Cundyani-Qaradaxi

عەتا قەرەداغی : نامەیەکی کراوە بۆ هاوڕێی بەڕێز کاک ئازاد جوندیانی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نامەکەی ئێوەم خوێندەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستاو ئەوەى چاوەڕوان دەکرێت رووبدات و پێوویستبوونی هاودەنگی و یەک گوتاری کوردو لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە پێداگرتنتان لەسەر ئەوەى کە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی پێویستە لەم بارودۆخەدا بە لۆجێکی عەقڵ کاربکات و خۆی لەگرێی ململانێکانی نێوان جەلالی و مەلایی رزگاربکات .
من هیواداربووم کە ناوەرۆکی ئەو نامەیەی بەڕێزتان ببووایەتە بەرنامەى کاری یەکێتی لە ئێستادا چونکە ئەگەر یەکێتی هەر هەڵوێستێکی دژ یان ناکۆک لەگەڵ کۆدەنگی کوردیدا وەربگرێت ئەوە بێگومان نەک هەر دەکەوێتە پەراوێزەوە بەڵکو بە دەستی خۆی کۆتایی بە مێژووى خۆی دەهێنێت. ئەوەى ئێستا هەندێ لە بەرپرسانی یەکێتی دەیانەوێت بیکەن کە هاوکاری کردنی شیعەیە هەرگیز لەگەڵ ئەو درووشمانەدا ناگونجێت کە 36 ساڵە یەکێتی بەرزی کردونەتەوە . بۆیە هیوادارم سەرکردەو کادرە ژیرو تێگەیشتووەکانی یەکێتی فشار لەسەر ئەو دەنگە ناسازانە دابنێن کە تاکو ئێستا لە گرێی جەلالیەت و مەلاییەت رزگاریان نەبووە ، ئێستا کاتێکی زۆر هەستیارە پێویستە هەموو ناکۆکیەکان بەلاوە بنرێت ئەگەر خوایکرد کورد هەنگاوی زیاتری بەرەو پێشەوەنا و لە مەترسیەکانی دەوروبەرو دەرەوە رزگاری بوو ئەوا ئەوسا خەڵکی کوردستان خۆی بریاردەدات ئایا بەو هەژموونەى بنەماڵەى بارزانی رازییە یان نا . بەڵام جیابوونەوەى یەکێتی لە ئێستادا لە کۆدەنگی کوردی هەمان ئەزموونی 1966ی جەلالیەت دووبارە دەکاتەوە کە ئەنجامەکەى شکستی گەورەبوو بۆ ئەو باڵەو هەمووشمان چاک دەزانین کە چۆن مام جەلال و برایم ئەحمەد بە لاوازی هاتنەوە بەردەمی مەلامستەفا. ئەوکات گەورە پیاوێکی وەکو مام جەلال بەو هەموو توانایەیەوە نەیتوانی خۆی رابگرێت کە بارودۆخەکەش بۆ کوردو مەلا مستەفا زۆر لە ئێستا سەختتر بوو .
هەموومان دەزانین بە هەموو ئەو سەرکردانەى یەکێتیەوە کە لایەنگری ئەوەن ئێستا یەکێتی لەگەڵ شیعەدا بێت و دژی ریفراندۆم بێت و لە کۆدەنگی کوردی جیابێتەوە ، بە هەر هەموویان دەستێکی ئەو کاتەى مام جەلالیان تێدا نابێت ، بۆیە ئەم بەڕێزانە تووشی وەهم بوون یان هیچ لە سیاسەت نازانن ، یان گرێی رق لە ماڵی بارزانی بەجۆرێک کوێری کردوون کە توانای بیرکردنەوەو لێکدانەوەیان نەماوە . ئەگینا ئەوە ترسناکترین هەڵوێستی خۆکوژیە .
من پێموایە ئەگەر یەکێتی بچێتە دەرەوەى کۆدەنگی کوردی هەموو شتێک دەدۆڕێنێت . هەقە کەمێک بە لۆجێکی عەقڵ بیرلەوە بکەنەوە کە نەوشیروان مستەفا بە تەنیا بەقەد هەموو ئەمان دژایەتی ماڵی بارزانی کردووە , بەڵام ئێستا کە دەزانێت بارودۆخێک هاتووەتە ئاراوە کە پێویستی بە یەکگرتوویی کورد هەیە هەڵوێستی خۆی و بزووتنەوەکەشی روون ئاشکرایەو لە چوارچێوەى کۆدەنگی کوردیدایە .
هیوادارم سەرکردایەتی یەکێتیش لەو راستیە تێبگەن کە هەر هەڵوێستێکی دژ بە کۆدەنگی کوردی زیان لە کورد وەکو نەتەوە دەدات و یەکێتیش بەرەو پەراوێز دەبات بە جۆرێک چارەنووسی لە چارەنووسی جەلایەتی ساڵی 1970 باشتر نەبێت .

4-7-2014

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت