Muhemed-Salleyi

محەمەد ساڵەیی : ئەحە پشیلەو دەوڵەتی کوردی !.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پیاوێکی رەبەن لەگەڕەکمان هەبوو کۆڵبەر بوو پێیان دەوت ئەحە پشیلە ، ئەم زاتە مرۆڤێکی توندە تەبیعەت و تووش بوو ، وەکو دەیانگێڕایەوە خەڵکی لای ئەو ناوچەی خۆشناوەتییە بوو چونکە بە شێوازی هەولێری دەئاخافت ، دیارە لەسەر کەتنێکی گەورە کە کەس پەی پێ نەدەبرد چی بوو هەر بە لاوێتی خۆی گەیاندبووە کەرکووک ، بێ کەس و بوخچەی نەکراوە بوو هەر بەو شێوەیەش وەکو خێو هات و رۆیشت ، لە کوڵبەکەی خۆی نزیکەی پەنجا پشیلەی بەخێو دەکرد و ئەم خولیایەی ناو و ناوبانگی بۆ دەرکردبوو . باوکی رەحمەتیم زۆر ئالیگری مەلامستەفای رەحمەتی بوو هەمیشە دەیگوت خۆزگە کورد لەسەر دەستی ئەو بە شتێک بگەیشتایە . کەچی ئەمەندە تامەزرۆی دەوڵەتی کوردی بوو ، هەردەم دووبارەی دەکردەوە کە بێ سێ و دوو تەئیدی دەوڵەتی کوردی دەکات ، جا شاڵڵای دەکرد لەسەر دەستی ئەحە پشیلە دروست دەبوو !!؟
زۆر بەلامەوە نامۆیە کە دەبینم ئەمڕۆ کەسانێک خۆیان بە کورد و شۆڕشڤان ناو دەبەن وەکو کەڕەنای تانەو تەشەر لە بیرۆکەی سەرخۆبوون دەدەن ! لێرەو لەوێ کلک و گوێی لێ دەبیننەوە . بە داخەوە نەوەیەک هەن بە ناحەزیی ماڵی مەلا مستەفا گۆش کراون و گەر لەسەر دەستی ئەو ماڵە ئیمپراتۆری کوردستانیش ساز بێت ، هەر نارازین و لامەرکەزییەکی بەغدایان گەلێ پێ گەورەترە!؟
من هەر لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە درکم بەوە کرد کە وڵاتانی ناوچەکەو رۆژئاوا بۆ قەراری سیاسی و سناعەتی رامیاری کورد و دەڤەرەکە زیاتر حیساب بۆ پارتی و ماڵی بارزانی دەکەن وەکو قەراردەر لەسەر کێشەکان و کێشەی کورد بەگشتی ،ئێستاش وای بۆ دەچم بە هەموولایەکەوە هەوڵبدەن کلیلی بەختی کورد لەهەر چوار پارچەکە بدەنە دەستی سەرۆکی هەرێم کاک مەسعود بارزانی .
لەولاشەوە هەرچەندە تەماشای لێدوانەکانی ئەندامانی یەکێتی دەکەم ، زیاتر لە شرۆڤەیەکی رۆشنبیری سیاسی دەچن وەک لەوەی ئاگاداریی پێشوەختی رووداویان لا بێت ، واتە لە قەرارەکانی پشت پەردەکان و دانیشتنە داخراوەکانی سیاسەتکارانی ناوچەکە بێ ئاگان و تەنها بارزانی و پارتی لێیان هۆشدارن ! ئەمڕۆ هێزەکانی ناوچەکەو جیهان و ئیسرائیل وەکو حیزبێک یەکێتی دەخوێننەوە و بە خاوەن و سانیع و القرار لەسەر ئاستی ئێراق و کوردستان هەژماری ناکەن . یەکێتیەکان بۆنی ئەوە لەدەمییان دێت کە بێ ئاگابن لە کاکە و براییەکەی کورد لەگەڵ هێزەکانی داعش و ئەمریکا و سعودییە و ئوردن شیعە و ئەوانی دی ! چونکە شرۆڤەکانیان زیاتر رۆشنبیرییەکی سادەیەو بەرهەمی دوای کارەساتەکانە و دەچنە قاڵبی تەحلیل و گریمانە وەکو لە زانیاری پێشوەخت و ئیستیخباراتی .
زۆر لە نووسەرە دڵگەرمەکانیان بێ ئاگا و بە ڕککەوە لەسەر خەندەقەکانی سەر سنوور دەیان نووسی ، بەڵام ئێستا بۆیان روون بۆتەوە کە پارتی بە هۆشەوە بەو کارە هەڵساوە نەک هەڵەشەیی ، بۆیە ئەوەی ئێستاش روودەدات من لەو باوەڕەدام پارتی سەرەداوەکانی بەدەستەوەیە و بێ بنەما هەنگاو نانێت .
قازی پێشەوا ، بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵیک سەرۆکی کۆمار بوو ، کەچی بۆتە لێجەندێکی مێژوویی کورد ، ئەی ئەگەر دەوڵەتی کوردی لەسەر دەستی سەرۆکی هەرێم دروست بێت چۆن دەنگدانەوەیەکی دیرۆکی و جیهانی دەبێت ؟ لام وایە هەر ئەم خاڵەیە زۆرتر یەکێتی نیگەران کردووە و دەزانن ئەو دەم لەهەڕێ و لە مەڕێش دەبن ، بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان و کەرکوک کە خۆیان وتەنی سەوزەڵانن .
راستە پارتی حیزبێکی ورد بینەو بێ هەڵەشەیی کار دەکات ، بەڵام خۆ هەر لەوەندەدا ناگیرسێتەوە ، ئەوەتا بەرۆژی نیوەڕۆ ، بازنەکانی سیاسی جیهان کار بۆئەوە دەکەن ئەم ماڵەو پارتی ببنە دەمراستی گشت نەتەوەی کورد و جڵەوەکە لە تەواوی کوردستان بدەنەوە دەست ئەوان و بە ڕێچکەیەکی میانڕوە و یەک ڕەنگو یەک دینیان دەبینن ، ئا ئەمە ئەو مۆتەکەیەیە کە پەکەکە و یەکێتی تووشی دڵەڕاوكێ کردووەو هەست دەکەن کە رۆژێ لە رۆژان کەرکووکیان بە قودس شوبهاندووە ، بەو مانایەی قودس موڵکی عەرەبەو جوو داگیری کردووە ، یا خود نووسینەکانی ئۆجەلان هەر هەمووی هێرشە بۆ سەر سیاسەتی ئەمریکاو ئیسرائیل ، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە باجەکەی بدەن ولەخشتەی سیاسی ناوچەکە بێ نینۆکیان بکەن .کەواتە ئەم دوو لایە ناهەقیان نییە وا لە ترسی سەربەخۆیی کوردستان قوڕ دەپێون ، کەوتونەتە نێوان دوو بەرداش، لەلایەک ناتوانن حەی عەلا سەڵا بەرد بگرنە مەسەلەی سەربەخۆییەکەو ببنە جێگەی رککی جەماوەر ، لەلایەکی تریشەوە لە هاوکێشەکان وەدەر نراون و نازانن رەورەوەکە بۆ کوێ مل دەنێت و شەخشی کاک مەسعودیش لەو ئاستەیاندا نابینێت ببنە شەریکە بەشی زانیارییەکانی ، جا هەموو ئەمانە پێکەوە وەکو دێوەزمە خەوی لێ تاڵ کردوون و دەترسن سایەو مایەیان لەدەست بچێت ، ببینن
ئەوەندەی باسی جیگەکەی سەرەککۆماری ئیراق دەکەن و کێ شایستەترە بۆ پڕکردنەوەی نیو ئەوەندە باسی مەسەلەی سەرخۆبوون ناکەن !؟

مامۆستای هونەر لەکەنەدا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت