Baba-Ali

بابەعلی بەرزنجی : گەشتێک لە گوێچەمی سیروانی گەرمیانەوە بۆ دەشتی هەولێر .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

لە سەردەمی ڕابردوودا چەند هۆکارێک کاریگەریی نەرێنیان لە سەر گەشەکردن و پیشڤەچوونی کۆمەڵگەی کوردەواری داناوە لە سەرجەم بوارەکان ، زمان و فەرهەنگیش یەکێکە لەو بوارانە بە جۆرێک کە زۆر جار ووشەکان یاخوود ناوی شۆێنەکان داخورانیان (التعریە) بەسەردا هاتووەو مانای بنەڕەتی ویستراویان لەدەست داوە بەهۆکاری نەبوونی دیکۆمێنیت (الوپیقە) , ئەو هۆکارانەش لاوازی کایەی ڕۆشنبیری و کەمی و بگرە دەگمەنی خەڵکی خۆێنەوار یاخوود فەوتان و تیاچوونی بەڵگەنامەو دیکۆمینتەکانە ئەگەر بەڕادەیەکی کەمیش هەبووبن ئەویش لە ئەنجامی شەڕو ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سیاسی و کارگێڕی لەبەر ڕۆشنایی ئەمەی سەرەوە و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەبواری زمان و زمانەوانیەوە هەیە .

بە گونجاوی دەزانم تیشک بخەمە سەر یەکێک لە ئاواییەکانی گوێچەمی سیروان لە دەڤەری گەرمیان ، لە نێوان هە ردوو شاری کەلارو دەربەندیخان لە نزیک شارۆچکەی باوەنوور ئاواییەک هەیە بەناوی ( ئاوە خوێڕی) کەوا دیارە بە ناوی ئەو جۆگەلەیەوە ناونرابێت کە لە بەرزاییەکەی پشتی ئەم ئاواییەوە بەخووڕ دەڕژێتە خوارێ ودیمەنێکی جوان و دڵڕفێنی پێبەخشیوە هەروەک باوە لەناو دانیشتوانی دەڤەرەکەدا بە ( ئاوە خوێڕی) ناوەزەد دەکرێت .

بە بۆچوونی من ئەم ناوە لەبنەڕەتدا بریتی بووە لە (ئاوە خوڕی) چوونکە بەخۆی جۆگەلە ئاوێکە و بەخووڕ دەڕژێتە خوارێ و ناوبردن و ناولێنانی بە (ئاوە خوێڕی) تەنها هەڵەیەکی زمانەوانیە کە بە مرووری زەمەن و گواستنەوەی بەشێوەی دەماو دەم وە لەئەنجامی ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بەهەڵە گواستراوەتەوەو ئەو ناوەی ئێستای بەسەردا سەپاوە ، هەروەک لە دەقە پیرۆزەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە توخمی ئاو ڕۆحی زیندەگیەو بەپیرۆز ڕاگیراوە و خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش ناوچەی گەرمیان زۆربەیان خەڵکێکی ئایین پەروەرن و پێم وایە ئەم ناو لێنانە ( ئاوە خوێری ) لە گەڵ پەیڕەوی ئاینی ئەم خەڵکە بەڕێزەدا هاوتەریب و هاوئاهەنگ نایەتەوە کە بەندەش وەکو نووسەری ئەم بابەتە بە شانازییەوە خەڵکی دەڤەری گەرمیانم .

لێرەدا بەپێویستی دەزانم ماڵئاواییی لە ناوچەی گەرمیان و وە بەدیاریکراوی گوێچەمی سیروان بکەین و تیشکی سەرنجی خوێنەر ئاراستەی دیوەکەی تری دراوەکە بکەم کەئەویش دەڤەرێکی تاڕادەیەک دوورە لەم ناوچەیە ، لە دەورووبەری شاری هەولێرو لە نزیک گوندی بێستانە کە ناوچەیەکی گەشتیارییەو خەڵکانێکی زۆر بەمەبەستی گەشت و گوزار ڕووی تێ دەکەن گوندێک هەیە بەناوی ( ئاخوڕە) بەهەمان شێوەی ( ئاوە خوێڕی) ـە ، ئەم ناوەش ئاماژەیە بەو ئاوەی کە بەناوەندی گوندەکەدا بەدۆڵەکەدا بەخووڕی تێدەپەڕێت و زیندەگی بەم گوندە بەخشیووە ، ووشەی ( ئاخوڕ ) یان ( ئاخوڕە ) دوو مانا هەڵدەگرێت کە یەکێکیان ڕێڕەوەی ئاوەکە بەخووڕی دەڕوات دووەمیش واتە ( ئاخوڕ ) بەمانای شوێنی خۆراک پێدانی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات .

لەسەر هەمان تەوەر لە نزیک دێی هاجیلەری سەر بەناحییەی ( مە یدان) ی بناری بەمۆ ئاواییەک هەیە بەناوی ( خوڕخوڕ) بەهەمان ناو لەدەوروبەری شاری هەولێریش لەنزیک بیستانە گوندێک بەناوی ( خوڕخوڕ) بوونی هەیە . ( ئاوەخوێڕی و ئاوە خوڕی و ئاخوڕە و خوڕخوڕو ئاوی بەخوڕ ) ئەمانە تەنیا نموونەیەکەو زیاتر لێکچوونی زمانەوانی لەنێوان دەڤەرە دوور و جیاوازەکانی ووڵاتی کوردستان بەدی دەکرێت ئەگەر لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجام بدرێت ، ئەمەی سەرەوە کە مەبەستم ئەو لێکچوونانەیە کە لە زمان و کلتوور و سەرجەم داب و نەریتەکاندا لەنێوان بەشە جیاوازەکانی هەرێمی باشور لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورەدا هەیە ، ئەگەر لێکۆلینەوە و هەڵکۆڵینی زیاتر بکرێت ، کە ئەمەش گوزارشتە لەیەک بوون و یەک پارچەیی ئەم دەڤەرە جیۆگرافیەو ئەو ڕاستیەش بەرجەستە دەبێت کە لەڕابردوودا لەسەردەمی ئەماڕەتە کوردیەکاندا لەئارادا بووە و ، خەونی داهاتووی هەموو کوردێکی دڵسۆزە کە ئەمەش مایەی گەشبینی و خۆش حاڵبوونە .