URL

دکتۆر کەمال میراودەلی : بیری نەتەوەسازیی پێشڕەوانی بیری زایۆنیزم .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پرسی دەوڵەت و دەوڵەتی کوردیی

بەشی پێنجەم

(6)

ئایدیای دەولەتی جوولەکە : ‌هێز لە بێهێزییەوە

موفارەقەکە ئەوەیە کە ئایدیای دەولەتێک بۆ جوولەکە لەهێزەوە نەهاتووە بەڵکو لەبێ –هێزییەوە ، ئاخاوتنی دەولەتی جوولەکە ئاخاوتنی بێ هێزییە ، ئاخاوتنی دروستکردنی ‌هێزە لە بێهێزیی ، نەتەوەبوون لە نەتەوە نەبوون ، یەکێتیی لە جیاوازیی ، خڕبوونەوەو وڵاتداریی لە ئاوارەیی و پەرتوبڵاویی و لێکدابران ، دروستکردنی کەسێتییەکی زاناو ئازاو باوەڕبەخۆبوو ، لە جیاتی کەسێتی ترساوو ترسنۆک و خۆبەکەمزان و زەلیل و زوڵم قبوڵکەر ..
بۆ ئەم پرۆژەیەش دەبوو پشت بە چەوسێنەرەکانیان لە رۆژاوا ببەستن نەک تەنیا بەخۆیان کە بە توانستی تەنیای خۆیان هیچیان بۆ نەدەکرا .
راستە وەک لە باسی پێشوودا روونم کردەوە جوولەکەکان مێژوویەکی کۆن و خاوەنی کتێبی پیرۆز بوون و لە هەر شوێنێ بووبن کۆمەلگایەکی زاناو پیشەکارو کاسبکارو بازرگان بوون و زۆر بە توندیش دین و عەقایدی خۆیان پاراستووە کە تەنیا ئەمە ناوەرۆکی جیابوونەکە و جووبوونەکەی پێکهێناون ، بەلام زۆر گەلی تریش هەن کە رابردووی مەزن و شارستانێتی و تەنانەت کتێبی پیرۆزیشیان هەبووە بەلام بە درێژایی مێژوو، کز بوون و بەرەو وتوانەوە چوون لە نا گەلانی تردا بۆ نموونە وەک زەردەشتییەکان.
گەرچی ناوەکانی بەنی ئیسرائیل ، یەهوا ، جودەیی ، عیبریی لە ناوە مێژوویی و دینیی یە گرنگ و شانازییدارەکانی جووەکانن ، لە زۆربەی ولاتانی دنیا ، هەر لە سەدەکانی نێوەندەوە و رەنگە زووتریش ، تەنیا بە ناوی [ جوو ] ناو براون . ئەو ناوەش هیچ کام لەو ناوەرۆکی دینیی و شارستانیی کۆنی نەما بوو.
نەتەوەبوون یەکەم لە شانازیی بە ناوی نەتەوەکەوە دێت . کە جووەکان ئەوەشیان لێسەندرا بوو ، بۆیە بۆ نەرەتیڤە دینییە کۆنەکە گەڕانەوە .
ناوی [ جوو ] کە لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ، کەم و زۆر وەک ناوە کوردییەکەیە ، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی جووی تێدا ژیاون لە ئەوروپا یان شوێنی تر، ناوی سووکایەتی و بێدەسەلاتیی و بەکەمزانین بووە . تەنانەت ئێستاش ئەم ناوەرۆکەی سووکایەتیپێکردنی نەژادیی لە دەست نەداوە . لە ناو کۆمەلگای کوردیشماندا هەر وابووە ، ناوی جوولەکە مانای کەس و گرۆیەکی کەم دەسەلات و تەنانەت ترسنۆکی گەیاندووە . ئێستاش بە کەسێکی ترسنۆک دەوترێ : دەڵێی جوولەکەی . وشەی جوولەکە لە کوردییدا تەنانەت شێوە بچووککراوەکەی ناوی [ جوو ] شە .. بۆیە راستی من هەر کاتێ ناوی جوو ، یان جوولەکە بەکاردێنم هەست بە نائارامی دەکەم بەلام ئەوە ناوێکەو رۆێشتووە .
لە ئەوروپاشدا ناوەرۆکی رەگەزپەرستانەی ناوەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە تا ئێستاش ماوە.
تا ئەو ئاستەی وەک ناوی نیگرۆ [ قول ] بۆ رەشەکان کە ناوێکی سووکایەتی و بەکەمزانین بووە و ئێستا بەکار‌‌‌هێنانی لە رۆژاوا بە یاسا قەدەغەکراوە و بە کارێکی رەگەزپەرستانە حیاسب دەکرێ ، هەندێ جۆری بەکارهێنانی ناوی جوو ش تا ئێستاش وەک سووکایەتیکردن حیسابی بۆ دەکرێ.
بۆ نموونە : فەرهەنگی کەلەپووری ئەمریکی بۆ زمانی ئینگلیزی [ سالی ٢٠٠٠] دەنووسێت ::
{{ بە زۆری ئەوە قبوڵکراوە کە بەکارهێنانی ئاوەڵناوی جوو لە گوزارەی وەک پارێزەریکی جوولەکە یان ئەخلاقی جوولەکە ، کارێکی هەم بازاڕیی و هەم ناحەزانەیە ، بۆیە لەو کۆئاخنانەدا بەکارهێنانی ئاوەڵناوی [ جیویش – جوویی ] تاکە ئیحتیمالی قبوڵکراوە . هەرچۆنێ بێت هەندێ کەس ئەوەندە لەم داڕشتنە بێزار بوون کە ناتۆرەکە بۆ هەموو بەکارهێنانێکی وشەی [ جوو ] وەک ناو درێژدەکەنەوە ، کە پراکتیسێکە ریسکی خۆی هەڵگرتووە .. لە رستەیەکدا وەک : زۆر جوو لە ئەنجومەنەکەدا نین ، رەنگە جێی رەخنە نەبێت بەلام هەوڵدانی لابەلا بۆ بەکارهێنانی لەبریی ئەمە وەک خەلکی جوو ، یان کەسانیک کە پێشینەی جوویی یان هەیە ، رەنگە ببێتە هۆی ناڕەحەتکردن چونکە ئەوە دەردەخات کە وشەی ( جوو ) وەک ناو مانایەکی سەلبیی هەیە }} .

According to The American Heritage Dictionary of the English Language, Fourth Edition (2000):
It is widely recognized that the attributive use of the noun Jew, in phrases such as Jew lawyer or Jew ethics, is both vulgar and highly offensive. In such contexts Jewish is the only acceptable possibility. Some people, however, have become so wary of this construction that they have extended the stigma to any use of Jew as a noun, a practice that carries risks of its own. In a sentence such as There are now several Jews on the council, which is unobjectionable, the substitution of a circumlocution like Jewish people or persons of Jewish background may in itself cause offense for seeming to imply that Jew has a negative connotation when used as a noun.[36]

مەبەستم لەم روونکردنەوەیە ئەوەیە کە نیشانی بدەم ئەوە ئەنجامی مێژوویەکی دوورودرێژی چەوساندنەوەو بە کەمزانین و سووکایەتیکردنە بە جوولەکەکان لە رۆژاواش کە تا ئێستاش هەندێ جۆری بەکارهێنانی ناوی جوو ، وەک بە کەمزانین و ناتۆرەی ئەنتی-سامی ورەگەزپەرستیی دادەندرێت .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ـــ پرسی دەوڵەت و دەوڵەتی کوردیی