Sherko-haci-400x300

دکتۆر شێرکۆ کرمانج : غەزوەو ئەنفال لەسەدری ئیسلامەوە بۆ شەنگال .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

غەزوە (غزوە) وشەیەکی‌ عەرەبییە چاوگەکەی‌ “غَزا” یە، واتە: سار الی‌ قتالهم وانتهابهم فی دیارهم ، بەکوردی واتە : چوو بۆ شەڕیان‌و تاڵانکردنیان لەماڵی‌ خۆیان ( تەماشای قاموسی المنجد لاپەڕە ٥٥٠ بکە).
غەزوە پێش هاتنی ئیسلام وەک نەریتێکی‌ بەربڵاو لەناو عەرەبەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پیادەدەکرا. دوای هاتنی ئیسلامیش بەربڵاوتر لەجاران لەشەڕەکانی موسڵمانەکان لەگەڵ ئەوانەی پێیاندەگوتن “کافر” پیادەکراوە. ئامانجی‌ سەرەکی‌ غەزوە دەستبەسەرداگرتن‌و بەتاڵانبردنی‌ ئاژەڵ‌و ماڵاتی‌ وەک: حوشترو مەڕو ماڵات‌ بوو لە خێڵێکی‌ دیکە یان ئەو کاروانچیانەی‌ بەسەریاندادەدرا. هاوکات ژن‌و کچانی خێڵ یان کاروانە بەسەردادراوەکە وەک ماڵات تەماشادەکران‌و دەبردران‌، وەک کۆیلەو جالییەش بەسەر کوڕان‌و پیاوانی خێڵە براوەکە دابەشدەکران بۆ هەوەسبازی.
ئەوە سەبارەت بە غەزوە، وشەی‌ ئەنفال (انفال) وشەیەکی‌ عەرەبییە لە شێوازی‌ کۆ (جمع) دا، چاوگەکەی‌ (نَفَڵ) یە، ئەنفال واتە دەستکەوت، (الهبە) بەخشین (تەماشای قاموسی المنجد لاپەڕە 828). هەردوو چەمکی‌ ‌غەزوە‘ و ‌ئەنفال‘ لە قۆناغی پێش ئیسلام ، ئەوەی موسڵمانان پێیدەڵێن جاهلیەت (واتە نەزانیی) وەرگیراون‌و لەدوای هاتنی ئیسلام پەرەیانپێدراو گۆڕدران‌و بەرگی‌ ئایینییان لەبەرکراو پیرۆزکران. لەڕاستی‌ بەدوور نییە ئەگەر بڵێین زۆربەی‌ موسڵمانان، بەدرێژایی مێژووی ئیسلام، کاتێک بەشدارییان لە غەزوەکان دەکرد دەشێ زیاتر بۆ گرتنی‌ دەسکەوت (ئەنفال)، چ ماڵ‌و حاڵ چ کچ‌و ژن، بووبێت، نەک بۆ شەڕ لەپێناو ئیسلام.
راستی ئەو ئارگیومێنتە لە هۆو ئەنجامی‌ یەکەمین پێکدادانەکانی‌ نێوان موسڵمانان‌و قوڕەیشییەکان بەئاشکرا دەردەکەوێت. بۆنمونە، شەڕی‌ بەدر (2 هیجری / 624 زاینی)و شەڕی ئوحد (3 هیجری / 625 زاینی)، گەورەترین‌و سەرەکیترین شەڕەکانی‌ نێوان موسڵمانان‌و قوڕەیشییەکان، کە لێرە تاوتوێیەکی خێرایان دەکەین.
موسڵمانە موهاجیرەکان پاش دەرپەڕاندنیان لە مەککە بۆ مەدینە بەغەیرەز ئەو دەستکەوتانەی‌ کە لەو غەزوانەی‌ لە دژی‌ کاروانچیانی‌ قوڕەیش‌و خێڵەکانی‌ دی‌ ئەنجامیاندەدا دەرامەتێکی‌ دیکەیان نەبوو. ئەو غەزوە بچوکانە بۆ ماوەی‌ دووساڵ درێژەیان کێشا تا ئاداری‌ 624 کاتێک موسڵمانان بیستیان کاروانێکی‌ گەورەی‌ قوڕەیش لە شامەوە بەڕێکەوتووەو وا دەگەڕێتەوە بۆ مەککەو یەکسەر پێغەمبەریان لێئاگادارکردەوە. وەک تەبەری لە کتێبە بەناوبانگەکەی تاریخ الگبری دەیگێڕێتەوە، پێغەمبەر یاوەرەکانی‌ کۆکردەوەو بەوە هانیدان بۆ پەلاماردانی‌ کاروانەکەی‌ قوڕەیش کە سەروسامانێکی‌ زۆروزەبەندیان پێیەو ژمارەشیان کەمە (تەماشای الگبری مجلد 3 لاپەڕە 19 بکە). تەبەری باسێک لەوە ناکات کە پێغەمبەر باسی لە جیهاد کردبێت دژی “کافران”.
موسڵمانەکان بە ڕابەرایەتی‌ پێغەمبەر چوون لە نزیک ئاوی‌ بەدر بۆسەیەکیان بۆ قوڕەیشییەکان نایەوە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ قوڕەیشییەکان بە ژمارە زۆرتربوون کەچی‌ موسڵمانان توانیان زەبرێکی‌ چاکیان لێبوەشێنن‌و دەستبەسەر کاروانەکە دابگرن‌و دەستکەوتێکی‌ چاک وەگیربێنن. ئەوەی جێگەی سەرنجە هێشتان هەندێک لە موسڵمانان لە ڕاونانی‌ قوڕەیشییەکان نەگەڕابوونەوە ململانێی‌ دابەشکردنی‌ دەستکەوتەکان دەستیپێکرد. کێشمەکێشەکە لەگەڵ گەڕانەوەی‌ ئەسپسوارەکان گەیشتە ترۆپک، بەڕادەیەک کە بۆ یەکلاکردنەوەی‌ کێشەکان ئایەتی‌ ئەنفال “دابەزی‌ “. سورەتی‌ ئەنفال ناوەکەی‌ لە یەکەمین ئایەتیەوە وەرگرتوە کە لە دوای‌ شەڕی‌ بەدر هاتەخوارەوە.
لەبەر رۆشنایی ئەوەی‌ سەرەوە بۆماندەردەکەوێت، یەکەم: هۆی‌ سەرەکی‌ پەلامارەکەی‌ بەدر دەستبەسەرداگرتنی‌ بارە پڕبەهاکەی‌ قوڕەیش بوو نەک بە ئیسلامکردنی‌ قوڕەیشییەکان‌و جیهاد بووبێت لەپێناو ئیسلام. دووەم: کێشەو ململانێیەکی‌ ترسناک لەسەر دابەشکردنی‌ دەستکەوتەکانی‌ شەڕی‌ بەدر هاتەگۆڕێ. بۆیە دەتوانین بڵێین شەڕی‌ بەدر درێژکراوەی‌ ئەو غەزوانە بوو کە موسڵمانەکان وەک نەریتێکی‌ عەرەبی‌ بۆ دابینکردنی‌ ژیانیان ئەنجامیاندەدا .
ئەمە لەلایەک، لەلایەکی‌ دیکە هۆی‌ سەرەکی‌ تێکشکانی‌ موسڵمانان لە شەڕی‌ ئوحد، وەک چۆن لە قورئان وەسفکراوە ، بەجێهێشتنی‌ شوێنە ستراتیجییەکان بوو لەلایەن موسڵمانەکان لە شەڕەکەداو پڕتانپڕتانی‌ موسڵمانەکان بوو بۆ ڕفاندن‌و دەستبەسەرداگرتنی‌ هەرچی‌ زیاتری‌ دەستکەوتەکان. خوای موسڵمانان لە سورەتی‌ ئال عیمران ئاوا وەسفی پڕتانپڕتانی‌ موسڵمانانی‌ کردوە “ولقد صدقکم اللە وعدە اذ تحسونهم بادنە حتی اذا فشلتم وتنزعتم فی الامر وعصیتم من بعد مااـکم ما تحبون منکم من یرید الدنیا ومنکم من یرید الاخیرە ثم صرفکم عنهم لیبتلیکم ولقد عفا عنکم واللە ذو فضل علی المٶمنین ( ١٥٢ ) اذ تصعدون ولاتلون علی احد والسول یدعوکم فی آخرـکم فآثبکم غما بغم لکیلا تحزنوا علی ما فاتکم ولا مآآصبکم واللە خبیر بماتعملون ( ١٥٣ ) “، واتە “خوا بەڵێنی‌ بە ئێوەداو بەجێیهێنا: ئەوسا کە بە دەستوری‌ خوا دەتانکوشتن، تا ئەوکاتەی‌ ئەو تاڵانەی‌ بەتەمای بوون هاتەبەرچاو، ئیتر کێشەو لەناو خۆتان لێپەیدابوو، لە فەرمان سەرپێچیتانکرد. ئی‌ وا هەبوو حەزی‌ لە ماڵی‌ دنیا بوو، ئی واش هەبوون خۆشی‌ ئەو دنیایان دەویست. پاشان هەرتا بتان ئەزموێ، لە شەڕیانی‌ گێڕانەوە. وا ئەو هەلەش لێتانخۆشبوو. خوا خاوەنی‌ چاکەیە لەسەر خاوەن باوەڕان. ئەوکاتەی‌ کە ڕاتاندەکردو ئاوڕتان وەسەر هیچ کەس نەدەداوە، پێغەمبەریش لە دواوە گازی‌ دەکردن، جا خوا جەزای‌ خەمی‌ هەر بە خەم دانەوە. نەکا لەبەرئەوەی‌ وا لە دەستانچووەو ئەوەی‌ کەوا تووشتانبووە خەفەتبخۆن. خوا لەو کارانەی‌ دەیکەن ئاگادارە” (قورئان سورەتی ئال عیمران: 152-153). ئەبو ئەعلای‌ مەودودیش پێیوایە چاوچنۆکی‌ ئەو تیرئاوێژانەی‌ ڕێگەکەیان دەپاراست‌و چۆلکردنی‌ شوێنەکانیان‌و شۆڕبوونەوە بۆ گلدانەوەی‌ دەستکەوتەکان هۆی‌ سەرەکی‌ دۆڕاندنی‌ شەڕەکە بوو.
ئەزمونی‌ شەڕی‌ ئوحدیش وەک شەڕی‌ بەدر دەیسەلمێنێ کە هاندەری‌ سەرەکی‌ موسڵمانان بۆ شەڕ دەستکەوتی‌ ماڵی‌‌و دنیایی بووە، دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە موسڵمانان هەر هەموویان تەنیا بۆ دەستکەوتە دنیایی‌‌و ماددییەکان دەجەنگان. لە ڕاستیدا کەسانی‌ وا هەبوون کە پێیانوابوو ئەگەر لە پێناوی‌ خواو ئایینی‌ ئیسلام گیانیان لەدەستدا ئەوە شەهیدن‌و دەچن بۆ بەهەشت، لەم ڕێگایەش لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە. ئالێرەدا دەتوانین بڵێین هەندێجار بەرژەوەندییە ئایینییەکان‌و دنیاییەکان لە خاڵێکدا یەکدی‌ دەگرن‌و پشتیوانی‌ لەیەکدی دەکەن.
ئەوەی لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال‌و تەواوی ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەستی داعشدایە بەدیدەکرێت ئەوەیە کە موجاهیدە داعشییەکان هەمان ئەو کارو کردەوانە ئەنجامدەن‌و پەیڕەودەکەن کە موسڵمانان‌و یاوەرانی پێغەمبەر لە سەدری ئیسلام لەبەر چاوی پێغەمبەرەکەیان ئەنجامیانداوە، کە خۆی لە کوشتن‌و سەربڕین‌و پەلبڕینی پیاوان دەبینێتەوە لەگەڵ بە تاڵانبردنی ماڵ‌و حاڵ. لەوانەش قێزەونتر تەعەداکردن لە کچان‌و ژنان‌و بە کۆیلە بردنیان بۆ پڕکردنەوەی هەستە هەوەسبازییەکان. دزینی ئەو پێنج سەد ژنەی ئێزیدییەکان وەک ئەوەی لە میدیاکان باسدەکرێت ئەگەر ژمارەکەش راست نەبێت، ئەوە شایەد زۆرن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو کارە نامرۆییە.
تەماشاکردنێکی ئەو کتێبە مێژووییانەی کە مێژوونوسە موسڵمانەکان خۆیان نوسیویانە پڕن لەو بەڵگانەی کە باس لەوە دەکەن کە ژنان‌و کچانی کافرەکان بە دیلگیراون‌و دابەشکراون بەسەر سەرکردەو جەنگاوەرە موسڵمانەکان.
ئەوەی ئێستا داعش‌و گروپە ئیسلامیستە تیرۆریستەکانیش دەیکەن راست درێژکراوەو پراکتیزی هەردوو نەریتی باوی غەزوەو ئەنفالە کە لە پێش هاتنی ئیسلام‌و دوای هاتنی ئیسلام لەلایەن عەرەب‌و موسڵمانەکانی سەدری ئیسلام‌و دواتریش پرکتیزکراوە.
ئەو موسڵمانانەی ئەو کارە قێزەونانە ئەنجام نادەن ئەوانە موسڵمانێکن کە لەژێر کاریگەریی ئەو کەلتورە عەرەبییە-ئیسلامییە دەرچوون. ئەم قسەیەش پێویستی بە بابەتێکە کە دەرفەت هەبێت لەم ماوەیە لەسەری دەنوسم .