PDK-Zerivan

فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی شەنگال ڕای کردووە

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێزێکی پڕچەکی سەر بە “داعش”، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و لە هێرشێکی کتوپڕدا بۆسەر ناوچەی شەنگال و دەوروبەری، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی گرتە دەست و بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئێمە، پێشمەرگەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی لەدەستدا نەبوونی پێداویستییەکانی شەڕ و ڕاکردنی فەرماندەی گشتیی هێزەکانیان، خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ داعش پاراستووە.
ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ زانیویەتی کە بەرپرسی گشتیی هێزە سەربازییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شەنگال، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و دوای دەستپێکردنی هێرشی داعش، وێڕای دەرکردنی بڕیاری پاشەکشێ لە ناوچەکە، دەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی پارێزەری خۆی ڕای کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە کە “شێخ عەلۆ”، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی پارتی دێموکرات، بەهۆی لە دەستدا نەبوونی چەک و تەقەمەنیی پێویست و بەبێ ئاگادار کردنەوەی بەرپرسانی باڵاتری خۆی، بڕیاری پاشەکشێی داوە. ناوبراو هەروەها داواشی لە هێزەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردووە پاشەکشێ بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، پارتی دێموکراتی کوردستان چاوەڕوان نەبووە داعش لەو ناوچەیەوە هێرش بکاتە سەری و بەو هۆیەوە، جبەخانەی پێویستی بۆ هێزەکانی ئەو ناوچەیە دابین نەکردووە.
هێرشەکەی داعش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاگاداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە هاوکاریی “یەکینەکانی پاراستنی گەل”، پلانی ڕاماڵینی یەکجاریی چەکدارانی داعشی هەبووە لە موسڵ و باقیی ناوچە داگیرکراوەکانی عێراق و باشووری کوردستان.
هاوکات سەرچاوەکانی نزیک لە “یەکینەکانی پاراستنی گەل”، کە هێزی سەربازیی هەرێمە ئۆتۆنۆمەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، بڵاویان کردەوە کە ژمارەیەک پێشمەرگەی پارتی دێموکراتی کوردستان، دوای ئەوەی فەرماندەکەیان لە ناوچەکە ڕای کردووە، بە ژمارەیەک پێشمەرگەی گیانبەختکردوو و بریندارەوە و دوای شەڕێکی کورتخایەن دەگەڵ هێزەکانی سەر بە داعش، خۆیان گەیاندۆتە هەرێمەکانی ژێر دەستەڵاتی “یەپەگە”.
ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان ئاشكرا کرد کە هێزێکی پڕچەکی “یەپەگە”، شانبەشانی هێزێکی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە ئامادە نەبوون ناوچەکە بەجێ بێڵن، لە بەرازییەکانی بەرەو ڕۆژئاوای شەنگال نیشتەجێ بوون و لە چەند لاشەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شەنگالیان لە دەست داعش دەست پێکردووە.
هاوکات هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە کە سەر بە کەمینەی دینیی ئێزدین، بەهۆی مەترسیی کوشتوبڕ کردنیانەوە، ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە ناوچەی زاخۆ و دهۆک کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەم ئێوارەیە، بە هێز و جبەخانەیەکی زۆری شەڕەوە، بەرەو ناوچەکە وەڕێ کەوتوون و چاوەڕوان دەکرێ لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، شەڕی یەکلاکەرەوە دەست پێبکا. گومان دەکرێ چەکدارانی داعش، کە لە هێرشەی ئەمڕۆیاندا دەستیان بەسەر گەورەترین سەربازگەی ناوچەکە، واتە سەربازگەی “کەسک” داگرتووە، هێزێکی زۆریان لەو شوێنە ستراتیژییە کۆکردبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت