Necmedin-Kerim

کامیار سابیر : فەیسبووک شوێنێک بۆ رشانەوە و …… .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نوسەر و ڕۆشنبیر ” کامیار سابیر ” لەسەر بەشی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕانامەیەکی ، ئاراستەی ئەوانەکردووە ، بەبێ تێگەیشتن و شیکاری و پەلاماری پاڕێزگاری کەرکوک ( نەجمەدین کەریم ) دەدەن . ئەو دەڵێت : نەجمەدین کەریم ، وەک هەر سیاسییەکی تری کورد ، هەڵە و کێماسیی و چەوتیی و گەندەڵیی هەیە ، تەماحی سیاسیی و پۆست و پلە و بەرزبوونەوەی هەیە ، بەڵام زۆر واقیعییە کە دەڵێ ماددەی ١٤٠ تەواو نەبووە ، بەڵكو دەبێ جێبەجێ بکرێ ، عەقڵانییە کە دەڵێ ریفراندۆمی لۆکاڵیی و حەماسیی بەدەرد ناخوات ، بەڵکو دەبێ ریفراندۆمێک بێت بە پێی ئەو دەستورەی کە سیاسییە رائیدەکانی کورد ، واژۆیان کرد. ئەمەی خوارەوە تەواوی ڕانامەکەی ” کامیار سابیر ـ ە .

کامیار سابیر : فەیسبووک ، شوێنێک بۆ رشانەوە و …… .
هەرکەس ئازادە هەر شتێک دابنێت لەسەر واڵی خۆی ، بەڵام منیش ئازادم ناڕەزایەتیی بەرامبەر هەموو ئەوانە دەرببڕم کە بێتاقەتم دەکەن و لە کوردبوونی خۆم ، ئەوەندەی تر بێزار دەبم و بێزم لە ئینسانی کوردی جوێنفرۆش و بازاڕیی و بەرەڵای سیاسیی و فاشیل و بێکارەکانی تاراوگە بێتەوە . ئەم ژانە زیاتریش دەبێت، تۆی کورد ، کەرکوکیی بیت و ئەو هەموو درۆ و دەلەسە و موزایەدە و خەباتی نەتەوەییی و نیشتمانیی و جێنڵتمانییەی ناو بۆگەناوی سیاسەتی کوردییت بەر چاو دەکەوێت و دەبیستیت و فشە بە کەرکوک و نەوتی کەرکوک و جیۆگرافیای کەرکوکەوە دەکەن، تۆش دەبێ زەقەی چاوت بێت .
نەجمەدین کەریم ، وەک هەر سیاسییەکی تری کورد ، هەڵە و کێماسیی و چەوتیی و گەندەڵیی هەیە ، تەماحی سیاسیی و پۆست و پلە و بەرزبوونەوەی هەیە ، بەڵام زۆر واقیعییە کە دەڵێ ماددەی ١٤٠ تەواو نەبووە ، بەڵكو دەبێ جێبەجێ بکرێ ، عەقڵانییە کە دەڵێ ریفراندۆمی لۆکاڵیی و حەماسیی بەدەرد ناخوات ، بەڵکو دەبێ ریفراندۆمێک بێت بە پێی ئەو دەستورەی کە سیاسییە رائیدەکانی کورد ، واژۆیان کرد .
لەگەڵ هەموو خراپییەکانی ئەو پیاوەدا ، هەرچییەک بێت ، دەستی بە خوێنی گەنجی کورد ، لە نەبەردەکانی شەڕی ناوخۆدا سوور نەبووە ، تانکی هیچ وڵاتێکی بانگهێشت نەکردووە بۆ داگیرکردنی بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ، پێش- لەشکریی بۆ هیچ دەوڵەتێک نەکردووە بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە ، نەوتی کوردستان و کەرکوک بە میراتی خۆی نازانێ ، پاسداری ئێرانیی نەهێناوە بە کاتیۆشا لە کەرکوک بدات ، بەڵکو کەسێکی فیکر تۆلێرانسە و زۆرینەی خەڵکی کەرکوک ( بە کورد و عەرەب و تورکمانەوە) لێی رازیین و خزمەتی شارێکی وێرانەی وەک کەرکوکی کەم تا زۆر کردووەو … هتد .
لەژێر هەژموونی دروستکردنی دەوڵەت و سەربەخۆییدا ، لەژێر بەنجی کەرکردنی ئینسانی کورددا لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردیی و سیاسییە نەوتفرۆشەکانی کوردەوە ، هەرکەسێک جوێن و سووکایەتیی بەو پیاوە بدات و بکات ، تەحقیری بکات و بە زمانێکی زۆر نزم و پووچ و بازاڕیی ، پێێ بڵێ ، خائین ، ریسوا ، خۆفرۆش و جاش و هەموو ئەو گەناوە زۆرەی لە ئەدەبی کوردیی سیاسییەکانی کورددا هەیە …، ئەگەر لای من فڕێند بێت ، وەک پرۆتێستێکی فەردیی و رێزگرتن لە بەهای ئینسانیی ، بۆ ئەوەی خۆم بەدوور بگرم لە رشانەوەی جوێن و گووکردنی سەر رێگە ، ئەنفڕیندی دەکەم … لەمەودوا هەر پۆستێک لەم چەشنە ببینم ، ئەوانەی لایکیشی دەکەن ، ئەنفڕێندیان دەکەم ، ئێستا فەیسبووک ، وەک پێوانەیەکی ستاندەرد ، لەڕێگەی لایک و شەیر و پۆستەوە ، دەتوانی کەم تا زۆر عەقڵ و بیرکردنەوە و فیکر و ئەخلاقی ئەو ئینسانە بناسیت .
تۆش ئەگەر ئەمەت بەدڵ نییە ، دەتوانیت من ئەنفڕێند بکەیت و ئەو زەحمەتەش لە کۆڵ من بکەیتەوە .