Shino-Muhemed

شنۆ محەمەد : بۆ یه‌كه‌م جار دانى پیا ئه‌نێم ؟ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

من مرۆڤێكى ئاوام كه‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نما بۆ یه‌ك چركه‌ش دایكه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كه‌م و باوكه‌ هه‌ژار و نه‌خوێنده‌واره‌كه‌م ئامۆژگارى منیان نه‌كردوه ‌، هه‌میشه‌ ویستویانه‌ ئه‌وه‌ بم كه‌ ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ، هه‌میشه‌ ویستویانه‌ ئه‌وان بم ، ویستویانه‌ هه‌موو شتێك بم ته‌نیا خۆم نه‌بم ، سه‌گ ، ئاژه‌ڵ ، كۆیله ‌، خزمه‌تكار ، ویستویانه‌ من هه‌موو شتێك بم ته‌نیا خۆم نه‌بم ؟ ویستویانه‌ ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ، ئه‌و جله‌ بپۆشم كه‌ ئه‌وان پێیان جوانه ‌، سه‌یرى ئه‌و كه‌ناڵه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌وان پێیان چاكه ‌، هاوڕێیه‌تى ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌وان بۆیان دیارى كردوم ، ئه‌و كه‌سانه‌م خۆش بوێ كه‌ ئه‌وان خۆشیان ئه‌وێت ، رقم له‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ ئه‌وان ڕقیان لێیه‌ ؟ به‌و شێوه‌یه‌ بچمه‌ w . c كه‌ ئه‌وان پێیان جوانه‌ ؟ من له‌ هه‌موو شتێكدا ئه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ تاكه‌ شتێك , كه‌ بوونى نه‌بوو , بونى من بوو من له‌ هیچ شتێكدا بوونم نه‌بوو به‌ شێوه‌یه‌ك بوونم نه‌بوو زۆرجار ئه‌مووت ڕه‌نگه‌ من به‌ مناڵى له‌ لایه‌ن ئه‌و خانه‌واده‌یه‌وه‌ به‌ پاره‌ كڕابم بۆیه‌ ئاوا خراپن له‌گه‌ڵم نایشارمه‌وه‌ چه‌ندین جار هه‌وڵمدا له‌ ڕێگه‌ى پزیشكه‌وه‌ پشكنین بكه‌م ئاخۆ من هى ئه‌و دایك و باوك و خێزانه‌م یا كۆیله‌یه‌كم و به‌ مناڵى منیان كڕیوه ‌؟ ئاخر من هه‌ر كاتێك گوێڕایه‌ڵى فه‌رمانه‌كانى ئه‌وان نه‌بوومایه‌ ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌ك داركاریان ئه‌كردم كه‌ شوێنى داركاریه‌كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌سه‌ر جه‌سته‌م ئه‌مایه‌وه‌ ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌شم بكردایه‌ ئه‌وا باوكم قۆنه‌ره‌یه‌كى ئه‌خسته‌ ناو ده‌مم و ئه‌یوت نابێت بیهێنیته‌ ده‌ره‌وه‌ تا چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك …!!! منیش به‌م شێوه‌یه‌ به‌ چاوى به‌ فرمێسكه‌وه‌…….. به‌ ده‌م هه‌نسك دانه‌وه‌………. به‌ گریانه‌وه‌……… به‌ ترسه‌وه‌……… به‌ بێ هیوایى و هه‌ست كردن به‌ بێ تاوانیه‌وه‌…….. ئه‌بوایه‌ چه‌ند ده‌قیه‌قه‌یه‌ك قۆنه‌ره‌كانى باوكم له‌ناو ده‌مم بێت ؟ خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ریشم بهێنایه‌ ئه‌وا باوكم به‌ تووڕه‌یى ئه‌هاته‌ لام ئه‌مجاره‌ قایمتر له‌ جاران و به‌ هه‌موو هێزى ماسولكه‌كانى قۆنه‌ره‌كه‌ى ئه‌خسته‌وه‌ ده‌مم ؟ باوكم ئه‌مه‌ى ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى وام لێ بكات من هیچ نیم هیچ هیچ جگه‌ له‌ مناڵێكى بێ نرخ ؟ به‌ڕاستیش هه‌ر وابوو ، هه‌ر كاتێك باوكم ئه‌مه‌ى له‌گه‌ڵم ئه‌كرد من له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ستم ئه‌كرد سوكترین و كه‌مترین مناڵم له‌ دونیا ؟ دانى پیا ئه‌نێم من به‌ مناڵى ئه‌وه‌نه‌ى له‌ دایك و باوكم ئه‌ترسام ئه‌وه‌نه‌ له‌ هیچ ئه‌ژدیهایه‌ك و وه‌حشیه‌ك نه‌ ئه‌ترسام ، ده‌گمه‌نن زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌و شه‌وانه‌ى به‌ ڕومه‌تى ووشك خه‌وتوومه‌ ئیدى یا لێدانى باوكم ئه‌یگریاندم یا دوو برا گه‌وره‌كه‌م و دایكم.
بیرمه‌ جارێك یه‌كێك له‌ دراوسێكانمان به‌ باوكمى ووت , ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌نه‌ له‌و مناڵه‌ ئه‌ده‌ن ئاخر ئه‌وه‌ مناڵه‌ و مێشكى نیه ‌، باوكیشم ووتى هه‌ر مناڵێك لێدانى له‌سه‌ر نه‌بێت له‌ ژێر كۆنتڕۆڵت ئه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ دانى پیا ئه‌نێم كه‌ زۆر ڕۆژ هه‌بووه‌ له‌ ژیانما چوار كه‌سى جیاواز له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌م له‌ چوار كاتى جیاواز و به‌ چوار شێوه‌ى جیاواز لێیان داوم ، دانى پیا ئه‌نێم هه‌ر ڕۆژێكى ته‌مه‌نى مناڵى من بۆ خۆى فیلمێكى تراژیدیه ‌، تیراژیدیایه‌ك كه‌ هیچ نوسه‌رێك ناتوانێ سیناریۆى له‌م شێوه‌یه‌ بنوسێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و ئه‌ژدیهایه‌ى له‌ ناخى دایك و باوك و براكانمدا بوونى هه‌بوو له‌ ناخى هیچ نوسه‌رێكدا ئاماده‌یى نیه‌ تا بتوانێ سیناریۆیه‌كى له‌باره‌یه‌وه‌ دابڕێژێت ؟ دانى پیا ئه‌نێم تاوه‌كو ئێستاش یه‌كێك له‌ ئاواته‌كانم ئه‌وه‌یه‌ دایك و باوكم بۆ یه‌ك جار گوێم لێ بگرن ، بۆ یه‌ك جار له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كدا ڕاوبۆچوونم به‌ هه‌ند وه‌ربگرن .
چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا به‌ چاوى به‌ فرمێسكه‌وه‌ به‌ دایكمم ووت ئاواتى من ئه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌ مردنى من یا تۆ، ڕۆژێك ببینم تۆ له‌ یه‌ك مه‌سه‌له‌دا یا له‌ یه‌ك شوێندا هاوپشت و هاوكارم بیت و قسه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى من بكه‌یت ؟ هه‌رچه‌نده‌ دڵنیاشم ئه‌مرم و ئه‌و ڕۆژه‌ نابینم كه‌ ئه‌وان بۆ یه‌كجار وه‌ك مرۆڤێكى ئاسایى گوێم لێ بگرن و بۆچونه‌كانم به‌هه‌ند وه‌ربگرن ؟ من ئاوا په‌روه‌رده‌ كراوم، ئاوا گه‌وره‌ كراوم ، ئاوا هه‌ڵسوكه‌وتم له‌گه‌ڵ كراوه ‌، په‌روه‌رده‌ى ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌ك بووه‌ گه‌ر من ئێستا ببمه‌ جه‌للادترین مرۆڤى دونیا نابێت تاوانبار بكرێم چونكه‌ وایان دروست كردومه‌ ، په‌روه‌رده‌ى ئه‌وان واته‌ دروست كردنى كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ جه‌للاد ، یا ببێته‌ هیچ؟ یا هه‌ردوكیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌م جه‌للاد هه‌م هیچ ؟ دانى پیا ئه‌نێم كه‌ من هه‌رگیز بیرم نایه‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نما دایكم یا باوكم یه‌كجار سۆزێكیان پێم به‌خشیبێت ، بیرم نایه‌ت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان دایكم منى ماچ كردبێت ، بیرم نایه‌ باوكم ماچى كردبێتم ، هه‌رگیز بیرم نایه‌ جارێك دایكم له‌ باوه‌شى گرتبێتم ، هه‌رگیز بیرم نایه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان دایكم یا باوكم پێیان ووتبێتم خۆشمان ئه‌وێى ، ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ى هه‌رگیز له‌ نێوان خۆشیاندا بوونى نه‌بووه ‌، ته‌نیا مناڵ دروست كردن و ئاژاوه‌ نه‌بێت ؟ هه‌رگیز بیرم نایه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان دایك و باوكم گوێیان لێمگرتبێت وه‌ك مرۆڤ ؟ كاتێك گوێشیان لێ گرتووم گاڵته‌یان به‌ هه‌موو حه‌زه‌كانم ، بیركردنه‌وه‌كانم ، قسه‌كانم ، كردوه ‌؟ بیرم نایه‌ باوكم ڕۆژێك له‌ ڕۆژان منى بردبێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌یرانێك یا بۆ گه‌شتێك و خۆشیه‌ك ، بیرم نایه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان دایكم یا باوكم دیاریه‌كیان بۆم كڕیبێت ، بیرم نایه‌ باوكم بێ ئه‌وه‌ى داواى لێ بكه‌م شتێكى پێم به‌خشیبێت ؟ هه‌موو شتێك ……. هه‌موو شتێكم له‌ دایك و باوكم بینیوه‌ تاكه‌ شتێك كه‌ نه‌مبینیوه‌ سۆزو خۆشه‌ویستیه‌ بۆ من ، ئه‌و سۆزو خۆشه‌ویستیه‌ى كه‌ هه‌رگیز بونى نه‌بووه‌ له‌ نێوان ئه‌وانیش .
له‌ هه‌موو ته‌مه‌نما ڕۆژێك له‌ ڕۆژان هه‌ستم به‌ به‌زه‌یى و میهره‌بانى دایك و باوكم نه‌كردوه‌ ، بیرم نایه‌ كارێكى هه‌ڵه‌م كردبێت و له‌سه‌رى ئیهانه‌ نه‌كرابم و لێم نه‌درابێت ؟ هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌وان ڕێك له‌ هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ ئه‌چوو كاتێك له‌ مه‌شقدا هه‌ڵه‌یان له‌ سه‌ربازه‌كان ئه‌بینى ، دانى پیا ئه‌نێم تاكه‌ شتێك كه‌ منى په‌روه‌رده‌ كردوه‌ ئه‌و ئازارانه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌وان بۆیان دروست كردووم ، ئازارو ناخۆشى و لێدانى ئه‌وان وه‌ك سه‌گێكى به‌وه‌فا بووه‌ بۆمن هه‌رگیز لێم دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه‌ ، ئازاره‌كانى ئه‌وان بۆ من بوو به‌ قوتابخانه ‌، قوتابخانه‌یه‌ك كه‌ ته‌نیا وانه‌ى لێدان و ئیهانه‌ى تیا ئه‌گوترایه‌وه‌ بۆ من؟ له‌سه‌روى هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ من هێشتا دایك و باوكم له‌ خۆم خۆشتر ئه‌وێ ، هێشتا وا هه‌ست ئه‌كه‌م هیچ دایك و باوكێك له‌ دونیادا له‌ دایك و باوكى من جوانتر و میهره‌بانتر و پاكتر نیه ‌.
ڕه‌نگه‌ ئێستا وا هه‌ست بكه‌ن ئه‌وه‌ى من نوسیومه‌ سیناریۆیه‌ و بۆ خۆم دامڕشتوه‌ منیش ئه‌ڵێم خۆزگه‌ وابوایه‌ خۆزگه‌ ئه‌وه‌ى نوسیومه‌ ته‌نیا سیناریۆیه‌ك بوایه‌ و هیچ ڕاستیه‌كى تیا نه‌بوایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ واقیعى په‌روه‌رده‌ كردنى من بووه‌ ، ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ى كه‌ تا ئێستاش له‌ناو خێزانى كوردیدا بوونى هه‌یه ‌، به‌ڵام زۆربه‌مان شه‌رم ئه‌كه‌ین یا جورئه‌تى ئه‌وه‌مان نیه‌ دانى پیا بنێین .