عەتا قەرەداخی : تەنیا یەکێتی و یەکبوونی هەموو کورد بنەمای سەرکەوتنە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فرە حیزبی و فرە دەنگی و فرە رەنگی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا شتێکی سرووشتی و بەڵگەى سرووشتی بوون و تەندرووستبوونی ئەو کۆمەڵگەیەیە . دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە فرە دەنگی و فرە رەنگی و فرە حیزبیش ئەگەر لە بارێکی تەندرووست و سرووشتیدا بێت سەرچاوەی هێزە . رەنگە لە کۆمەڵگە دواکەوتوو پاشکۆو داگیرکراوەکانی وەکو کۆمەڵگەى ئێمەدا هەرچۆن کۆمەڵگە بە رەوتێکی سرووشتی نەڕۆیشتووەو دامەزراوەکانی کۆمەڵگە بە سرووشتی درووست نەبوون ، بە هەمان شێوە فرە دەنگی و فرە رەنگی و فرە حیزبیش دیسان بەرهەمی بارێکی ناسرووشتی بن لەو روانگەیەوە ئەوەندەى ململانێکانی نێوان دامەزراوە تەقلیدییەکانی وەکو خێڵایەتی و عەشیرەتایەتی و حیزبایەتی داخراوی جێگرەوەی خێل ، فرەییەکانی درووست کردبێت ، ئەوەندە جیاوازی لە روانیندا ئەو فرەییەی درووست نەکردبێت ، کە کۆمەڵگەی ئێمەش لەبەر ناسرووشتی بوونی فرەیی و جیاوازییە رووکەشەکان زیانی زۆری بەرکەوتووەو زۆرێک لە تواناو وزەى گشتی گەل یان کۆمەڵگەى کوردی لەم ململانێ نابابەتیانەدا بە فیڕۆ چووە .
بەڵام ئەوەى دەبینرێت لەو کاتانەدا کە مەترسی گەورە لەسەر کورد هەبووە هێزە ناکۆک و نەیارەکانی کوردستان زیاتر لەیەکتر نزیک بوونەتەوە کە ئەوەش خاڵێکی ئەرێنی گرنگە بۆ ئێمە . لە ساڵی 1986 دا کە هێزەکانی رژێمی بەعس تەنگیان بە کوردو بە حیزبە کوردییەکان هەڵچنی بەرەی کوردستانی درووست بوو. لە دوای ئەنفال کە زۆرینەى لادێکانی کوردستان خاپوور کراو هێزی پێشمەرگەى کوردستان ناچارکرا بچێتە سەرسنوورەکان و زۆرێکیشی ئاودیووی ئێران بێت لێکنزیکبوونەوەى زیاتر لە نێوان حیزبەکانی ئەوکاتەدا درووستبوو کە ئەنجامەکەى لە راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا بینرا کە چۆن نەک هەر جەماوەرو کۆی حیزبەکان وەکو هێزێکی یەکگرتوو دەرکەوتن ، بەڵکو ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکیش کە بووبوون بە جاشی رژێم لولەى تفەنگەکانیان وەرگێڕاو بەشی هەرە زۆریان چوونە ریزی جەماوەری راپەڕیووەوە ، کە ئەوەش ساتەوەختێک بوو کە بە شێوەیەکی لەبەرچاو یەکێتی گەلی تیا بەدیدەکرا کە سیحری سەرکەوتنی راپەڕینیش لە ئاستی یەکەمدا ئەو یەکێتی و یەکبوونەى کۆی پێکهاتەکانی گەلی کورد بوو لە باشووری کوردستان .
بۆیە جێگای خۆیەتی کە کۆی حیزب و رێکخراو و لایەنە کوردییەکان لە ئێستاشدا لەوە تێبگەن کە ئەوەى دەبێـتە بنەمای سەرکەوتنی کورد لەم بارودۆخە شلۆقەدا تەنیا یەکگرتن و یەکبوونە . یەکگرتن و یەکبوونی کۆی هێزو حیزب و جەماوەری خەڵکی کوردستان کە تەنیا ئەوە دەبێـتە بنەمای سەرکەوتنی نەتەوەکەمان و لەم بارە شلۆقەوە دەمانگوازێـتەوە بۆ بارێکی سەقامگیری و پڕ لە دڵنیایی. لە ئێستادا کوردستان پێویستی بە کۆی کۆمەڵگەى کوردەوارییە بۆیە جێگای خۆیەتی هەموو ناکۆکی و ململانێکان بەلاوە بنرێت و وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو لە یەک بەرەو لە یەک سەنگەردا کۆی گەلی کورد پێکەوە بێت. ئێستا هەندێ ئاماژەى خۆشی بەخش دەبینین کە نەک هەر هێزو لایەنەکانی باشووری کوردستان بەڵکو هێزو خەباتگێڕانی بەشەکانی تری کوردستانیش ئامادەن بۆ بەرگری کردن لە باشووری کوردستان کە ئەوەش هەنگاوێکە بە ئاراستەى راست و درووستی یەکێتی نەتەوەی کورد و سەرەتایەکی باشە بۆ بەرەو پێکهاتنی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی کە مەبەست لەوەش تێگەیشتنی کوردە لەوەى کە هەموو گەلی کوردی یەک نەتەوەیەو یەک چارەنووسی هەیە ، هەرچەندە دوژمنەکانی جۆراو جۆرو فرە رەنگ بن . بۆیە لە ئێستادا گرنگە هەموو رەنگ و دەنگ و ئاراستەکانی کوردستان جیاوازییەکان بەلاوە بنێن و یەکەیەکی پتەوو بەهێز درووست بکەن کە یەکەی نەتەوەو یەکەى گەلە . کە بێگومان تەنیا ئەو یەکێتی و یەکبوونە گەرەنتی سەرکەوتن و پاراستنی کوردستان و گەلی کورد دەکات.
بێگومان لێرەو لەوێش دەنگی ناساز دەبیسترێت لەو جۆرە دەنگانەى کە بە عەقڵی حیزبی تەسک و تەنگە نەفەسەوە قسە دەکەن و بە شان و بازووى لایەنەکەى خۆیان یان هەندێ لەبەرپرس و فەرماندەکانی خۆیاندا هەڵدەدەن و قسەى ساردو تەنانەت سوکایەتی بەلایەنەکانی تر دەکەن و دەیانەوێت درزی نێوان لایەنەکان فراوانتر بکەن کە بەراستی ئەمە هەڵوێستی کەسانێکە رووتکراوەن لە ئەخلاق و ویژدانی نەتەوەی و نیشتیمانی بۆیە پێویستە خودی لایەنەکان خۆیان ئەو دەنگە ناسازانە لە ئێستادا کپ بکەن چونکە هەموو ئەوانەى کە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە کوردستاندان و بە دڵسۆزییەوە خەبات دەکەن و تێدەکۆشن لە پێشمەرگەو لە فەرماندەو لە لایەنگرو ئەندامی لایەنەکانی کوردستان و جەماوەریش هەموویان رۆڵەى ئەم نیشتیمانەن ئیتر گرنگ نییە چۆن بیردەکەنەوەو هەڵگری چ بیرو ئایدیۆلۆجیایەکن، گرنگ ئەوەیە لەم کاتەدا کە نیشتیمان پێویستی بەوانە ئەوان جوامێرانە ئەرکی سەرشانیان جێبەجی دەکەن و بەرگری لە نیشتیمان دەکەن. بێگومان ئەو دەنگە ناسازانە بێجگە لە رسوایی هیچی تریان بۆ نامێنێـەوە چونکە دڵنیام کە ئەوانە ژمارەیەکی هێجگار کەمن و زۆرینەى هەرە زۆری گەل بە حیزبی و ناحیزبییەوە هاوهەڵوێستن کە ئەویش هەڵوێستی پاراستنی کوردستان و خەبات و تێکۆشان و خوێن بەخشینە لەو پێناوەدا، کە ئەمەش سیمای ئەو یەکێتی و یەکبوونەیە کە زەمانەتی سەرکەوتنی گەلی کورد دەکات لەم بارودۆخە شلۆقەی ئێستاداو بە دڵنیاییەوە هەر ئەو یەکێتی و یەکبوونە کوردستان دەگەیەنێـت بە کەناری ئارام .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت