Hevall-Abu-Bekir

پەشێو حەمەئەمین : ئەودەمەی گۆڕان زەنگی مەرگی خۆی بەدەستی خۆی لێدەدا ..!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەرەتای هەموو دەرکەوتنێك ڕوویەکی نمایشکراو دەبینرێ ، وەلە کۆتاییشدا ئەو ڕووە ئاشکرادەبێت .
هەموو ئەو پارت ولایەنانەی کە بەناوی ڕیفۆرم وچاکسازیەوە سەرهەڵدەدەن ویەکسانی وئازادی بە بنەما وەردەگرن ، لە سەرەتادا دەستیان ناوەتە سەر ئەو زامەی کە لە لاشەی گەلدا ساڕێژنیە و لە و منارەوە بانگەوازیان کردووە کە کە دەنگی ناڵەی نیشتمانی لێوە دێ ، وە لەو شوێنەوە دەرکەوتوون کە میللەت تێیدا لە زیللەت دەژی .
بەر لە درووست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان ، ئازارەکانی گەل ئەوەندە زۆر بوون بە شێوەیەك لە هەموو شوێنێك ، لە ناو پاس ، لە بازاڕو ومزگەوت ،خوێندنگاو زانکۆ ، مارکێت وگشت کوچەو کۆڵان وشەقامەکانی ووڵات ، دەنگی ناڕەزاییان لێوە دەهات ، گەندەڵی وبێدادی گەل بووبون بە دراماو هەموو ڕۆژ لە شانۆی شەقامەکاندا لە لایەن ئەو کەسانەوە نمایشدەکرا کە هەر یەکەو بە شێوەیەك لە ئەندێشەیدا ڕەنگی دابوەوە .
بە هاتنی بزوتنەوەی گۆڕان زۆرشت گۆڕان، ڕەشبینیەکانی خەڵك بەرەو ئومێد دەچوون و، ئاسۆکان ڕوونتر دەبینران ، لە پاش نیشاندانی چوارساڵ لە کاری پەڕلەمانی وئۆپۆزسیۆن بوون ، وە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی وداواکردنی ئازادی ودانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاوو، ووروژاندنی دۆسیەی نەوت وبودجە و، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ڕۆتینیات وتە سکیەی حیزبی و، بانگەشە بۆ سەروەری یاساوسەربەخۆبوونی دادگاکان و، داکۆکی کردن لە هەمووئەو پرسانەی پەیوەستن بەژیانی تاك وشکۆی مرۆڤەوە ، ئیتر بۆچەندین جاری یەك لەدووای یەك بەشێکی زۆرلەو خەڵکە ستەم دیدە یە متمانەی خۆیان ئەدایەوە بەوحیزبە .
وە بۆ دواینجاریش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە تایبەت لە شاری سلێمانی کە بەجێ نفوزی گۆڕان ناسروە ، متمانەیەکی باشی هاوڵاتیانی بەدەستهێناو توانی ببێتە یەکەم هێزی سیاسی لەو پارێزگایە دا کە (دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بکر) سەرۆکایەتی لیستەکەی دەکرد ، سەرباری بەکارهێنانی هەموو میکانزمێك بۆ ڕووخاندنی کەسایەتی وپێگەی کۆمەڵایەتی ، وە دروستکردنی تۆمەت وبە بەعسی ناساندنی لە میدیکانی بەرامبەر، بە تایبەت میدیاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، بەڵام ڕق ئەستووری هاوڵاتیان ئەوەندە زۆر بوولەمەڕ پێشینەی حیزبەکانی دەسەڵات وخراپ مامەڵە کردنیان لە ڕابردوودا ، تەنانەت دەیان ووت گەر (هەڤاڵ ئەبوبکر ) بەعسیش بێت ئێمە هەر دەنگی پێ دەدەین ، چونکە ئەو پیاوە خاوەن کەسایەتیەکی کاریگەرو جێگیرە لەو شارەداو ئەوەی کە دەوترا سەبارەت بەو پیاوە تەنها چەند پلانێکی سیاسی وبانگەشەیەکی نادروست بوو ، کە لە لایەنی بەرامبەرەوە ئاڕاستە دەکرا، بۆیە لە ئەنجامدا توانی ٢٤٢هەزارو٢٤٢دەنگ بە دەست بێنێت و دەورێکی باڵای لە سەرکەوتنەکانی گۆڕان بینی لەو پارێزگایە دا وە بەو ئەنجامەش یەکەمی سەر هەمووکاندیدەکانی گشت لایەنەکانی تر بوولە ڕووی بەدەستهێنانی دەنگەوە . بۆیە سازش کردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە دانانی (هەڤاڵ ئەبوبکر) و خۆش بوون لە پۆستی پارێزگار بۆیەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خەڵکی متمانەی پێ نە داون ، خۆی لە خۆیدا گەورەترین سوکایەتیە بەمافی دەنگدەرەکانی ، وە لە هەمان کاتیشدا گەورەترین سوکایەتیە بە پرۆسەی دەنگ دان ودیمۆکراسی لە ووڵاتدا ئەمە لە کاتێکدایە گەر ( هەڤاڵ ئەبوبکر ) کاندید نەبوایە ئەوا یەکەم بوونی لەو لەو پارێزگایە دا لە ژێر گومانێکی گەورەدا ئەبوو، چونکە زۆر کەس بە خاتری کەسایەتی بەڕێزیان دەنگیان بە گۆڕان داوە نەوەك ستراتیجی ئەو بزووتنەوەیە , وەك زۆر ڕوون بووگۆڕان لەو ساتەدا زۆر مەیل سارد بوو لە مەڕ ئەو پرسانەی کە پێشتر جەختی لەسەر دەکردەوە و دژی دەوەستایەوە ، بەمەش متمانەی زۆرێك لە هاوڵاتیانی لە دەست دابوو . لە دەست دانی ئەو متمانەیەش لە ئەنجامی …
1 – ئاماژە نەدان بە چوونی نەوشیروان مستەفا بۆلای سەرۆکی هەرێم وچۆنیەتی ڕێککەوتنیان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت ، ئەو سەرۆکی هەرێمەی تا ئەو سا بە ماوە بە سەرچوو ناویان دەبرد.
2 – نەهاتنە گۆی ئەو بزووتنەوەیە لە مەڕ پرسی لێدانی ئەو خەندەقەی کەرکوکی لە هەرێمی کوردستان جیادەکردەوە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ، کە ئەمەش گومانەکانی خەڵکی زیاترکردبوو سەبارەت بەوەی لە گەڵ پارتیدا ڕێککەوتوون.
3 – نەبوونی هەڵوێستێکی ڕوون سەبارەت بە سیاسەتی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی حکومەتی خۆجێی ی لەو پارچەیەی کوردستان.
4 – لە سەرووی هەمووشیانەوە لاواز بوون وساردوو سڕی ڕاگەیاندنی knn بوو لە ساتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی لە سەیر کردنی بێتاقەت دەبوو، لە چاو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر.
بۆیە لێرەداو بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانیدا بە دانانی (هەڤاڵ ئەبوبکر ) خەڵکی تا ڕادەیەك چاوپۆشیان لەو خاڵانەی سەرەوە کردوو گۆڕانیان بەرەو سەرکەوتن بردو سەرەنجام بەیەکەمی ئەو پارێزگایە دەرچوو . بۆیە بەپێی ئەو ئەنجامە ش دەبێ پۆستی پارێزگار لە گۆڕان بێت وهەروەها (هەڤاڵ ئەبوبکر) یش ئەو پۆستە وەربگرێت . بەڵام بەو پێیەی هیچ حیزب ولایەنێك ( ٥٠+١)ی لەو پارێزگایەدا بە دەستنەهێناوە ، هێشتا هیچ ڕێککەوتنێك لە نێوان لایەنەکاندا ئەنجام نەدراوە و پۆستەکان یەكلانەبۆتنە وە ، وە لە هەموو بارێکیشدا پۆستی پارێزگار دەبێ بۆ گۆڕان بێت ونابێ سازشی لەسەر بکات . وە لەئەنجامی دەستبەرداربوونی لەو پۆستە ش ، ئەوا زەنگی مەرگی خۆی لێدەدات وچیتر ئەو گۆڕانە نامینێت کە تائیستا جێی ئومێدووهیوای گەلێك بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت