دکتۆر کەمال میراودەلی : ئینتیحار .

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

نامەوێ بەهەشتی خوایەک
ئومییەکی کردە پێغەمبەر
شمشێری کردە ڕێبەر
ئایینێکی دامەزراند
لە ئێسک و خوێن و
کەللەسەر

+++++++++++++++++++++

دەزانم بە دوامەوەیە وەک سێبەرەکەم گەر لێشم ون بێ
دەبێ هەر ئەو ىێ ، خۆی بێ ، مردن بێ
بەلام ترسی مەرگ بە خۆشەویستیی ژییان راو دەنێم
ناتوانێ قەت پێم را بگات
لە پێشیەوە هەنگاو دەنێم
دەزانم رۆژێک هەر دێ ،
دەگاتە سەرم
بەڵام هەر خۆی دەبینێ نەک من
کۆمەڵە ئێسکێکی ون و
کراسە شڕەکەی بەرم

زۆر جار
زۆر جار
ئازار
ئازار
ئازار
دەمگەیەنێتە بەر دەرکی لەحزەی
ئینتیحار
تاکەی ئینتیزار؟

نا ئەی مەرگ مەحاڵە تەسلیمی تۆ بم
نا ئەی مەرگ مەحاڵە بۆت دەستەمۆ بم
هەموو لەحزەیەک
هەموو وزەیەک
هەموو تاسەیەک
گشت هەناسەیەک
دەبەخشم بە بیری چاک
دەنەخشێنم وتاری چاک
دەوەشێنم کرداری چاک
نا من ژیانم دەبەخشم
بە خۆشویستیی ئینسان و خاک
بە هەستی پاک

هەموو ئازارێک دەدەمە دەست خامە
هەموو ئاوازێک دەکەمە چامە
هەموو خەمێک دەکەمە خەونێکی نوێ
لەگەڵ خەندەی کۆرپەکانا بنوێ بدوێ
هەموو تاوانێک
دەخەمە ژێر پێی حەقیقەت
لە بیری چاک
وتاری چاک
کرداری چاک
دەنەخشێنم ئەبەدییەت

سا ئەی مەرگ تۆش ریسوا بە
سا ئەی مەرگ لە ژییانی من بێ هیوا بە
نا نامەوێ
نامەوێ
نامەوێ
بەهەشت
دۆزەخی ئەم ژیانەم بەسە
بیکەم بە گەشت
نا نامەوێ بەهەشتی خوایەک
سەدان ملێۆن مناڵی کوشت

نامەوێ بەهەشتی خوایەک
ئومییەکی کردە پێغەمبەر
شمشێری کردە ڕێبەر
ئایینێکی دامەزراند
لە ئێسک و خوێن و
کەللەسەر

من هەموو چرکەیەکی ژیانم
دەبەخشم بە ژییان
بە مرۆڤایەتی
بە گەردوون
من ژیانم پاک و چاک و جوان
دە‌هێڵمەوە وەک کانی روون
هەزاران بەردی تێ فڕێدەن
شلوێ نابێ گەوهەری بوون

زۆر جار
زۆر جار
ئازار
ئازار
ئازار
دەمگەیەنێتە بەر دەرکی لەحزەی ئینتیحار
تاکەی ئینتیزار؟

نا ئەی مەرگ مەحاڵە تەسلیمی تۆ بم
نا ئەی مەرگ مەحاڵە بۆت دەستەمۆ بم
من ژیانی خۆم بە باخی ژیین
لە دڕکی مەرگ پەرژین دەکەم
من لەحزە بە لەحزەی مانم
پڕ لە سۆز و ئەوین دەکەم
من ژیانم تێکەڵی خۆرو شنەباو
کانی و ئەسرین دەکەم
من لەگەڵ مێژوودا دەڕۆم
هەزاران مەرگ بە جێ دێڵم
لەگەڵ بەیانا خۆرم و
لەگەڵ خەما بوومەلێڵم
نا، ئەی مەرگ دڵنیابە
هیچ شتیک بۆ تۆ جی ناهێڵم

مەگەر لە شی ىێ گیان بەریت
مەگەر ئێسک و پروسکی
بێ گۆڕو ناونیشان بەریت

زۆر جار
زۆر جار
ئازار
ئازار
ئازار
دەمگەیەنێتە بەر دەرکی لەحزەی ئینتیحار
تاکەی ئینتیزار؟

نا ئەی مەرگ مەحاڵە تەسلیمی تۆ بم
نا ئەی مەرگ مەحاڵە بۆت دەستەمۆ بم

تازە لە دەستت دەرچوو
ژییانی من لەگەڵ ژیاندا تێكەل بوو

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
دکتۆر کەمال میراودەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر کەمال میراودەلی