Mzgewt

ئاکۆ برایم : زیکر و عیبادەت یان خۆخەڵەتاندن ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیچ شارەزایم لە دین و شەریعەت و ئەحکامەکانى نییەو ، نامەوێت خۆم لەو باس و پرسە هەستیارانە هەڵقورتێنم و خۆم بکەم بە عالم و خەبیر ، بەڵام زۆرجار کە گوێبیستى ئەو رادیۆانە دەبیت کە تایبەتە بە ئاینى پیرۆزى ئیسلام و پەیوەندیکردنى خەڵک و ، وروژاندنى هەنێک پرسیار و شتى سەیر ، بەدەست خۆت نى یە لەخۆتەوە گێچى نێرفی مرۆڤ ئەفڕێت و زەغت و شەکرەت ئوتوماتیکى بەرز ئەبێتەوە.
هەمووان حەزمان لەچاکەو خێر و خێرات و حەسەناتە ، بەتایبەت لەم مانگەدا کە مانگى عیبادەت و تەقواو چاکە و خوداپەرسیتەکى بێ وینەیە ، لەم مانگى رەمەزانەدا کە بەرۆژوو دەبین و چەند سەعاتێک خۆمان لەخواردن و خواردنەوە دەگرینەوە ، مەبەست لێى ئاگادار بوونە لەحاڵ و ئەحواڵى هەژار و برسى و نەدارەکان ، هەست کردنە بە برسێتى و تینوێتى ، تا بەهۆیەوە درک بەبارى دارایى و گیرفانى بەتاڵ و کاسەى خاڵی ئەوان بکەین ، بەدەر لەوەش واجیب بوونى سەرفترە و زەکاتە لەسەر هەر هەموو باوەڕدارێک بەبێ جیاوازى ، تا بەهۆى ئەو بڕە پارەیەوە ئەو نەدارانە بەسەر بکەینەوەو ، ئەوانیش وەک هەر کەسێکى ئاسایى جەژنى خۆیان بکەن و ، شادى و ئاسودەیى رووبکاتە ماڵەکانیان .
جا ئەسڵى مەبەستى من ئەوەیە ، سەرفترە لەسەر هەموو کەسێکى رۆژو گر واجیبە ، و زەکاتیش بەپێى داهات و پاشەکەوتى کەسەکە لەسەرى دەکەوێت ، رون و ئاشکرایە کە بەهۆى گرانى و دواکەوتنى موچەوە ، خەڵکانێکى زۆر بارى ئابورى و داراییان شڵە ژاوە ، تواناى دابینکردنى پێداویستیان نەماوە ، ناتوانن وەکو جاران بژین و ، جل و بەرگ و خۆراک و تەدارەکى جەژن ئامادە بکەن ، بۆ ئەوەش چاویان لەدەستى ئێمە و مانانە کە لەسەرفترە و زەکات و خێر و خێرات بێ بەشیان نەکەین . بەدڵنیایەوە بەشى زۆریان ئەو سەرفترە و زەکاتەیان پێدەشێت .
کەچى بەداخەوە کۆمەڵگاى ئێمە کە سەرلەبەرى حەز بەچاکەو خێر و خێرات دەکات ، لەو بوارەدا سستییان لاى گرانە ، یان پێى ئەستەمە کە بڕێک پارە ببەخشێت ، بەڵام چونکە لەسەرى واجیبە و ئەبێت بەهەر نرخێک بێت بیدات ، حەز ئەکات ئەو پارەیە لە خێزانى خۆى دەرنەچێت و ، بیبەخشێتە کەسێکى نزیکى خۆى ، جا کوڕێتى یان کچێتى یان ناساوێتى یان …… زۆر جار گوێمان لەوپرسیارانە بووە ، مامۆستا سەرفترە یان زەکات بە باوک یان دایک ئەشێت ؟ یان مامۆستا فڵانى برام یان خوشکم ، موچە خۆرەو دواى دەوامیش ئیش ئەکات و ژنەکەشى خەیاتە ، بەڵام فەقیرە و نەدارە ، کرێچى یە ئەوەنە مناڵى هەیە ، ئایا دەکرێت سەرفترەى بدەمێ ؟ یان مامۆستا کچەکەم یان کوڕەکەم تەلەبەیە ، ئایا ئەبێت سەرفترەى بدەمێ ؟! من بە بیستنى ئەو پرسیارانە کەللەم ئەئاوسێت و شێت ئەیم ، ئاخر خوشکى موسڵمان براى هاودین ، ئەو چ خێر و سەدەقەیەکە کە تۆى ئەیکەیت ؟ ئەوە چ سەرفترە وزەکاتێکە کە تۆ ئەبیەخشیت ؟ بۆ دەبێت ئەو پارەیەى کە دەیبەخشیت بۆ ئەو مەبەستە لە سنورى خێزانى خۆتا نەچێتە دەرەوە ؟ لەکاتێکا بەهەزاران کەسى تر هەیە سوور لێت مەعلومە دینار لەماڵیا نى یە ؟! بۆچى و لەبەر چى هەربۆ کەسى نزیکى خۆت رەوا بێت کەرەنگبێت پێ نەشێت یان لەو موستەحەقتر هەبێت ؟ بۆ دەبێت هەر ساڵە و ساڵ بیرى خێر و دەستگیرۆی خەڵکمان هەبێت ، بەتایبەت بۆ کەسانى نزیکمان ، باشە ئەگەر دەزانیت ئەوەى سەرفترە و زەکاتەکەى پێدەبەخشیت هەژارەو ئەو پارەیەى پێ رەوایە ، بۆ دەهێڵیت بەهەژارى بژى؟ کە تۆ زەکاتت لەسەرە یان پێت خۆشە سەرفترە و خێر بکەیت ، بۆچ ساڵى جارێک دەیکەیت ، بۆنایکەیت بە عادەتێکى بەردەوام و مانگانە لەگەڵ زۆرى و کەمى داهاتت ئەو خێر و چاکەیە بکەیت ؟ یان براى موسڵمانم ئەوە چ خێر و سەرفترەیەکە کە جەنابت دەیبەخشیت ، کە بڕێکى زۆرکەمە رەنگبێت زۆرترین سەرفترەى خێزانێکى کوردستان نەگاتە 30 هەزار دینار . جەنابت یەک مانگ تەقوا و عیبادەتى خوا دەکەیت ، لات ئاسایە و گەشبینیت کە خودا بەخشندە و میهرەبانە و لەسەر جەم تاوانەکانت دەبورێت ، لەبەر ئەوەى سەخى و دەسکراوە و بەرەحمە ، بەڵام جەنابت بۆ ئەو خێرە بۆ ئەو واجیبە ـ تەواو رەزیل و دەست نوقاویت و پێت ئەغز و ناخۆشە کە بڕێکى کەم پارە لەگیرفانت بچێتە دەرەوە بدرێت بەکەسێکى بێگانە.
هەقى وایە مامۆستا بەڕێزەکان و شارەزایانى ئاینى پیرۆزى ئیسلام ، رونکردنەوەى زیاتر بدەن ، خەڵکى تێبگەیەنن کە سەرفترە و زەکات مەرجى تایبەتى خۆى هەیەو ، ئەوەى پێدەشێت مەعلوم دیاریکراوە ، ئیدى ج جائیزە بەڕێزێک تەنها بۆ ئەوەى چەند سێ هەزار دیناریەک لە گیرفانى نەڕوات ، پەنا ئەباتە بەر تەلەفونکردن و شێرو رێوى هێناوە بۆ مامۆستاى ئاینى و ، کروزانەوە بۆ ئەو کەسەى سەرفترەکەى پێدەدات ، تا قەناعەت بە مامۆستا کە بکات . هەرچەندە حەدى ئەوەم نى یە ئامۆژکاریى ورێنمایى مامۆستایان بکەم ، بەڵام باشترە ئەو بەڕێزانەش بەرچاو روونى زیاتر و شیکردنەوەى قوڵتر بۆ ئەو مەسەلەیە بکەن و سەرپێى و بەدوو وشە لەکۆڵ خۆیانى نەکەنەوە.
یەک دوو شتى خۆش لەسەر ئەو پرسیارانە وهەوڵدانى هاوڵاتیان بۆ چاوبەستکردن لە خۆیان و خۆ خەڵەتاندنیان ، یەکەمیان : بەڕێزێک تەلەفونى بۆ مامۆستا کرد و، وتى مامۆستا گیان من یەک دووساڵە عەرزەیەکم کڕیوە بۆخێر ، بەڵام ئێستا هیچ پارە ناکات و کەس دینارێکى پێ نادات ، ئایا زەکاتى دەکەوێت ؟ ( ئاخر تو نازانم چیتان ئەگەر ئەمە حیلە و فیڵ و خۆدزینەوە نەبێت لەزەکات چى ناو دەنێیت ؟ چ عەرزێک هەیە لەسەر ئەم زەمینە پارە نەکات ؟؟) دوەمیان ، کەسێک پەیوەندى کرد وتى مامۆستا گیان ئامۆزاکەم ، زگورتیە و ئیش و کاریش ئەکات ، بەڵام نەدارە پارە بەشى ناکات ، ئایا سەرفترەى پێ ئەشێت؟.. ئێوە خۆتان چ وەڵامێکى ئەوانە ئەدەنەوە ؟( زگورتیە و کاسپیش ئەکات و پارەش بەشى ناکات ، ئەبێت ئەو پارەیە چى لێبکات وابەشى تاکە یەک نەفەر نەکات؟)
خوشک و براى بەڕێز جەنابت کە خێر ئەکەیت و ئەبەخشیت ، نابێت رەزیل و چروک بیت ، نابێت تەنها لەبیرى ئەوەدابیت کە ئەو پارە و ماڵەى سەرفى دەکەیت ، تەنها بۆ دەورو پشتى خۆت بێت، گەر بەڕێزت دڵسۆزیت و لێت مەعلومە کە ناسیاوەکەت نەدارە و پێویستى بە هاوکارى یە وجەرگت بۆى دەسوتێت ، خۆ دونیا ژێرەو ژوور نابێت لەبرى ساڵى جارێک چەندین جار ، ئاوڕى لێبدەرەوە ، لەباتى سەرفترەیەکى کەمى چەند هەزارى با دوو سێ ئەوەندە بێت ، گەر تۆ رەزیل و پیسکە و دەست نوقاو بیت ، خوداش لە بەرامبەر رەحم و سۆز و لیبوردندا بەو تەرازوە مامەڵەت لەگەڵ دەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت