Arif-Bawacani

عارف باوەجانی : 3 ساڵ بە سەر سەربەخۆییەکەی باشوری سودان . 500 ساڵ بەسەر دابەشبوونەکەی کوردستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەلی باشوری سودان٣ ساڵ پێش لە ٩ / ٧ / ٢٠١١ لە پاش ئاکامی چەند مانگ بە سەر تێپەربوونی ڕێفراندۆمەکەیاندا بریاری جیابونەوەیان لە سۆدان ڕاگەیاند و لەو رۆژەدا باشوری سۆدان چووە ڕیزی ژمارەی ١٩٣ وڵاتانی جیهان و ژمارەی ٥٥ وڵاتانی ئەفریقا. ئەو گەلەی کە لە سەرەتای شۆرشەکانیانەوە بەردەوام بە نیەتی سەربەخۆیی خەباتیان دەکرد، و هەر چرکەو ساتێک لە یاد و باسی دەوڵەتی سەربەخۆ بوون. لایەنە سیاسییەکان باشوری سودان هەرگیز خەڵکەکانی خۆیان نەدترسان بەوەی کە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان مەترسیدارەو کاتی نەهاتووەوە فڵان وڵات و دراوسێ ڕازی نین. ئەوانە هەر لە سەرەتاوە خەڵکیان بە بیری نەتەوەیی پەروەردە دەکرد، تا سەر ئەنجام بە ئاواتەکەیان گەیشتن .
کورتەیەک لە سەر باشوری سودان .
ژمارەی دانیشتووانی باشوری سودان دەگاتە ٩ ملۆین کەس. خاوه‌نی‌(٥٨٩.745) كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌. ئاینه‌کان له‌ کۆماری باشوری سودان. دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ زۆرینه‌یان مه‌سیحی کاتالۆکی و ئه‌نجلیکانیۆنن. ١٢% دانیشتوانی باشوری سودان موسڵمانن و هه‌روه‌ها چه‌ندین ورده‌ ئاینی دیکه‌ی ئه‌فریقی له‌ کۆماری باشوری سوداندا وه‌ک که‌مینه‌ی ئاینی هه‌یه‌.
کورته‌یه‌ک له‌ مێژووی سیاسی باشوری سۆدان
لە ڕێکه‌تننامه‌ی ئه‌دیس ئابابا له‌ساڵی١٩٧٢ واژۆی خودمۆختاری بۆ گه‌لی باشوری سۆدان کرا، به‌ڵام له‌ ساڵی١٩٨٣ له‌ کاتێک که‌ جه‌عفه‌ر نمه‌یری سه‌رۆکی پێشووی ئه‌و وڵاته‌ خودموختاریه‌که‌ی‌ باشوری سۆدانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. خەڵکی باشوری سودان بۆ سوور بوون له‌سه‌ر مافه‌کانی خۆیان دووچاری شه‌رێكی ٢٢ ساڵه‌بوونه‌وه‌. تا سه‌رنجام به‌سه‌ره‌په‌ره‌ستی کۆمه‌ڵی نێۆنه‌ته‌وه‌یی له‌ساڵی ٢٠٠٥ ڕێکه‌وتنی ئاشتی له‌نێوان حکومه‌ت و گه‌لی باشوری سۆدان واژۆکرا. و ئاکامه‌که‌شی گه‌یشته ‌ئه‌م ئاسته‌ی تا به‌سه‌ربه‌خۆیی گه‌یشتن .
پایته‌ختی کۆماری باشوری سودان : شاری (جۆبا) یه‌ که‌ گه‌وره‌ترین شاری ئه‌و وڵاته‌یه‌‌
زمانی فه‌رمی کۆماری باشوری سودان : ئینگلیزی و عه‌ره‌بییه ‌ .
سه‌رۆکی وڵاتی کۆماری باشوری سودان ( سه‌لڤا کیر میاردیت).
هاوسنووری : کۆماری باشوری سودان له‌ باکور و باشوره‌که‌یه‌وه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان وڵاتی ئه‌فریقایی وه‌ک ئیتوپیا، کینا، ئۆغاندا، کۆماری کۆنغۆ، کۆماری ئه‌فریقایی ناوه‌ڕاست، وڵاتی سۆدان.
داهاتی ئابوری کۆماری باشوری سودان
کۆماری باشوری سودان وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ بواری ماده‌ سروشتییه‌کان، هه‌روه‌ها له‌بواری سامانه‌ژێر زه‌مینه‌کانی وه‌ک نه‌وت زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌. که‌باس له‌وه‌ده‌کرێت٨٥% داهاتی وڵاته‌که‌ی له‌ نه‌وته‌وه‌بێت.هه‌روه‌ها خاوه‌نی ده‌ریایی به‌ناوبانگی نیله‌، که‌ده‌یان سامانی دیکه‌ی ژێر زه‌مینییه ‌له‌نێۆ ده‌ریا مه‌زنه‌که‌ی نیلدا هه‌یه‌.

٥٠٠ ساڵ بە سەر یەکەمدابەشکردنی کورد، و ١١ ساڵ پاش حکومەتەکەی سەدام ، و ٩ ساڵ پاش یەکەم ڕێفراندۆمی ونکراوی باشوری کوردستان.
ئەمساڵ ٥٠٠ ساڵ بە سەر ڕێکەوتنامە شومەکەی چاڵدران تێپەر دەبێت کە لە ساڵی ١٥١٤ گەلی کوردیان تێدا کرد بە دوو بەشەوەو بە ئاسانی دابەشیان کرد بە سەر خۆیاندا. هەروەها ٢٣ ساڵ بە سەر ئازادبوونی زۆربەی شارو ناوچەکانی باشوری کوردستان تێپەر بووە، کە لە سەرەتای بەهاری ساڵی ١٩٩١ بە ڕاپەرینی سەرتاسەری هاتە ئاراوە. هەروەها١١ساڵ بە سەر ڕوخانی ڕێژیمەکەی سەدام حسێندا تێپەربوو. ٩ساڵیش بە سەر یەکەم ڕێفراندۆمی کورد لە باشوری کوردستان تێپەربوو. کە ئیستاشی لەگەڵ بێت نەزانرا ئاکامی ئەو ڕێفراندۆمە ملۆینیەی کورد لە باشور چ بە سەرهات، ئایا هەر بە دەستی کورد زیندو بە چاڵکرا یا لە لاین زلهێزانە بێدەنگی پێکرا؟
سەرەڕای ئەو هەموو ساڵ و نەهامەتییانە، ئیستا کورد لە باشوری کوردستان باشترین هەلی بۆ پێشهاتووە، کە چی هێشتا هیندێک لە کوردانی دیاری نێۆ لایەنە سیاسییەکان هەر دەڵێین داواکردنی سەربەخۆیی مەترسیە بۆ سەر گەلەکەمان، و لەم وتە هەسواوەی کە سەدانبارە گووتراوەتەوە و دەبیسینیەوە. کاتێک کە سەرۆکی هەڕێم ئەو مافە گرنگە بۆ نەتەوەکەی لە ئاست دەسەڵات و میدیا گرنگەکانی جیهان دەهروژێنێت، مخابن لە باتی پشتگیری لێبکرێت. هیندێک کورد پێش لە نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان دەکەونە سەنگەر گرتن و دژایەتی کردنی .
دەمەوێ لە یادی سێ ساڵەی سەربەخۆیی باشوری سۆدان لەو کەسانەی کە پێشوازی لە سەربەخۆیی کوردستان ناکەن، بپرسم، وێرای ڕیز و حورمەتی زۆرم بە هەموو ڕەگەز و نەتەوەیەکی جیهانی، بەڵام ئایا ئەم گەلەی ئێمە لە ئاست ڕۆشنبیری و پێشکەوتن وخۆراگرییەوە چی لەوان کەمترە. ئایا بۆ ئەوان بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەروەری گەلەکەیان خستە پێش هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و تایفەییەوە. ئایا ئەوان بۆ نەیان گوت مادام سه‌لڤا کیر میاردیت کە سەرۆکی حیزبی دەسەڵاتەو لە بنەماڵەیەکی گەورەی باشوری سودانە داوای سەربەخۆیی دەکات ئێمە پشتیوانی ناکەین. بەڵام بۆ لای ئێمەی کورد پێچەوانەکەیەتی ؟.
کورد ئیستا لە ئاست جیهان قورسایی خۆی هەیە، کورد ئیستا زۆر لە سیاسیەکانی ئێراق سیاسی تر و ڕۆشنبیر ترە. کورد خاوەنی ئابوری خۆیەتی، کورد خاوەنی پێوەندییەکی باشی نێۆنەتەوەییە . کورد خاوەنی مێژوویەکی دێرین و کولتورێکی زیندووە کە زۆر جیاوازە .
ئایا ڕسوایی نییە کورد دیسانەوە بچێتەوە ژێر دەسەڵاتی مالکی یا مالکی سیفەتێکی دیکەوە لەم سەردەمەدا. ئایا ئەم هەلە لە دەستبدەین چۆن دەتوانین یا بەچی ڕوویەکەوە جارێکی دیکە وەک نەتەوەیەکی بندەست خۆمان بە جیهان بناسێنیەوە. ئەی مەگەر جیهان گەواهی ئەوە نادات کە بۆ خۆمان ڕازی بووین بچینەوە ژێر ئاڵاکەی ئێراقی عەرەبی و مالکی حەنان فەتلاوی چاوساخمان بێت. ئایا نەتەوە ماوە لە جیهاندا بگاتە نیوەی کورد وسەربەخۆیی خۆی نەبێت؟ بە دڵنیایەوە لە نزیکترین کاتدا ئێمە کورد پیرۆزبایی ئاراستەی نەتەوەکانی کاتالۆنیا وسکۆتلاند و تیبەت و ئامازیق و تامیل و دەکەین. بۆ خۆشمان دەڵێین جارێک کاتی نەهاتووە، ئێران و ئیکس ڕازی نییە. نازانم ئەم خۆ بە کەمزانینەی کورد، ئەم ترس و دڵەڕاوکێێە لە بەرامبەر چاوسورکردنەوەی داگیرکەران کەی کۆتایی دێت .
دوا ووتە
بەو هیوایە هەموومان دەست لە نێۆدەست پشتیوانی لە هەڵویستی سەرۆکی باشوری کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی و پەرلەمانی کوردستان بکەین لە باتی بە کارهێنانی دەستەواژەی هەرێمی کوردستان کاربکەین بۆ دامەزراندنی کۆماری باشوری کوردستان. تا کۆماری ڕۆژهەڵات و باکورو رۆژئاواشی بە شۆێندا بێت .

پەیجی فەرمی فایسبووک  / Aref Bawecani عارف باوەجانی