ian_robertson

 ئیان رۆبیرتسن : شرۆڤەی سایکۆلۆجی بۆ کارە دڕندانەکانی داعش .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : یاسین محەمەد .

لەکاتێکدا چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بە بیانووی بێباوەڕی بە هەزاران کەسیان سەربڕیوەو دەستیان بەسەر ژن و منداڵیشیاندا گرتووە ، زۆرێک لەخۆرئاوا پێیانوایە ئەمە دەرکەوتنی تەرزێکی بێوێنەیە لەدەمارگیریی ئیسلامی.
هەنوکە ، پاش داگیرکردنی شارۆچکەیەکی موسڵمانەکانی بۆسنە لە 11/حوزەیرانی 1995 لەلایەن سربە مەسیحییەکانەوە کە قەسابخانەیەکی لێکەوتەوەو بووە هۆی کوژرانی 8000 موسڵمانی بۆسنی لە سربرینیچە ، جینۆسایدی توتسی لەلایەن هوتووە لە رواندا، قەتڵ و عامی خەمیرە سورەکان لە کەمبۆدیا ، جینۆسایدی جولەکەو قەرەج و کەمئەندامەکان لەلایەن نازیەکانەوە….
لیستی وەحشیگەرییەکان ئەوەندە زۆربوون کە مایەی پەژارەیەکی یەکجار گەورەن . 

وەحشیگەری هەر وەحشیگەری لێدەکەوێتەوە 
بنەچەی وەحشیگەری چییە؟ دەکرێت بیگەڕێنینەوە بۆ ئاین یان ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراو ؟ بەشی یەکەمی وەڵامەکە لەوە دەچێت ئاسان بێت: وەحشیگەری هەر وەحشیگەری بەرهەم دێنێت . دڵڕەقی ، شەڕانگێزی و کەمی بەزەیی وەڵامدانەوەیەکی باوە لای ئەو کەسانەی کە خۆیان بە توندییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
هەر بۆ نمونە لەنێو کامپە زۆرەملێکانی نازییەکاندا ، زۆرینەی پاسەوانە دڵڕەقەکان لەوانە بوون کە بۆ خۆیان لەپێشتردا لەزیندانی بەدناوی kapos  زیندانی بوون . ئەو منداڵانەی کە لەڕووی سێکسییەوە مامەڵەی خراپیان لەتەک دەکرێت بەتایبەتی کوڕان ، پتر رێیتێدەچێت ببنە کەسانی لاقەکەر کاتێک گەورە دەبن . بە واتایەکی دیکە ، گەلێکجار قوربانییەکان گوزارشت لەو برینانەی نێو خۆیان دەکەنەوە . 
ترس و بیمی بۆردومانی بەغدادو داگیرکردنی لەساڵی 2003 بووە هۆی جۆشدانی توندوتیژی و نەمانی یاساو دروستبوونی پشێوی لە وڵاتدا. بەشێکی کەم لە عێراقییەکان توانیویانە قوتاریان بێت لەو کارە دڕندانانە ، لەنێویشیاندا ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و رەشەکوژی تایەفی ،  بە جۆرێک کە مەزەندە دەکرێت لەنێوان 2003 بۆ 2011 پتر لە 114000 عێراقی کوژرابن و بە سەدان هەزاری دیکەش بریندار بوون. هەر بۆیە هەندێک لەو قوربانیانە کە زیاتر پیاوانن هەنوکە لە موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا بانگەشەی وەحشیگەرانە دەکەن. 
بەڵام قوربانیبوون بە تەنیا وەحشیگەریمان بۆ روون ناکاتەوە.
کاتێک دەوڵەت دەرووخێت ، لەگەڵیدا یاساو رێساو بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنیش هەرەس دێنن ، تەنیا سەرچاوەیەک کە خەڵکی خۆیانی تێدا ببیننەوە دەستەو گروپەکانن . ئیدی ئەو گروپانە لەوانەیە گروپی ئاینی ، رەگەزی ، سیاسی ، تایەفی و خێڵایەتی بن ، مانەوەی تاکەکانیش پشت دەبەستێت بەو ئاسایشەی گروپەکە بۆی دەستەبەر دەکات. 
رێساکانی جەنگ خەڵکی پێکەوە لەنێو گروپەکاندا کۆدەکاتەوە ، ئەم پێکەوە گردبوونەوەیەش دەبێتە هۆی رەواندنەوەی هەندێک لەو ترس و فشارانەی کە تاکەکان بەهۆی نەمانی دەوڵەتەوە هەستی پێدەکەن . هەروەها دەبێتەهۆی پێدانی متمانە بۆ ئەو کەسانەی کە هەست بەوە دەکەن ئەو پێگەیەی خۆیانیان لەدەستداوە کە لەنێو کۆمەڵگەیەکی رێکخراودا هەیانبووە . کاتێک ئەمە روودەدات ، شوناسی تاک و گروپ تاڕادیەک ئاوێتەی یەکتری دەبێت ، ئیدی رەفتارو کردەوەی کەسەکان دەبێتە زمانحاڵی گروپەکە وەک لەوەی دەربڕی پەیامی راستەقینیەی تاکەکە خۆی بێت. کاتێک گەیشتە ئەو رادیەش خەڵکی رەفتارگەلێکی ئەوتۆ ئەنجام دەدەن کە هەرگیز بۆ خۆشیان پێشبینییان نەکردووە ، بەوپێیەی ویژدانی تاکەکان لەنێو گروپێکی شەڕکەردا شوێنێکی ئەوتۆی نییە ، چونکە ئەو تاکەو شوێنکەوتووانی گروپەکە هەموو یەک دەستەن تا ئەوەی هەڕەشەی دەرەکی لەئارادا بێت.
گروپەکان زیاتر توانای ئەنجامدانی کاری وەحشیگەرانەیان هەیە وەک لەوەی تاکێک بە تەنیا دەتوانێت ئەنجامی بدات. 
دەکرێت ئەمە لەنێو رووخساری چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بەدیبکرێت کاتێک ئەوان بە ئوتۆمبێلەکانیان کێبەرکێ دەکەن ، ئاڵا رەشەکانیان رادەوەشێنن ، زەردەخەنەی زۆر لەسەر رووخساریان دەبینرێت ، مەچەکی توندیان بەرزدەکەنەوە ، شادومان دەبن بە سەربڕینی ئەو ” بێباوەڕانە” ی کە نایانەوێت ببنە موسڵمان. ئەوەی بەدیدەکرێت ئاستێکی بەرزی بایۆکیمیاوییە کە لەئەنجامی تێکچڕژانی هەردوو هۆڕمۆنی وابەستەیی ئۆکسیتۆسین و هۆڕمۆنی زاڵخوازی تێستۆستیرۆن سەرچاوە دەگرێت . ئەو مادە سروشتییانە زیاتر لە کۆکاین و کحول مەزاجی مرۆڤ بەرز دەکەنەوە ، گەشبینیان بۆ دێنن و رەفتاری شەڕانگێزی لەنێو بەشێک لەگروپەکەدا زیاد دەکات . بەوپێیەی شوناسی تاک لەنێو گروپەکەدا تواوەتەوە ، تاکەکە پتر خوازیارە لەشەڕدا خۆی بکاتە قوربانی یاخود خۆی بتەقێنێتەوە لەو پێناوەدا. ئەمەش بۆ ؟ لەبەرئەوەی ئەگەر من لەنێو گروپێکدا بتوێمەوە بە نەمری دەمێنمەوە لەنێویدا تەنانەت ئەگەرچی ” خۆم ” وەک تاکێک لەناویش بچم .
کاتێک مرۆڤەکان وابەستەی یەکتری دەبن رێژەی ئۆکسیتۆسین لەخوێنیاندا بەرز دەبێتەوە ، دەرەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر ناشیرینکردن و لەمرۆڤخستنی گروپەکانی دەرەوەی خۆیان . ئەمەش ئەو پارادۆکسەیە کە بریتییە لە نکوڵیکردن لە خودی خۆت لەپێناو گروپەکەتدا ، هەر ئەوەشە وا دەکات سۆزت بۆ گروپەکەی دیکە نەمێنێت و هەر وەکو کاڵایەک تەماشایان بکەیت ، ئەنجامدانی هەر کارێکی ترسێنەریش بەرامبەر ئەوان کارێکی باشە چونکە ئەوانە مرۆڤ نین .

 دەر گروپ out-group وەک کاڵاگەلێک

 کاتێک لەکوشتاری شیعەو سونە لە عێراق و سوریا رادەمێنین راستییەکی بەرچاو هەیە ئەویش ئەوەیە نێو گروپی  in-group خێڵایەتی لە بەهێزبووندایە ، هەروها رقبوونەوە لە دەر گروپیش بەشێویەکی بەرچاو لەهەڵکشاندایە لەو ناوچانەی ئاین بووەتە شوناسی گروپەکان . تەنانەت لەو کاتەی پەلاماردانی گروپەکانی دیکە تێکشکاندنی خودی خۆشیانە هەروەکو ئەوەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسۆنگەیەکی دینییەوە دەیبینین ، کەچی هەندێکجار گروپێک شێوەیەک لەپەلاماردان پیادە دەکات لەبەرامبەر پێکهاتەگەلێکدا کە بە بێباوەڕیش لەقەڵەم نەدراون.
 
تۆڵەسەندنەوە
دواجار لەوانەیە تۆڵەسەندنەوە کە لەنێو کەلتوری عەرەبدا بەهایەکی گەورەی هەیە رۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لەبەردەوامیدان بە وەحشیگەری . بێگومان تۆڵەسەندنەوەی وەحشییانە ، وەحشیگەری زیاتر بەرهەم دەهێنێت لەبازنەیەکی بەردەوام و بێکۆتاییدا. زیاتر لەوەش ، لەکاتێکدا تۆڵەسەندنەوە پاڵنەرێکی بەهێزە لەهەمان کاتدا هەڵخەڵەتێنەریشە ، لەبەرئەوەی بەهۆی ئەو تۆڵەسەندنەوەیە لەکەسێک لەبری دامرکاندنەوەی ئەو فشارو توڕەییەی بوونەتەهۆی دروستبوونی ، زیاتر بەردەوامی پێدەدرێت و گەورەتریش دەکرێت .
لەکۆتاییشدا ، خەڵکی لەوانەیە شتگەلێکی دڕندانە ئەنجام بدەن ئەگەر بێت و سەرکردەکانیان پێیان بڵێن ئەو کارێکی خوازراو و دروستە ، بەتایبەتی ئەگەر خۆیان سپاردبێتە گروپەکە . جینۆسایدی رواندا بەهۆی زنجیرەیەک هەڵمەتی رادیۆییەوە دەستپێکرد لەلایەن گروپێکی بچوک لەسەرکردەکانەوە بۆ جەماوەر کە بەهۆی ئەو هاندان و رێنماییەی ئەوانەوە بووە هۆی هەڵمەتێکی وەحشیگەرانەی کوشتن و بڕین بەرامبەر ئەو هاوڕێ و هاوسێیانەی کە لەدەرەوەی گروپەکەی خۆیان بوون.
سوپای سۆڤیەت لەو کاتەی ئەڵمانیای لەساڵی 1945 داگیرکرد چەندین هەڵمەتی دەستدرێژی ئەنجامدا لەبەرئەوەی فەرماندە باڵاکانی سوپا پشتیوانیان لێدەکرد. چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیش چەندین هاوڵاتی مەسیحی و یەزیدیان لەسەر فەرمانی سەرکردەو ئیمامەکانیان کوشتووە کاتێک پێیان دەڵێن ئەنجامدانی وەها کارێک شتێکی راست و دروستە . 
سەرکردەکان لەچەندین ئاست ، لەسەرۆک هۆزێکەوە بگرە بۆ سەرۆک وڵات ، بەرپرسن لەم رەشەکوژییە ، دواجاریش هەر ئەوان دەتوانن بەری پێبگرن و دایمرکێننەوە ، هەر وەک ئەوەی ئەوان لە رواندا لەپاش فشاری نێودەوڵەتی ئەنجامیان دا. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە لەچەند روویەکەوە لەبەرژەوەندی هێزە باڵادەستەکانە رەوتی ململانێی نێو عێراق و سوریا لەئێستادا بەو جۆرە بەردەوام بێت لەپێناوی هۆکارە ستراتیجییەکانی خۆیان . ئەوان هەمیشە دڵنیان لەوەی کە چەندین سەرکردەی ناوچەییان هەیە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانیان. هەتا ئەوەشی بەو جۆرە بێت ، وەحشیگەری هەر بەردەوام دەبێت . 

ئیان رۆبیرتسن : زانای دەروونناسی و مامۆستا لەزانکۆی سالۆس لە دبلن – ئایرلەندا ، بەڕیوبەری پێشووی دامەزراوەی زانستی دەمار . نووسەری کتێبی : The Winner Effect: The Neuroscience of Success and Failure

سەرچاوە: http://www.psychologytoday.com/collections/201407/august-16-22/isis-savagery – explained