Shiko-Omer

شکۆ عومەر کاکەڕەش : دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى لە نیوان پرۆژە و موهاتەراتدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* کورد بەبێ کەمترین ئامادەکارى و زەمینەسازى و تەنها وەک پەرچەکردارێک بۆ سیاسەتەکانى مالیکى هەڕەشەى جیابونەوە و راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى دەکات !
* رابەرى ئەو دەوڵەتە دەبێت کەسێک بێت سیاسی و دیبلۆماتکار و تەکنۆکرات و لێهاتوو و کارامە بێت و پێشەوائاسا لەکاتى تەنگانەدا یەکەم کەس بێت ملى خۆى بخاتە پەتى سێدارەوە و هاوشێوەى جەمال عەبدولناسر سەرۆکى پێشوترى میسر خاوەن پێگە و کاریگەرى خۆى بێت لە ناوچەکەدا.
* لەم رۆژگارى نەبوون و غیابى و تاڵەبانى و قاسملو و ئۆجەلانەشدا مەحاڵە کورد رابەر و سەرکردەیەکى وای هەبێت کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
* پارتیش نابێ ئەوەى لەبیر بچێت کە ئاکامەکانى سەرنەگرتنى ئەم هەڵمەت و هەرایەى چى دەبێت و چۆن لەسەرى دەشکێتەوە .

دەوڵەتى کورد ئەو دەستەواژەیەیە کە لە ئێستاى دنیاى کوردیدا زۆرترین کەس بەکاریدەهێنێت و بەشێویەکى بەربڵاو لە نێو سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵگا و ناوەندە میدیاییەکاندا قسەى لەبارەوە دەکرێت ، هۆکارى ئەمەش لە سادەترین لێکدانەوەدا دەگەڕێتەوە بۆ دوستبوونى ئەتمۆسفێرێکى نەخوازرا کە ئێستا عیراق و ناوچەکەى گرتوەتەوە، دیارە هەروا ئاسان ئەو ئەتمۆسفێرەش نەهاتۆتەوە ئاراوە ، بەڵکو بەرەنجامى کەڵەکەبوونى دەیان قەیران و کێشە و ناکۆکى سیاسییە بەتایبەت لە نێوان سێکوچکەى کوردى – سوننى – شیعى ، کە لە دواى 2003 ـەوە لە سەر یەک مێزى گفتوگۆ دانیشتن و بڕیاریاندا پێکەوە ئیدارەى دەوڵەتى داهاتووى عیراق بدەن ، ئەمە جگە لەوەى کە هەریەکەیان هەڵگرى ئەجێنداى تایبەت بەخۆى و دنیابینى تایبەتى خۆى بوو بۆ حوکمکرد و دەوڵەتدارى ، بەو مانایەى کە لە ئایدیاى کوردیدا عیراقى داهاتوو بریتى بوو لە ووڵاتێکى فیدراڵى دیموکرات و لامەرکەزى و دوور لە هەر سیاسەتێکى تاکڕەوى و قۆرخکاری و رێزگرتن لەو سیادە سنوردارەى کورد کە لە دواى 1991ەوە بەدەستى هێناوە ، ئایکۆنى شیعەش پێیوابوو ئەوان بە درێژایى تەمەنى دەوڵەتى عیراقى نوێ لەگەڵ ئەوەى کە پێکهاتەیەکى سەرەکى و زۆرى عیراقن ، بەڵام پەراوێزخراو و ستەمدیدە و سەرکوتکراو بوونە ، بۆیە ئیدى ئەو سەردەمە بەسەرچوو و پێویستە سەردەمى زێڕینى ئەوان دەستپێبکات و عیراق ببێتەوە بە ووڵاتێکى شیعەمەزهەب و باڵاترین پۆستەکانى ووڵات و جومگە هەستیارەکان لە دەستى ئەواندا بێت لە تەواوى کایە سیاسى و عەسکەرى و کلتورى و ئابوورییەکاندا و تارادەیەکیش لە جێبەجێکردنى ئەو ئەجێندا و ئایدیایانەى خۆیاندا سەرکەوتووبوون کە عیراق بەرەو ووڵاتێکى ئاینى و زیاتر مەزهەبى بەرن ، بە نمونەى ئەوەى کە لە ساڵانى 2009 و 2010 دا حکومەتى عیراقى ویستى زۆربەى پەیکەر و و شاکارە هونەری و رەمزە ناسراوەکانى عیراق (بەغدا) لەناوبەرێت زۆربەى یانەکانى مەى خواردنەوە و دیسکۆ و باڕەکان داخران، ئەوەش بەبیانووى (حەرامبوون)، جگە لەوەش دەستى بەسەر زۆربەى پۆست و جومگە هەستیارەکاندا گرت و لە ئێستاشدا عیراق زیاتر وەک وڵاتێکى شیعى لێهاتووە و باشترین نمونەش دەرکردنى فەتواکەى عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان بوو بۆ چەکهەڵگرتن دژى چەکدارانى داعش کە بینیمان بە سەدان هەزار کەس بەدەم فتواکەوە چوون.
پێکهاتەى سوننەش وەکو هەردوو جەمسەرە سەرەکییەکەى دیکەى عیراق کە بەدرێژایى هەشتا ساڵى رابردووى دەوڵەتى عیراق بەردەوام لە ترۆپکى دەسەڵاتدا بووە ، یاریکەرێکى سەرەکى دیمەنە سیاسییەکانى دواى 2003 بوو . سوننە لەگەڵ ئەوەى کە لە رووى قەبارەوە لە هەردوو هێزەکەى دیکە بچوکتر بووە بەڵام هەمیشە لەسەر عەرشى ووڵاتەوە حوکمى هەردوو پێکهاتەى شیعە و کوردى کردووە ، ئەم باکگراوندە مێژووییەش وای لە سوننە کرد کە نەتوانێ بە ئاسانى ئەو واقعە تازەیەى دواى 2003 قبوڵ بکات و لە هەرەمى دەسەڵاتدا نەمێنێت ، بۆیە لە قۆناغى یەکەمدا تارادەیەکى زۆر بایکۆتى تەواوى پرۆسەى سیاسیى عیراقی کرد ، بەڵام دواجار گەیشتە ئەو بڕوایەى کە مەحاڵە بتوانێت لە دەرەوەى پرۆسە سیاسیەکەدا بمێنێتەوە و ناچار دووبارە گەرایەوە نێو روداوەکان و درێژەى بە ململانێکانى دایەوە .
ئەم سێ پێکهاتەیە چەندین جەولەى سیاسەتکردن و شەڕ و دانوستان و ململانێیان لەگەڵ یەکدا بەڕێکردووە و لە دە ساڵى رابردووى عیراقى نوێدا بەردەوام قەیران و ناکۆکى لە نێوانیاندا هەبوو و کەمترین جار گەڕاونەتەوە بۆ یەکتر و راوێژکردن بە لایەنى بەرامبەر، ئەو دۆخە بەردەوامبوو تا تێکچوونى بارودۆخى سوریا و سەرهەڵدانى نارەزایى و خۆپیشاندانەکانى پێکهاتەى سوننەى عیراق و سەرکوتکردنیان لەلایەن سەرۆکوەزیرانى شیعە مەزهەبەوە، تا گەیشت بە تەخوین کردنى ژمارەیەک لە کەسایەتیى و سومبولە دیارەکانى سوننەى عیراق لەلایەن دەوڵەتەوە و سادەترین پاساویش بۆ ئەو کارەى حکومەتى شیعەمەزهەب دروستکردنى نازناوى تیرۆریست بوو بۆ ئەو کەسایەتییە سوننە مەزهەبانە ، هەموو ئەمانە وایکرد جارێکى دیکە سوننە لە پرۆسەى سیاسى عیراق بێئومێد بێتەوە و بیر لە رێگاى دیکە بکاتەوە ، لەم نێوەندەشدا گروپێکى توندڕەوى وەک دەوڵەتى ئیسلامى لە عیراق و شام ( داعش) سەرى هەڵدا و زیاتر خۆى وەک نوێنەرى حکومى خوا لەسەر زەوى نیشاندا ، کە بەراى من دروستبوونى داعش دروست لە تەوقیتى خۆیدا بوو بەتایبەت بۆ سوننەکان کە لە سیاسەتى مالیکى بێهیوا بووبون ، بۆیە هەر زوو بەشێک لە سوننەکان بێئاگایى و سەرسوڕمانى خۆیان لە ناوى ( داعش) دەربڕى و رایانگەیاند کە شتێک نیە بەناوى داعشەوە بەڵکو ئەو کردەوانەى کە روودەدەن تەقینەوەى سەبرى ئەیوبى سوننەکانە بەرامبەر بە مالیکى و سیاسەتە شیعە مەزهەبییەکەى و نازناوى داعشیش تەنها پاشگرێکە و مالیکى و هاوسیاسییەکانى بۆ تەخوین کردنى جوڵانەوەى سوننەکان بەکاریدێنن.
جگە لە ململانێکانى شیعە و سوننە ، دەوڵەتى شیعەگەراى عیراقى بەردەوام لە هەوڵى دروستکردنى قەیران و ئاڵۆزیدابووە لەگەڵ هەرێمى فیدراڵیى کوردستان ، تەمەنى ئەو جۆرە سیاسەتەش لە دواى 2013 ـەوە دەستپێدەکات و هەر جارەو لە فۆرمێکدا دەردەوکەوێت ، جارێک یەکلایى نەکردنەوەى چارەنوسى پارێزگاى کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانى دیکە ، جارێک نەدانى بودجەى پێشمەرگە و جارێک قەیرانى نەوت و غاز کە ململانێ و ناکۆکییەکانى نیوان کورد و شیعەى گەیاندە ترۆپک ، جارێکى دیکە سەپاندنى گەمارۆیى ئابوورى بەسەر هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە و نەناردنى موچەى فەرمانبەران و بودجەى گشتى هەرێم . لەبەرامبەر ئەوانەشدا هەرێمى کوردستان سیاسەتێکى سەربەخۆى پەیڕەو کرد و لەدەرەوەى دەسەڵاتى بەغدا نەوتى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى رەوانەى بازاڕەکانى جیهان کرد و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانى لەگەڵ ووڵاتدا واڵا کرد ، ئەمانە و چەندین سیاسەتى دیکەى هەرێم و بەغدا بەرامبەر بەیەکتر کە ناکۆکییەکانى گەیاندە ترۆپک و ئیدى شەڕى راگەیاند و لێدوانى ئاگرین بوون بە تەواوکەرى ئەو ململانێیە .
لەگەڵ بەردەوامى ناکۆکی و ململانێکان گروپى توندڕەوى داعش هێرشێکى فراوانى بۆ سەر عیراق ئەنجامدا و سوپاى عیراقى هەرەس پێهێنا و توانى دوو پارێزگا و سنورێکى زۆرى عیراق بخاتە ژێر قەڵەمڕەوى خۆى و هەژموونى خۆیان بەسەردا بسەپێنێنت . سەرکردایەتى کورد و پێشمەرگەش بۆ رێگریکردنى لەو پەلامار و شاڵاوەى داعش ، کەوتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە و تەواوى ناوچەدابڕێنراوەکانى خستە رێژ کۆنترۆڵى خۆیەوە و تەنانەت هێزى تایبەتى لە کێڵگە و ناوچە نەوتییەکانیشدا جێگیر کرد و ئەو هەنگاوەش ناڕەزایى توندى لایەنى عیراقی ( شیعە ) ى لێکەوتەوە و جارێکى دیکە لێدوانە ئاگرینەکان سەریانهەڵدایەوە.
لەسەروبەندى ئەو رووداوانەدا سەرکردایەتى کورد ( زیاتر ئەو بەشەى کە دەکەوێتە لاى پارتى ) جاڕى ئەوەیدا کە دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى رادەگەینن و لە عیراقى عەرەبى جیادەبنەوە و ئەو هەنگاوەش هێندەى تر عیراق و جیهانى عەرەبى توڕەتر کرد.
ئەوەى کە من زیاتر مەبەستمە لەم نوسنەدا قسەى لەبارەوە بکەم بابەتى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردییە وەک بەشێک لە سەرکردایەتى کورد بانگەشەى بۆ دەکەن.
کورد بەبێ کەمترین ئامادەکارى و زەمینەسازى و تەنها وەک پەرچەکردارێک بۆ سیاسەتەکانى مالیکى هەڕەشەى جیابونەوە و راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى دەکات !
واتا لاى سەرکردایەتى سیاسى کورد دەوڵەتى پێویستییەکى حەتمى نەبوو بەڵکو رەدفیعل و تورەکردنى حکومەتى ناوەندى بەغدا بووە . ئەمەش جەوهەرى کێشەکەیە ، دەوڵەتێک لەسەر بنەماى تۆڵەکردنەوە و پەرچەکردار دابمەزرێت من بەشبەحاڵى خۆم هیچ کەشبین نیم ، چونکە ئەم دەوڵەتە نازج و پێگەیشتوو نیە و زەمینەکانى لەبار نین و خۆى خۆى نەسەپاندووە بەڵکو تورەبوونى سەرکردەکانمان دروستى کردووە . هەر شتێکیش خۆى بە سروشتى خۆى دروست نەبێت و نەیاتەبوون مەترسى لەسەر دەبێت و جیاواز و لاوازتر دەبێت لەوەى کە بە ئاسایى بێتەکایەوە .
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کەرکوک رایدەگەیەنێت کەئیتر تەواو ، مادەى 140 جێبەجێبووە ، ئەم قسەیەش لێکدانەوەى جیاوازى بۆ دەکرێت ، چونکە بەپێى دەقى قانونى و دەستورى مادەى 140 بەتەواوى جێبەجێنەکراوە و هێشتا دوو قۆناغى ماوە جێبەجێبکرێت ، بەڵام سەرۆکى هەرێم بەبێ رەچاوکردنى رووە قانونییەکەى ، جێبەجێکردنى مادەى 140 وەک دەسکەوتێکى جەنگ رادەگەیەنێت ، ئەمە بێجگە لەوەى کە ئەو دۆخە زەرەرى راستەوخۆى بۆ سەر دانیشتوان و خەڵکى کەرکوک و ناوچەکانى دیکە دەبێت بەوەى کە رەنگە ئیدى حکومەتى بەغدا هاوشێوەى هەرێمى کوردستان گەمارۆى بودجە و موچە بخاتە سەر کەرکوک و نزیکەى سەد هەزار فەرمانبەر بێ موچە بمێننەوە و باجى ئەو لێدوانە ئاگرینانە بدەن کە پێویست نین ، ئاخر بەڕێزان کەرکوک هێشتا وەک هەرێم پەیوەندییەکانى فراوان نیە ئەو دەسەڵاتەشى نیە تا نەوتەکەى خۆى بفرۆشێت و وەک هەرێمى کوردستان خۆى موچەى فەرمانبەران و بودجەى گشتى پارێزگاکەى دابین بکات ، گومانیشم لەوەدا نیە کە هەرێمى کوردستان لە ئێستادا ناتوانێ پێداویستییەکانى کەرکوک پڕبکاتەوە چونکە ئێستا هەرێم خۆى بە قەیرانێکى دارایى قۆڵدا تێپەڕدەبێت و ئەمەش دۆخەکە ئەوەندەى دیکە ئاڵۆزتر دەکات و ناڕەزایى نێوخۆیى دروست دەبێت و رەنگیشە بگاتە ئاستى کاردانەوە و توندوتیژى ، چونکە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێن کە دانیشتوانى سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەکانى هەرێمى کوردستان ، پێکهاتەیەکن لە نەتەوە جیاجیاکانى کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیح ى، رەنگە کوردەکە ئامادەبێت تا ئاسایى بوونەوەى دۆخەکە ئارام بگرێت و قوربانى بدات ، بەڵام ئەستەمە عەرەبێک یان تورکمانێک کە ئەوکات دەبنە هاوڵاتى دەوڵەتى کوردستان ، لەسەرەتادا و پێشئەوەى هیچ شتێکى بۆ دابینکرابێ بۆ ئەوەى ئینتیماى بۆ ئەو ووڵاتە هەبێت قوربانى بە خۆى بدات و لە موچە و قوتى خۆى خۆش ببێت .
پاشان ناردنى هێزێکى تایبەتى پێشمەرگە لە هەولێرەوە بۆ کۆنترۆڵ کردنى کێڵگە و بیرە نەوتییەکانى کەرکوک بەبێ راوێژى یەکێتى ( وەک خۆیان رایانگەیاند ) تۆخکردنەوەى ئەو ململانێیەى نێوان یەکێتى و پارتییە کە لە کەرکوکدا بەردەوام هەبوو ، بەتایبەتى کەرکوک بۆ یەکێتى ساغبوەتەوە و لە نێو و هێزە کوردییەکاندا لە کەرکوک یەکێتى زۆرینەى رەهایە بە ئاسانى ناکەوێتە رێژ هەمەنەى پارتییەوە و رێگا نادات پارتى بە ویستى خۆى کۆنترۆڵى ( ئابورى – عەسکەرى) کەرکوک بکات ، بەتایبەت کە یەکێتى لەسەرەتاى رووداوەکانەوە سەرجەم هێزەکانى لە پێشمەرگە و ئاسایش و دژە تیرۆر لە کەرکوک و دەوروبەرى خستوەتە ئامادەباشى تەواوەوە و چەندین پەلامارى داعشى تێکشکاندووە و شەهیدیشى داوە ، ئێستا ئاسان نیە ئەو هێزە لێگەڕێ پارتى بێتە سەر حازرى لە کەرکوک ، بۆیە ئەمە سەرەتاى خاڵى ناکۆکى و ململانێى نێوان یەکێتى و پارتى دەبێت و من بەشبەحاڵى خۆم گەشبین نیم بە ئەنجامەکەى و مێژووش دەیان رووداوى هاوشێوەى تێدایە بەتایبەت لە نێوان ئەو دوو هێزەدا.
خاڵێکى دیکەى نێگەتیڤى کۆنترۆڵکردنى کێڵگە نەوتییەکان لەلایەن پارتییەوە دەرکردنى کارمەندانى ئەو کۆمپانیایانەیە کە لەسەرجەم نەتەوەکانى کەرکوک پێکهاتوون و ئەم هەنگاوە کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر ناوبانگ و سومعەى سیاسى داهاتووى هەرێم وێنەى دەوڵەتێکى داگیرکەر و خۆسەپێنى پێدەبەخشێت و دژى بنەماکانى ئەو پێکەوەژیانەیە کە کورد چەندین ساڵە لە کەرکوک کارى بۆ دەکات و هەوڵى بۆ دەدات .
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئەو هەنگاوەى پارتى زەربەیەکى دیکەیە لەو دەوڵەتى کوردییەى کە پارتى بە نیازى راگەیاندنییەتى چونکە مومکین نیە لەو دەوڵەتى کوردییەى داهاتوو هێزێکى وەک یەکێتى نادیدە بگیرێت ، هەرچەندە هێشتا یەکێتى بەروونى هەڵوێستى خۆى لەبارەى ئەو پرسەوە بە تەواوەتى رانەگەیاندووە و سەرقاڵى دیراسەکردنى دۆخەکە و پێشهاتەکەن ، بەڵام دواجار ناکرێ ئەوەش لەبەرچاو نەگیرى کە هێزێکى وەکو یەکێتى بە درێژایى تەمەنى دروشمى ( مافى چارەى خۆنوسین ) ى هەڵگرتووە و کارى بۆ دەکات ، بۆیە مەحاڵە ئەو هێزە لەکاتى دروست بوونى ئەو دەوڵەتەدا پەراوێزبخرێت و بەهەند وەرنەگیرێت .

ئاکامەکانى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى چی دەبن؟

بەر لە هەموو شتێک دەوڵەت پێویستى بە ئابورییەکى تۆکمە و جێگیر هەیە کە کورد تائێستا نیەتى و دەیەوێت لە ئێستاوە هەنگاوى بۆ بنێت بەبێ مسۆگەرکردنى کردنى داهاتوو ئەو ئابورییەى کە هێشتا دروست نەکراوە ، ئەسڵەن حکومەتى کوردى تائێستا نەیتوانیوە خۆى بۆ بچوکترین قەیرانى دارایى و ئابورى ئامادەبکات و بەرنامەیەکى وا پێشکەش بکات کە سیستەمى ووڵاتەکەى تێکنەچێت ، باشترین نمونەش حەوت مانگى رابردووە کە گەمارۆیەکى ئابورى بچوک خراوەتە سەرى لەلایەن حکومەتى ناوەندى بەغداوەئەمە یەکێکە لە خاڵە هەرە لاوازەکانى بیرۆکەى دەوڵەتى کوردى .
رابەرایەتى کردن و راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى پیاوى خۆى دەوێت و پێویستى بە سەرکردەى کارێزما و بەهێزە ، سەرکردە و رابەرێک کە لەسەر ئاستى ناوخۆ لانى کەم رەزامەندى و خۆشەویستى سێ لەسەر چوارى میلەتى بەدەستهێنابێت ( لەسەر ئاستى باشوو نەک تەنها سێ پارێزگاکە ) ئەوەش بە راپرسییەکى شەفاف و تەندروست دەردەکەوێت نەک بە هەڵبژاردنێک کە گومانى تەزویر سەراپاى گرتبێت ، من بەش بەحاڵى خۆم ئەو سەرکردەیە لە ئێستاى کورد دا نابینم کە خەمى نەتەوە و میللەتى لەپێش بەرژەوەندییە حیزبى و بنەماڵەیى و شەخسییەکانى خۆیەوە دانابێت و بەحەق رابەرى راستەقینەى گەل بێت، من سەرکردەیەک لە نێو ئێستاى کوردا نابینم هاوشێوەى رەفیق حەریرى سەرۆکى پێشووترى لوبنان تەواوى هەوڵ و سەرمایە ئابورى و مرۆییەکانى خۆى بخاتە خزمەتى نەتەوە و ووڵاتەکەیەوە و بە مردنى یەکپارچە ووڵات ماتەمگێڕ بێت .
ئەمە جگە لەوەى کە لەسەر ئاستى نیوەدەوڵەتى و جیهانیش پێویستە ئەو کەسەى رابەرایەتى راگەیاندن و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى دەکات پەیوەندییەکى فراوانى هەبێت و کەسایەتییەکى مەقبول بێت لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکان و لەسەر ئاستى ئیقلیمى ناوچەییش پێویستە ئەو کەسە کەسایەتێکى کارامە و خاوەن پێگە بێت و ملکەچى ووڵاتانى ئیقلیمى نەبێت و بەهەمانشێوە و دوژمنیشیان نەبێت ، کە بەداخەوە حاڵى حازر ئێمە سەرکردەیەکى وامان نیە لەیەک کاتدا هەم ملکەچى ووڵاتانى ئیقلیمى نەبێت و هەمیش دوژمنیان نەبێت ، چونکە نابێت بیرمان بچێت بە ملکەچبوونى رابەرایەیتیەکەمان ووڵاتەکەمان فشۆڵ و بێ نمود دەبێت و بە سەرسەختى و دوژمنکارى رابەرى دەوڵەتە رانەگەیەنراوەکەشمان هەمیشە لە ژێر رەحمەتى داگیرکارییەکى نوێ دەبین . رابەرى ئەو دەوڵەتە دەبێت کەسێک بێت سیاسی و دیبلۆماتکار و تەکنۆکرات و لێهاتوو و کارامە بێت و پێشەوائاسا لەکاتى تەنگانەدا یەکەم کەس بێت ملى خۆى بخاتە پەتى سێدارەوە و هاوشێوەى جەمال عەبدولناسر سەرۆکى پێشوترى میسر خاوەن پێگە و کاریگەرى خۆى بێت لە ناوچەکەدا.
لەم رۆژگارى نەبوون و غیابى و تاڵەبانى و قاسملو و ئۆجەلانەشدا مەحاڵە کورد رابەر و سەرکردەیەکى وای هەبێت کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.
ناکرێت ئێمە دەوڵەتێک لە پاڵ عیراقەوە رابگەیەنین و پەیوەندییەکى رقاوى و دوژمنکارانەمان لەگەڵیدا بێت و پەیوەندییەکى ئەوتۆمان لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا نەبێت کە ماوەى هەشتا ساڵ هەردوولا لەیەک دەوڵەتدا ژیاوین . ناکرێت ئێران دراوسێمان بێت و رەزامەندى لەسەر دەوڵەتەکەمان نەبێت بە تایبەت کە درێژترین سنورى هاوبەشمان هەیە و زۆرترین ئاڵوگۆڕى بازرگانیمان لە نێواندایە و جیا لەوانەش ئێران بە درێژایى شۆرشەکانى کورد هاوکار و پاڵپشت و پەناگەى ئێمە بووە و لەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئێران ووڵاتێکى کاریگەر و خاوەن پێگەیە لە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا ، بۆیە رەزامەندنى کۆمارى ئیسلامى یەکێک لە گەرەنتییە حەتمییەکانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردییە .
ناکرێت دەوڵەتى تورکیا هاوسنورى دەوڵەتە رانەگەیەنراوەکەمان بێت و پەیوەندییەکى ( بەرژەوەندیخوازى بازرگانى نەوتاوى ) باشمان هەبێت و لە هەمانکاتیشدا نکۆڵى لە بوونى نزیکەى 25 ملیۆن هاوزمان و هاونەتەوە و هاووڵاتى خۆمان بکات! ئاخر ئەمە هەر لۆژیک قبوڵى ناکات بەرێزان چونکە لەوەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە کوردانى باکور وەک دوژمن لە ئێمە دەڕوانن نەک برا ، چونکە ئێمەى خاوەن دەوڵەتى باشورى کوردستان دەبینە ( هاوپەیمانى ستراتیژى – نەوتى ) ئەو تورکیایەى کە ئەوان بە دوژمنى سەرسەختى خۆیانى دەزانن و تورکیاش هەمان تێڕوانینى بۆ ئەوان هەیە و ئەوکات کوردانى باکور هەقى خۆیانە بە لۆژیکى ( دۆستى دوژمنەکەم دوژمنمە ) مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن .
ئێمە کە لەم ناوجەرگەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەوڵەتێک قوت دەکەینەوە ناکرێت پەیوەندییەکى تەند و تۆکمەمان لەگەڵ ووڵاتانى کەنداوى شادەمارى ئابورى ناوچەکە و میێر و ئوردن و روسیادا نەبێت چونکە بە دڵنیاییەوە لە غیابى ئەو پەیوەندییانەدا ئاسایشى نەتەوەیى و ئابوورییمان دەکەوێتە مەترسییەوە و هەرەس دێنین .
دەوڵەت پێویستى بە دانپێنانى نێودەوڵەتى دەبێت لەسەر ئاستى باڵا و رەسمى هەیە نەک تەنها دەوڵەتێکى بەرژەوەندخوازى وەک تورکیا ، کە بەدرێژایى مێژووى نوێ و کۆن بە دوژمنى سەرسەختى کورد ناسراوە . بۆ راگەیاندن و بەردەوامیى دەوڵەت پێویستە رەزامەندى و دانپێدانانى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنى ئاسایش و یەکێتى ئەوروپا و پەیمانى و ناتۆ و لانى کەم ووڵاتانى زلهێزى وەک ئەمریکا و بریتانیا و روسیا و چین و ئەڵمانیا و فرەنسا … بەدەسبهێنرێت کە تائێستا هیچکام لەوانە هەڵوێستێکى رەسمیان نیشان نەداوە .
لەسەر ئاستى ناوخۆش ئێمە تائێستا سیماى دوو ئیدارەیی بە دامودەزگاکانمانەوە ماوە و گەندەڵى و ناشەفافى و موحاسەسە رۆژانە رۆحى ئینتیماى هاووڵاتى دەروشێنێت و ناکۆکییەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا رەنگیداوەتەوە و کەمترین یەکترقبوڵکردنمان نیە و کێشە نێوخۆییەکانمان دەگەینینە ئاستێکى وەها کە مرۆڤ شەرم دەکات لە بوونى خۆى و سەرکردە و حیزبەکانى ووڵاتەکەى . تەنانەت لەسەر ئەم پرسەش کە ئێستا قسەى لەبارەوە دەکرێت و گرنگترین رووداوى ژیانى هەموو تاکێکى کوردە هاوڕا و کۆک نین و هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت و پارتى خۆى بە ئاڵاهەڵگرى کوردایەتى و راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى دەزانێت و سەرجەم کەناڵ و میدیاکانى خستۆتە خزمەت ئەو بابەتەوە و بەردەوام ئەو بە گوێى هاوڵاتیاندا دەدات کە دەوڵەتى کوردى بەڕێوەیەوە و یەکێتیش تائێستا لێدوانێکى رەسمى مەکتەبى سیاسى حیزبەکەى لەوبایەوە بڵاونەکردوەتەوە و ئەوەى کە هەیە تەنها لەسەر ئاستى کەسەکانە ، ئەمە بۆ زۆربەى حیزب و لایەنەکانى دیکەى کوردستانیش هەر راستە کە تائێستا بۆچوونى رەسمى خۆیان لەوبارەیەوە بە بەیاننامەیەکى نوسراو رانەگەیاندووە ، ئەمەش دووبارە ئەوە دەردەخاتەوە کە کورد روئیا و بەرنامەیەکى رون و یەکگرتووى بۆ پرسى بە دەوڵەتبوون نیە .
بەبێ دیراسەکردنى قۆناغەکانى داهاتوو کە رەنگە دواجار هاوشێوى کۆمارى مهاباد ببێتە قوربانى بەرژەوەندى و تەماحى ووڵاتانى زلهێز و ئەوەشى کە بیست و چوار ساڵە بە خوێن بەدەستهاتووە و پارێزراوە لە دەست بچێت ، راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى کارى نەکردەیە .
دواجار بەرێزان دڵنیاش بن هەر دەوڵەتێکى کوردی بەبێ کەرکوک پولێکى قەڵب ناهێنێت ، چونکە بەقەولى خۆتان هەموو شۆڕش و جوڵانەوەکانى کورد کەرکوکی کردوەتە ئەولەویاتى ئامانجەکانى .
جگە لەوەش کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانى دیکە زیاتر لە سەدا چلى خاکى باشورى کوردستان پێکدەهێنن و بەبێ ئەو ناوچانەش دەوڵەتى کوردى مانایەکى ئەوتۆى نابێت کە کورد سەدان ساڵە خەونى پێوەدەبینێت .
من پێموایە ئەگەر بەم دۆخەى ئێستاوە دەوڵەتى کوردى رابگەیەنرێت ئەستەمە بتوانرێت کەرکوک بخرێتە سەر ئەو دەوڵەتە چونکە لە رووى قانونە نێودەوڵەتییەکانەوە توشى ئیشکایەت دەبین بەوەى ئەو ناوچانە تائێستا لە نێوان کورد و عیراقدا کێشەیان لەسەرە و لەو حاڵەتەدا عیراق دەتوانێ لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا سکاڵا لەسەر دەوڵەتى کوردستان تۆمار بکات و دۆسیەکەش بە قازانجى ئەودا بشکێتەوە ئەوکات کورد تا ئەبەد ئاهى پەشیمانى هەڵدەکێشێت و هیچ سودێکیشى نابێت .
جگە لەوەش تائێستا حکومەتى هەرێم ئەو قەناعەتەى لاى پێکهاتەى عەرەب و و تورکمانى ناوچە دابڕێنراوەکان دروست نەکردووە کە ئەگەر ببنە هاووڵاتى کوردستان مافەکانیان پارێزراو دەبێت و نابنە هاوڵاتى پلە دوو ، کە ئەمەش یەکێکە لە هەڵە ستراتیژییەکانى کورد لە دە ساڵى رابردووى دواى پرۆسەى ئازادییەوە کە ئیدارەى ئەو ناوچانەى بەدەستەوە ، بۆیە رەنگە زەحمەت بێت عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک ناوچەدابڕێنراوەکان لە کاتى راپرسی و ریفراندۆمدا دەنگ لە بەرژەوەندى کورددا بدەن ، ئەمەش خاڵێکى ترى لاواز و نێگەتیڤى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى و لەدەستچوونى کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان .
خاڵى هەرە گرنگ و کاریگەرى راگەیاندن و بەردەوامى و مانەوەى دەوڵەتى کوردى بوونى هێزێکى نیشتیمانى پڕچەک و ئامادە و مەشقپێکراوە کە بەداخەوە کورد لەگەڵ ئەوەى دەیان ساڵە خاوەنى هێزێکى قارەمان و خۆڕاگرى وەک پێشمەرگەیە ، بەڵام لە دواى ساڵى نەوەد و یەک و دروستبوونى ئیدارەى سەربەخۆى هەرێمەوە نەیتوانیووە ئەو هێزە میلییە دابڕێژێتەوە و یەکیبخات و پڕچەکى بکات و ئامادەى بکات بۆ هەر ئەرک و فرامانێک ، بۆ هەر هێرش و پەلامارێکى نەخوازراو و کتوپڕ بۆ سەر خاکەکەی .

پێویستە یەکێتى خۆى یەکلایى بکاتەوە

یەکێتیى نیشتیمانیی کوردستان بەدرێژایى تەمەنى خۆى یەکێک بووە لە هێزە کاریگەر و خاوەن پێگەو نفوزەکانى هەرێمى کوردستان ، کە کاریگەرى بەسەر زۆربەى رووداوەکانى سێ دەیەى رابردووى کوردەوە هەبووە ، لە زۆر قۆناغدا هێزى یەکەمى کوردستان بووە و بڕیارى کۆتایى و یەکلاکەرەوەى بەدەستەوە بووە ، ئەم هێزە لەسەر ئاستى ئیقلیمى یەکێکە لەو هێزە کوردییانەى کە خاوەن باڵانسێکى ئەوتۆیە کە بۆ یەکلایى کردنەوەى ململانێکان پشتى پێبەستراوە ، لەسەر ئاستى نێوەدەوڵەتیش رایەڵەیەکى پەیوەندى بەهێزى هەیە ، لەرووى ئابورى و دارایییشەوە خاوەن چەندین کەناڵى داهاتە ، لە رووى هێزى عەسکەریشەوە هێزێ:ى زۆرى هەیە کە دەتوانێ رۆڵى کاریگەر لە یەکلاییکردنەوەى کێشەکاندا بگیڕێت .
لەسەر ئاستى سەرکردە و لێپرسراوەکانیشى بە درێژایى تەمەنى خۆى کەسانى خاوەن باکگراوند خزوریان هەبووە تێیدا و کاریگەرییان هەبووە و تەنهانەت بەشێکیان بە کارێزماش لەقەڵەم دراون . جیاواز لە هەموو ئەوانە یەکێتى لە ساتى دامەزراندنییەوە خاوەنى سکرتێرێک بووە کە بەیەکێک لە کەسایەتییە کاریگەر و کارێزماکانى خۆرهەڵاتى ناوەراست ناسراوە زۆرترین پەیوەندى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى هەبووەوە ، هەمیشە هەوڵیداوە لە سیاسەتدا مەحاڵ بخوڵقێنێت و لەیەککاتدا لەگەڵ دوو لایەنى دژ بەیەک پەیوەندى باڵاى هەبێت بە نمونەى ( سوننە – شیعە ، تورکیا – پەکەکە ، ئێران- ئەمریکا ) ، تەنانەت لە ماوەى حوکمى سەرۆک کۆماریى خۆیدا بەردەوام هەوڵى داوە خاڵى هاوبەشى نێوان لایەنە ناکۆکەکان بدۆزێتەوە و لێکیان نزیبکاتەوە و لەو رووەشەوە نازناوى ( ێمام الامان ) ى پێدراوە ، ئەویش جەلال تاڵەبانییە .
بەڵام کوشندەترین دەردى یەکێتى بوونى کوتلە و باڵە جیاوازەکانیەتى کە تا تاڵەبانى لە نێو گۆڕەپانەکەدا بوو زۆر زیرەکانە توانیبوو ئیدارەى ئەو ململانێ و کوتلەکارییە بدات بەبێ ئەوەى باڵانسى رووداوەکان لەدەست بکات . بەڵام لە دواى نەخۆشکەوتنى تاڵەبانى و دوورکەوتنەوەى لە دیمەنە سیاسییەکان ، لەلایەک کوردستان و عیراق قەیران و ململانێکانیان گەیشتە ترۆپک و تەنانەت موچە و بودجەى گشى هەرێم لە غیابى تاڵەبانیدا بڕا ،
لەلایەکى دیکە یەکێتى توشى قەیران هات و لە هەڵبژاردنێکى گرنگدا شکستى هێنا و چەندین جار کێشەکان گەیشتنە ئاستى تەقینەوە . بەڵام لە هەموو ئەمانە ترسناکتر تێکچوونى تەوازونى بڕیار و هەڵسەنگاند و لێکدانەوە سیاسییەکانى یەکێتییە کە لە دواى نەخۆشکەوتنى تاڵەبانییەوە بە تەواوى هەست بەو حاڵەتە دەکرێت و تەنانەت کار گەیشتوەتە ئەوەى کە لایەنەکان دەڵێن ” بۆ زانینى بۆچوونى یەکێـى لەسەر هەر پرسێک نازانین لەگەڵ کێدا گفتوگۆ بکەین و بۆچوونى رەسمى ئەو حیزبە وەربگرین “.
ئەمەش دەرخەرى ئەو راستییە کە زۆربەى زۆرى سەرکردایەتى ئێستاى یەکێتى ( نەک هەموویان ) تواناى بەرێوەبردنى یەکێـتییان نەماوە ناتوانن مامەڵە و هەڵسەنگاندنێکى تەندروست و واقعیانە بۆ رووداوەکانى ئەمرۆ بکەن ، سەرکردایەتى ئێستاى یەکێتى بێموبالاتییەکى زۆرى پێوەدیارە بەو رادەیەى کە بەرامبەر زۆر رووداو و پێشهاتى گرنگ بێدەنگ بن و دواجار لەژێر زەختى قاعیدەکەیدا بڕیارێکى شەرمنانە بدات ، نمونە بۆ ئەم قسەیە زۆرە بەڵام ئێستا کاتیان نیە و ئومێدەوارم لە کاتێکى تردا بە ووردى قسە لەبارەى بێموباڵاتى سەرکردایەتى یەکێتییەوە بکەم.
هەموو ئەمانە وا لە یەکێتى دەخوازن کە خۆى یەکلایى بکاتەوە و خاوەنى بڕیار و دیدگاى تایبەت بەخۆى بێت نەک ( پاشکۆبوون ) ى لایەنەکان ، یان ( دژایەتیکردن ) ى لایەنەکان بەبێ روونکردنەوەى پێویست و تەبڕیرى باوەرپێکەر ، ئەمرۆش لەم بابەتى ( دروستبوونى دەوڵەتى کوردی ) یەدا بەرپرسیارییەتییەکى قورس و مێژوویى دەکەوێتە سەر سەرکردایەتى ی . ن . ک ، بەوەى کە ئەو حیزبە خاوەن پێگەیە تا ئێستا نەیتوانییوە راشکاوانە بۆچوونى رەسمى خۆى لەوبارەیەوە بخاتەڕوو ، بۆ ئەوەى سبەى نەکەوێتە بە پرسیار و گومانەکانى مێژوو .
ئەبێ یەکێتى بە روونى بۆ رای گشتى رابگەیەنێت کە ئەو لەگەڵ راگەیاندنى دەوڵەتى کوردیدایە و هۆکارى پاڵپشتییەکەشى بۆ ئەم پرسە گرنگە بۆ هەمووان روون بکاتەوە و هەڵسەنگاندنى خۆى بەڕوونى بۆ رووداوەکان بکات .
خۆ ئەگەر دژى ئەم بابەتەشە ئەوا پێویستە بەزووترین کات و بەبێ هیچ شەرم و دوودڵییەک بۆچوونى خۆى رابگەیەنێت و هۆکار و عوزرەکانى خۆى بۆ هەموو لایەک روون بکاتەوە و رایبگەیەنێ کە ئاخۆ بۆ لەگەڵ ئەم بابەتەدا نیە ، ئاخۆ ئاستەنگ و خاڵە نیگەتیڤەکانى دەوڵەتى کوردى لە روئیاى یەکێتیدا چین ؟ ئایا بۆ یەکێتى خۆى لەم بابەتە چارەنوسسازە بێبەرى دەکات ؟ ئایا نایەوێت لێپرسراویەتى مێژوویى بکەوێتە سەر شانى ؟ ئایا یەکێتى خوێندنەوەیەکى وردتر و واقعیانەترى بۆ رووداوەکان هەیە ؟ ئەمانە و چەندینى تر بخاتەڕوو بۆ ئەوەى لاى هەمووان روون بێتەوە .
دواجار پارتیش نابێ ئەوەى لەبیر بچێت کە ئاکامەکانى سەرنەگرتنى ئەم هەڵمەت و هەرایەى چى دەبێت و چۆن لەسەرى دەشکێتەوە ، دەبێ لە حاڵەتى سەرنەگرتنى بابەتى دەوڵەتى کوردى تێبگات ئەو خۆشباوەڕییەى ئێستا لەناو توێژێکى زۆرى کۆمەڵگا دروستى کردووە دوور نیە بتەقێتەوە بەڕووى خۆیاندا ، رەنگە دواجار بۆ سەدەیەکى تر خەونى بوون بە دەوڵەت لە ناخى تاکى کوردیدا بمرێت ، لێپرسراوییەتى هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆى پارتى و خودى مەسعود بارزانى چونکە لە ئێستادا تەنها ئەوانن خۆیان بە رابەر و ئاڵاهەڵگرى ئەو دەوڵەتە کوردییەى کە رانەگەیەنراوە .
لە کۆتاییدا تکایە با کەس هەوڵى تەخوینکردنمان نەدات و بابەتەکە بباتە سیاقێکى دیکەوە و بە کەسێکى خائین و دژ بە دەوڵەتى کوردییمان لە قەڵەم بدات ، چونکە شتێک هەیە زۆر لێى دڵنیام ئەویش ئەوەیە کە هەموو هەموو تاکێکى کورد بە جیاوازى هەر ئایدۆلۆژیایەکەوە خەون بە دەوڵەتى سەربەخۆى کوردییەوە دەبینێت بەڵام دواجار نابێ ئەو خەونە بە ئینفیعال و پەرچەکردنى کاتى خاڵى بکرێتەوە و پێویستى بە زەمینەسازى و ئامادەکارى هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت