بەختیار شارەزورى : گۆڕان لە یادى دامەزراندنیدا بەرەو کوێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر گۆڕان دروستکردنى قۆناغێکى نوێ بووبێت لە بنیادنانى ئۆپۆزسیۆنێکى کارا و سەرکێش و عەجول ، قۆناغێک بوو بێت بۆ بەگژاچونەوەى چەقبەستوى دابەشکارى دوو حیزب ، ئەوا لە ئێستادا و لە قۆناغى بەرە و دەسەڵاتیدا ، گۆڕان ڕووبەڕووى کۆمەڵێک ڕەخنە و گلەى بوەتەوە لە ناو دەنگدەر و هەواداران و هەڵسوڕاوانى خۆیدا .. دەکرێت بپرسین بۆ ..؟
ئەگەر گۆڕان سەرەتا هەڵگرى گوتارێک بوو بێت بە شێوەیەکى توند و رادیکالیانە ، ئەوا دەبێت کە چوە ناو دەسەڵاتەوە هەڵگرى جۆرە گوتارێک بێت ، کە وەڵام بە هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ڕوو بە ڕووى دەبێتەوە ، بە مانایەکى تر گوتارى قۆناغى ئۆپۆزسیۆن و قۆناغى چونە دەسەڵات ئەبێت جیاواز بێت و دراسە کراو بێت ، چونکە لەسەرتاى دروستبونى گۆڕانەوە هەڵمەتێکى هوشیارکردنەوەى تاک هەبوو بەرامبەر ماف و ئەرکەکانى ، ئەم جۆرە لە گوتار جۆرەها وێنەى پەرش دەکرد کە هەر وێنەیەکیان ئەو واتایەى دەگەیاند ، کە دەسەڵات تائاستى حاشاکردنى ڕەها شەیتانیە و باکگراوندى وێنەکانیش بزوتنەوەى گۆڕانى دەکردە ڕەحمان ..

هەر چەندە بۆ خۆى بزوتنەوەى گۆڕان لە ئامانجە گشتیەکانیدا دەردەکەوێت کە بەو گیانەوە کار ناکات ، کە پڕبێت لە کودەتا و سڕینەوەى تەواوى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى ، بەڵام ئەوەى ڕاگەیاندنى گۆڕان پەرشى دەکرد بە جۆرێ لە جۆرەکان سڕینەوەى تەواوى بەرامبەرە ( ئێمە و ئەوان ) ، خۆ ئەگەر هەموو ئۆپۆزسیۆنێک لە دنیا ئامانجى بێت بچێتە دەسەڵات و لە ڕێ ى دەسەڵاتەوە ئامانجەکانى جێبەجێ بکات ، ئەوا ئەم جۆرە لە گوتارى ئۆپۆزسیۆن بونى گۆڕان ، ئەم پەیامەى نەدەگەیاند ، بە جۆرێ لە جۆرەکان دنیایەکى وێنا دەکرد لاى تاکى کوردى ، کە ئەگەر بچنە دەسەڵاتەوە ئەوا بەهەشتێک دەخولقێنرێت کە لە زاکیرەى دەنگدەردا گەڕانێک هەبووە بۆى ، بەڵام کاتێک ئەم بزوتنەوەیە دەچێتە دەسەڵاتەوە تواناى دامەزراندنى گۆتارێکى ڕاگەیاندنى نیە ، کە جیاواز بێت لە گوتارى سەردەمى ئۆپۆزسیۆن بوون ، واتا نازانێت چۆن لە بازنەى گوتارى پێشوى دەربچێت و ببێتە خاوەن گوتارێک کە وێنەى بەشدارى دەسەڵات بداتە دەنگدەرانى خۆى ، بۆیە ڕوو بە ڕووى دەیان پرسیار و ڕەخنە و واز لێهینان دەبێتەوە ، کە هەمووى لە دڵسۆزییەوەیە بۆ گۆران ، لە ئێستادا کە گۆڕان بەشدارى دەکات لە دەسەڵاتدا ، هەرێم ڕوو بە ڕووى دەیان کێشەى نەخوازراوى دەرەکى دەبێتەوە ، توشى دەیان کێشە دەبێتەوە کە جاران خۆى پێشڕەوى داواکارییەکان بوو ، بۆ ئەم کێشانە …. بەڵام ئێستە ئەم دەنگدەرى گۆران و ئەم شەقامە بێ ڕابەرە و کەس باسى گلەیى و ڕەخنەو مافەکانى ناکات ، کە نە ڕاگەیاندنى گوِرَان تواناى ئەوەى هەیە تینوێتى ئەم پرسیارانە بشکێنى و نە هەوادارانى ڕێگەیەک شک دەبەن ، تا دەرهاویشتەى خواستەکانى بێت ، بۆیە لە ئێستادا ڕاگەیاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە سەخترین قۆناغدایە و بوتە ئەو شاشەیەى کە تواناى وەڵام دانەوەى پرسیارە زۆر و زەبەلاحەکانى ترى نیە ، کە ئەمەش بریتیە لەو حاڵەتەى کە گۆڕان جێگاى هیواى زۆرینەى هاوڵاتیان بوو بۆ بەرەو دامەزاروى بونى حکومەت بەو کەسانەشەوە کە لە ناو پارتى و یەکێتى و حیزبەکانى تردا بوون ، بە شێوەیەک هەر تاکێک دەیویست لە پەناى داخوازیەەکانى گۆڕاندا بگاتە ئامانجەکانى ، لە دیدى ئەم تاکە دەنگدەرەى گۆڕانەوە ، سەیرى گیرفان و گەدەى دەکرد ، بە واتایەکى تر دەبوو گۆران هەم وەک چێشتخانەیەک بوایە بۆ تێر بوونى هاوڵاتیان و هەم قسەى بۆ گیرفانیان بکردایە ، بەڵام لە ئێستادا خۆى دەشارێتەوە لە دروشم و پرسیارەکان ، ئەگەر چى گۆڕان چى لەسەر ئاستى پەرلەمان و وەزارەتەکاندا و لە بەرامبەر ئەم دۆخە نەخوازراوە ، کارى سەرەتاییانەى باشى کردوە ، بەڵام ڕاگەیاندنى گۆڕان نازانێت چۆن بیگەیەنێ ، هەموو ئەمانە بریتین لەو حاڵەتەى کە ئەگەر گۆڕان لە ماوەى تەمەنیدا کارى زۆر باشى کردبێت ئەوا ئەم تێگەیشتنە لێهاتوى ڕاگەیاندنەکەى بووە ، خۆ ئەگەر لەم قۆناغەدا گۆڕان کارى خراپى کردبێت و خۆى لە پرسیارەکان دزیبێتەوە ، ئەوا ئەم تێگەیشتنە لاوازى ڕاگەیاندنەکانى گۆڕانە لە بەرامبەر پرسیارە زۆر جدییەکانى هاوڵاتیان لەبەرامبەر بەرپرسیاریەتییدا ، هەموو ڕوبەڕوبونەکانى خەڵکى لەگەڵ گۆڕاندا تعبیرە لەوەى کە گۆڕان بە بەرگریکەر لە مافى گشتى دەزانن .
گۆڕان لە قوناغى ئۆپۆزسیۆن و قوناغى دەسەڵاتیدا توانى زۆر کارى باش بکات گرنگترینیان :
1. هاوڵاتى بکاتە سەنتەر و حیزبەکا بگەڕێنەوە بۆ لاى هاوڵاتى .
2. موچەى گشتى تا ئاسیێک بەرز بکاتەوە .
3. پەرلەمان لە پەرلەمانێکى کارتۆنى و بێدەنگەوە بکاتە پەرلەمانێکى کارا و چاودێرو مرجعى گشتى .
4. موچە بەرزەکان تا ئاستێک کەم بکاتەوە .
5. شەقامى کردە چاودێرێکى کارا بەسەر کۆى دەسەڵاتەوە .
6. کارتى ڕابردوو چینى دەسەڵاتدار ببڕێت و کوڕى هەژار بباتە ناوەندى دەسەڵاتەوە ، بەبێ لەبەرچاو گرتنى ڕابردوو بەشدارى شاخ .
7. گوتارى کوردى یەکبخات ، لەبەرامبەر ئەو کێشانەى کە ئێستە ڕوبەڕووى هەرێم بوەتەوە .
8. کار لەسەر ولائى نەتەوەى بکات ، بێ لەبەرچاوگرتنى دەنگ و ڕەنگى جیاواز .
9. چەندین پڕۆژە یاساى گرنگ لە پەرلەمان پێشکەش بکات و کاریان لەسەر بکات .
10. پێشکەشکردنى پاکێج و پێشنیار بۆ لایەنە بەرپرسەکانى ناو دەسەڵات.
11. دامەزراندنى هەیکەلى حیزبى جیاواز لە هەموو پێکهاتەى حیزبەکانى تر .
12. کارکردن لەسەر پاشخانى ڕۆشنبیرى کۆمەڵگاو بەتابەتیتر تاک لەبەرامبەر ماف و ئەرکەکانیدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت