Hejar-Namiq

هەژار نامیق : ئەتەکیەتى ڕاگەیاندنەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕاگەیاندن بە هەموو بەشەکانیەوە بە ( بینراو ، بیستراو ، نوسراو ) بە دەسەڵاتى چوارەم ناسراون و لە هەر شوێنێک کە ڕاگەیاندن بوونى نەبێت هیچ ئازادیەک لەو شوێنە بەدى ناکرێت و نابێت ، بەڵام ئەبێت کارى ڕاگەیاندن تەنها لە پێناو بەرژەوەندى و گیرفان پڕکردن نەبێت و هەرشتێک و هەرکارێک کە بمانەوێت بیکەین . بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک شت دەبینین کە بەڕاستى لە شان و شەوکەتى کارى ڕۆژنامەوانى و ڕاگەیاندن کەم دەکاتەوە .
لە یەکێک لە میدیاکانى کوردستان بینم بێژەرەکە پرسیارى لە میوانەکەى ئەکرد و ئەیویست هەر شتێک بڵێت کە لەڕاستیدا بوونى نەبوو ، هەر بەردەوام پرسیارى ئەکرد و ئەویش هەر هەمان وەڵامى ئەدایەوە کە پێشتر دابوویى . بەڕاستى کارى ڕۆژنامەوانى و ڕاگەیاندن بۆئەوەى کە بەرەو پێشتر بمانبات نەک بمانگێڕێتەوە بۆ دواوە ! لەهەندێک ڕۆژنامەو ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینین کە هێرش دەکرێت سەرکەسایەتى لایەنەکانى ترو ئەم حیزب بۆ ئەو حیزب و ئەوى تر بۆ ئەو، ئێستا واى لێهاتووە کە بەناوى هەندێک لە مەکتەب سیاسیەکان و کەسە پلە بەرزەکانیشەوە قسە دەکەن و دەکرێت .
ئەگەر کاری ڕۆژنامەوانى و ڕاگەیاندن بۆ ئەوەیە کە ئاشوب و ئاژاوە بنێتەوە بەڕاستى نەبوونى زۆر باشترە لە هەبوونى ! لە هەندێک دۆخى تایبەتى دەبینین کە هەر کەسەو لە ئاوازێک دەخوێنیت ، بۆنمونە لە کاتێک کە پێویستمان بەوەیە کە لە ناوخۆى خۆمان ڕێک بین و هیچ جیاوازیى و کەلێنێک نەکەوێتە نێوانمانەوە دەبینین کە چەند ڕۆژنامە نوس و ڕاگەیاندنێک بۆ سەرنجڕاکێش کردنى چەند کەسێک ئامادەن ئەو دۆخە زیاتر خراپ بکەن … من نازانم لەکوێ دنیا بووە کە لەکاتى جەنگدا پرسیار بکرێت کە چەند هێزى چەکدارتان هەیە ؟ چى جۆرە چەکێکتان هەیە؟ پلانتان بۆ شەڕچیە ؟؟ ناکرێت هەموو پرسیارێک بکرێت هەرەوک ناکرێت وەڵامى هەموو پرسیارێکیش بدرێتەوە …
لە شوێنێک ئەبینیت کە لایەنێک پێشڕەوى کردووە لایەنەکەى تر ئاگادار نیە ، سەیردەکەیت ئەمە بە شێوەیەک گەورە دەکرێت و زەق دەکرێتەوە خەریکە جەنگ لە نێوانیان دەست پێ دەکات ، هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ دا ئەبێت بەڕاستى ئەتەکیەتى ڕۆژنامەوانى و کارێ راگەیاندن و ڕاگەیاندکارەکان بە شێوەیەک بێت کە زیاتر بەرەو پێشمان بەرێت و لە دۆخە ترسناک و مەترسیەکان ئەوەندەى تر مەترسیەکان گەورەتر نەکرێت ، ناکرێت هەموو دیمەن و ڕووداوێکیش نیشان بدرێت و بە شانازیەوە باس لە هەندێک ڕووداو بکرێت کە لە لایەن ڕۆژنامەکەى من و کاناڵەکەى تۆ نیشان دراوە . یان هەندێک شتى بەسیت و بچوک ڕوودەدات ئەوەندە گەورەى ئەکەن کە بەڕاستى ئەوەى کە ئەبیسێتەوە و قسەى خۆیەتى وەختە بڵێم خۆشى بڕواى پێ ئەکات ئەوەندە ڕازێنراوەتەوەو جوانکراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت