Gull-beser

شــــنۆ محەمەد : وڕێنه‌كانى من؟. بەشی یەکەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌كاتى وەستانمدا ده‌سته‌كانم له‌ گيرفانمدابوون ، كاتێك سه‌يرى ئه‌وانى ديم ئه‌كرد ته‌نيا ئاڕاسته‌ى چاوم ئه‌گۆڕى ، وه‌ك بڵێى سه‌يرى يه‌ك شوێن بكه‌م ، ژوورێكى هێمن ، به‌ڵام پڕ پرسيار ، پڕ له‌ ئاڵۆزى ، ئێمه‌ هه‌موومان وا خۆمان وێنا ئه‌كرد كه‌ باشترينين و دژى خراپترين ئه‌جه‌نگين ، هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ژووره‌كه‌ بوون وه‌ها قسه‌يان ئه‌كرد ، كه‌ ئه‌وانى دى پڕن له‌ گه‌مژه‌يى ، به‌م شێوه‌يه‌ هه‌موومان گه‌مژه‌ بووين ، چونكه‌ هه‌مومان خاچمان له‌سه‌ر شان بوو و هاتبووين بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ بگۆرين ، بێ ئاگا له‌وه‌ى هيچمان خۆمان نه‌گۆريبوو .! بێ ئاگا له‌وه‌ى هه‌موومان يه‌ك كه‌س بووين ، هه‌موويان من بوون ، من هه‌موويان بووم ؟ من له‌يه‌ك كاتتدا هه‌م له‌نام هه‌موويان هه‌م له‌ناو هيچياندا نه‌بووم ، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موويان له‌ناو من و من له‌ناو هيچيان نه‌بووم ؟ له‌پڕ كه‌سى يه‌كه‌مى من بێ ده‌نگيه‌كه‌ى شكاندو وتى :

كه‌سى يه‌كه‌م : من ئه‌ڵێم هه‌رچى مرۆڤه‌ خوێڕيه ‌، ئيدى هه‌ر يه‌كه‌و به‌ شێوه‌يه‌ك ، يه‌كێك له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ى ، يه‌كێك له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ى ، ئه‌وه‌ى تر له‌گه‌ڵ هاورێكانى ، هه‌موو مرۆڤه‌كان خوێڕين .! هه‌موويان ، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ زۆرجار دره‌نگ هه‌ستيان پێ ئه‌كه‌ين ، دره‌نگ بۆمان ده‌رئه‌كه‌ون ، هه‌رچى مرۆڤه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى جياوازتر له‌وانى دى خوێرياتى ئه‌كات ، هه‌ندێك جۆرى خوێرياتى هه‌يه‌ ئه‌وه‌نه‌ جوانه‌ هه‌موو مرۆڤايه‌تى ئيره‌يى پێ ئه‌بات .! مرۆڤه‌كان زۆر له‌وه‌ بۆگه‌نترن كه‌ ئێمه‌ پێشبينى ئه‌كه‌ين . مرۆڤ ئه‌وه‌نه‌ هيچه‌ ، كه‌ ئاماده‌يه‌ هه‌رچى مرۆڤى دونيا هه‌يه‌ بيهاڕێت و پليكانه‌يه‌كى لێ دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ى پێيه‌وه‌ سه‌ركه‌وێته‌ ژوورى به‌خته‌وه‌رى.! به‌ كورتى و به‌ كوردى مرۆڤ بێئه‌خلاقترين بونه‌وه‌رى سه‌ر روى زه‌ويه‌، هه‌ر كه‌سێكيش لارى له‌مه‌ هه‌يه‌ با به‌ به‌ڵگه‌ بۆم بسه‌لمێنێت و پێم بڵێ كام بوونه‌وه‌رى سه‌ر رووى زه‌وى له‌مرۆڤ بۆگه‌نتره ‌.! ئێمه‌ى مرۆڤ ئه‌وه‌نه‌ بێئه‌خلاقين ، هه‌موو رۆژێك كوشتن ئه‌نجام ئه‌ده‌ين ، كه‌چى رقمان له‌ كوشتنه‌ ، هه‌موو رۆژێك باسى ميهره‌بانى ئه‌كه‌ين ، كه‌چى ناخمان خاڵيه‌ له‌ ميهره‌بانى .! گه‌ر ئێمه‌ كه‌مێك ويژدان و ئه‌خلاقمان هه‌بێ ، گه‌ر راستگۆبين له‌و ميهره‌بانيه‌ى باسى ئه‌كه‌ين ئه‌بێ واز له‌ خواردنى گۆشت و كوشتنى ئاژه‌ڵ بێنين ، مرۆڤ گه‌ر خوێرى نه‌بێ ئاماده‌ نابێ بۆ ژه‌مه‌ خۆراكێك هه‌زارن ئاژه‌ڵ خه‌ڵتانى خوێن بكات .! مرۆڤ تاكه‌ بونه‌وه‌رى بۆگه‌نه‌ كه‌ گۆشت بۆ چێژ ئه‌خوات ، كوشتن بۆ چێژ ئه‌نجام ئه‌دات ، چێژ له‌ كوشتن ئه‌بينێت .! كه‌چى بێ شه‌رمانه‌ش باسى ميهره‌بانى ئه‌كات .! له‌ پێستى ئاژه‌ڵه‌كان پێڵاو و پانتۆڵ و قايش دروست ئه‌كات و ئه‌يكاته‌ به‌رى ، دواتريش دێت باسى ئه‌خلاق و به‌زه‌يى و ميهره‌بانى ئه‌كات …!!! شاعيره‌ درۆزنه‌كان ، دوو روه‌كان ، بێ ئه‌خلاقه‌كان ، ئه‌وانه‌ى ئه‌گرين بۆ مه‌مكى ژنێك ، يا ئه‌وانه‌ى ئه‌گرين بۆ سه‌ماى جوانى پياوێك ، خۆيان به‌ ميهره‌بان نيشان ئه‌ده‌ن ، وانه‌ى ميهره‌بانى له‌ شيعره‌كانياندا ئه‌ڵێنه‌وه ‌، كه‌چى رۆژانه‌ ئاژه‌ڵ سه‌ر ئه‌برن و گۆشته‌كه‌ى ئه‌خۆن .! بۆ له‌رينه‌وى مه‌مكى ژنێك و سه‌ماى پياوێك ئه‌گرين ، كه‌چى چێژ له‌ رشتنى خوێنى ئاژه‌ڵ ئه‌بينن …!!! مرۆڤ له‌ هه‌موو ئه‌ژديهايه‌كانى سه‌ر زه‌وى درنده‌تره ‌، جياوازى مرۆڤ له‌گه‌ڵ درنده‌كاتى تر ئه‌وه‌يه‌ مرۆڤ دڕنده‌يه‌كى جوانه ‌، يانى ناخێكى بۆگه‌نى له‌ژير سيمايه‌كى جواندا حه‌شارداوه ‌.!

كه‌سى دووه‌م وتى : ئاخر هه‌ر ئه‌مه‌يه‌ واى كردوه‌ من ، قێزم له‌ هه‌موو كه‌سێك بێته‌وه‌ ، من له‌هه‌موو مرۆڤه‌كانى دونيا بێ هيوابوومه ‌، چونكه‌ هه‌موويان يه‌ك جۆرن ، يه‌ك نه‌ژادن .

كه‌سى سێيه‌م وتى: من ته‌نيام ، گه‌يشتومه‌ته‌ لوتكه‌ى ته‌نيايى ئه‌و ته‌نياييه‌ى وات لێ ئه‌كات جگه‌ له‌خۆت هه‌ست به‌هيچى تر نه‌كه‌يت ، جگه‌ له‌ خۆت خۆشيه‌كانى خۆت له‌گه‌ڵ كه‌سى تر دابه‌ش نه‌كه‌يت ، ئيدى ناخۆشيه‌كانيش به‌هه‌مان شێوه ‌، من پێم وايه‌ عاشقه‌كان فاشيلترين مرۆڤى دونيان ، عاشقه‌كان ئه‌وانه‌ن ناتوانن به‌ته‌نيا دڵخۆش بن و شاد بن ، بۆيه‌ په‌نا بۆ كه‌سانى تر ئه‌به‌ن و هه‌موو پێكه‌نينى خۆيان له‌ مه‌عشوقه‌كانيان ئه‌به‌ستنه‌وه ‌، گه‌مژه‌ترين كارێك كه‌ مرۆڤ ئه‌يكات ،، به‌ستنه‌وه‌ى پێكه‌نينى خۆيه‌تى به‌كه‌سانى تره‌وه ‌، هه‌ر كه‌سێك پێكه‌نين و شادى خۆى به‌ كه‌سێكى تر ببه‌ستێته‌وه ،‌ له‌ كۆتاييدا بێ پێكه‌نين ئه‌مێنێته‌وه ‌، بێ خۆشى ئه‌مێنێته‌وه‌ .

مامۆستايه‌ك كه‌ تا ئه‌و كات هيچى نه‌ووتبوو وتى : له‌ راستيدا ته‌نيايى بۆ خۆى درۆيه‌كى زۆر گه‌وره‌يه ‌، يانى گه‌ر مرۆڤه‌كان به‌راستى ته‌نيا بونايه ‌، تواناى ئه‌وه‌يان نه‌ ئه‌بوو باسى ته‌نيايى بۆ ئه‌وانى دى بكه‌ن .! ته‌نيايى ته‌نيا ئه‌و مرۆڤانه‌ باسى ئه‌كه‌ن كه‌ تواناى خۆشیكردن و خۆشى پێكردنيان نيه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانى دى ، بۆيه‌ هه‌رچه‌شنه‌ باسێك ده‌رباره‌ى ته‌نيايى بۆخۆى درۆيه‌كى گه‌وره‌يه ‌، ئه‌وانه‌ى باسى ته‌نيايى ئه‌كه‌ن ، مه‌به‌ستيان ته‌نيا يه‌ك كه‌سه‌ .! واته‌ كه‌سێكيان له‌ده‌ست داوه ‌، يا تواناى گه‌يشتنيان نيه‌ به‌و كه‌سه‌ ، وه‌ هه‌موو كه‌سێكى دونياشيان له‌وكه‌سه‌دا كورت كردۆته‌وه ‌، بۆيه‌ ون بوونى ئه‌و كه‌سه‌ واته‌ ون بوونى مرۆڤايه‌تى له‌به‌رچاويان .! هه‌روه‌كچۆن دۆزينه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ واته‌ دۆزينه‌وه‌ى ته‌واوى مرۆڤايه‌تى .! ئاى كارێكى چه‌ند گه‌مژانه‌يه‌ كاتێك مرۆڤ هه‌موو شتێك كورت ئه‌كاته‌وه‌ له‌يه‌ك شت ؟

من ويستم قسه‌ بكه‌م ، به‌ڵام ژنێكى به‌ته‌مه‌ن ، ده‌ستى پێ كردو وتى : ئێمه‌ى مرۆڤ ئاواين ، بۆ هه‌رچه‌شنه‌ فه‌زاحه‌تێكى خۆمان بيانوێكى ئاماده‌مان هه‌يه ‌، كێشه‌ى ئێمه‌ ئه‌و بيانوانه‌يه‌ ، گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و بيانوه‌ بكوژين ئه‌وا نيوه‌ى فه‌زاخه‌ته‌كانى ژيانى ئێمه‌ بونيان نامێنێت ، تاكه‌ هۆكار بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ هه‌ڵه‌كان ئاماده‌كردنى بيانوووه ‌، سروشتى مرۆڤ ئاوايه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ حه‌ز ئه‌كات هه‌موو دونيا جوانيه‌كانى ببينن ، هه‌روه‌ك چۆن حه‌ز ئه‌كات پۆخڵه‌واته‌كانى له‌ هه‌موو كه‌سێك ته‌نانه‌ت له‌خۆشى بشارێته‌وه ‌، بۆيه‌ من ئه‌ڵێم : مرۆڤ نه‌ ئه‌و فريشته‌ پاكه‌يه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س باسى ئه‌كات ، نه‌ ئه‌و ئه‌ژديهايه‌شه‌ كه‌ ئێوه‌ وێناى ئه‌كه‌ن ، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكى زۆر ته‌ماويه ‌، يه‌كێك له‌ فه‌يله‌سوفه‌كان ئه‌لێ : مرۆڤ ئه‌شكه‌وتێكى تاريكه‌ گه‌ر هه‌زاران فانۆسيشت پێ بێ ، ناتوانى ناخى بخوێنيته‌وه‌ .

پيره‌ پياوێك وتى : ڕاستى من به‌هۆى ئه‌زمونى خۆم زۆر زۆر جۆر مرۆڤم بينيوه‌ و ناسيوه ‌، ئه‌وه‌ى سه‌يره‌ ئه‌وه‌يه‌ ، تاوه‌كو ئێستا دوو مرۆڤى چونيه‌كم نه‌ناسيوه‌ و نه‌بينيوه‌.! هه‌رچى مرۆڤى دونيا هه‌يه‌ ئاسمانێك جياوازى له‌گه‌ڵ ئه‌وى تر هه‌يه ‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش پڕن له‌يه‌كچوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانى دى ، بۆيه‌ ته‌عميم كردنى كردارى يه‌ك كه‌س يا مليۆنان كه‌س به‌سه‌ر هه‌موان كارێكى هه‌ڵه‌يه‌ . من زياتر له‌ هه‌موو شتێك له‌وه‌يا مه‌راقم كردوه‌ ، ئاخۆ بۆ هيچ كه‌سێك ئه‌و كه‌سه‌ نيه‌ ، كه‌ رێك له‌ ده‌مى خۆيه‌وه‌ باسى ئه‌كات .! له‌ هه‌موو ئه‌زمونى ژيانى خۆمدا هيچ مرۆڤێكم نه‌بينيوه‌ ده‌موكرداى وه‌ك يه‌ك بێ ، له‌ هه‌موو ژيانما كه‌سێكم نه‌بينيوه‌ كردارى جوانتر بێ له‌ ده‌مى .! هه‌موو مرۆڤه‌كانى دونيا ده‌ميان جوانتر و پاكتره‌ له‌ كرداريان ، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ واى كردوه‌ مرۆڤه‌كان زياتر قسه‌ بكه‌ن تا كردار ..!!! مرۆڤ سه‌يره‌ ، سه‌ير ،،،،، سه‌رسورهێنه‌رترين بوه‌نه‌وه‌ر مرۆڤه ‌، ئه‌و مرۆڤه‌ى ده‌موكردار و ناخى سێ كيشوه‌رى زۆر له‌يه‌ك دوورن و هه‌رگيز به‌يه‌ك ناگه‌ن .! به‌ده‌م كه‌سايه‌تيێكه‌ ، به‌ روخسار يه‌كى تر ، به‌ كرداريش كه‌سێكى جياوازتر له‌ هه‌ردووكيان .! من تاقه‌تم نه‌ماوه‌ نا ،،، تاقه‌تم نه‌ماوه‌ سه‌يرى ده‌مى مرۆڤ بكه‌م ، نه‌بادا به‌ وشه‌ خۆشه‌كانيان مه‌ست بم و هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێم ، من سه‌يرى قاچيان ئه‌كه‌م ، قاچى مرۆڤ ئه‌ندامه‌ راستگۆكه‌ى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌ ، درۆزنه‌كه‌ش ده‌ميه‌تى ، دوو روه‌كه‌ش روخساريه‌تى ، ئه‌وه‌ى ونيشه‌ و تا ئيستا كه‌س نه‌يتوانيوه‌ به‌ته‌واوى په‌ى پێ به‌رێت ناوه‌وه‌ى مرۆڤه ‌، هيچ كه‌سێك نازانێ چى له‌ناوه‌وه‌ى مرۆڤ ئه‌گوزه‌رێ ، ته‌نانه‌ت خودى مرۆڤه‌كه‌ش نازانێ ؟ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكجار هه‌ندێك به‌شى ببينێت ، به‌ڵام ئه‌وه‌نه‌ تاريكه‌ خۆشى به‌ته‌واوى بۆى روون نابێته‌وه‌ ئاخۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ يا كه‌سێكى تر .

زۆر سه‌يره‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى باسى مرۆڤ ، يا ئه‌وانى دى ئه‌كه‌ن يا ئه‌يانكه‌ن به‌ فريشته ‌، يا شه‌يتان ، ئيدى له‌ هه‌مووى سه‌يرتر ئه‌وه‌يه‌ هه‌موان له‌سه‌روى مرۆڤه‌وه‌ قسه‌ ئه‌كه‌ن .! يانى هيچێك له‌ مرۆڤه‌كان كاتێك قسه‌ ئه‌كات ، باسى فه‌زاحه‌تێكى خۆى ناكات . باس له‌ كه‌وتنێكى گه‌وره‌ى خۆى ناكات . هه‌ميشه‌ كاتێك باسى مرۆڤ ئه‌كه‌ن ، خۆيان ئه‌خه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى مرۆڤ و له‌سه‌روى مرۆڤه‌وه‌ قسه‌ ئه‌كه‌ن . وه‌ك سه‌رۆكه‌كان ئه‌رۆنه‌ شوێنێكى به‌رزتر له‌وانى دى .! به‌ هيچ شێوه‌يه‌كيش حه‌زناكه‌ن كه‌سانێك به‌فه‌زاحه‌ته‌نيان بزانێ ، يا باسيان بكات ، گه‌ر باسيش بكرێ ئاماده‌ نين دانى پيابنێن ، هه‌موو هه‌وڵێكيش ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بيانوێكى بۆ بدۆزنه‌وه‌ و خۆيان بێ تاوان ده‌ربخه‌ن ، له‌برى ئه‌وه‌ى دانى پيا بنێن .! دان پيانان ،،،،،،،،، مرۆڤ تا دان به‌ تاوان و فه‌زاحه‌ته‌كانى دانه‌نێت ، ئه‌سته‌مه‌ بتوانێ له‌ فه‌زاحه‌ته‌كانى دووربكه‌وێته‌وه‌ . هه‌روه‌كچۆن ئه‌سته‌مه‌ بتوانێ به‌فه‌زاحه‌تى بزانێ . سروشتى مرۆڤه‌كان ، درۆيه‌كى زۆر گه‌وره‌يه ‌،،،، هيچ مرۆڤێك به‌ سروشت شه‌يتان يا فريشته‌ نيه ‌. له‌پشت دروست بوونى هه‌ر شه‌يتانێك هه‌زاران فريشته‌ى خاين هه‌يه‌ ، له‌ پشتى دروست بوونى هه‌ر فريشته‌يه‌كيش هه‌زاران شه‌يتانى خاين هه‌يه ‌.! بۆيه‌ ئه‌و فه‌زاحه‌تانه‌ى ئێمه‌ ئه‌يكه‌ين يا ئه‌وانه‌ى به‌سه‌رمان دێت به‌ شێوه‌يه‌كى ناراسته‌وخۆ به‌شێك له‌ تاوانه‌كان ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر فريشته‌ خاينه‌كان ، هه‌روه‌كچۆن له‌ پاكيه‌كانمان به‌شێك له‌ جوانيه‌كه‌ ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى شه‌يتانه‌ خاينه‌كان .! مرۆڤ ئه‌وه‌نه‌ خۆ ويسته‌ ئه‌يه‌وێ هه‌رچى خۆشى دونيا هه‌يه‌ بۆ خۆى به‌رێت ، ئه‌يه‌وێ بگاته‌ لوتكه‌ى خۆشى و شادى ، ئه‌مه‌ش مافێكى سروشتى هه‌ر كه‌سێكه ‌، به‌ڵام زۆربه‌ى جار مرۆڤ خۆشيه‌كانى خۆى له‌سه‌ر حيسابى ژێرپێنان و خستنى ئه‌وانى دى به‌ده‌ست دێنێت، زۆرينه‌ى مرۆڤه‌كان خۆشترين و به‌تامترين بردنه‌وه‌ى ژيانيان له‌سه‌ر حيسابى ناخۆشترين دۆرانى ئه‌وانى ديدا ئه‌بيننه‌وه ‌.! وه‌ك يارى تۆپى پێن ، گه‌ر له‌ ساڵى 1930 تاوه‌كو ئێستا يه‌ك هه‌لبژارده‌ له‌ ياريه‌كان براوه‌ بوايه ‌، واى لێ ئه‌هات خودى هه‌ڵبژارده‌كه‌و هانده‌رانيشى چێژيان له‌ بردنه‌وه‌ى مۆندياله‌كاندا نه‌ ئه‌بينى .! چونكه‌ لاى مرۆڤ زۆرترين چێژ له‌ زۆرترين خستنى ئه‌وانيديدا به‌رهه‌م دێت .
سروشتى مرۆڤ به‌هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێ به‌و شێوه‌ بۆگه‌ن نيه‌ كه‌ هه‌ندێك وێنايان كردوه‌ و خۆيانيان لێ به‌دوورگرتوه‌ ، به‌هه‌مان شێوه‌ش فريشته‌ نيه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌هۆى خۆشباوه‌ربونيان به‌فريشته‌كان رۆژانه‌ ئه‌كه‌ون ، هه‌ر جارێكيش كه‌ ئه‌كه‌ون به‌هه‌مان هێز و عه‌قڵيه‌تى پێشوو هه‌ڵئه‌ستنه‌وه ‌، بۆيه‌ ديسانه‌وه‌ جار له‌دواى جار ئه‌كه‌ونه‌وه‌ ، هه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ و هه‌زارباره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌ .! هه‌رگيز بير له‌وه‌ ناكه‌ونه‌وه‌ گه‌ر هه‌زارجاريش ده‌ست بخه‌يته‌ ناو ئاگر هه‌ر هه‌زارجار ده‌ستت ئه‌سوتێ .