Arif-Bawacani

عارف باوەجانی : ڕووداوەکانی شنگاڵ هەوڵێکە بۆ لە بەیندانی بیری سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی یەکریزی ماڵی کورد بە نەتەوەو ئاینەکانیەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستانیش وەک زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی خاوەنی چەندین کەمە نەتەوەو کەمە ئاینییە، کە لە درێژایی مێژووی خەبات و بەربەرەکانی ڕۆڵەکانی ئەم کوردستانەدا، ئەو کەمە نەتەوەو کەمە ئاینیانەش بەشداریان لە شۆرشەکانی گەلی کورد کردوە، و هەرگیز ڕێگەیان بە نەیارانی کوردستانی ئاشتی وئارامی دیمۆکراتخواز نەداوە، لەو ڕێگەوە ناکۆکی بخرێتە نێۆ یەکێتی ریزەکانی گەلی کوردستانەوە. هەر لەم ماوەشدا ئێران و ئێراق لە چەندین کۆبوونەوە و دیداری نهێنی و بە پەلەیان، و لە پێش تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتی مالکی لە هەوڵی چەندین پلانادان لە کوردستان کە بە شێوەی خوارەوە ئاماژەی پیدەکەین.

مەبەستەکانی ئێران و مالکی :
١- ترساندن و لە بەیندانی باسی سەربەخۆیی کوردستان: لە ماوەی ئەو ٢ مانگەدا باس و خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و ڕێفراندۆم لە کوردستان بوو بە باسی سەرەکی میدیاکان و شرۆڤەکارانی جیهان. هەروەها ناردنی کەشتی نەوتی کوردستان بۆ گرنگترین وڵاتەکانی جیهانی و دەنگدانەوەی لە ئاست جیهاندا، بوو بە هۆکاری تورە بوونی زیاتری نەیارانی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، لە سەرەوەی هەموویان بەغداو تاران. ئێرانیش لە هەوڵێکی زۆردایە کە لە پێش تەواوبوونی وادەکەی مالکی و هەر لە ڕێگەی ئەودا و بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستە گەورەکەی خۆی کە بووە بە گەورەترین ئابروچوونی سەربازی لە مێژووی ئێراقدا، و بە ڕێنمایی قاسمی سلێمانی و بە مەبەستی تێکدانی دەسکەوت و خۆراگری پێشمەرگەکانی کوردستان، لە ڕێگەی عەرەبە شیعەکانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە ئاسانکاری ژێر بە ژێر بۆ هێرشێکی تایبەت بۆ سەر شنگال بەو مەبەستانەی خوارەوە ئەنجامدرا. تا ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک باس و خواسی سەربەخۆییان لە بیرباتەوە.
قاسمی سلێمانی هەمان پلان و پرۆژەشی بۆ نێو شاری کەرکوک هەبووە، بەڵام بە هۆی بوونی هێزێکی زۆری کوردستانی و چاودێری وردی هێزە ئەمنییەکانی کوردستانی تا ئیستا سەرکەوتنی بە دەستنەهێناوە و پێویستە زۆر لەوە وریاتر ئاگاداری ڕەوشی کەرکوک بین.

٢ – هەوڵێکە بۆ لاوازکردن و ترساندنی خەڵک. یەکێک لە پلانەکان تایبەتکرابوو بۆ ڕووخاندنی وەرەی هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە، و هەروەها نا ئۆمیدکردنی خەڵک لە خۆراگری و بەرگری پێشمەرگە.
بەڵام خۆراگری وبەربەرەکانی ئەم چەند رۆژەی پێشمەرگە لە گشت پارت ولایەن و شارو ناوچەکانی باشوری کوردستان، رۆژئاواو قەندیل و هێزەکانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان، و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشچوونیان و شکستهێنان بە گروپە تروریستەکان، خەریکە هەوێنی ئەو یەکگرتووی و یەکریزیەی کورد بە ڕوونی پشتی پلانەکەی قاسم سلیمانی دەشکێنێت. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر یەکگرتووی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان لە ئارادا بێت هەموو پلانێکی دوژمن شکست دێنێت.

٣ – هەوڵێکە بۆ ناکۆکی نانەوە لە ناو لایەنە سیاسییەکان: نەیارانی کوردو کوردستان هەمیشە پێش ئەوەی پلانەکەیان لە کوردستان ئەنجامبدەن، بیرە لەوەش دەکەنەوە کە لە کاتی ڕوودانەکەدا شک و گومانی ئەو رووداوە بخەنە ئەستۆی لایەنێکی دیکەی کوردی، بۆ ئەوەی ناکۆکی لەو کاتە ناسکەدا لە نێۆ لایەنە کوردییەکان پەرە بسێنێت و بیر لە ئاشکرابوونی پلانی دوژمنەکەیان نەکەنەوە. هەمیشەش ئەوەمان دیتووە کە هەر کات کارەساتێک لە کوردستان روویدابێت، بە داخەوە لایەنە کوردییەکان کەوتوونەتە یەکتر تاوانبارکردن ومیدیاکانیش وەک ئەوەی خەڵکی کوردستان نەبن دەکەونە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ترساندنی خەڵکەکەیان. ئەمەش یەکێکە لەو مەترسییانە کە هەمیشە گەلی کورد بە دەستییەوە دەناڵێنێت، و جێگەی گلێی و رەخنەیە، حەق نییە کە گەلی ئێمە لە ژێر ناوی دیمۆکراسی و ئازادی رۆژنامەگەری لەم هەلومەرجەدژوارو تەمومژاوی پر لە پلانی نەیارانیدا، بەو شێوە هەڵسوکەوت بکرێت. بەو هیوایە هەموو لایەنێکی سیاسی و هەموو ڕاگەیاندنێکی کوردی لەم پلانە مەترسیدارە خۆیان دوور بگرن، بە قسەو پروپاگەندەی دروستکراوی بەغداو تاران وئەنکەرە بروا نەکەن و نەیکەنە سەرچاوەی هەواڵی میدیاکانیان، دەبێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە ورەی خەڵکەکەیان بەرز ڕاگرن. پێویستە هەموو خاوەن پێشەیەک لە کوردستان ئەمرۆ خۆی وەک پێشمەرگەیەکی سەنگەر ببینێتەوە.

٤ – دروسکردنی ناکۆکی لە نێو کەمە ئاینییەکانی کوردستان: مەبەستێکی دیکەو ئاشکرای مالکی و قاسم سلێمانی لەم هێرشەی سەر شنگال ئەوە بووە، کە وا پێشانی خەڵکی شنگاڵ بدەن کە گوایا بە هۆی یەزیدی بوونی ئێوە کورد ئامادە نەبووە بەرگریتان لێبکات، گوایە ئێوەیان ڕادەستی داعش کردوە. کە مخابن ئەو بۆچوونەش لە هیندێک ڕاگەیاندن و بۆچوونی خەڵک و کۆبوونەوە و گردبوونەوەکانی کوردی دەبیسرا. ئەمەش یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەیە کە چۆن دوژمنانمان دەتوانن بە ئاسانی شک و گومان و ناکۆکی لە نێوانمان دروستبکەن. هەر ئەوەی کە هێزەکانی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی ڕزگارکردنی کوردانی گیرخواردوی سەر چیای شنگاڵ و ڕزگارکردنی شنگاڵن، ئەوە دەسەلمێنن کە هەرگیز کورد حەزی نەکردوە بستێ خاکی بکەوێتە ژێر دەستی بێگانە. شکستی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبە داعش لە شنگاڵ شایەنی لێکۆلێنەوە لێپرسینەوەیە، کە بە خۆشیەوە سەرۆکی هەرێم بەڵێنی هەستانی بەو ئەرکە بە خەڵکی کوردستان وشنگاڵ داوە.

٥- هەوڵێکە بۆ ترساندنی کومپانیا و ڕێکخراوەکانی بیانی لە کوردستان: قاسم سلێمانی و مالکی باش دەزانن کە کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی جیهان و هەروەها بنکەیەکی ئارام بۆ گشت ڕێکخراوە گرنگەکانی جیهانی. ئەمەش هۆکارە بۆ زیاتر ئاشنابوونی جیهان بە کورد و پشتیوانی کردنیان لە بە دەوڵەتبوون و سەربەخۆ بوون. هەربۆیەش بریاریان داوە لە ڕێگەی پروپاگەندە و نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکانی باشوری کوردستان ترس و دڵە ڕاوکێ بۆ ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراوانە دروستبکەن، تا ناچار بن کوردستان بە جێ بێڵن. بەڵام ڕاستییەکانی کوردستان ئەمەشی بە جیهان سەلماندووە کە تازە هیچ کات ئێراق و ئێران و وڵاتانی دیکەش ناتوانن ئارامی کوردستان بشێوێنن و سەروەت و سامانی کوردستانی بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان.
٦ – پێویستمان بە هۆشیاریی تەواوە: لە بەرامبەر بەو پلان ومەبەستانەی کە ئاماژەمان پێکرد وامان پێشاندەدا کە گەلەکەمان بە هەموو چین و تۆێژنو پێکهاتەیەکەوە پێویستمان بە هۆشیاری تەواوە، کە کارێک نەکەین پلانەکانی نەیارانی ئاشتی وئارامی کوردستان سەربگرێت. هەروەها پێویستە کە چاودێری تەواوی عەرەبەکانی بە ناو ئاوارە لە کوردستان بکرێت کە ژمارەیان لە سەرەوەی نیو ملۆینە، لەو ژمارە ئەگەر ١٠٠ کەسیان بەنهێنی لە گەڵ ڕێکخراوە تروریستەکاندابن دەتوانن ببنە مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان، بە بۆچوونی من پێویستە ئەو عەرەبانە لە نێۆ شەقام و شۆێنە گشتییەکانی کوردستان دوورخرێنەوە و بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی پەنابەری جیهانی لە شۆێنی تایبەت کۆکرێنەوە. کورد پێویستە خاڵی سەرەکی کە پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەکەیە بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.

٧ – هاوکارییەکان جێگەی دەستخۆشییەوە : سەرەڕای هەموو پلانەکانی نەیارانی کورد بۆ ناکۆکی نانەوە لە نێۆ پێکهاتەکانی کوردستان، بەڵام بە خۆشییەوە لە جاران زیاتر کوردستانیان بەدەم لێقەومانەوە رۆشتن، بە تایبەت هەنگاوی بە پەلەی ڕێکخراوە ئاینیەکانی کوردستان بۆ کۆکرنەوەی هاوکاری بۆ خوشک و برا کوردە یەزیدییەکان زیاتر جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشییەوە. هیوادارم ئەم پیشەجوانە بۆ هەمیشە لە کوردستان جێگەی هەبێت، و ببێتە نموونەیەکی هەمێشە بۆ گشت شارەکانی کوردستانی مەزن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت