Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن : بەرەی کوردستانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی دە رۆژە وەك تەماشاوانێك دێمە فەیسبوکەوە، بێ هیچ چالاکییەك ، نە بە لایك کردن ، یا نوسینی کۆمێنت بەشداریم نەکردوە ، جاروبارە لای خۆمەوە بڕیار دەدەم فەیسبووکەکەم دابخەم ، بەڵام چیبکەم ناتوانم فەیسبووك بۆتە دڕکێك لە قوڕگمدا نە ئەوەیە بتوانم قوتی بدەم ، نە ئەوەیە بتوانم تفی بکەمەوە ، جێگەی داخە ئێمەی کورد وەکو پێویست سودمان لەم تۆڕەکۆمەڵایەتییە نەبینیوە ، زۆر بەسەقەت بەکار دەبرێت ، هەرکەس هەڵدەستێت لە جێی خۆیەوە دەبێت بە شیکەرەوەی سیاسی هەرچەندە ئەلف و بێی سیاسەتیش نازانێت ( لەگەڵ رێزم بۆ هەندێکی کەمیان) ، یان لەخۆیەوە گرتەی ڤیدیۆیی دادەبەزێنێت پێبزانێت یا نەزانێت هەندێکیان خزمەت بە دوژمن دەکەن لەرووی دەرونییەوە ، کە شەڕی دەرونیش هیچی ئەوتۆی کەم نییە لە شەڕی بەرەیی و شەڕی دەستەویەخە ، لەهەندێك باردا کاریگەری ترسناکی دەبێت لەسەر ورەی هێزی پێشمەرگە و جەماوەر ، بەپاشەکشێ کردن لە شەڕ و چۆڵکردنی گوند و شارۆچکەکان .

لەبەرئەوە بەپێویستی دەزانم ، پێش تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی بابەتێك لەخۆوە لایك نەکرێت یا کۆمێنتێك نەنوسرێت کە لە بەرژەوەندی کوردو کوردستان نەبێت ، بە هەمان شێوە بە وشیارییەکی تەواوەوە بابەت و وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان ( شیر) بکرێت .

شەڕی راگەیاندنی حیزبەکانیش لەولاوە بوەستێت ، بەهەمو ئەو رۆژنامەو گۆڤارو سایتانەی حیزبەکانیان و راگەیاندنی سێبەر دڵیان ئاوناخواتەوە هانی دەروێشەکانیان دەدەن لە فەیسبووك دا تەراتێن بکەن لە بەرژەوەندی حیزبەکانیان ، لەمڕۆدا پێویستە ناکۆکییە حیزبییەکان بەلاوە بنرێت تا رۆژی خۆی ، تەنها کار بۆ بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان بکرێت . ماوەیەکی زۆر ململانێی حیزبی و دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان ، رێگر بوو لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد کە خاوەن بڕیاربون لە بەستن یا نەبەستنیدا ، بەڵام ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی تری جینۆسایدی ئێزیدیەکان نەتەوەی کوردی بە ئاگا هێنایەوە ، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە سەر ئەرزی واقع لەبەرەکانی جەنگدا بەسترا بەیەك دەنگ و بەیەك دەست کوردانی کوردستانی گەورە ئامادەباشن بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان ، پێشمەرگە گەریلایە ، شەڕڤان پێشمەرگەیە ئەمە خواستی گەلە سەرکردایەتی سیاسی کورد بیەوێت یا نەیەوێت ، هەرحیزبێکیش گوێڕایەڵی خواستی گەل نەبێت پێش زیان گەیاندن بەدۆزی رەوای گەلەکەی زیان بەحیزبەکەی خۆی دەگەیەنێت .

لە کۆتاییدا دەڵێم کاتی ئەوە هاتوە کە چۆن بە شەقی زەمانە لە دوای ئەنفال و کیمیاباران بەرەی کوردستانی لە ١٩٨٨ دا پێکهێنرا ، جینۆسایدی ئێزیدییەکان و دڕندایەتی ( داعش) ببێتە شەقی زەمانە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی گەورە ، کە ئارمانجی خزمەتکردنی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان بێت و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی لەبیربکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت