SORAN

پەشێو حەمەئەمین : پەیامێك بۆ دیما گۆج و قەڵەم شکێنەکانی ووڵات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یادی سۆرانی مامە حەمەدا .

دڵخۆش مەبن ، ئێوە هەرگیز ناتوانن مەیلی باڵندە لە فڕین کەمکەنەوە ، خۆشنوود مەبن , ناتوانن گشت چرۆکان لە باغدا کۆتایی پێ بێنن ، ئەو دەمەی ئێوە لە دامێنی چیاکاندا هەنگاو دەنێن ، ئەوا ئێمە لە کۆتا لوتکەدا بەرەو ئاسمان بۆنی ئازادی دەکەین ، چیتان لە دەست دێ ئەنجامی دەن ، خەیاڵتان خاوە لەم نیشتمانە پڕ زامەدا ، بمانکەن بە کۆیلەو خۆتان ڕه هاکەن .
مەگەر ئێوە چیتان نەکرد ؟ کوا بینیتان ئازادی خوازێك سەرتان بۆ نەوی کا؟ بڵند گۆی کام دەنگێ ئازاد بۆتان هاتە خوارەوە ؟ کام سۆران لە ترسی ئێوە خامەی فڕێ داوتا هاودەنگ بێ ولە گەڵتاندا دەست تێکەڵ کا .
شەش ساڵ لەمەو بەر قەڵەمێك لە نیوەی نوسینی خەمەکانی نیشتمان بوو ، دەیویست یادەشتەکانی غەریبی گەل بۆ نەوەکانی ئە وسا باس بکا ، قەڵەمێك کە جگە لە نوسینی مێژوو و تراجیدیای گەلێك تەنها دەیزانی ووشەی ئازادی پێناس بکا ، ئەو قەڵەمە تیرۆر کرا.
ئەو ڕۆژە بابە گوڕگوڕ گریا ، کەرکوكیش وەك دایکێکی کۆرپە کوژراو پڕ بەچاوەکانی هەنسکی ئەدا ، بەر لەوەی لێی بپرسن بۆ چی دەگری ، ئەو خۆی ووتی : بەچاوی خۆم بینم کە چۆن هاتن لە باوەشما گوللەبارانیان کردوو هەمیشە ئەیووت ناسیمن ئەزانم کێن !
ئالەو ڕۆژە کە نیشتمان حوزن و خەمنامەی خۆی بۆ جیهان ئەگێڕایەوە ، بکوژەکانی سۆرانیش بە بەردەمیا بە سەربەستی دەهاتن و دەچوون ، یەکێ بە تووندی هاواری کرد ئەوەتانێ بیانگرن ، ئەو ووتی سوودی نیە ، سەرەنجام ئەوان دەچنەوە لای دادگا بێ دادەکانی ووڵات ، لێیان گەڕێن ، بیستووتانە کەسێك بەدەستی خۆی ، خۆی دادگایی کات؟؟؟
ئەی دیما گۆج و قەڵەم شکێنەکانی ووڵات ، خەیاڵتان خاوە بە تیرۆری سۆرانێك ئامانجی بێ دەنگ بوونی سۆرانەکانی تر بە دەستبێنن ، ئەوان وەك شوشە وان ، تاپارچە پارچەیان کەیت زیاتر دەستەکانتان ئەبڕن ، وەك بەفر وان ، گەر لە لوتکەش بتوێنەوە ، ئەبنەوە بە ئاوو و لە زستانێکی تردا ، لە نێو دەریادا ڕەق تر لە بەفر ئەبنە شەختەو ، قورستر لە یەکەمجار ئەتوێنەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت