ئەبوبەکرد جاف : سەرەتاتکێی مارکس .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک ئەوەی مارکس نەمردەبێت !
وەک ئەوەی مارکسیزممان ئەزمون نەکردبێت ، وەک ئەوەی کۆمۆنیزممان ئەزمون نەکردبێت ، وەک ئەوەی ئێمە مێژویەکی نزیک ، سێ چارەگی سەدەیەک و زیاتری نزیک لە خۆمان وای لێ نەکردبین ئەزمون وەرگرین ، هێشتاکە لێرەو لەوێ ، لە ئاساتێکی زەمینیدا،و لە ئاستێکی ناوچەییشدا ، سەرەتاتکێی مارکس دەبینین .
مەرج نییە مارکس مارکسی سەدەی نۆزدە بێت ، مەرج نییە مارکسی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست بێت ، مارکس و مارکسیزم شێوەی دەرکەوتنی زۆرە ، چ بە شاراوەیی چ بە ناشاراوەیی ، چ وەک ئیدۆلۆژیایەکی کۆدێتاخوازو ڕادیکاڵ ، چ وەک بە تیۆریزەکردنی و بە بەرگداکردنی سیماو بەرگێکی ” ئبستیمی” مەعریفی لە ئاستێکی میتۆدیدا. بەڵام ئەم سەرەتاتکێیەی مارکس ، لەوەی ناوێرێت ، لەوەی جورئەتی تەواو دەرکەوتن ناکات ، لەوەی فۆرمی دەرکەوتنی خۆی دەگۆڕێت ، هەر جارەو میتۆدێکی نوێ ، هەر جارەو تێۆرێکی ڕادیکاڵی و شۆڕگێری ، جارێک وەک پەیامبەر ، جارێک وەک فەیلەسوف ، جارێک وەک دواهەمین ڕزگارکەری مرۆڤ .. بڕێکی زۆر شەرم دەکات ، و بڕێکی باشیش دەترسێت لە دەرکەوتن .
شەرمی مارکس لە چی؟ ترسی مارکس لە چی ؟
نەویران و ترس ئاستی دەرکەتنەوەی یەکجاری و بە ڕونی و ئاشکرایی لە چی؟
شەرمی مارکس شەرمە لەو عەیامە درێژەی مومارەسەکردن و ململانێ لە پێناو خەباتی چینی چەوساوەو بەشمەینەتان ، لە پێناو نەهێشتن و کۆتایی هێنان بە ململانێیەک کە ، بە گوزارشتی مارکس سەرەتایەکی هەیەو دەبێت کۆتاییشی هەبێت . مارکس تەنیا لە ئاستی تیۆر و تێۆریزەکردنی فاکت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا نەوەستا ، هەمان ئەم تەفسیرە ماتریالییە، واتە بە دەر لە تەئویل و ڕاڤەیەک کە ناوی نابوو ماتریالیزمی مێژوویی ، ڕویەکی تری ئەم تەئویلە ، ماتریالیزمی دیالێکتیکی بوو ، مارکس بوو بە شمولی و سەراپاگێرێک کە نەماندەتوانی لە تەنیا شوێنێکدا چەمکێکی نا-ئیدۆلۆژی لێ وەربگرین و فاکتێکی پێ بخوێنینەوە.
شەرمی مارکس لە مێژوییەکی درێژی ماکسیزمی مومارەسەکراوە . لەبری ئەوەی بەهەشتێکی یەکسان و وەک یەک بخولقێنێت ، دۆزەخێکی خولقاند. مارکسیزم دەعەجانێکی سەیری وەهای نیشانداین بەشەریەت نەیدەتوانی لە ئاستێکی ئەفسانەییشدا وێنای بکات . پاساو هێنانەوەو چەمکاندن و تیۆریزەکردن بۆ ئەوەی ڕوویدا مارکسیزم نەبوو ، جیاکردنەوەی مارکس لە مارکسیزم ! ئەو ماکسیزمە ، مارکسیزمی کاپیتاڵ و دەستنوسەکان و ئیدۆلۆژیای ئەڵمانی نەبوو ! ئەوەی بینیمان مارکسیزمی بە ئیدۆلۆژیاکراوبوو ! ئەم پینەو پەڕۆکردنەی مارکس و مارکسیزم زۆر باوبوو ، ئێستاش باوز بوە بە دروشمێکی ئیدۆلۆژیش ، واتە هێنانەوەو شیکردنەوەو تەئویلکردنی مارکس لە کۆنتێکستێکی ” ئبستیمیدا” دابەشکردنی مارکسی گەنج و مارکسی پیر وەک ئەوەی ئالتوسێر کردى ، بە زمانکردنی مارکس و بە بونیادکردن و ستراکتۆرکردنی تێکستە مارکسییەکان ، دۆزینەوەی هێڵی هاوبەش و تەواوکاری نێوان مارکس و فرۆید و لاکان وەک ئەوەی دەروون شیکاری و مارکسیزمی- لاکانی کاری لە سەر دەکات ، وەستانەکانی لۆکاش ، خوێندنەوەکانی بادیۆ و ژیژک .. ئیشکالەکە دریژترە ، ئیشکالی نەپێکان و کڵۆڵی مارکس دەگەرێتەوە بۆ میراتێکی فکری و ئیدۆلۆژی ڕۆژئاوا کە دەستەبەرداری میتافیزیک نابێت ، ئەم میراتە لە ئەفلاتونەوە ، بە دیکارت ، کانت و هێگڵدا دێت و دەچێت. بە شێوازو فۆرمی دەرکەوتنی جیاواز . ئەم گوتارە تەئویلیییە مەبەستگەراییە ، چ لە وێنە ئیدیالەکی ئەفلاتون ، چ گومانی میتۆدی دیکارت ، چ وێکهاتنەوەو هاوشێوەیی حەقیقەت و واقعی هێگڵی، واتە مێژوو ئاراستەی مێژوو لە پێناو مانێڤستبوونی ماهیەتێکی جێگیرو نەگۆڕ ، تەجەلابونی ڕۆحیک ( رۆحی خوداوەندی ، ڕۆحی ئەقڵ ڕۆحی دەوڵەت ، ڕۆحی چینی کریکار ،… لە پێناو کۆتاهێنانى شتێک و دەرکەوتنی شتێکی تر ، بێ ئاگا لەو حسە مێژوییەی کە نیتشە باسی دەکات ” غیابی حس و هەستی مێژویی ” لای فەیلەسوفانی پێش نیتشە . ئەگەر سروشتێکی ڕەخنەی لای کانت و مارکس دەرکەوتبێت ، ئەوا ڕەخنەیەکی جینالۆجی نەبووە لە بەهاکان ، یان دەست نەگەیشتنیان بووە بە ” بەهای بەهاکان”. مێژوی گوتاری دیالێکتیکی و میتافیزیکیانەی ڕۆژئاوا شەرعیەت و ڕەوایەت خۆی لە ئەفلاتونەوە وەردەگرێت ، لامان سەیر نەبێت مارکسیزمیش ئەفلاتونگەراییەکی ماتریالییە ! بەڵام پڕ لە تەڵەزگەی میتافیزیکی . ئەوان سەرجم فەیلەسوفانی حیکایەت و گێڕانەوە گەورەکان تا نیتشە ، هێزو ئیرادەی هێزو پەیوەندی هێزەکان و گەمەو ستراتیژیەتی هێزکانیان نەدەبینی لە پرۆسەی خولقاندنی مانادا . ئەوان مانای ئەبەدی و جێگرو داکوتراویان دەبینی
ئەوان لە بری ئەوەی لە سەر کێشەو ئیشکالیەتی حەقیقەت بوەستن ، کاریان گەڕان بووە بە دوای حەقیقەتدا ! ئەمە لە کاتێکدا ، ئەوەی هەیە تەئویلە ، تەنیا تەئویلی بە حەقیقەتبوومان هەیە . مارکس لە باشترین دۆخدا و بە خراپترین ئالییەتی تەئویلکردن و بە خراپترین میتۆد هەستاوە بە تەئویلکردنی حەقیقەتێک ، نیتشە جوان گوزارشتی لێکردووە : ئێمە حەقیقەتمان نییە ، ئەوەی هەیە تەئویلە ، تەئویلی ئێستاش تەئویلێکە بۆ تەئویلێکی پێشوتر کە کورتی هێناوە . کەواتە مێژووی مانا ، مێژووی تەئویل و دروستکردن و فۆرمەلەکردنی حەقیقەت ، مێژوی کەڵەکەبونی تەئویلەکانە ، مێژوی کۆمەڵێک ” وەهمی” درێژی میتافیزیکیانەیە کە بە حەقیقەت دراوە بە خەڵک.
ئێمە وتمان مارکس درێژە پێدەری گوتارێکە ، گوتار بە تێگەیشتنە فۆکۆییەکەی، مارکس میراتگری گوتارێکە کە تەنیا لە خۆیەوە دەستپێناکات ، مارکس تەئویلکارێکی خراپی ناو گوتاری فکری- سۆسیۆلۆژی ڕۆژئاوایە ، تەئویلکارێکی خراپ بەو واتایەی کارێکی ئیدۆلۆژیانەی بە مەنهەجی کارکردنی کردووە . کۆمەڵێک ( بەڵگەنەویست و سەلمێنراوی پێش وەخت ، تێکەڵبوو بە میزاج و هەلومەرج و کۆندیسیۆنەکانی خۆی ، لێرەوە هێنان و بردن و داتاشین و زیادکردن و هەڵگۆزانی مێژوو و رووداوەکانی لە پێناو مەبەستێک ، لە پێناو تەجەللابوون و مانێڤستبونی گوتارێکی ئیدۆلۆژی .. ململانێى چینەکان و کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیەو دواجار سەرکەوتنی چینێکە.
مارکس بە ڕوئیایەکی ماتریالی- ئیدۆلۆژی دەستی بۆ مێژوو و فاکتەکانی برد ، لەوشوێنەدا کە دەیەوێت ڕووداوێک زەق دەکاتەوە ، واتە ئیدۆلۆژیا بە ڕوویەکی قایم و پتەویدا دەستکاریکردنی مێژووە. واتە گرتن و مڵیکردنی مێژووە ، مێژووش هەمیشە کردەی هێزەکانبووە ، ئیتر لە کۆتادا مارکسیش ڕویەکی تری هێزو گەمەی هێزبووە لە پێناو ( مانا) دان و مانا بەخشین و مانا داتاشین بۆ مێژوو و جوڵەی مێژوو .
با تۆزێک ئەگەری ئەوە بهێنینەوە کە مارکس ، مارکسیزم لە شوێنێکدا ” مەعریفەیە ” کە زۆر زەحمەتە ؟ ، بەڵام مەعریفەو ئیدۆلۆژیاو دەسەڵات لێکدانەبڕاون ، مەعریفە هەرفۆرمێکی هەبێت نییەتی هەیمەنەو کۆنترۆڵکردن و دەستەڵات نواندن و سەپاندنی دەسەڵاتە بە سەر ژیان و کەینونەدا. ماڵیکردنی ژیانە،ئیدۆلۆژیا دەیەوێت ” ژیان” ماڵى بکات و دەریکات ، ژیان دەرکات لە ئاستە ئیمان ناسی و ڕەهایی و نەگیراوییەکەی ، ژیان بگرێت و ئاراستەی بکات.
مارکسیزم تەعریفکردنە . مارکسیزم بە هەر ڕویەکدا ، چ ئەگەر میتۆدێکی مەعریفیش بێت ، یان تیۆرێکی شۆڕگێڕی ، بە هەردوو ئاستەکەدا بە زیانی ژیان کۆتایی دێت ، چونکە ژیان تەعریف هەڵناگرێت ، ژیان پێناسەناکرێت .
هەرچی وەزیفەو کارو کردەی مەعریفەشە پێناسەکردن و تەعریفکردنی ژیان یان فاکتێکی بە ماترالیکردن و بە بابەتکردنی ژیانە ، ئەمەش لە ئیمان ناسى خستنی ژیانە بە تێگەیشتنە نیتشەیی – دولوزییەکەی .
هەرچی تێۆری شۆڕگێری و کۆدێتاییە ، ئەوە ئێمە تۆتالیتاریەت و ترۆر و وەحشییەتگەرایی و بەربەریزمی شۆڕگێڕو شۆڕگێرانمان بینی . ئەم کارکردنە لە سەر مێژوو سەر بەو میراتە دیالێکتیکییە – میتافیزیکییەیە کە هەمیشە نێگەتیڤ و نەفیگەرایە . هەمیشە و لە ناو دوالیزمەکاندایە . نەفیگەرا و دوالیزمیش مۆراڵ و ڕۆئیای ” کۆیلەیە “. کۆیلە هەرگیز ناتوانێت دەستبەرداری سەردار ببێت . هەمیشە ئیدامەدەرو ڕەوایەتی بەخشە بە سەردارو زمانی سەردار ، مێژوی سەردار ، بەڵام هەرگیز ناتوانێت سەردار بەرهەمبهێنێتەوە بۆ خۆی ، واتە ناتوانێت لە ڕێگەی ئەم پرۆسەوە خۆی بکات بە سەردار ، بەڵکو هەمیشە کار لەسەر هێشتنەوەی سەردار و کۆیلەو پەیوەندییەکان دەکات .
کۆیلە بڕیارێکی داوە تا ئەبەد سەردار سەردر بێت ، کۆیلە کۆیلە بێت ، مەودایەکی هێڵراوەو دەستلێنەدراو لە نێوانیاندا هەبێت . کۆیلە هەمیشە پردی پەڕینەوەو بەرهەمهێنانەوەی ئەویتری ” سەردارە”، بەڵام ئێمە وا تێدەگەین تەنانەت لەململانێی کۆیلەدا ، کۆیلەش مەبەستی تێیەڕاندی دۆخی خۆیەتی ، بون بە سەردار مەبەستە ، ئەمە بە تێگیشتنە نیتشەییەکە “. کۆیلە ناتوانێت بێ مێژوویەکی گەردوونی هەڵبکات ، سەردار گەورەیەکی ئۆنتۆلۆژی یونیڤێرساڵییە بۆ کۆیلە .
لێرەوە ئەو مێژووەش کە کۆیلە مەبەستیەتی مێژووی سەردارو دەرکەوتەکانیەتی . واتە مێژووییەکی گەردونی و یونیڤێرسالی ، لە کاتێکدا ناتوانێت ، کۆیلە ناتوانێت وردە مێژوو ، یان میکرۆ مێژوو ببینێت و بیخولقێنێت.
ئالێرەوەزولە مێژوی یەکسانگەراو یەکسانیخوازەکان دەشێوێنێ ، مێژوو هی کۆیلەکانە ، ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکیە ، دەگەڕێتەوە بۆ هیگڵ ، مارکسیزیش نەیشاردۆتەوە کە چ ، پەیوەندییەکی ناچاری و یەکلابووەوەی بە هیگڵەوە هەیە ئەگەر بە هەڵگەڕاوەییش بێت . مارکس لە ناو سیستەم و گوتاری سیستەمگەرایی فەلسەفەدایە .
مارکس هێگڵییە بە تامی خۆی . هیگڵیش وەک وتمان هاوماڵ و داوسێی ئەفلاتونە ، نەوەی ئەفلاتونە . کۆی دەرکەوتنی ئەم سیستەم و گوتاری بیکردنەوەیە وەرگرتنەوەو بەکارهێنان و دەمامکدارکردنی : سیستەم و گوتاری تیۆلۆژیی بەهاگەراو تیۆلۆژی نەفیگەراو دیالێکتیکییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت