تەحسین عەبدوڵلا : دەبێت باڵەکەی یەکێتی خۆی ساغ بکاتەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نێو ئەدەبیات و کاروباری سیاسی دا زۆر سروشتییە چەند ئامرازێک بەکار بھێنرێت لە پێناو گەیشتن بە ئامانج، یان بەمانایەکی ڕوونتر دەتوانرێت لە ڕێگەی چەند میکانزمێکی جیاوازە سیاسەت بکەیت بۆ وەدی ھێنانی ئەو ئامانجەی کە گەرکتە بەدەستی بێنی، ئەم شێوازەی سیاسەت کردن شێوازێکی تەندورستە، لەبەر ئەوەی لەوانەیە زۆربەی میکانزمەکان تاقی بکرێنەوە، تەنانەت لەسەردەمی ئێستا سیاسەت کردن پێناسە دەکرێت بەوەی کە بریتی یە لە چۆنیەتی دروست کردنی گۆڕانکاری، ھەلسوکەوت کردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دەرھاوێشتانەی کە لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییانە دێنەدی، ، لەم چوار چێوەیە ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم بریتی یە لە فرە گوتاری ھێزێکی گرنگ و سەرەکی نێو گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان ، ئەویش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەو بارودۆخەی کە ئێستا ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی تێیدا گوزەر دەکات، کە بارودۆخە ھاوکێشە سیاسی بە تەواوی لەعێراق گۆڕیوە، بەجۆرێک کە زۆر ئەستمە بارودۆخە بۆ دواوە بگەڕێتەوە ، گۆڕانی بارودۆخەکەش یەک گوتاری و یەکڕیزی کردۆتە واجب لەسەر شانی گشت ھێزە کوردستانییەکان لە پێناو سود وەرگرتن بۆ بەرژەوەندی گشتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی قسە لەسەر کردنە بریتی یە لەو جۆرە گوتارەی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تا ڕادەیەک جیاواز و ناکۆکە لەگەڵ ئەو گوتارەی کە ھێزە سیاسیەکانی کوردستان داوای دەکەن، ئەمەش دەرئەنجامی نەبوونی مەرکەزی بڕیار لەناو ئەو حیزبە بەدەردەخات .
ئەم جۆرە شێوازەی جیاوازی بیرو بۆچون لە نێو ئەدەبیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر نامۆ نییە ، بەڵکو بەدرێژایی تەمەنی ئەو حیزبە ئەمە سیفەتێکی دیارو حاشاھەلنەگر بووە ، بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ و وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن سکرتێری گشتی ئەو حیزبە، جۆرێک لە ئینتما بوون بۆ عێراق لەلایەن ئەو بەشەی سەرکردایەتی بە ڕوونی بەدیار کەوت، بەتایبەتیش دوای نەخۆش کەوتنی سکرتێری گشتی ئەو حیزبە دەرفەتەکە زیاتر کراوە بوو،  بۆ ئەوەی ئەو باڵە زیاتر خۆیان دیار بخەن بەوەی کە ئەوان جیاواز بیر دەکەنەوە ، بەڵام ئەم جیاواز بیرکردنەوەیە لە کاتی ئێستادا خزمەت نە بە ھەرێمی کوردستان و نەبە خودی ئەو حیزبەش دەکات، بەڵگەش بۆ ئەم قسانە قسەکانی ئازاد جوندیانی یە کە وتی جۆرە بیرکردنەوەیەک لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی ھەیە کە درز دەخاتەنێو یەکڕیزی و ھاو ھەلوێستی ھێزە سیاسیەکان لەبەرامبەر بەغدا .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار دەکرد یان تۆمەتی ئەوەی دەخستە پاڵ کە نایەوێت کەرکوک بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، واتە پارتی گەرەکی نییە مادەی (١٤٠) جێ بەجێ بکرێت، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو ئەگەر کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستان ئەوا ھاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردادێت، بەشێوەیەک کە گۆڕانکاریەکە لەبەرژەوەندی یەکێتی و لەزیانی پارتی دەبێت ، ھەروەھا لەلایەکی تریشەوە بەشێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە قەناعەتیان وابوو کە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کێشەی شەکەسین لە نێوان بارزانی و مالیکی، پاساویشیان ئەوەبوو کە بەغدا ھەموو دەرگاکانی دانەخستووە بەڵکو ئەوە ھەرێمە نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، لە ئێستاشدا دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران شتێک نەما نەیکات کە پێچەوانە بێت لەگەڵ دەستور، کەچی ئەوان ھێشتا ھەر باسی دەستور دەکەن و دەلێت مادەی (١٤٠) دەبێت لەچوار چێوەی دەستور چارەسەر بکرێت بەھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی بەغدا ، کارەسات لەمەش بریتی یە لەوەی ئەو باڵە تەواو پێچەوانەوەیە لەگەڵ ئەو ھەنگاوەی کە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە لە پێناو پەڕینەوە بۆ کیانێکی سەربەخۆ و جیا بوونەوە لە عێراق ، کەچی ئەو باڵەی نێو یەکێتی ھێشتا ھەر پەرۆشن بۆ عێراق و نکۆڵی لەوە دەکەن کە مالیکی کەسێکی تاکڕەوە حیساب بۆ پێکھاتەکانی ناکات جگە لەو گروپەی کە خۆی سەرکردایەتی دەکات ، لەھەمان لەسەر ئاستی جیھانیش ئەو بۆچوونە دروست بووە کە مالیکی بەرەو دیکتاتۆریەت دەڕوات .
لە کۆتایی پێویستە ئەو باڵە دووبارە پێداچوونەوە بەو جۆرە بیرکردنەوەیەی خۆیان بکەن، خۆیان ڕزگار بکەن لەو حاڵەتە گرێ کوێرەییە دەرونییە ، لێکدانەوەی واقیعگەراییانە بۆ ئەو دۆخە بکەن کە ھەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو ھەلومەرجەی ئێستا ھاتۆتە پێش بۆ ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکە نابێت لەدەست بدرێت، لەدەست دانی ئەو دەرفەتە مایەی شەرمەزاریە بۆ ھێزە سیاسیەکان، دەبێت ئەو باڵەی نێو یەکێتی ئەوەش لەبەر چاو بگرن بە گەڕانەوەی کەرکوک سەنگ و قورسایی یەکێتی بەرزتر دەبێتەوە و دەبێتە ھێزێک کە کێ بڕکێی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت