Barzani

كورد مەرجی بەشداریكردن لەحكومەتی عێراق ئاشكرادەكات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی مەرجی كورد بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی عێراق ئاشكرادەكات .
د.كەمال كەركوكی بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێ ” بیرۆكەی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ مافێكی شەرعی و یاسایی خەڵكی كوردستانە و بەهیچ جۆرێك خستنەڕووی ئەو بیرۆكەیە فشار نییە بۆ سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ دەستەكەوتی زیاتر یاخود هەر شتیكی تر .”
كەركوكی لەچاوپێكەوتنێكی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەڵێ ” لە رابردوودا ئەم بەشەی كوردستان بەبێ خواستنی خەڵكەكەی لكێنراوە بە بەغداوە ، رەنگە پێشتر گوترابێ عێراقی بوونتان باشە و پرۆسەی دیموكراسی دروست دەبێ ، بەڵام بەپێی تەجروبە و ژیانمان لەگەڵ ئەم عێراقە، كوردستان بووە بە ناوەندی تاقیكردنەوەی هەرچی چەكی دونیا هەیە سەدان هەزار هاووڵاتی ئەم كوردستانە لەناوبران بە دانپێنانی پەرلەمانی كوردستان و عێراقیش هەرێمی زوڵمێكی زۆری لێكراوە .”
دەشڵێت: “زۆر هەوڵماندا لەگەڵ بەغدا پێكەوە بژین فیدڕاڵیمان قبووڵكرد بەڵام ئەوە 10 ساڵە دەركەوت سەرانی بەغدا بڕوایان بە فیدراڵی نییە . ئێستا عێراق بەپێچەوانەی دەستوور وڵاتەكە بەیەك پارچە نەماوەتەوە كەواتە عێراق ئیسپاتی كرد وڵاتێكی فاشیلە چونكە نەخاكی یەكە نە گەلەكەی یەكە هیچ سیادەشی نەماوەتەوە .”
پەیوەندی هەولێر و بەغدا خراپ بووە ، رۆژی چوار شەممە نوری مالیكی هەرێمی كوردستانی بەهاوكاری ” داعش” تۆمەتبار كرد و وەزیرە كوردەكان لە بەغدا كشانەوە . كەچی ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكان دەیانەوێ كورد بەشداری بكاتەوە لە حكومەتی نوێی عێراق .
لەبارەی مەرجەكانی كوردەوە دەڵێ : ” ئەم جارەیان بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق ئاسان نییە مەرجی زۆر قورسمان دەبێ ئەگەر بەشداریش بكەین ، دوو لەو مەرجانە دەبێ هەرێمی كوردستان ئابووریی خۆی هەبێت . هەروەها ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم جارێكی تر نابێ بگەڕێنەوە بۆ پێش مانگێگ بەر لەمڕۆ .

سەرچاوە / خەڵک .