Sherif-Hejari

شەریف هەژارى :  ئەرێ کوردینە لێکدانەوەتان بۆ هەڵوێستى ئەم مامۆستاى زانکۆ و نووسەرانە چییە ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تا لە کوردستانا بژیت شتى سەیرتر ئەبینى ! هەمیشە پێموابووە گەندەڵترین توێژ لە کوردستانا چینى سیاسییەکان نین بەڵکو توێژى مامۆستاى زانکۆ و ڕۆژنامەنووسەکانن ! چونکە ئەگەر مامۆستایانى زانکۆ و ڕۆژنامەنووسان بەباشى بە ئەرکى خۆیان هەستابانایە! ئەوا هەرگیز دۆخى گەندەڵیى و بێ سەروبەرەیى دامودەزگاکان بەم حاڵە نەدەگەیشت و هەر هیچ نەبێ بە تواناى ئەوان کۆمەڵە لاوێکى تەندروست پەروەردە ئەبوون! با ئەوەش بووەستێت کە زۆرێک لە مامۆستاکانى زانکۆ لەلایەن حیزبەکانەوە بڕوانامەیان پێ دراوە و لە حیزبەوە هەرچۆن فەرمانیان بۆ هات ئەوا بوارە – زانستییەکەشیان هەرچییەک بێت تەرخانى ئەکەن بۆ ڕێنوێنییە حیزبیەکانى سەرو خۆیان ، کەوایە دەبینین مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان نەزانترین و بێ-توێژینەوەترین توێژى نوخبەن لەچاو مامۆستاکانى زانکۆکانى ووڵاتانى تردا . ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بەشێکى زۆرى ڕۆژنامەنووسانیش “خۆ- دەرخەران ” ە و لە پێناو بڕێک پارەدا بوونەتە شوێنکەوتەى بەرپرسێک و هەرچۆن بەرپرسەکە ئاراستەى بکا ئەوا ڕۆژنامەنووسەکەش خامەکەى بۆ ئەجێنداى بەرپرسە حیزبییە – سیاسییەکەى ئەخاتەگەڕ!

بەهەرحاڵ ، لە تازەترین داهێنان دا بەیانامەیەک بەناوى کۆمەڵێک مامۆستاى زانکۆ و نووسەر و ڕۆژنامەنووس بڵاوکراوەتەوە کە گوایە دینى خۆیان گۆڕیوە بۆ ” ئاینى ئێزدى !”، ئا لێرەدا لاوازى هزرى بیرکردنەوەى زۆرێک لەو بە ناو مامۆستاى زانکۆ و نووسەرانەت بۆ ئەسەلمێت و بەتەواوى بەو ڕاستییە ئەگەیت کە زۆرێک لەوانە تەنها و تەنها ناوى زل و دێى وێرانن! من نامەوێت یەک بە یەک بچمە سەر پاشخوانى ئەو بەڕێزانە ، بەڵام بە تەئکید هەندێکیان پێشتر هەر دینیان نەبووە و بە ناسنامە ” ئیسلام ” بوون! واتە بە پێى چەندان ڤیدیۆیى خۆیان ” ڕەدکردنەوەى ئیسلام ” بوونیان دووپاتکردوەتەوە ، دەى کەوایە ئێستا بۆ باس لە گۆڕینى ” دین” یان ئەکەن بۆ ئێزدى ! لەکاتێکا پێشتر هەر خۆیان بە ڤیدیۆ و سیمینار تەشەریان لە ئیسلام داوە و خۆیان بە ئیسلام نەزانیووە !!؟

ئەم نووسینە بەو مانایە نییە من بەرگرى لە ئیسلام بکەم یان لە دەمارگیرى ئاینیمەوە ئەو ڕاستیە هزرییەى خۆم بخەمەڕوو کە ئەو هەڵوێستەیان ناپەسەندە ! بەڵکو پێموایە جگە لە “خۆدەرخستن و خاڵى بوونیان لە هزر و مەعریفە ” هیچى دیکە نییە ! چونکە گەر قەراربێ لە چەند ساڵى ڕابردوودا تانە و تەشەریان لە ئاینى ئیسلام دابێ! ئەوا بە کام فاکت ئێستا چوونە سەر دینى “ئێزدى”!؟ ئایا لەبەر بەهێزى دینى “ئێزدیى و پرینسیپەکانییەتى !”، یان لەبەر خۆ-دەرخستن و بەرژەوەندى سیاسیى و ناوبانگ پەیداکردنەوەیە لە کۆمەڵگایەک دا کە زۆرجار مرۆڤى وەک ئەمانە گەورە ئەکرێ ! ئەگەر لەبەر بەهێزى دینى ئێزدییە ئەوا فەرموون پرەنسیپە ئاینییەکانیمان بۆ ڕوونبکەنەوە !

خۆ ئەگەر ئەمە بە کوردایەتیى و پشتیوانى ئێزدییەکانیش ئەزانن! ئەوا پێموایە ئەم ” بەناو” هەڵوێستەیان هیچ شتێک لەسەر کارەساتى جەرگبڕى ئێزدییەکان کەم ناکاتەوە ، چونکە هەم ئێزدییەکان ئەمانیان ناوێت کە ببنە “ئێزدى “! لەبەر ئەوەى ئێزدى ئاینێکى داخراوە و هەر ئێزدییەکانیش باش ئەزانن کە لە کۆمەڵگاى کوردەواریدا بەدرێژایى مێژوو و بە پێى دۆکیۆمێنتى گەڕیدە و کوردناسەکان، کوردەکان بە هەموو پێکهاتە ئاینییەکانەوە ” ئیسلام ، مەسیحى ، زەردەشتى، جولەکە و ئێزدیى و … هتد ” گیانى هاوکاریى و تەبایى و هاریکاریى و هەرەوەزى لەنێوان هەموو ئاین و ئاینزاکان و تەنانەت ژنخوازیشیان لەنێوانا بووە ! ئیتر ئەم هەڵوێستەیان چ شتێکى سەرسوڕهێنەر لە تراژیدیاى ئێزدییەکان کەم ئەکاتەوە جگە لە “خۆدەرخستن”یان نەبێ !؟

نایشارمەوە ، من کەسێکى مسوڵمانى تەواو میانڕەوى ناسیاسیم و بەتەواوى دژ بە تێکەڵکردنى دین و سیاسەتم و، کوردبوون و کوردایەتیش هەمیشە بە فەریزەیەکى وەک دیندارى لێى ئەڕوانم ! بەڵام ئەمە هەرگیز بەو مانایە نایە تەنها و تەنها بۆ ئەوەى ناووم بکەوێتە سەر کاغەز بەئاسانى باوەڕى خۆم بگۆڕم ! چونکە گەر ئاسان ” بالەسەر کاغەز ” یش بێت باوەڕى ئاینى خۆمم گۆڕى ، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە کە سبەینێش کوردبوونم بە عەرببوون ، فارسبوون و تورکبوون نەگۆڕم !!

کۆتا دێڕیش ئەڵێم ، باش ئەزانم هەندێک لەم مامۆستاى زانکۆ و ڕۆژنامەنووسانە مووچەى مانگانەکانیان زۆر چەورە، ئەگەر هێندە بڕوایان بە ئازارى ئێزدییەکان هەیە، ئەگەر بە تراژیدیاى ئێزدییەکان ئەمانیش ئازار ئەچێژن، ئەوا فەرموون با هەرکەسەیان تەنها “5” ملیۆن دینار بۆ ئاوارە بێ ماڵ و حاڵە ئێزدییانە تەرخانبکا و لێرەشەوە بە شاهیدى خەڵکى کوردستان من یەکەم کەسى خۆبەخش ئەبم بۆ ئەو کارە! دەبا بزانم ئەو “بە شەهادە ” مامۆستاى زانکۆ و ڕۆژنامەنووسانە لەگەڵ ئازار و مەینەتى ئاوارە ئێزدییەکاندان یان نا!؟ ئیتر پێویست ناکا قسەى قەبەى دین گۆڕین لەسەر کاغەز دەرببڕن چونکە ئاوارەکان پێویستیان بە هاوکاریى و مادەیە هەتا بە ڕاگەیەنراوى سەر کاغەز !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت