڵە. دیارە مەبەست لەم قسەیە ئەوە نییە کە ئەوەى ئێستا باس لە سەربەخۆیی دەکات هەڵەیە، نەخێر بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ئەو ئاراستەى رابەرایەتی ئەم بۆچوونە دەکات کە ئێستا بۆچوونی باڵاو تا ئەندازەیەک گشتگرە لە کوردستاندا پێناچێت زەمینەسازی پێشتری بۆ بارودۆخێکی لەم جۆرە کردبێت و ئەوەندی وەکو کاردانەوە یان دەرهاوێشتەى بارودۆخەکەو رەفتاری خراپی ئەوانی عەرەب گەیشتووەتە ئەوەى بەم شێوازە رەفتار بکات، پێناچێت ئەوەندە لە سەر بنەمای پرۆژەو لەسەر بنەمای ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی لەو رووەوە کاری کردبێت و کاربکات. بە مانایەکی تر شێوازی هەڵس و کەوتی ئەم ئاراستەیە دەرئەنجامی بەرنامەو پرۆژەى نەتەوەیی یان ناسیونالیزمی نییە ، بەڵکو وەستاوەتە سەر ئەوەى کە تا چ ئاستێک ئەوانی عەرەب مافە دەستوورییەکانی کورد لە عێراقدا جێبەجێ دەکەن. کەواتە لێرەدا دەردەکەوێت ئەوەى ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کوردی بانگەشەى بۆدەکات کە بریتیە لە راپرسی و سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی بەشێکی گەوهەری نییە لە بەرنامەى ئەم بزووتنەوەیەو لە بنەڕەتدا بزووتنەوەى کوردی لەم بەشدا پێناچێت نە خەیاڵی درووستکردنی دەوڵەت و نەپرۆژەى درووستکردنی دەوڵەتیشی هەبێت ، بەڵکو ئەو هەڵوێستانەى لەو بارەوە وەریدەگرێت کاردانەوەیە بۆ هەڵس و کەوتی تووندی عەرەب لە عێراقدا بەرامبەر بە کورد. بە مانایەکی تر ئەگەر عەرەب لە عێراقدا سیاسەتێکی نەرمتر بەرامبەر بە کورد پیادەبکەن و ئەو مافانەى لە دەستووری عێراقدا هاتوون جێبەجێ بکرێن ئەوا ئەم ئاراستەیە نەک هەر باشسی دەوڵەت ناکات بەڵکو وەکو هەمیشەش گوتوویەتی لە عێراقێکی یەکگرتووی هاوبەشدا دەمێنێـەوە. کەواتە لە کۆی ئەوەى هەیە بۆمان ئاشکرا دەبێـت ئەم ئاراستەیە کە سەرکردایەتی پارتی سەرۆکایەتی دەکات وەکو کاردانەوە بۆ سیاسەتی خراپی هاوبەشە عێراقییەکانی تریان ئەم هەڵوێستەیان وەرگرتووە. هەر بەوپێیە ئەگەر حکومەتی ناوەندی عێراق سیاسەتێکی نەرمونیانتر بەرامبەر بە کوردستان بگرێتە بەر، مانای وایە کار بەرامبەر بەکورد نامێنێت لەبارێکی وەهاشدا دیارە کاردانەوە کە بەهۆی کارەوە دەبێـت ئەویش نامێنێـت. هەر بەوپێیەش باسی راپرسی و سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتیش پاشەکشە دەکات .
بەگوێرەى ئاراستەیەکی تری نێو سەرکردایەتی سیاسی کوردی کە باسی لەبارنەبوونی هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوخۆیش دەکەن بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی ، ئەمانەش ئەم شتانە تەنیا بۆ پاساو دەهێننەوە. ئەگینا ئەمانەش هیچ بەرنامەو پرۆژەیەکی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردییان نییە، چونکە ئەگەر بزووتنەوەیەک خاوەنی پرۆژەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت بێت پێشوەختە کاری جیدی دەکات بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگە لە هەموو ئاستێکدا بۆ پێکهێنانی ئەو دامەزراوەو تەنانەت ئامادەکردنی کۆمەڵگە بۆ چاوەڕوانکردنی هەرجۆرە مەترسیەکیش کە بێـتە ئاراوە. کەواتە بە ئاشکرا دیارە نە لەلای سەرکردایەتی پارتی و نە لەلای سەرکردایەتی یەکێتی و نە لەلای ئەوانی تریش شتێک نییە بە ناوی پرۆژەى سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی بەڵکو هەموو ئەوەى کە دەبینرێت و روودەدات و باسی لێوە دەکرێت هەموو کاردانەوەیە بۆ پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە. درووستبوونی تووندو تیژی و ئاڵۆزیش لە نێوان کورد و حکومەتی ناوەنددا دەرهاوێشتەى ئەو کاروکاردانەوانەیە، ئەگینا ئەگەر کورد پرۆژەى سەربەخۆیی و دەوڵەتی هەبووایە ئەوا دەبوو بە ئاشتیانەو لە پێش هەموو لایەکی ترەوە لەگەڵ هاوبەشە عێراقیەکانیان باسی ئەوەیان بکردایە کە بنەماکانی پێکەوەژیانی کوردو عەرەب زۆر لاواز بووەو بۆ قازانجی هەردوولا هەڵبژاردەی درووست ئەوەیە بە ئاشتی لەیەکتر جیاببنەوەو وەکو دوو دەوڵەتی دراوسێ هاوکاری یەکتری بکەن. بەلام ئەمەى ئێستا دەبینرێت چونکە کاردانەوەى کوردە بۆ کارە نادرووستەکانی حکومەتی ناوەند، ئاستی پەیوەندییەکانی کورد و عەرەبی گەیاندووەتە ئاستی دژایەتی و دوژمنایەتی کردنی یەکتری کە ئەوەش بووەتە سەرچاوەى قەیرانێکی گەورە لە ناوچەکەدا. لە راستیدا ئەگەر کورد بەشێک نەبێـت لەو قەیرانە ئەوا دەبێـت خۆی لە هەموو شتێک دوور بگرێت و کاری هێمننانەى خۆی بکات بۆ رازیکردنی عەرەبی عێراق بە سوونەو شیعەوە تا بە ئاشتی جیاببێـتەوە. دیارە ئەمەش کاتێک دەبێت کە کورد پرۆژەى سەربەخۆیی و دەوڵەتی هەبێت کە ئەوەش بەرهەمی ناسیونالیزمێکی خاوەن شووناسە کە ئێستا لە کوردستاندا لە قەیراندایە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت