Shengal

 دکتۆر کەمال میراودەلی : ترسنۆک تەماشای کچە چاوکاڵەکەت کە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵیکی تر ، کلیپێکی تر

ئەمە هەواڵیكی ترە

دەیبیسی

دەیخوێنیەوە کلیپێکی ترە
دەیبینی
دەیبینیەوەیا رووت وەردەگێری
یا پێدەکەنی
ئەوەتا جەللادێکی تر
قوربانییەکی تر سەردەبڕێ
ئەوەتا کچێکی تر ئەتک دەکرێ
ئەوەتا منداڵێکی تر
لە برسانا
لە ترسانا
لە بێکەسییدا دەمرێ
ئەوەتا
‌هێزێکی رەشی تر
ژیان لە گەڕەکێک ،
گوندێک ، شارێک
دەبڕێ

ئەوەتا
بابەکان دەمرن
مناڵەکان دەگرین
خێزانەکان ئاوارە دەبن
جوگرافیا دەکوژرێ
مێژوو لە رەگ هەڵدەکێشرێ
شار سەردەبڕدرێ

تۆش چاو لە قوربانییەکان دادەخەی
چاو لە چاوی مناڵەکان نابڕی
ئاخێک هەڵناکێشی
فرمێسکێک ناسڕی
یان ویژدان مردووی
یان بیر سڕی

نا، کە ئەم مناڵەیان دەگری
کە ئەم کیژە چاوکاڵەیان دەگری
رووت لامەدە
ئاه ، رووت لامەدە
دەشێ مناڵەکەی تۆ لە جێی ئەو بووایە
قوڕ بەسەر دەشێ بەڕاستی
مناڵەکەی تۆ بێت ، ئاوایە ..!!!
کام منداڵ؟
ئەی لە بیرت نەماوە
بە سەردان چوون بۆ شەنگاڵ
چوون بۆ شەنگاڵ و نەهاتنەوە؟

دەشێ مناڵەکەی تۆ بێ و نەیناسیتەوە
دەشێ منالە ١٤٠٠ ساڵییەکەی تۆ ىێ و
غەزاچییەکان بیرەوەری تۆیان سڕیبێتەوە
چاوی تۆیان کوێرکردبێ و
ناونیشانی تۆیان کوێرکردبێتەوە
لە بیرت نەماوە ،
چونکە ترساندیانی بیر بکەیتەوە ،
تۆقاندیانی
ناوی خۆت و باب و باپیرانت بێنیت
خۆت کردە سەیید ،
خۆت کردە یەزید
خۆت کردە عەبدی هەزار عەبید

هەموو ئەو ئاوێنانەیان شکاند
کە خۆتت تێدا دەناسینەوە
هەموو ئەو درەختانەیان رەگکێش کردن
کە فێری گورانییان کردی
هەموو ئەو کانیانەیان کوێرکردنەوە
کە ئاوت لێ دەخواردنەوە
لە بیرت نەماوە
چوار هەزار شارو گوندیان
‌هەڵڵوشیی ؟
هەرئەو داعشیییانە بە ناوێکی ترەوە
لە پێش ٣٦ ساڵەوە
بە هەمان ئایەتی ئەنفالەوە
هێرشیان بۆ هێنای
هاتنە سەر گوندو شارەکەت
لە رەگوریشەیان هەڵکێشای
هەندێک لە مناڵەکانیان
بە کاڵیی خوارد
هەندێکیان فرۆشت
هەندێکیان کرۆشت
ئەوانی تریان بە زیندوویی داچاند
ئێسک و پروسکیان
لە هیچ بیابانێک نەڕوایەوە
لە بیرت نەماوە
خۆ تەنیا ١٤٠٠ ساڵ پێشتر بوو
ئەم خاکە خاکی
بیری چاک و
وشەی چاک
و کرداری چاک
بوو
پەرستگای پیرۆزی
ئاگری پاک بوو
بۆ خودای تاک بوو

لە بیرت نەماوە
دەست بە شیرو نێزە
بۆ تاڵانی مڵک و سامان
و سەندنی جزیە
بۆ فڕاندنی کوڕ و کەنێزە
بە سواری حوشتر
سواری ئەسپ و
پێی پەتی هاتن
بەدەم ئەڵلاهوئەکبەرەوە
دەستێک بە شیر و
دەستێک بە کەل – لە سەرەوە
هاتن
هاتن
تا دوا درەختیان هەڵنەکەند
تا دوا ئاگریان نەکوژاندەوە
تا دوا پەرستگایان نەڕووخاند
تا دوا بەڕوویان سەرنەبڕی
دوا گوندیان نەسووتاند
دوا کۆرپەیان نەخوارد
نەڕۆیشتن
تا ناوی باوو باپیران و
شوێنەواریان
نەسڕیەوە
تا رەچەڵەکی مەزدایان
نەبڕیەوە
تا دین و ناو ئایینیان پێ نەگۆڕی
تا نێزە خوێناویەکانییان
لە سەر چاوانت نەگوشیی و
چۆر چۆر خوینی تۆقاندیان
لە رۆحتا جێنەهیشت
تا کەرامەت وکەسێتییان
نەکوشتی
تا نەیان کردی بە عەبد و
نەیان فرۆشتی
جێیان نەهێشتی

ئەوسا شاخ تووڕە بوو
بەرد دڵی تەقی
خۆر هەلاتەوە
باخ ڕوایەوە
تۆش هەستایەوە
بەلام ناوی خۆت لە بیر چوو ىۆوە
ئێستاش لە مۆتەکە بە خەرنەهاتووی

نا ئەوە دوێنی نەبوو :  ئەمڕۆیە
ئەوە مێژووی تۆیە
ئەمڕۆی دوێنێیە
دوێنێی ئەمڕۆیە
هەمان داعش
هەمان داڵاش
هەمان ئاڵای رەش
هەمان خوێنی گەش
هەمان مەرگی بەلاش
هەمان گەوادی دینیی و
خۆفرۆش و جاش

ئەوەتا داڵەکانی داعش
مناڵەکانت دەخۆن
مناڵ دوای مناڵ
کچەکەی تۆ
ئەوەی بە سەردان چوو بۆ شەنگاڵ
خزمەکانی بەسەرکاتەوە
نەهاتەوە
ئەم جارە
ئەوە لە شام
دە دڕندە
کردوویانەتە
ژەمەپارووی ئێوارە
ئەوەی لە ئەنفالدا لێت ون بوو نەهاتەوە
ئەوەی لە غەزای نێزەخوێناوییەکاندا
لێت ون بوو نەهاتەوە
ئەوەتا ئەتک دەکرێ
لەو شارە

چاو بکەوە !
لەم مناڵە
چاوکاڵە
بڕوانە
چاو بکەوە
بۆ شەرم و شۆک
بۆ وەک حیز هاتوویتە سەر چۆک
مناڵەکەی تۆیە ترسنۆک
باش سەیری چاوەکاڵەکانی بکە
ئاگرێک لە قوولاییدا
قوڵپ دەدا ،
بیناسەوە .

چاوت هەڵبێنە
واز لە نوێژی زەلیلیی و
پاڕانەوەی عەبدایەتی
بە زمانی داگیرکەرەت بێنە
ئەوە کچەکەتە هاوارت بۆ دێنێ

ئەی باوکی خۆشەویست
ئەی ئەو باوکەی زیاتر لە رۆحم خۆشم دەویست
تۆ نەتدەوت دەبێ شەرەفت
وەک چاوم بپارێزم
‘ئەی ئیوە نەتان دەگوت
پیاوتان بەسەرەوە ببینین
دەتانکوژین
ئەوە دەیان دڕندەی ئیسلامیی بەسەرمانەوە
بە شەهوەتی دڕندەی دارستانەوە
مەمک و ناوڕانمان دەگوشن
لەش و خوێنمان هەڵدەڵوشن

بابە دایە برا و کەس
هاوارتان لێدەبەستین
داوای سزادانتان لێدەکەین
نەک بەخشین
داوای دۆزەخ و مردنتان لێدەکەین
نەک ژیان و بەهەشت
ئەوە ئێمەین خەتابارین
تاوانبارین
خوێنمان گیانمان ژیانمان
دەبەخشین
شەرەفی ئێوەمان شکاند
سومعەی ئیوەمان زڕاند
دە شەرەفتان هەبێت
وەرن خۆتان
بمانکوژن
نەک ئاوا بەجێمان بێڵن
داعشەکان گۆشتمان بخۆن
خوێنمان بمژن .”

ئەمە هاواری کچە
١٤٠٠ ساڵییەکەتە
ئەمە هاواری ٣٦ ساڵ لەمەوبەری
کچە ئەنفالییەکەتە
ئەمە هاواری كچە شەنگاڵیییەکەتە

نا گەواد
مەڵێ خۆ ئێزیدییەکان کورد نین
ئەمە هاواری کچە هەورامانییەکەتە
ئەمە گریانی کچە گەرمانییەکەتە
ئەمە چریکەی کچە کوردستانییەکەتە
ئەو کچەی لە گۆشت و خوێنی خۆتە

نا ئەوە تۆی گٶڕاوی
نە بیر دەکەیەوە
نە دەبیسی
نە دەبینی
بوویتە
مووچەخۆری کۆیلە
گەوادی دینیی
قاحبەی سیاسیی
کچەکەی خۆشت
ناناسی

گەرئاوا شەرەفت
لە دنیادا
هەڕاج کرا
گەر پاسی قونی خۆشت
پێنەکرا
ئیدی لە سەر چی دەکەی
دانوستان؟؟
دانی بێ ستان
ئیدی بۆچی
خەنجەر
بەستن لە کەمەر
ئیدی چ مانایەکی دەمێنێ
دین ،
شەرەف ،
ئینسان ،
نیشتیمان .؟؟

 

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت