Mustafa-Qaid-Qadir

پەشێو حەمەئەمین : چاکسازی ئاوا ناکرێ جەنابی وەزیر ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێز جەنابی وەزیر

وەك دەزانین لە ئیستادا کوردستان لەژێر مەترسیەکی گەورەی تیرۆردایە بە هەموو ماناکانیەوە ، لە گرنگترینیان تیرۆری خاك وتیرۆری مرۆیی وتیرۆری ئابووری ، ئەویش لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ئەو گرووپە تیرۆرستیە بێ ئامانجەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە ، بەڕێزیشتان کەسی یەکەمن لە ڕووی ئەمنیەوە بۆ بەگژدا چوونەوەی ئەم ڕەوشەو ئاسایی کردنەوەی باروودۆخەکە . بەڵام ئایا قەت لە خۆتان پرسیوە کە ئێوە کێن و چ کارەن ؟ ئایا بەڕاست کەسی یەکەمن ؟ لەوانەیە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بۆ بەڕێزتان چەند ڕەهەندێکی هەبێ ، کە پەیوەست بن بە نهێنی سیاسەتەوە ، بەڵام ئەوەی کەهاونیشتمانیان لێی گەیشتوون وچاودێرانی سیاسی دەیخوێننەوە باگراوندێکی تری هەیە .
ئەوەندەی کە ئێمە سەرنجمان داوە بەڕێزتان زیاتر لە پێشمەرگەیەکی گەڕۆکدەچن ، کە ڕەها کرابێ بۆ هەرشوێنێك کە پێی خۆش بێ بچێ ، نەك وەزیرێك کە خاوەنی هەموو جۆرە بڕیارێک بێ لە نێو وەزارەتێکدا . پێم وانیە لەوەدا هەڵە بم کە پێتان بڵێم ئێوە کەسێکی دڵسۆزن و دەتانەوێ کاری باش بکەن ، چونکە ڕابردوتان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە ، بەڵام لێرەدا ئەو کەسە کاری باش دەکات ، کە بتوانێ دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی بەسەر بنەما حیزبیەکاندا زاڵ بکات و یاسا کۆنەکان تێکبشکێنێ و لە جێگایان یاسای نیشتمانی دابنێ . بەڵام ئایا دەتوانن بڵێن لە هەوڵدانتان بۆ ئەو کارە سەر کەوتوو بوون وئامانجتان پێکاوە ؟ بێگوومان نەخێر.
ئێمە دەستخۆشیمان بۆسادەیی و بەسەر کردنەوەی بەرەکانی جەنگ و کردنەوەی دەرگای وەزارەتەکەت هەیە بەڕووی هاوڵاتیاندا ، بەڵام کێشەی هەرە گەورەی ئەم وەزارەتەی بەڕێزتان کەمی مووچەی پێشمەرگەو گەندەڵی و بێ چەکی و زاڵ بونی هەیمەنەی حیزبە بەسەریدا . لە تەواوی دنیادا وەزارەتی پشمەرگە پڕۆسێسی خۆی هەیە ، دەزگایەیەکی نیشتمانی بە یاسا ڕێکخراوە بۆ بەگژدا چوونەوەی تیرۆروو پاراستنی سنوورو ئارامی ووڵات ، ئیتر لە هەر ووڵاتێك بە ناونیشانی جیا جیا . بەڵام ئایا لە وەزارەکەی ئێوەدا چ بەهایەك ماوەتەوە بۆ بەنیشتمانی بوون ؟ لە چالاکیەکانی ئەم ڕۆژانەی دووایدا ئەوە ئاشکرا بووکە شتێك نەماوە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە ، کە هەڵگری بنەما نیشتمانیەکان بێ ، چونکە ئاڵاسەوزەکەی یەکێتی وئاڵا زەردەکەی پارتی لە ڕەبیەکاندا زۆر بەرزتر لە ئاڵای کوردستان چووبونە کەشکەڵانی فەلەك .

پێشمەرگەیەك بۆی گێڕامەوە ووتی بایی سەدوو هەشتا هەزارفیشەکم لە حیسابی خۆم کڕی وچووم بۆ سەنگەر ، پاش یەك دوو ڕۆژ لە مانەوەو بەرگریدا . ووتی هەواڵیان پێ داین کە بەڕێزتان لە گوێڕ بەسەریان دەکەنەوە ، فەرمووی زۆرخۆشحاڵ بووین بەئەندازەیەك کەزارمان زیاتر پێکەنینی هەڵنەدەگرت ، کە پێیان وابوو چەك و خواردن وهاوکاریان بۆ دەبەن ، چونکە پێیان وابوو لوتفی وەزیر زیاتر لەوە دەنوێنێ لەوەی کەسێکی ئاسایی بەسەریان بکاتەوە ، ووتی بەر لەچوونی جەنابتان لە نێو خۆیاندا پارەیان کۆکردبوەوە و ئاویان پێ کڕی بووکە بۆ خۆیان نەبوو بیخۆن ، تا لەئانی گەیشتنتدا تینوێتیت بشکێنن وبەو ئاماژەیە پێت بڵێن کە خۆشیان دەوێی ، بەڵام ووتی بەگەیشتنی ئەونە چەك نە هاوکاری نەخواردن تەنانەت ئاویشیان بۆ نەهێشتینەوە بۆشەویش کەوتبوونە بۆسەی داعشەوەو لە نێویاندا خاڵی شەهید بوو بوو .

ئەم چیرۆکەی سەرەوە بۆبەڵگەدارکردنی بێ دەسەڵاتی جەنابتانە ، کە دڵنیام بۆ خۆتان ئەو ڕەوشەتان بە دڵ نیە ، من لێرەدا چەند پرسیارێکت ئاڕاستە دەکەم بە هیوام پێت بگەن !

+ پێشمەرگەو وەزارەت لەم جەنگەدا چ ڕۆڵێکیان پێ درا ؟
+ ئایا یەکێتی و پارتی ئیسغلالی ئەو ڕۆڵەیان نەکرد؟
+ لێرەدا گرنگترین پرسیار ئەوەیە ، چۆن دەبێ وەزارەتێك کە سەروەتی نیشتمانی گەلێکە ، بە قەد دەزگایەکی حیزبی چەكی نەبێ ؟
+ هەست ناکەن ڕٶڵتان لە نێو ئەم وەزارەتە ، ناگاتە ڕۆڵی ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبیك چ یەکێتی بێ چ پارتی ؟
+ باشە بۆ ناپرسن کە بەدەیان هەزار نفووزی پێشمەرگە هەیە کە مووچە لەو وەزارەتە وەردەگرن ،ئەی ئیستا لە کوێن و بۆ دەبێ چاوتان لە هاونیشتمانیان بێ تا بەخۆبەخش چەکتان بۆ هەڵگرن ؟
+ بۆ ڕێگە دەدەن ئەوەندە کەسانی هەلپەرست ومزایەدە چی ، بە قاتی کروو کڵاشی پەڕۆینەوە ، لە بەرەکانی جەنگدا بەکامێرایەکەوە وەك پاڵەوانی حیزب خۆیان نیشان دەن ؟
+ بۆ چی بڕیار نادەن جگە لە ووتە بێژی وەزارەتی پێشمەرگە هیچ کە س ولایەنێك بۆی نەبێ لێدووان بدا ؟
+ پێتان وانیە ئەو قسەیە ڕاست دەرچوو کە بەر لە پێکهێنانی حکوومەت ، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ووتی گەر وەزارەتی پێشمەرگە بدرێت بەگۆڕان ، ئێمە چەکەکانی هێزەکانی حەفتایان ڕادەستیان ناکەین وهیچ ئیلتزامیكی پێوە ناکەین ؟

بەڕێز جەنابی وەزیر ..
ئەمانە ئەو ڕاستیانەن کە ئێمەی ئومێد سارد کردووەو، تەواوی پێشمەرگە دڵسۆزەکانیشی نیگەران کردووە ، باشیش دەزانم کە بۆ خۆتان بە باشی درکتان پێ کردووە ، ئیتر کە ئەمە لاشەی وەزارەتەکەت بێ .
چۆن دەتوانی هێزەکانی حەفتاو هەشتا یەکبخەیتەوەو دەستی حیزبی لێ دوور خەیتەوە ؟
چۆن دەتوانی گەندەڵیەکانی تیا نەهێڵیت و مووچەی پێشمەرگە زیاد بکەیت چاکسازی بکەیت ؟
چۆن دەتوانی شەرعیەتی زیاتر بدەیتە ئاڵای کوردستان ؟ لە کاتێکدا لای ئەوان هیچ بەهایەکی بۆ نەماوەو ئەوەی مقەدەس بێ ئاڵا سەوزوو زەردەکەی خۆیانە !
بەڕێز جەنابی وەزیر بە دووای مەرهەمدا مەگەڕێ ، چونکە ڤایرۆسی حیزب سەراپای باڵای وەزارەتەکەتی داپۆشیوە .
ماوەیەك لەمەوبەر (بەڕێز نەوشیروان مستەفا ) لە ووتارێکیدا ووتی ، گرێبەستی دەنگ دەرەکانی گۆڕان لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا ، بۆ هەفتەیەك و دوو هەفتەو ، مانگ و دوومانگ نیە ، بە ڵكو بۆ چوار ساڵە .
ئێوەش کە خەڵکی دەنگی پێداون و بەڵێنتان بە بڕینی دەستی حیزب داوە لە نێو حکوومەتدا ، ئیتر خەڵکی زۆر ڕەشبینە لێتان کە بتوانن ئەو دەستە ببڕن ، ئەمە نا لە بەر ئەوەی کە ئێوە خاوەن بەڵێن نەبوون ، بەڵکوو لە بیری ئەوباوەڕە سەختەی یەکێتی و پارتیەوە سەرچاوەی گرتووە ، کە تا ئیستا باوەڕیان بەو پڕەنسیپە نیە کە دەبێ دەست لە کاری حکومی هەڵگرن .
لەوانەیە بەڕێزتان پاساوی ئەوەتان هەبێ کە لەسەرەتای ڕێگادان و هێشتا لە کەناردان ، بەڵام تاریکی مانگ سەر لە ئێوارە دیارە ، بۆیە لەم حکوومەتە سەدا سەد حیزبیەدا ، ئەستێرەی ئەمەلتان دڵنیام نادیارە .
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەوەی کە لەسەر شانی ئێوە بێت ، ووتنی ڕاستیەکانە ، وەڕێگە چارەش ، یا ئەوەتا سەقفێکی زەمەنی دابنێن و دووا ئیزاری خۆتان بدەن ، یا ئەوەتانێ دەست لە کار بکێشنەوە و ڕووی خۆتان لەوەی کە ئیستا هەن جوانتر بکەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت