Arif-Bawacani

عارف باوەجانی : جیهان چاوەرێی کۆماری باشوری کوردستانە. ئەگەرەکان و ئامادەکارییەکان و مەترسییەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە پێێ تازەترین لێدوان و تۆمەت و هەرەشەکانی مالکی بەرامبەر بە باشوری کوردستان ، و کشانەوەی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا. لە لایەکی دیکەشەوە باس لە ئەگەری دانانی حسێن شارستانی لە شۆێنەکەی مالکی دەکرێت ، کە شارستانی لە پێش مالکی دژایەتی کردنی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد دەستپێکردبوو بە دڵنیایشەوە لەو سیاسەتەی بەردەوام دەبێت .
دابەشکردنی بەرپرسایەتی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی نۆی ئێراق ، و زۆر شتی دیکەی ژێر بە ژێر بۆ هێۆرکردنەوەی کورد لە ویستە پێگەیشتووەکەی ، کە نموونە ترینیان پێدانی پۆستی سەرۆککۆماری نۆی ئێراقە بۆ کورد ، بەڵام بە مەرجی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچە کوردیانەی کە لە رۆژانی ١٠ / ٦ / ٢٠١٤ بۆ سەرەوە کونترۆڵیان کردون .
پاش ئەوەی کە گشت شارو ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان کەوتنەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، هەروەها کێڵگە نەوەتییەکانی کەرکوکیش کە سەدانساڵە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان بە سەردا گرتووە، کە ئیستا کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی خاوەنی ڕەسەنی خۆی کە کوردستانە . بەم ڕووداوە نۆیانە کە بە پەلە شەپۆل دەدەن و دێنە پێشەوە ، خەریکە شک و گومانەکان لەوەی کە کورد ناتوانێ دەوڵەتی سەربەخۆیی ڕاگەینێت کەمدەکاتەوە ، و دڵخۆشی بەرەو ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە نۆییە زیاتر لە ئاست جیهان و گەلی کوردیش پێشان دەدات ، کەوا جیهان بە دۆست و نەیاری کوردەوە چاوەرێی کۆماری باشوری کوردستان دەکات .
بەڵام ئایا ئاسانکاری و ئامادەکارییەکان تاچەندە کراون بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم دەوڵەتە نۆییە بۆ نێۆ بنەماڵەگەورەکەی جیهان ، کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتێکی بە هێز و بە توانا لە ناوچەکەدا .
هەروەها هیندێک مەترسیش بۆ تێکدانی ڕیزەکانی ماڵی کورد بە سەرپەرەستی ئێران لە ئارادایە کە لە بەشی خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین .

پەرلەمانی کوردستان :
گرنگترین ناوەندی بریاردانی نۆێنەرانی گشت خەڵکی کوردستان کە پەرلەمانە ، بە خۆشییەوە وەک پەرلەمانی وەڵاتێکی سەربەخۆ لە مێژە ئامادەیە ، و بە تایبەت پەرلەمانی ئیستا پەرلەمانێکە کە هەموو لایەنە براوەکانی تێدا بەشدارە ، و هەر بەو هۆیەشەوە ئاسانکاری زیاترکرا بۆ دروستکردنی کابینەی٨ ی هاوبەشی هەرێمی کوردستان . لەم کابینەشدا کۆسپەکانی ناو پەرلەمان وەک ناڕەزایی دەربرینی لایەنی ئوپوزوسیون لەم کاتەدا ناسکەدا کەم بووەتەوە و یەکگوتاری کورد بە هێزتر بووە . ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە بنچینەییە بەهێزەکانی داهاتووی حکومەتی کۆماری باشوری کوردستان .

حکومەت و وەزیرەکان ئامادەیە :
حکومەت و وەزیرەکان ئامادەیە ، کابینەی هەشتەمی هەرێمی کوردستان وەک کابینەیەکی نۆیتر و گەنجتر دامەزراوە . کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان و جێگرەکەشی ٢ کەسایەتی ئاکادیمی گەنج و بە شارەزای سیاسەتی نێۆنەتەوەیین ، لەگەڵ دەیان وەزیر شارەزا لە بوارەکانی خۆیاندا . بە شایەتی زۆربەی چاودێرانی سیاسی نێونەتەەیی سەلمێندراوە کە حکومەتی هەرێم هەرچەند حکومەتێکی تەواو سەربەخۆ نییە ، و هەروەها بێکەم وکوریش نییە بەڵام لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقا پێشکەوتووتر و شارەزا تربووە ، رۆژانەش پێشکەوتنی زیاتری لێبەدی دەکرێت.

سەرۆک کۆمار ئامادەیە .
یەکێک لە جەوهەرە گرنگەکانی نێۆ سیاسەتی ئەمرۆی کوردستان روو بە بەغداو جیهان سەرۆکەکەیەتی ، کە ئەویش سەرۆکی ئیستا هەرێم و سەرۆک کۆماری داهاتووی باشوری کوردستانە . بارزانی ئەو سەرکردە بە هەڵویستەی کوردە کە لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی حاکمان و شارەزانی ئەمریکاو جیهان لە ئێراق بە مرۆڤێکی نەتەوەیی و جەسور لە بواری مافەکانی کوردا ئاماژەی پێکراوە . بێجگە لە ئەزموونی دەیانساڵ خەباتی پێشووتری و بەرەنگاری لەگەڵ درندەترین ڕێژیمی کورد کوژی وەک بەعس ، لە پاش ساڵی٢٠٠٣ لە کاتی دروستبوونی حکومەتەکانی ئێراقی پاش سەدام و تا ئیستاش بەردەوام وەک سەرۆکی کوردستان بەرەنگاری هەر جۆرە سیاسەتێکی زیانبەخش بە خەڵکی کوردستان بووەتەوە . بە تایبەت هەمیشە مافی چارەی خۆنووسی و ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی وەبیر نەتەوەکەی هێناوەتەوە و بە ئاشکرا و بێترس و شاردنەوەش ئەو مافە ڕەوای گەلی کوردی بە گۆی جیهان و بەغداد هێناوە .

ژێرخانی ئابوری ئامادە نییە :
لە کوردستان وەک باسمان کرد زۆر پێویستی گرنگ ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی داهاتوو . بەڵام لە هەمووی گرنگتر کە کاری باشی بۆ نەکراوە ئەویش ژێرخانی ئابوریەکەیەتی . هەر وڵاتێکیش ئاسایشی خۆراکی نەبێت ئەمنیەتی ئەو وڵاتە هەمیشە لە مەترسی کارەساتدایە . پێویستە حکومەتی هەرێم بنچینەی دروستکردنی ئەم وڵاتە بە ژێرخانی ئابوریەکەیەوە دەستپێبکات ، و تەداروکاتی تەواو بۆ ئەگەری چەندین ساڵی پر لە کۆسپ و کێشەی پاش دامەزراندنی کۆماری باشوری کوردستان لە بەرچاو بگرێت .
ئاو کەنداو :
یەکێک لە بۆشایەکانی پێوەندی کوردستان بە دونیای دەرەوە نەبوونی کەنداو یا زەریای مەزنە لە کوردستاندا ، کە بتوانێ پێوەندی بازرگانی و گواستنەوەی زەریایی کورد بە جیهانەوە گرێ بدات .
هەر بۆیەش زۆر پێویستە لە ئیستاوە کار بکرێت بۆ دروستکردنی بەنداو ، بۆ پاشەکەوتکردنی ئاو بە مەبەستی دروستکردنی کارەبا یان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە ، یا یان کشتوکاڵی ناوچەکان . ئەمەش وەک یەکێک لە پێشبینیەکان بۆ هەموو ئەگەرەکانی گەمارۆی ئاو لە لایەن وڵاتای دراوسێ لە ئەگەر پاش ڕاگەیاندنی کۆماری باشوری کوردستان بکرێت.
کشت و کاڵ : یەکێک لەو دەستەواژەیە کە هەمیشە شەقامی کوردی وەک رەخنەیەک بە کاری دێنن بەرامبەر بە باسکردن لە سەر دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ، ئەویش ( تەماتە و پەتاتەی ئێرانە ) ، واتە بازارەکانی کوردستان پرە لە میوەو سەوزەی ئێرانی . لە کاتێکدا کە خاکی کوردستان زۆر بە پیت و بەرەکەتە بۆ کشت وکال . بە پێێ شارەزانی بواری سامانەکانی کشت و کاڵ لە کوردستان ، باس لەوە دەکەن کە خاکی کوردستان بۆ کشتوکاڵ و میوەجات ، زۆر لە کوردستان زیاترەو بەشی هەناردەکردن و فرۆشتنی بە وڵاتانی دیکەش هەیە . بەڵام هەرێمی کوردستان وەک پێویست پلانی بۆ بووژانەوەی کشت و کاڵ نەبووە . کەوابێت یەکێکی دیکە لە پشتیوانیە بە هێزەکەی سەربەخۆیی کوردستان کشت وکاڵەکەیەتی . پێویستە پرۆژە و پلانی زانستی بۆ بواژنەوەی کشت وکاڵ ببێتە یەکێک لە هەنگاوە بە وەلەکانی سەرەتای دەوڵەتی کوردی . هەموو ئاسانکارییەک بۆ جووتیاران و خاوەن باخ و بێستانەکان بکرێت ، و هەموو کەرەسەیەکی پێویست بخرێتە ئیختیاریان بۆ ئەوەی بتوانن بە دڵسۆزیەوە کارەکانیان پەرە پێبدەن . کوردستانیش بۆ هەمیشە لە تەماتەو پەتاتەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دوورکەوێتەوە.

ژمارەی پارێزگاکان بۆ ٨ پارێزگا :
لە مێژووی داگیرکاری خاکی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانیەوە ، هەمیشە هەوڵدراوە دەستکاری دیمۆگرافیای شارەکانی کوردستان بکرێت و لێێ بچووک بکرێتەوە و بخرێتە سەر شوێنەکانی دیکە. لە لایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە هەرگیز هەوڵنەدراوە کە بە پێی پێوەری یاسایی و زانستی ژمارەی پارێزگاکانی کوردستان زیاد بکرێت . ئیستا بە پێی شارەزایانی پێناسەی پارێزگا لە باشوری کوردستان ئەمانەی خوارەوە مەرجی پارێزگابوونیان تێدایە ، دەکرێت بە پارێزگاکانی کۆماری باشوری کوردستان. ناویان بهێنرێت ، کە بەشێکیان لە ئیستاداوەک پارێزگا هەن و بەشێکیشیان لە مێژ ساڵە چاوەرێن .
١ – کەرکوک ٢ هەولێر. ٣ سلێمانی ٤- هەڵەبجە- ٥ دهۆک ، ٦ سۆران . ٧ ڕاپەرێن ، ٨ گەرمیان .
بە بۆچوونی من پێویستە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم حکومەتە نۆیەی کوردستان ، یا پێش ڕاگەیاندنەکەی ، کار بۆ پاشماوەی پارێزگاکانی دیکە بکرێت ، و لەگەڵ ڕاگەیاندندا ئەم وڵاتە بە ٨ پارێزگا بناسرێت . چوون ئەمەش گرنگی و گەورەیی زیاتر بە کوردستان لە ئاست جیهاندا دەدات.

مەترسییەکانی تێکدانی یەکریزی ماڵی کورد .
وەک زۆر مێژووی ڕابوردو بۆمان دەسەلمێنێت کە هەمیشە لە کات و ساتەکانی سەرکەوتنی کورددا ، هەوڵدراوە هەر لە ڕێگەی کوردەوە ئەو سەرکەوتنانە بشێۆێندرێت.
ئیستاش ئەم دەسکەوتە کەم وێنەیە بووەتە هەواڵی شاشەی تەلەفزۆێنە گرنگەکانی جیهانی ، و بووەتە سەرتیتلی ڕۆژنامەو سایتەکانی جیهانی ، بووەتە پێخۆری شارەزایانی جیهانی کە رۆژانە شرۆڤەی لە سەر دەکەن . بەو شێوە ڕووداوەکانی ئیستای باشوری کوردستان بووەتە ڕاستییەکی حەشا هەڵنەگر کە دەرچوونی ماڵکی لە ژێر ئەم بارە زۆر دژوارە . ئیستا ئێران لە سەر هێڵە بۆ ئەوەی ئێراق بەو شێوە بهێڵێتەوە کە خۆی دەیهەوێت . ئێران چەند سینارێۆیەکی بە دەستەوەیە کە لە ئێراق کاریان پێبکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆزەکە ، و بۆ لەبەین بردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان .
یەکێک لە سینارێوکانی ئێران کە ئیستا پێوەیە سەرقاڵە تێکدانی یەکریزی ماڵی کوردە . ئێران بۆ ئەم مەبەستە بەپرۆژەوە هەوڵیدا ناکۆکی لە نێوان حیزبەکانی باشوری کوردستان دروستبکات ، کە هەموومان دیتمان لە ماوەی ڕابوردودا لێدوانی سەیر و سەمەرە بڵاودەکرایەوە .
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین هۆشیاری نەتەوەییە ، کە دەبێت وریا بین کە لەم کاتەدا ئێران هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنی کوردستانی ، یا هەر جۆرە سەردانێکی بۆ کوردستان لە ژێر ناوی دۆستایەتی و ڕێنمایی وپشتیوانی دوورە لە ڕاستی . بە پێچەوانەکەی مەبەستەکانی ئیران هەمووی پلانی ژەهراوییە بەدژی دەسکەوتەکانی گەلی کورد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت