Newshirwan-Barzani

پەشێو حەمەئەمین : ئاب پێمان دەڵێ کە گۆڕان بۆتە پاشکۆی پارتی یاخود … نا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەك ئاشکرایە بە درێژایی چەندین ساڵی خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد بۆ چەندین جار هەڵەو خیانەتی گەورە ئەنجامدراوە ، لە سەر دەستی ئەو هێزانەی کە باڵادەست بوون لە کوردستان ، ئەم خیانەتانەش زیاتر لە پێناو مانەوەی حیزبێك یاخوود لایەنێکی دیاری کراو بووە ، ئەویش بە گرتنە بەری میکانیزم وشێوازی جۆراو جۆر لە خیانەت .
وینستۆن چەرچڵ دەڵێ ( هەرچی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەبووە ئەنجامم داون ، ئەویش لە پێناو شکۆمەندی گەلی بەریتانیا )
بەڵام بەداخەوە لە کوردستان پێچەوانەکەی ڕاست دەرچووە ، واتا هەرچی تاوان هەیە دژ بە کوردستان وگەلەکەی ئەنجامدراوە ، ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی ومانەوەی حیزبێکی دیاری کراو و، پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی ئیقلیم .
هەر چەندە ئیستا کوردستان لە ژێرباری ڕەوشێکی نەخوازراوو نائارامدایە ، بۆئەم مەبەستەش پێویستە هێزە سیاسیەکان لە هەموو بارێکدا هاوکاروو دەست لە ناودەست ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە ببنەوەو ، واتا دەبێ زمانی ڕاگەیاندنەکان یەك شووناسی نیشتمانیان هەبێ و دووربن لە درووستکردنی پشێویە ناوخۆییەکان و یەك هەڵوێست بن ، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێ مێژوو لە بیر بکرێ وئەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کوردستان وهاونیشتمانیاندا هاتوون لە ڕابردوودا ، بخرێنە پەراوێزەوەو باسیان لێوە نەکرێ .
لە مێژووی سیاسی و ڕامیاری گەلەکەماندا ، زۆرن ئەوانەی بێ باك لە خەمی گەل وسەروەری ووڵات کەوتوونەتە هەڵەوەو ، تاجی خیانەتیان وا بە سەرەوە ئەدرەوشێتەوەو ناتوانن بیشارنەوە .
٣١ی ئابی ١٩٩٦یەکێکە لەو خیانەتە گەورانەی کە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ، بە هەما هەنگی لە گەڵ ڕژێمی بەعس ، دژ بەخەڵکی کوردستان وبەتایبەت ئەندام ولایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێرئەنجام درا .
لێرەدا گەورەیی ئەو خیانەتە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ کە بە چەند دێڕێك پێناس بکرێ ، بۆیە ئەوە ئەرکێکە دەکەوێتە سەرشانی ڕاگەیاندنەکان ودەبێ مێژوو نووسان و ڕۆشنبیران زیاتر خامەکانیان بجوڵێنن وباسی لێوە بکەن .
بەر لە پڕۆسەی ئازادی عێراق وڕێککەوتننامەی ستراتیجی نێوان یەکێتی نیشتمانی وپارتی دیموکراتی کوردستان ، باسکردنی ئەو مێژووە ، جگە لە چەند ڕۆژنامەنوس وشاعیروو نوسەرێکی بەتوانا ، ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاڵەوانی یەکەمی گێڕانەوەی ئەو مێژووە شوومە بوون ، بەڵام لە دووای ڕێککەوتننامەی ستراتیجی ئەو دوو حیزبە ، ئیتر یەکێتی چیتر ئەو پاڵەوانە نەماو لە ساڵڕۆژی ڕوودانی ئەو خیانەتە یا ، هیچ جۆرە پەیامێکی مەحکووم ئاسای بۆئیدانە کردن وڕسوواکردنی ئەنجەمدەرانی ئەو کارە نەبوو ، بۆیە لە دووای ئەو ڕێککەوتن نامەیە یەکێتی وەك وپاشکۆی پارتی پێناس کراو سەرئەنجام ببوەهۆی فاکتەرێك بۆ درووست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان ودابەزینی کێرڤی جەماوەری یەکێتی وزیاد بوونی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە.
ئەم خیانەتە ئەوەندە گەورە بوو کە لە کۆشکی سپی ئەمریکادا ( بیل کلینتۆنی ) سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە سەری هاتە گۆو ووتی : ئەگەر من خیانێکی وەك ٣١ی ئابەکەی مەسعوود بارزانیم بکردایە ، ئەوا بەر لەوەی خەڵکی ئەمریکا دەستیان پێم بگەیشتایە ، پاسە وانەکانی خۆم دەیانکوشتم .
گەر سەرنج بدەین لە پاش جیابوونەوەی باڵی ڕیفۆرم لە یەکێتی ولە ئەنجامدا درووست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان ودانانی چەند میدیایەکی بینراوو بیستراو سەر بەو بزووتنەوەیە ، لە ساڵانی ڕابردوودا ، بەشێوەیە کی زۆر بابەتیانە لاپەڕەی ئەو مێژووەیان هەڵ ئەدایەوەو وەك هێمایەك بۆ خیانەت تێکەڵ بە مێژووی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەکرد و، ئەو ڕۆژەیان مەحکووم ڕسووا دەکرد.
بەڵام لە پاش هەڵبژاردنەکانی ئەم دووایەی پەرلەمانی کوردستان وچوونی چەندجارێکی نەوشیروان مستەفا بۆلای مەسعوود بارزانی و ڕێککەوتنیان سەبارەت بە تەشکیل کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە گۆڕان جێگەی یەکێتی گرتۆتەوەو لە گەڵ پارتیدا ڕێککەوتوون ، هەر چەندە بزووتنەوەی گۆڕان بەر لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنی چوونە حکوومەتی بە دەنگدەرەکانی دابوو ، وە بۆ ئەم مەبەستەش ئەو سەردانانەی نەوشیروان مستەفا بابەتێکی چاوەڕوان کراو بوو. چوونکە لە تەواوی دنیادا لە پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان دانیشتن ومفاوەزات بابەتێکی نۆرماڵەو، لە فەلسەفەی سیاسیدا شەرعیەت پێ دراوە
بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی بەسەر ئەو فەلسەفەدا زاڵ بێت وئەستۆ پاکی خۆی بۆ دەنگ دەرەکانی دووپات بکاتەوە ، وە لە میدیاکانیدا بە شێوەیەکی زۆر ڕوون ئەوەی پێوە دیار بوو کە لە چاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، گورزی ڕەخنەی زیاتر لە یەکێتی دەدا، نەوەك پارتی . ئەمە لە کاتێکدا بوو، کە پارتی لەو ساتەدا سیاسەتێکی زۆر تووندی دژ بە پەیەدەو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا بەرپا دەکردوو ، وە سەرقاڵی لێدانی ئەو خەندەقانەش بوو کە تەواوی خەڵکی کوردستان لێی نیگەران بوون ، بۆیە بێ دەنگ بوونی گۆڕان لە مەڕ ئەو پرسانە ، تینی ڕەخنەی زیاتری دەدایە ئەندام ولایەنگرانی و ، وە بەڵگەدار کردنی ئەو قسەو باسانەی کە لە مەڕ ڕێککەوتنیان لە گەڵ پارتیدا دەکران ، وە سەرەنجام ئەم سیاسەتەی بووە فاکتەرێکی گەورە بۆ دابەزینی کێرڤی جەماوەری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ، بۆیە ئیستا کە لە ساڵڕۆژی خیانەتی ٣١ی ئابدا نزیك دەبینەوە ، هەمووان چاویان لە سەر میدیاو ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانە و چەند پرسیارێك دێنە ئاراوە ….
ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پاڵەوانە ماوە ، کە جورئەت بکا وەك وساڵانی پێشوو لە سەردێڕا بە گرنگیەوە باس لەو ڕۆژە بکاو مەحکوومی بکا ..؟
ئایا دیسانەوە وەك و هەواڵێکی دیکۆمێنتاری باسی لێوە دەکات ، یاخوود بەشەرمەوە ئیشارەتێکی بچووکی پێ دەدات ..؟
ئایا وێنەی دەبابەکانمان پێ نیشان دەدات ، یاخوود هەر لە ڕادیۆوە بە کورتە هەواڵێك باسی لێوە دەکات ..؟
وەیان لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە هەر باسی نەکات .
ئەمانە پرسیار گەلێكن لە دیدی گشت ئەندامان وهەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕاندا گەڵاڵە بوون و ، چاوەڕوانن لە ساڵڕۆژی ئەو خیانەتە مەزنەدا وەڵام بدرێنەوە ، گەرهەست بەکەمترین گۆڕان کاری وسازش بکرێ لە سیاسەتی ڕاگەیاندنەکانی ئەوە بزووتنەوەیە ، ئەوا بە ڕاستی بزووتنەوەی گۆڕان نەك بۆتە پاشکۆ ، بەڵکوو شەریکی ڕاستە قینەی پارتی دیموکراتی کوردستانە ، لە گشت بوارەکانی سیاسەتدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت