پەشێو حەمەئەمین : بە فەڵەستین کردنی هەولێر .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێك کە دیاردەی کۆچ و کۆچبەری لە ووڵاتدا لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە ، مانای وایە کاربەدەستانی دەوڵەت شکستیان هێناوە لە ڕووی ئیدارەدانی ووڵات و پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی بیمەو شوێنی حەوانەوەی هاونیشتمانیان .
لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدا بوون ، بەهۆی شەڕی مەزهەبی و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکان وسەرهەڵدانی گرووپە توند ڕەوەکان و ، وە ڕوودانی تەقینەوەیەکی بێشوومار لەلایەن ئەو دەستەو تاقمانەوە ، ووڵات بوو بەوێرانەیەك کە تا دەهات ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە هەموو ڕوویەکەوە دەکەوتە مەترسیەوە .
لە بەرەنجامی ئەوهەموو ئاڵۆزیە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەی بەرۆکی ووڵاتی گرتبوو ، هەرێمی کوردستانیش وەك لانەیەکی ئارام لە ڕووی ئاسایشەوە بوو بە پەناگەیەك بۆ وەرگرتن و پاراستنی ئەو عەرەبانەی کە ڕوویان تێدەکرد .
لە ڕاستیدا ئەو جۆرە پێشوازی و پاراستنە ، جۆرێکە لە مرۆڤدۆستی و نیاز پاکی لە ئایدۆلۆژیاو هزروو بیری کوردایەتیدا ، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە مانەوەی هەمیشەیی ئەو ئاوارە عەرەبانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگەیان پێدراوە زەمانی ئەوەیان وەرگرتووە کە دەتوانن لەهەر جێگایەك پێیان خۆش بێت لەم کوردستانە جێنشین بن و گەر توانایان هەبێت زەوی و خانووش دەتوانن بۆ خۆیان بکڕن .
بەڵام ئەم جۆرە ڕەها کردنە کارەساتێکە کە زیان بەئایندەی ووڵات و ئاسایشی خاکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت ، چوونکە لە ئیستادا بە هەزاران خێزانی عەرەب لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێنشینن و بەشێکی زۆریشیان مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەییان پێدراوە بە تایبەت لە پارێزگای هەولێردا .
هەر لە سۆنگەی ئەو مەترسیەوە شاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە خەریکە دەبێتە عەرەبستان ، لە ناو بازاڕو مۆڵ و هۆتێل و مزگەوت و پاڕك و شوێنە گشتیەکاندا ئەوەندە عەرەب زۆرن ، خەریکە هاونیشتمانیە کوردەکان دەبنە کەمینە .
گەر پیاسەیەکی لای بازاڕی قەڵاو کۆتری سەلام و ئیسکان و لەنگە بکەیت ، لەوێدا بۆت دەردەکەوێت ئەم ووڵاتە چ مەهزەلەیەکە ، لە پاتەختی کوردایەتی دەبێ بەحاڵ کوردی زمانێك بدۆزیتەوە .
ئەمانە جگە لەوەی هۆکارن بۆ لە ناوبردنی هەلی کاروو ، بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕوو خراپبوونی باری ئاسایش و بەدڕەوشتی لە هەرێمدا.
بۆیە لێرەدا گەر حکوومەتی هەرێم بیر لە پلانێکی ستراتیجی نەکاتەوە ئەوا تادێ مسافیری عەرەب زیاد دەکات و ، گەر وا بڕوا لە کوردستاندا شوێنێك نامینێتەوە بۆ هەناسەدانێکی ئارام کە دوو هاونیشتمانی بێ دوو دڵی کاتەکانی خۆیان بە خۆشی تێدا بەسەر بەرن .
وە لە ئایندەشا مرۆڤی کورد لە خاکی خۆیدا ئاوارە دەبێت و ، فەظڵی عەرەب بۆ حەوانەوە لەم پایتەختە خنجیلانەیە لە کووردی ڕەسەن زیاتر دەبێت .
وەك چۆن لە ڕابردوودا فەڵەستینیەکان خاکی خۆیان دا بەجولەکەکان و ئیستاش لە ژێر ڕکێفی ئەواندا لەوپەڕی باری بێدادی و خراپی لە گوزەران و باری ئەمنیدا گوزەردەکەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت